لەم سەرووبەندەدا  Abbé Sieyés ڕۆژی17.6.1789 کە خۆی قەشە بوو، وەک نوێنەری دەستەی سێیەم وتارێک پێشکەش دەکات: بەناوی دەستەی سێیەم کێیە؟.

ئەم وتارە لەو ڕۆژانەدا بە هەزارانی لێ بڵاودەکرایەوە، لەپاڵ هەزاران وتاری ئاگرینی تری ڕۆژنامەکاندا. وتارەکە ھۆڵەکەی دەھێنێتە خرۆش. ڕۆژی  17.6.1789 دەستەی سێیەم خۆیان وەک یەکەم هەنگاوی گرنگی بەرەو شۆڕش ” کۆنگرەی نەتەوەیی”  ڕادەگەیەنن، خۆیان بە  نوێنەری ڕاستەقینەی گەل دەناسێنن. پاشا تەواو تووڕە دەبێت، و داوایان لێ دەکات بچنە ماڵەوە. ئەوانیش بەگوێی ناکەن دەڵێن: چیدی فەرمان لە پاشا وەرناگرین.

پاشا ناچار دەبێت داوا لە دەستەی یەکەم  و دووەم دەکات بچنە پاڵ دەستەی سێیەمەوە، بەڵام ئەوان ڕەتی دەکەنەوە. کۆنگرەی نەتەوەیی بانگەواز لە دەستەکانی تریش دەکات بێنە ڕیزەوە. لەم کاتەدا ھەندێ خانەدانە لیبەڕاڵەکان و چەندین قەشەی ھەژاری گوندەکان کە نزیکی خەڵک و لیبەڕاڵ بوون ، دێنە پاڵ دەستەی سێیەمی جوتیار و ھەژارەکان. کۆبوونەوەکان زۆر دەخایەنێ و کۆنگرەی نەتەوەیی ترسی ئەوەیان لا دروست دەبێت پاشا بە سوپاکەیەوە هێڕش بکاتە سەریان. دانیشتوانی شاری پاریس چرکە بەچرکە چاودێری دۆخەکە بوون و کۆمیتەی بچووک بچووکیان دروست کردبوو بۆ پارێزگاری لە خۆیان بە ئاگا و ئامادەبوون. لەم سەروبەندەدا دەنگۆیەک بڵاو دەبێتەوە پەنابردنی پاشا بۆ سوپا بڵاو دەبێتەوە، بۆیەکا گورجوگۆڵانە لەبەرانبەر ئەو ترسەدا و  بۆ داکۆکی لە خۆیان، سەرخستنی مەشخەڵی شۆڕش  بیر لە بەدەستهێنانی چەک دەکەنەوە.

ئاخر شاری پاریس، کوانووی شۆڕش بوو، بەرخۆدان تێیدا بەردەوام بوو. لەناوەڕاستی شاری پاریس وەک نزیکترین بنکەی سەربازی زیندانی بەناوبانگی باستیل  Bastille هەبوو، کە بوو بووە سومبۆڵی رژێم و شوێنی ئەشکەنجەدان و چەوساندنەوە. خەڵکی پاریس لە 14.7.1789 دا ھێرش دەبەنە سەر زیندانی ناوبراو و داگیری دەکەن لەژێر ئاڵای ڕەنگ سوور و شینی پاریس و سپی پاشادا. نزیکەی 100 کەسێک لەهەردوو لا کوژرا و بەسەدانی تریش برینداربوون. ئیدی ئەوەی کوژرا کوژرا و ئەوی مایەوە ڕاپێچی مەیدانی پاریس کرا و لەوێ کوژرا و سەریان کردن بە دارا. ئەمەش یەکەم ڕۆژی بڵێسەی ئاگری شۆڕش بوو، کرا بە” جەژنی نەتەوەیی” و لەو ساتەوە ڕۆژی فەرمی یادکردنەوەی سەرکەوتنی شۆڕش.

لە چاو ترووکانێکدا هەواڵەکە لە تەواوی وڵاتدا بڵاو بۆوە و  پریشکی شۆڕش هەموو فەرەنسای گرتەوە. هەر لەم ئانوساتەدا گەرماوگەرم پڕۆژەی دەستووری فەرەنسا ئامادەکرا، کە سیستەمی پاشایەتی بە سنووردارکردنی دەسەڵاتی پاشاوەی لە خۆ گرتبوو. دوای بیست ڕۆژێ کۆنگرەی نەتەوەیی،تەواوی ئیمتیازەکانی دەستەی یەکەم و دووەمیان ھەڵوەشاندەوە. سیستەمی فیوداڵی نەهێشت و کۆتایی بە کۆیلەیەتی هێنا و هاوڵاتی بۆی هەیە بچێتە هەر بەڕێوەبەرایەتی و شوێنێکی تری گشتییەوە. بەکورتی هاوکات  کۆنگرەی نەتەوەیی لە ڕۆژی 11.8.1789 دا بڕیاری دا بۆ نەھێشتنی بونیات و سیما و پێکھاتەی رژێمی Ancin Régime  . دیاردەی کۆلایەتییان نەهێشت و بەدوای ئەمانەشدا گرنگترین ھەنگاوی شۆڕش لە 26.8.1789 لەسەر داوای Marquis de La Fayette  کە ئەفسەرێکی پلە بەرزی بوو لە شۆڕشی سەربەخۆیی ئەمەریکا بەشداری کرد بوو، کۆنگرەی نەتەوەیی بڕیاری مافی مرۆڤ و ھاوڵاتێتی ڕاگەیەندرا…(( ھەموو مرۆڤەکان ئازاد و وەک یەک یەکسانن، مافی موڵکدارییان ھەیە ئاسایش و مافی بەرگریکردن لەبەرانبەر چەوساندنەوە دا و ئازادی ئایین و بیروڕای چاپەمەنی و سەروەری گەل و دابەشکردنی دەسەڵات و هەروەها بیروڕای ئازاد و جیاکردنەوەی ئاین لە دەسەڵاتی دەوڵەت.))...

کەواتە کۆنگرەی نەتەوەیی، جێی ڕژێمی پاشایەتی گرتەوە، ئیمتیازەکان لابران و فەڕەنسییەکان هەموویان بە یاسا بوونە هاوڵاتی یەکسان و وەک یەک و پێویستە پێکڕا باج بدەن. سیستەمی کۆن هەڵوەشێندرایەوە و زۆر دیاردەی نامرۆڤانە سەرەونگوم کرا. مافی مرۆڤ و مافی هاوڵاتی بەرجەستە کران. ئەم خاڵەی مافی مرۆڤ و هاوڵاتێتی و نەهێشتنی کۆیلایەتی کتومت لە شۆڕشی ئەمەریکاوە وەرگیرا بوو. بە کورتی و پوختی ئەمانە چەپکێ لە دەستەکەوتە هەرە گرنگەکانی شۆڕش بوون. ئەوەی دەبێت بەسەریدا باز نەدەین، بریتییە لەوەی: شۆڕش زیاتر داوای سیاسی هەبووە تا کۆمەڵایەتی. شۆڕشگێڕان پاشایان هێشتا  قبووڵ بوو بۆیە نەشیان کوشت، بەڵام بەدەستوور دەسەڵاتی دیاریی بکرێ، لەسەر مۆدێلەکەی ئینگلتەرا، هەروەها موڵک و ماڵی فیوداڵەکانیان زەوت نەکرد و لێیان نەسەندنەوە. دەستکەوتێکی تری پڕشنگدار ئازادی چاپەمەنی سەری هەڵدا. لەسەردەمی Ancin Regime لە شارێکی وەک پاریس تەنیا 6   ڕۆژنامە دەردەچوو، لەم قۆناغەدا ژمارەی رۆژنامەکان گەیشتنە زیاتر لە 300 دانە. ساڵێک دواتر بووە دوو هێندە زیاتر.  لە نێو وتارنووسەکاندا ناسراوترین کەسایەتی Jean -Paul Marathon  بوو، کە خاوەنی ڕۆژنامەی  Ami du Peuple  بە نووسینە بەهێزەکانی خەریکی ورووژاندنی خەڵک و ھاندانیان بوو بۆ بەردەوامی شۆڕش.

 دیارە ئەوەی شاراوە نییە، شۆڕش نەیدەتوانی بە شەوڕۆژێک هەموو کێشە کەڵەکەبووەکان چارەسەر بکات و بارودۆخی خەڵک بگۆڕی. بەتایبەت کێشە قوڵەکانی ئابووریی پێ چارەسەر نەکرا، بۆیە دوای ئەم قۆناخە و لەتەک بەدەست هێنانی ئەم هەموو دەستەکەوتانەشدا، هێشتا بارودۆخەکە ھەر بەخراپی مایەوە و چ گۆڕانێکی بەرچاو لە گوزەرانی خەڵکدا دروست نەبوو. زۆریشی بەھۆی ئەوەوە بوو  کە پاشا خاوەنی ڤیتۆ بوو، دەبوو واژۆش لەسەر بڕیارەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی دانێ، دەنا بڕیارەکان نەدەچوونە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەویش چەندی پێ بکرایە  کەمتەرخەمی لە ڕاپەڕاندنی  کارەکانیدا دەکرد و بەردەوام داوای دەکرد ئەم دەستوورە نوێیە لابرێ و بگەڕێنەوە بۆ سیستەمە کۆنەکە.

 بەم شێوەیە سەردەمێکی ئاڵۆز و پڕ لە ترس و تۆق هاتە مەیدان، کە ناسراوە بە ترسی  گەورە/ Grande Peur، بارودۆخ بە هۆی ناکۆکییەکانەوە شێوا و گرووپەکان خۆیان چەکدار دەکرد. سەرەتای ململانێش لەسەر دەسەڵات لەنێو گرووپەکان دا سەری هەڵ دەدا.  ئەوە بوو بە کاریگەرێتی  نووسینی نێو ڕۆژنامەکان، واتە ڕۆژنامەیەک ھەواڵ بڵاو دەکاتەوە، کەوا خەڵک بچێ بۆ کۆشکی ڤێرسای کە چارۆچکەیەکی نزیک پاریس بوو و پاشا ناچار بکەن بێتە پاریس، لە نزیک گەلەوە بێت تا کۆنترۆڵ بکرێ و بیخەنە ژێر چاودێریی و گوشاری زیاترەوە.

بڵاوکردنەوەی ئەم نووسینە زۆر شتی گۆڕی،  واتە ھێزی نووسین/ وتارێکی ڕۆژنامەوانی و ھەواڵێک توانی زۆر شت بگۆڕێ،زیاتر لە فەرمانی پاشا نووسین هێز پەیدا دەکات. لەم سۆنگە و خرۆشانەوە  ژمارەیەکی زۆری ئافرەت کە بە ” ژنانی پاریس” ناسراون، زیاتر لە  0007 هەزار – کە برسی و بێ حاڵ بوون و منداڵی هەتیویان بەسەردا کەوتبووـ ، لەگەڵ کازیوەی بەیانی رۆژی 6.10.1789 دا، پەلاماری کۆشکی پاشایان دا و تەنانەت ژووری نووستنەکەشیان تاڵان کرد. لەم هەڵمەتەدا کوشتار لە ھەردوو لا ڕوویدا. دواجار پاشایان ناچار کرد بە خێزانەکەیەوە بێتە نزیک پاریس و لە کۆشکیTuilerien  بە دەستبەسەریی نیشتەجێ بێت.  بەم جۆرە ئیتر پاشای نزیک و دەستبەسەر توانای ئەوەی نەما، کەمتەرخەمی بکات و واژۆ لەسەر بڕیارەکان دانەنێ. دەبوو خێرا  بکات و کاروبارەکان ڕاپەڕێنێ. دوای ئەم ڕووداوە، بەشێکی مێژوو نووسان بە قۆناغی یەکەمی شۆڕشی فەڕەنسی ناودێر دەکەن.

کۆنگرەی نەتەوەیی سەرگەرمی گەڵاڵەکردنی دەستوور بوو. دەستووری نوێ بە یاسا سنووری بۆ دەسەڵاتی پاشا دیاری کرد. خەڵک ئازاد بوو لە هەڵبژاردنی پیشە و دروشمەکانی شۆڕش” ئازادی و یەکسانی و برایەتی” بڵند کرایەوە. دەرگا بە ڕووی ئازادی خەڵکدا کرایەوە.  کێشەی سەرەکی لە دەستووری نوێدا، ڕێبەندی بوو لە بەشدارانی هەڵبژاردن. واتە هەر کەسێک بۆی نەبوو بەشداری هەڵبژاردن بکات. دەبوو: کەسێکی تەواو چالاک بوایە، تەمەنی سەرووی 25 ساڵ بوایە، کاری بکردایە موچەی 3  ڕۆژی مانگانەکەی بە نزیکەیی 7-10 Livre ی وەک باج بدایە، خاوەن ماڵ یان توانای کرێدانی هەبووایە.   بەمەش تەنیا 4,3 ملیۆن کەس بەشداری هەڵبژارد بوون و نزیکەی 21 ملیۆن کەس لێی بێبەش بوون،بەتایبەت ژنان مافی بەشداری کردنیان نەبوو.

وەک ئاماژەمان پێدا، دەستەی گشتی گۆڕا بەکۆنگرەی نەتەوەیی. Bailly  لەلایەن کۆنگرەوە کرا بە  پارێزگاری شاری پاریس و La Fayette بووە فەرمانداری سەربازی گاردی نەتەوەیی شار. کۆنگرەی نەتەوەیی کۆمەڵێ بڕیاری گرنگی دا بەتایبەت لەسەر مرۆڤ و مافەکانی و لەم بەیانە بەڵگەنامەییەدا، ھیچ ئاماژەیەک نەدرا بە پێگە و گەورەیی و دەسەڵاتی پاشا. شۆڕشگێڕان بەمەش وازیان نەھێنا و داوای ئەوەیان دەکرد چارەسەری کێشەکە سیاسییەکەیان بکرێ. ئیدی کەوتنە نەخشەکێشان بۆ زۆر کاری تری خزمەتکردنی مرۆڤ و ھاوڵاتی بوون.

لەبەرئەوەی بەو گەرماوگەرمە هەموو شت نەدەکرا، کەواتە پێویست بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نەتەوەیی بوو. کۆبوونەوە ساز بوو، بڕیاری دوو شتی گرنگی دا: چەسپاندنی مافی مرۆڤ و لە دەسەڵات خستنی خانەدانەکان، لەرۆژی 3.9.1791 واتە ساڵێ پاشتر پاشایەتی دەستووریی راگەیەندرا کە سنووری دەسەڵاتی پاشای تێدا سنووردار بوو. دوای مشتومڕ و شپرزەییەکی زۆر لە 14.9.1791 دا دەستووری گەڵاڵە کرا و بڕیاری لەسەر درا. بەم پێیە دەسەڵاتی پاشا لە زۆر بواردا کەم کرایەوە. کۆنگرەی نەتەوەیی بووە ئۆرگانێکی سیاسی وڵات و سەرچاوەی بڕیاردانیش. ھەروەھا وڵاتی بەرەو سیستەمی پاشایەتی پارلەمانی برد. کەواتە بەم شۆڕشە دەستوورێکی نوێ ھاتە کایەوە کە پاشا بۆی نەبوو ھەموو شتێک بڵێ و بکات. هەتا ئەم کاتەش کەس باوەڕی وا نەبوو، پاشا لەسەر دەسەڵات لابەرێت، کۆتایی پێ بھێنرێت، نە خەیاڵێکی واش بە مێشکدا کەسدا گوزەر دەکرد.

قەیرانی ئابووری هەر درێژەی هەبوو، هەژارەکان نان و ئاوی خواردنیان نەبوو، برسی و ماندوو. قەیرانە ئابوورییەکە هەڵاوسانی دارایی دروست کرد. حکومەی پارەی کاغەزی Anteilschein asignuten. April 1790  خستە نێو بازاڕەوە. ئەم کاغەزە بووە بەشێک لە پارە تاھەڵاوسان دروست بوو. کۆنگرەی نەتەوەیی ھەموو دەسەڵاتێکی بەسەر حکومەت و پەرلەمان و یاساداناندا ھەبوو. جێبەجێکردن واتە واژۆ لەسەر دانان ھێشتا لای پاشا بوو، پاشا خاوەنی ڤیتۆVieto بوو. دەسەڵاتی دادوەر لای دادوەر و بێلایەن بوو. خانەدانەکان بەدۆخەکە خۆشحاڵ نەبوون زۆریان ھەڵاتن بۆ دەرەوەی وڵات ھەوڵی سازدانی بزاڤێکیان دەدا دژەشۆرش، چونکە پشتیوانی دەرەکییان لە نەمسا و پرووسیا و رووسیا و بۆربۆن ھەبوو.

ئەو خانەدانانەی ماشبوونەوە هێشتا دەستیان بەسەر بازاڕدا گرتبوو، موڵیان لە حکومەت دەکڕی و دەفرۆشتەوە، گوزەرانیان خراپ نەبوو.  ئا لەم ژینگەیەدا کە زۆرێک پێی وابوو شۆڕش تەواو و  گەیشتۆتە ئامانج، دەستەیەکی توندڕەو پەیدابوون بەناوی Sanculotten ،کە خۆیان وا پێناسە دەکرد: پیادەڕەون و خاوەنی ملیۆنان پارە و کۆشک و تەلار نین و بەگژ هەر کەسێکدا دەچنەوە دژ بە شۆڕش بوەستێتەوە. هاوکات پانتۆڵی سەرئەژنۆ بەستراویان یاخود کورت لە پێ دەکرد، بۆئەوەی لە خانەدان و پیاوانی ئاینی جیابکرێنەوە. ئەمانە بەهێزەوە هاتنە گۆڕێ و داوای بەردەوامی شۆڕشیان دەکرد و زۆر بێ بەزەیی بوون لەگەڵ نەیارانی شۆڕشدا و پەناشیان بۆ زەبرەزەنگ دەبرد.

دەسەڵاتی نوێ هەڵبژێردراو ناسراوە بە دەستەی دامەزرێنەر Constituante تا پایزی 1891 دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو. بارەگای لە ھۆڵێکی کۆشکی پاشا کە جێی 2000 ھەزار کەسێک دەبۆوە لەگەڵ سەکۆیەکی پێشبڕکێی ئەسپسواری بوو، بۆ نزیکەی 600 کەسێک. ڕاگرتن و پاراستنی یەکێتی نەتەوەیی ئامانجی گەورەی دەسەڵاتی ناوبراو بوو. بەپێی ڕۆح و ئەقڵی شۆڕش و بە یەکسانی لە نێو بەشەکانی دا. بەمەش دەویسترا پەیامی بەناوەندی کردنی دەسەڵاتی برایانە. کە سەرۆکی ئەم بزاڤ و ڕێکخراوە لافایتی خانەدانی لیبەڕاڵ بوو .

ھەتا ئەم دەمە لە فەڕەنسادا حیزب و ڕێکخراوێک بە چەمکی مۆدێرن نەبوو، وردە وردە دەست بە دروستکردنی حیزب و یانەی جۆراوجۆر کرا. کە کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی دروست کرد. یانەی یاخود کۆمەڵەی یاکۆبین/Jacobin  دروستکرا، کە لەماوەیەکی کورتدا نزیکەی 450 لقی لەتەواوی وڵاتدا لێ دامەزرا. بە کورتی نزیکەی سێ یەکی دانیشتیوانی پاریس بوونە ئەندامی یاکوبین. زۆر ڕادیکال و دژی ئاین بوون و لەلایەن کەسانی پلەباڵای خاوەن پێگەی ھاوڵاتییەوە بەڕێوە دەبرا. ڕێکخراوێکی تریش بەناوی Cordeliers بەسەرۆکایەتی J.P. Morat دروست بوو، ژنانیش دەیانتوانی ببنە ئەندام تێیدا. دەستەیەکی تریش هەبوون ئەرستۆکرات حەزیان بە ڕژێمی پاشایەتی دەکرد یاخود سیستەمی پاشایەتی بەسەرۆکایەتی J. Maury . ئەمانە هەموویان لەناو کۆنگرەی نەتەوەییدا بوون، لە ململانێیەکی سەختی دەسەڵات گرتنە دەستدا بوون. لەسەر پێشنیازی قەشەی شۆڕشگێڕ تالێران Charles Maurice Talleyrand , میرابۆ Graf   von Mirabeau   کە لەگەڵ سییەس Sieyes دا، ـ کە باوەڕیان بە دەسەڵاتێکی پاشایی دەستووری هەبوو، پەرلەمان دەسەڵاتی فراوانی هەبێت بە ڤیتۆی پاشاوە ـ  نوێنەرایەتی  دەستەی  شۆڕشگێڕانی نیشتمانپەروەریان دەکرد و وتاریبێژ و پێشڕەو بوون. لەناو کۆنگرەی نەتەوەیی دا بڕیاریان دا دەستبگرن بەسەر کەلوپەل و سامانی کڵێسای کاسۆلیکیدا و بیکەن بە موڵکی دەوڵەت. دەبێ ئاماژە بەوە بدەین، نزیکەی 40 هەزار خانەدان کە زۆربەیان ئەفسەر و پلەی بەرزی ناو سوپایان هەبوو هەڵاتن و ئاوارە بوون. ئەوی مابوو لەتەک پاشادا بەردەوام بە هەوڵی جۆراوجۆر دەیانویست وڵات بگەڕێننەوە بۆ قاڵبەکەی جاران. خەڵک تا دەهات ناڕەزایی زیاتر دەبوو، بەشێکی زۆری داوای تەفروتوناکردنی بنەماڵەی پاشایەتییان دەکرد، بەتایبەت یاکوبینەکان.،بەڵام کۆنگرەی نەتەوەیی دژ بوو. ئیدی خۆپیشاندان سەری هەڵدا و بە توندی دامرێکندرایەوە.

 لەم دۆخەدا لە 3.9.1791 بۆ یەکەمجار دەستووری سیستەمی پاشایەتی دەستووریی پەسەندکرا. پاشا دەسەڵاتێکی دیاریکراوی جێبەجێکردنی پێدرا و کۆنگرەی نەتەوەیی یاساداڕشتن کە بەشی شێرەکەیە..

یانەی یاکوبین کە لەلایەن ڕۆبسپیرM. Robespierre  ی سەرکردایەتی دەکرا و گرووپی سانکولۆتەکانSansculotten  پشتیوانیان لێ دەکردن . ھەتا دەھات دەنگی ناڕەزایی بەرانبەر بە پاشا بەرز دەبۆوە و داوا دەکرا لە دەسەڵات بخرێ… ھەرایەکی زۆر دروست بوو، بەشێکی زۆر کۆبوونەوەی جێھێشت و ئەوانەی مانەوە پاشایان لەدەسەڵات خست و یەکەم کۆماری یاکوبیان راگەیاند.

بارودۆخ بەم شێوە بەردەوام بوو، تا ئەوکاتەی کە دەستی دەرەکی وڵاتانی » نەمسا و پرووسیا و ھەنگاریا« دەستیان کرد بە کێشە نانەوە، چونکە باوەڕیان وابوو، ئەوەی لە پاریس ڕووی داوە، لای ئەمانیش ڕوو دەدات..کەواتە شۆڕش دەبوو لەسەر دوو ئاستی ناوەوە و دەرەوە درێژە بە شەڕ بدات.

پاشاژن  Maria Aخوشکی قەیسەری نەمسا بوو، ھەوڵی دەدات براکەی بەھانایەوە بێت. پاشاژن بەردەوام بەئاگاداری پاشا و بەدزی نامەی دەنارد و داوای دەکرد رزگاریان بکەن. دیارە بە دیوێکی تردا پاشاکانی ئەوروپا هەموویان/ زۆربەیان تێکەڵ و خزمی یەکتریش بوون. بە واتایەکی تر دوو ساڵ دوای شۆڕش 1791 پاشا بڕیاری دا دەسەڵات بەدەست بھێنێتەوە و وڵات لەم پاشاگەردانی و بێ سەروبەرییە ڕزگار بکات. سەرەتا پاشا و پاشاژن لە شەوی 20-21.7.1791 خۆیان بەشێوازێکی تایبەت گۆڕی تا نەناسرێنەوە ھەوڵی ھەڵھاتنیان دا. تا بچنە دەرەوەی وڵات و بە هاوکاریی دەرەکی ئەو هەموو ئەفسەرە هەڵاتووە لەشکرێک پێک بهێنێ و دەسەڵات بگرێتەوە دەست.  بەڵام لە بازگەیەکی سنووری  Varennesیاخود  Aragonلەسەر سنووری بەلژیکای ئێستا گیران و گەڕێندرانەوە بۆ نزیک پاریس. ھەواڵی گیرانەکەی لایەنگرەکانی شڵەژان و نیگەران کرد و باوەڕی خەڵکی لەق کرد بەدەستوور و بووە گەورەترین هۆکاری جیابوونەوە و پەرشوبڵاوبوونی شۆڕشگێڕەکان و سەرهەڵدانی بیروڕای جیاواز لەگەڵ کوشتن و دژ بە کوشتن…

ئۆکتۆبەری 1791 کۆمەڵێکی ناو کۆنگرەی نەتەوەیی کە سەرەتا بەناوی Feuillantsەوە و پاشان بەناوی Girondisten ناسران خۆیان بە میانڕەو دەزانی لە یاکوبییەکان جیابوونەوە. ئەمانە خەڵکی دەرەوەی پاریس بوون و ناوچەی گیرۆند قەڵایان بوو، هەربۆیە بەو ناوەوەشە ناونراون و سەرکردەکەیان Brissotins بوو. کۆنگرە ئیفلیج بوو،کاروباری بەزەحمەت دەچووە ڕێوە.لەبەرانبەردا گرووپێکی تر بەناوی Montagnands دروست بوو، ئەمانە و گرووپی سانسکلۆتەکان لە خەڵکانی بازرگان و مافپەروەر و پیشەوەر و خاوەن کارخانەی بچووک پێکهاتبوون. سەرۆک و ڕابەریانپارێزەی تازە هەڵکەوتوویی تەمەن 30 ساڵە  Maximilian Robspierre بوو،کە لەدەسەڵات و یاساداڕشتن دا نوێنەرایەتی دەکردن مەیلێکی ڕادیکالیان پێوە دیار بوو. هەڵاتنی پاشا و مان و نەمانی مایەی سەرهەڵدانی ئەم جیابوونەوەیە بوو.

زۆری پێ نەچوو سانسکۆلەکان هەڵاتنەکەی پاشایان بە ناپاکی   لە نیشمان و نەتەوەی فەڕەنسا لە قەڵەم دا و ویستیان بیکوژن.. بەڵام کۆنگرەی نەتەوەیی لە پێناوی ئەوەی سیستەمی پاشایەتی تێک نەچێت، فەڕەنسا وەک وڵاتانی دیکە   لە شکۆی بێ پاشایی بێبەش نەبێت، کۆبوونەوە و ھەڵاتنەکەیان بۆ داپۆشی، بەوەی گوایە  هەوڵی ڕفاندنی پاشا لەلایەن دوژمنانەوە دراوە!. دواتر پاشا بەچڕی کەوتە ژێر چاودێرییەوە. هاوشانی ئاڵۆزی و شپرزەیی باری ناوخۆ، هەڕەشە و گوڕەشەی دەرەکیش لە وڵاتانی دراوسێوە دەستێ پێکرد. بەیانی هاوپەیمانێتی نەمسا و پرووسیا لە 27.8.1791 Deklaration von Pillnizt دژ بە فەڕەنسا ڕاگەیەندرا. شۆرشگێڕەکان ئەم ھەڕەشە گوڕەشەیەیان ھەر بە کەفوکوڵی ھەڵچوو وەرگرتوو و چ بایەخێکیان بۆدانەنا، چونکە باوەڕیان وابوو نەتەوەیەک لە شۆڕشدا بێت، ھەرگیز کەس ناتوانێ بەسەریاندا زاڵ بێت.

 شۆڕش لە ناوەوە و دەرەوە بەردەوام بوو ھاوپەیمانێتییەکی گەورە لەدەرەوە لە نێوان نەمسا، پرووسیا، رووسیا و ئیسپانیادا بۆ گەمارۆدانی فەرەنسا دروست بوو. لە بەرانبەر ئەم هەڕەشانەدا کۆنگرەی نەتەوەیی لە ڕۆژی 20.4.1792 شەڕی دژی نەمسا راگەیاندن. ھەندێ کەس لەگەڵ شەڕدا نەبوون لەوانە رۆپێسپیر کە دەیزانی لەم دۆخەدا فەرەنسا توانای شەڕی نییە و دەدۆڕێ و بێگانە دێنە ناو وڵاتەوە و شۆڕش لەبار دەبەن. ئەم کەسایەتییە ھەر لەخەمی قوتارکردنی شۆڕش دا دەمێنێتەوە. لە بانگەوازێکی خێڕا زۆرینەی خەڵک خۆبەخشانە دەست بۆ چەک ھەڵگرتن دەبەن و بەرەو بەرەکانی جەنگ دەکەونە ڕێو هەر سەروبەندەشدا بۆیەکەم جار لە مێژوودا مارسلیزی فەڕەنسا / سروود و مارشی نەتەوەیی فەڕەنسا نووسرا و بڵاو کرایەوە لە لایەن Rouget de Lisle و سەبازەکان کە بەرەو بەرەکانی جەنگ دەچوون دەیانخوێند. لەشکرێکی ناڕێکوپێک توانای شەڕی نەمسای تۆکمەی نەبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی پرووسیای ئەڵمانیش ھاتە شەڕی دژی فەڕەنساوە. بۆیە فەڕەنسا تێک شکا و ھێزی بێگانە بەرەو پاریس کەوتنەڕێ و ھاتننە ناوەوە..کەواتە ترس و پەرۆشەکەی ڕۆپێسپیر لە شوێنی خۆیدا بوو.

پرووسیا و ئینگلتەرا دەچنە پاڵ نەمسا. هێرشی هاوپەیمانان دەستی پێکرد و فەرەنسا شەڕەکەی دۆڕاند، چونکە سوپایەکی ماندووی بێ ئەزموون کە لەخەڵکی مەشق پێنەکراو ساز درا بوو، ئەفسەرەکان زۆرینەی هەڵاتبوون. لەم ئانوساتەدا کۆمەڵێ نامەی ماریا گیرا کە بۆ نەمسای نارد بوو، زانیاری گرنگی لەسەر فەرەنسا تێدابوو بۆ دوژمنان. ئیدی ئەستێرەی بەختی پاشا بەرەو ئاوابوون چوو. شایانی وتنە پاشا دڵی بەسەرکەوتنەکانی دوژمنانی فەڕەنسا خۆش بوو. بەردەوام دەیووت با من بێمەوە سەر دەسەڵات وەک جاران بۆ شەڕی ئەو داگیرکانە.  بەم هەڵوێستەی پاشا و ئاشکرابوونی ئەوەی ناپاکی دەکات لە وڵات، کاسەی تووڕەیی خەڵک تەواو پڕ بوو. بۆیەکا لە August1792 سانسکۆلۆتەکان پەلاماری کۆشکیTuilerien تویلەرین دا بەتەواوی لە دەسەڵاتیان خست و پاریس کەوتە ژێ دەستیانەوە و کۆنگرەی نەتەوەییش کەوتە ژێر باندۆڕیانەوە. لەم هەڵمەتەشدا کۆمەڵێ خەڵک دەکوژرێ و پاشا و خێزانەکەی ھەڵدێن بۆ لای کۆنگرەی نەتەوەیی. بەو نێت و ھیوایەی لەوێ ژیانیان دەپارێزرێ. بەڵام ئەوانیش ناتوانن پارێزگاری لێ بکەن.دواجار لە پەرلەمان بە یەک دەنگی زیادە، بڕیاری کوشتنی دەدرێ. لێرە بەدواوە یەکەم چرکەساتی مێژوویی فەڕەنسای بێ پاشا دەستی پێکرد و کۆماری فەڕەنسا ڕاگەیەندرا.

دەمودەست لەگەڵ ئەم گۆڕانانەدا ئیدارەیەک بەناوی Commone  ساز دەکەن و هەڵبژاردنی نوێ دەکرێ و بەرپرسی گاردی نەتەوەیی لادەبەن و کەسێکی خۆیان دەخەنە جێی. لە پەرلەماندا Nationalkonvert ئەنجوومەنێکی ڕاپەڕاندن دروست بوو، کە یاکوبییەکان تێیدا زۆرینە و باڵا دەست بوون و کۆنگرەی نەتەوەییان هەڵدەسووڕاند. لەسەر داوای ڕۆبسپیری سەرۆکیان بڕیاری کۆتایی بە دەسەڵات و بوونی پاشا دەدات.” بڕیاری کوشتنی پاشا دەدەن بۆ ئەوەی شۆڕش سەرکەوێ و وڵات بژی”. بە کردەیی ڕۆژی 10.8.1792 دەسەڵاتی پاشایەتی کۆتایی دێت و فەڕەنسا پێ دەنێتە قۆناغی سیستەمێکی کۆمارییەوە. ڕۆژی 21.3.1793 بە شێوازێکی هێجگار تایبەت ئامادەکاری کوشتنی پاشا دەکەن. لە هەقیقەتدا خەڵکێکی زۆر ھەبوون لەگەڵ کوشتنی بوون نەک لەگەڵ ئەو شێوازی کوشتنەدا، کە لە سەردەمی پاشایەتی خەڵکی پێ دەکوژرا. ئاخر خۆ دەبێت ڕەفتاری شۆڕشگێڕەکان جیاواز بێت لەوانی دیکە!. ئەوە بوو بڕیاردرا بەشێوازێکی نوێی سەرنجڕاکێش بکوژرێ. داوا لە زانای فیزیکزان Josef Utah کرا ئامێرێک دروست بکات. ؟ ئەگەرچی گێڕانەوەیەک هەیە  دەڵێ: ئەم داهێنانە هی وەستایەکی میکانیکی پیانۆ دروستکەری ئەڵمانییە ـ  ئەویش ئامێری ملپەڕێن/ گەردنپەڕێن دروست دەکات، کە ناوەکەی بە Guillotine  دەرچووە. ئەم ناوەی دەگەڕێتەوە بۆ دکتۆرێکی فەڕەنسی بەناوی Joseph – Ignace Guillotin کەسایەکی سیاسی و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی، کەچی وا ناوزڕاو کراوە لە ڕێی ئەم ئامێرەوە کە هیچ پەیوەندی پێیەوەی نییە. بڕیار درا ملی پاشا بە شێوەیەک بپەڕێندرێ، خوێن فیچقە بکات بەسەر دەوروبەردا. ئەوەبوو شۆڕشگێڕان ئەم داھێنانەیان پێ خۆش بوو، دەیان ویست بیسەلمێنن، کەوا گەلێ ھومانیستن و جیاواز لە سەردەمی پاشایەتی تاوانبار بە خێراییەکی کەم دەکوژرێ و ئازار و ناڵەی نابێت.

شایانی ئاماژە پێدانە، پاشا ئێوارە سەردانی منداڵەکانی دەکات و ڕۆژێ دواتر بە گالیسکە دەیبەنە مەیدانی Guillotine ی لێ دانرابوو ناوەڕاستی شاری پاریس ، کە ئیمڕۆ ناسراوە بە de la Concorde. پاشا ھەوڵ دەدات لەسەر تەختی گەردن پەڕاندنەکە قسە بۆ خەڵک بکات و پەیامێک بڵاوکاتەوە. دەڵێ: « باوەڕم وایە کوشتنی من، خزمەتی بەختەوەری میللەتەکەم دەکات ». دواجار دەیەوێ درێژە بداتە وتارەکەی، بەڵام بەھۆی دەھۆڵ کوتان و شادی و بەزمی خەڵکەوە ناتوانێ دەنگی بگەیەنێتە میللەتی فەرەنسا. دەبێت بوترێ دوای ئەوش کوشتی پاشا نابێتە مایەی ئاشتی و خۆشگوزەرانی خەڵک.. بڕیاری ملپەڕاندنی بە یەکدەنگی زیاتر درا و فەرمانەکە جێبەجێ کرا. ئەم بڕیارە کەس چاوەڕوانی نەبوو. ڕوداوێکی گەورەی قورس بوو. پاشای وڵاتی خۆت بکوژی. ھاوپەیمانان ھاتنە سەرھێڵ و ئیتالیا و بەریتانیا و پورتوگال هاتنە ڕیزەوە و زۆر شوێنی فەرەنسایان داگیر کرد.

لەم کاتەدا سانکلۆتەکان کوشتارێکی تریش ئەنجام دەدەن و دەچنە ناو زیندانەکانی هەرچی گیراوی تاوانکار و دژە شۆڕش و پیاوانی ئایینی کە سوێندیان بەدەستووری نوێ نەخوارد بوو دەکوژن، لەترسی ئەوەی نەبا ئاژاوەی ناوخۆ دروست بکەن و ببنە هاوکاری دوژمنان. ئەم ڕووداوەش بەناوێ کوشتاری ڕەشی ئەیلوولەوە ناوی دەرکردووە. بە کورتی سەردەمی تۆقاندن و ترس و تیرۆر باڵ دەکێشێ بەسەر فەڕەنسادا.

لە 22.8.1794دەستووری Direktrum کە لە 12 کەس پێک هاتبوو هاتە کایەوە.   قۆناخی دیموکراتی هاتە پێشەوە شۆڕشی فەرەنسی ھەموو ئەوروپا و جیھانی بەئاگاھێنایەوە. دروشم و مافە نەتەوەییەکانی ، مافی مرۆڤ لە ئیمڕۆدا کە UNO پەسەندی کردووە و بانگاشەی بۆ دەکات هی ئەو ڕۆژگارەیە. شۆڕش لە زۆر کایەدا کاریگەرێتی نواند: کاریگەرێتی سیاسی: سیستەمی ڕەھایەتی و فیوداڵی گۆڕی، کاریگەرێتی کۆمەڵایەتی: سەنگی بەخشییە مرۆڤ و ھێنایە قۆناغێکی پێشکەوتووترەوە و نرخ و بەھای پێ بەخشی،کاریگەرێتی ئابووری: ھەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازی  سەندیکاکان. کاریگەرێتی کولتووری: فەراهەمکردنی زەمینەی ئازادی لە بواری بیڕوباوەڕ و ئایین دا و لە بواری ئایینی دا: دین و دەسەڵاتی لێک جیاکردەوە. کەواتە شۆڕش بەم دەستکەوتەوە ھەنگاوێکی گەورەی نا.

ماویەتی

سەرچاوەکان:
1  ـ الثورة الفرنسیة الاولی، 1799-1789 حسان عمران 2016

2 ـ تاریخ لاحرکات القومیە فی اوروبە. خمس اجزاء.. تعریب, د. نوردالدین حاطوم, ١٩٦٩

بە ئەڵمانی: بینی چەند فیلم و ڤیدیۆیەک لەسەر شۆڕش و ناپلیۆن.

  1. Französische Revolution. Johannes Heißen 2010
  2. Französische Revolution und Napoleon-Die Umgestaltung Europas. Dirk Hoffmann& Sylvia Hoffmann-Mosolf. 2009
  3. Die Französische Revolution. Susanne Lachenicht. 2012
  4. Geschichte Frankreich,Vom Mittelalter bis zur Gegenwart Peter C. Hartmann. 2015
  5. Die Französische Revolution. Hans- Ulrich Thamer. 2004
  6. Die Französische Revolution Hermann Both& A.Gestrichen. 2010
  7. Geschichte Frankreichs Wolfgang Schmale 2000

10.Napoleon Revolutionär und Monarch   eine Biographie   Roger Dufraisse 2000

فارسی