"an independent online kurdish website

لە ساڵی١٩٨١دا هەوڵی ڕفاندنی تەرمی سەرۆک بارزانی لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی عێراقەوە بڵاوکرایەوە کە تەرمەکەی بارزانی لە گۆڕەکەی دەرهێنراوە و هەوڵی ڕفاندنی بۆ عێراق دراوە،

 بەڵام تاوانباران نەیان توانیوە تەرمەکە بگوێزنەوە. برادەرانی پارتی لەم کارەدا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان تاوانبار کرد. بۆیە پەیوەندی نێوان (پارتی) و (حدکا) لە جاران ئاڵۆزتر بوو. ئێمە وەک حیزبی شیوعی هەوڵێکی زۆرمان دا کە هیچ نەبێت پەیوەندی ئەو دوو حیزبە لە سنوورێکدا ڕابگیرێت کە سەنگەر لە یەکتر نەگرن و شەڕی براکوژی و کوردکوژی بە دەستی کورد نەکەوێتە ئەم پارچەیەی کوردستانەوە و دەوڵەتی ئێران و عێراق شەڕی خۆیان بە کورد نەکەن. بەڵام هەرکە لە کۆسپ و تەگەرەیەک دەبووینەوە، یەکێکی تر پەیدا دەبوو. لەو ماوەیەدا پارتی بەیاننامەی دەرکرد و هەندێ ڕەخنەی تێدا بوو لە هەڵوێست و سیاسەتی خۆیان بەرامبەر بە گەلی کورد لە دیوی ئێران. ئێمە ئەو بەیاننامەیەمان بە کارێکی باش زانی، چونکە دەرکردنی ئەو بەیاننامەیە لەو ڕۆژگارەدا بۆ پارتی زۆر بوو، کە هەزاران خێزانیان لە ئێراندا بوو بەسەر ئێرانەوە دەژیان، خۆشیان گەلێک ئەرکیان بەسەر ئێرانەوە هەبوو. ئەم بەیاننامەیە تا ڕادەیەکی باش پەیوەندی نێوان (پارتی و حدکا)ی هێمن کردەوە. بەڵام زۆری نەبرد ڕووداوی تەرمەکەی بارزانی بەسەردا هات، برادەرانی پارتی کەوتنە هەڕەشەکردن لە حیزبی دیموکرات و شەڕی تۆڵەسەندنەوە. لەو کاتەشدا شاری (شنۆ) بەدەست حیزبی دیموکراتەوە بوو. ئێرانیش داوای لە پارتی دەکرد دەبێ شنۆ بگرێ و تەسلیمی ئێرانی بکاتەوە. حیزبی دیموکراتیش بەیاننامەیەکی دەرکرد، ئەوەی ڕەت کردەوە کە دەستی لەو کارە چەپەڵەدا هەبێ، بەڵام بەیاننامەکەی دیموکراتیش خاڵی نەبوو لە هێرش و هەڕەشە بۆ سەر پارتی، چەند ڕۆژێکیش دوا کەوت. لەوکاتەدا مەسەلەکە گەیشتە خەتەری دەست پێ‌کردنی شەڕ لە نێوان پارتی و حیزبی دیموکرات. هاوڕێ عومەر شێخ و من چووین بۆ لای برادەرانی پارتی بۆ ڕاژان. لەوێ لەگەڵ کاک مەسعوود و عەلی عەبدوڵڵا کۆ بووینەوە. لەم دیدارەدا بۆمان دەرکەوت کە کاک مەسعوود و کاک عەلی بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ئەوە نین بخزێنە ناو شەڕەوە دژی حیزبی دیموکرات. بەڵام مەسعوود ئەوەی ڕوون کردەوە کە لەلایەن بنەماڵە و خێزانە بارزانییەکانەوە فشارێکی زۆری لەسەرە، لەو ڕووەوە پێشنیاری بۆ ئێمە کرد کە شێخ محەممەد خالید ببینین، هەروا کاک عەلی عەبدوڵڵاش هەمان پێشنیاری کرد. ئێمەش چووینە لای شێخ محەممەد خالید ، زۆرمان قسە لەگەڵ کرد، بەڵام ئەو هەر سوور بوو لەسەر ئەوەی کە دەبێ تۆڵەی ئەو کارە لە قاسملوو بکاتەوە و شاری شنۆ بگرێ. ئێمەش پێمان گوت: باشە یا شێخ تۆ ئەگەر سبەی شاری شنۆ لە حیزبی دیموکرات وەرگری، خۆ بەدەست خۆتەوە نامێنێ و دەبێ تەسلیمی ئێرانی بکەی. لەلایەکی ترەوە ئێوە هێرش ببەنە سەر شنۆ تەنیا ڕووبەڕووی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات نابنەوە، بەڵکوو ڕووبەڕووی ژن و منداڵ و دانیشتووانی ئەو شارەش دەبنەوە کە خەڵکی ئەو شارە چەندان ساڵە یارمەتی و کۆمەکی ئێوە دەکەن. پاشان ئێوە ئەگەر دەتانەوێ تۆڵە لە قاسملوو بکەنەوە، بڕۆن تۆڵە لە خودی قاسملوو بکەنەوە، بۆچی کوڕی خەڵک بە کوشتن دەدەن. ئێمە زۆرمان گوت، بەڵام بێسوود بوو. شێخ محەممەد خالید لە قسەی خۆی نەهاتە خوارێ. ( من پێشتر دووجار شێخ محەممەد خالیدم بینی بوو، جاری یەکەم لە ساڵی ١٩٦٨ لە پرسەی خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەد………………………………….. . ئەو جارەیان شێخ محەممەد خالیدم زۆر هێمن و لەسەرەخۆ هاتە پێش‌چاو. جاری دووهەمیش لە ساڵی ١٩٧٩ لە شاری کەرەج چوومە سەردانی، ئەو جارەش زۆر کز و نیگەران هاتە پێش‌چاو، زۆر ناڕازی بوو لەو باروودۆخەی کوردە پەناهەندەکان لە ئێراندا تیا دەژین و ئەو کارەساتەی بەسەر گەلی کورد و شۆڕشەکەیدا هات).

ئێمە هیچمان پێ نەکرا، بەڵام ئەوەمان بە برادەرانی پارتی گوت، کە هەڵخزانتان بۆم شەڕ دژی حیزبی دیموکرات، دەتان خاتە کۆڵانێکی تاریک و بنبەستەوە و ڕووبەڕووێ گەلی کوردی ئێران دەبنەوە. پاش ماوەیەک شەهید قاسملوو داوای لە حیزبمان کرد، کە بکەوێتە بەینەوە و پارتی نیازی گرتنی شنۆی هەیە. بە هەر شێوەیەک بێت دەبێ هەوڵ بدەن پارتی ئەم کارە نەکات، بە ناوی ئێمەشەوە پارتی دڵنیا بکەن، کە ئێمە لە ڕێگەی خەبات و کاری ئەواندا لە شنۆ یان هەر شوێنێکی تر هیچ کۆسپ و گرفتێک ساز ناکەین. هاوڕێیانی سەرکردایەتی منیان ڕاسپارد بچمەوە بۆ لای پارتی. لە سەرەتادا چوومە (نواوێ) شەو لای شەهید دوکتوور قاسملوو مامەوە. قاسملوو گوتی هەواڵی تەئکیدمان هەیە کە ئێرانییەکان فشاریان خستووەتە سەر پارتی کە شاری (شنۆ)یان بۆ بگرن. تۆ کە ئەوان دەبینی تکایان لێ بکە کە ئەم کارە نەکەن و پەیمانی ئەوەشیان پێ بدە با شنۆ هەر بە ناو بە دەستی ئێمەوە بێت و ئەوان ئازادانە کار و هاتوچۆی خۆیانی تیا بکەن، بەڵام با ئەم هێرشە نەکەن و زیاتر دەستمان نەچێتە خوێنی یەکتر.

بۆ ڕۆژی دوایی چووم بۆ ڕاژان. لە ڕێگا لە گوندی (شیناوێ)ی پەنای (خانێ) لای مولازم عەلی لام دا و شەو لەوێ نووست، و سبەی بەرەو ڕاژان ڕۆیشتم. لە ڕاژان کاک مەسعوود و خوالێخۆشبوو کاک ئیدریسم بینی ئەم جارەشیان قسەی زۆمان و حیزبی دیموکراتم هەموو پێ گوتن. بەڵام کاک ئیدریس سەرگەرمی خۆڕێکخستن بوو بۆ هێرش و گرتنی شاری شنۆ. من کە زانیم مانەوەم بێسوودە و پارتی ئەو کارە دەکات، زوو گەڕامەوە بۆ بنکە و بە هاوڕێیانی سەرکردایەتیم گوت کە بەپەلە (م.س)ی حیزبی دیموکرات ئاگادار بکەنەوە و برووسکەیان بۆ بنێرن و هەواڵەکەیان پێڕاگەیەنن. بەڵام هاوڕێ عومەر زۆر بە ساردی و لەسەرەخۆ گوتی برووسکە نابێ، نامەیان بۆ دەنێرین. گوتم هاوڕێ عومەر، ئیدریس بارزانی شنۆ دەگرێت. دەبێ پێش هێرشەکە ئێمە دوکتوور قاسملوو ئاگادار بکەینەوە تا وا نەزانێ من هێشتا لە ڕاژانم. بەهەرحاڵ هاوڕێ عومەر لەسەر نەزمی خۆی پاش دوو ڕۆژ، نامەیەکی بۆ برادەرانی حیزبی دیموکرات نارد. کاتێک نامەکە گەیشتبووە قاسملوو، پارت شنۆی گرتبوو.

ئەوانەی لە ساڵی ١٩٨١ تەرمەکەی بارزانییان دەرهێنابوو، تەنیا تەرمەکەیانم لادڕ کردبوو تەرمەکەیان لێ دەرهێنابوو. هەروەک لە کاک مەسعوودم بیست، تەرمەکەیان دەرهێنابوو و چەند مەترێک لە قەبرەکە دووریان خستبووەوە بەجێیان هێڵابوو. کاتی خۆی کە بارزانییان بە خاک سپاردبوو تەرمەکەیان لەناو سندوقێکی تایبەتدا دانابوو تا لە کاتی گونجاودا بگوازرێتەوە بۆ کوردستانی عێراق. ئەوە بوو پاش ڕاپەڕین و لە ڕێ‌ و ڕەسمێكی پڕشکۆ و شایستە بە سەرۆک بارزانی تەرمەکەیان گواستەوە بۆ گوندی بارزان و ئەوێ بوو بە دوا مەنزڵگای. شایانی گوتنە کە تەرمەکەی ئیدریسی جوانەمەرگیش لەگەڵ تەرمەکەی بابیدا لە هەمان ڕۆژ و ڕێ و ڕەسمدا گواسترایەوە. هەرچەند برادەرانی پارتی هەوڵدانی ڕفاندنی تەرمەکەی بارزانییان بە نەخشەی عێراق دانا، حیزبی دیموکراتیان بەم کارە تاوانبار کرد. من پێم وایە ئەو کارە پەیوەندی بە دیموکراتەوە نەبوو. بە لای زۆرەوە بە دەسیسەی حکومەتی ئێران ئەنجام درا. دووریش نییە ئەو کەسانەی خزمەتی گۆڕەکەیان دەکرد دەوریان لەم کارەدا هەبووبێ، یان ڕاستییەکان بزانن. چونکە ئێران فشاری خستبووە سەر پارتی شاری (شنۆ) بگرێ. پێشتریش هێزەکانی پارتی لە ناوچەی هەورامان و نەغەدە خرابوونەوە ئەو جۆرە کارە چەوت و زیانبەخشانەوە. ئێرانییەکانیش دەیانزانی بە کارێکی وا (هەوڵدانی ڕفاندنی تەرمی بارزانی) کە لە شاری شنۆدایە، شنۆش بە دەست حیزبی دیموکراتەوەیە یەکسەر پارتی، (حدکا) تاوانبار دەکات و زەمینەی شەڕەکە ساز دەبێ. ئەگەر پارتی نیازیشی بووبێ ئەم کارە نەکات، ئەوا پاش ڕووداوەکە دڵگەرمتر دەچیتە ئەو شارەوە. ئێستاش دوای تێپەڕبوونی ١٤ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا کە بووە هۆیەکی تری پەیوەندی تێکچوون و شەڕی نێوان حیزبی دیموکرات و پارتی، تا ئێستا نە پارتی و نە دیموکرات و نە هیچ کەس و لایەنێکی تر، شتێکیان سەبارەت بە ناخشەی ڕاستی ئەو ڕووداوە بە دیکیۆمێنت و بەڵگە بڵاو نەکردەوە. ئایا پارتی لەم ماوەیەدا ڕاستی ئەو مەسەلەیەیان بۆ دەرنەکەوت کە کێ لە پشت ئەو نەخشەیەوە بوو. یان بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان، چەوتی هەڵوێست و سیاسەتەکانیان دەردەخات و لەبەردەم گەل و کەسوکاری ئەو خەڵکانەی بە کوشتیان دان بەرپرسیار دەبن، بۆیە وا دیزە بە دەرخۆنەیان کرد.

ئەحمەد بانیخێڵانی ، یادەوەرییەكانم

..

ئامادە کردنی بڵێسە دێهقان

بابەتی پەیوەندی دار

مەسعود بارزانی: تاوانی دەرهێنانی جەنازەی بارزانیی نەمر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی