پێشەکی دەبێی بڵێم: گەلی کورد بەگشتی بە درێژایی هەبونی هەر لە ژێـر کارتێکەری و زەبروزەنگ و زۆر و ملهوڕی دوژمنانی داگیرکەردا بووە، پیی وایە هەموو شتێک هەر بـە زۆر چاک دەبێ!

بـەردەوام بە شێوەی ناماقوڵ و دڕندانە کشتویانە، بەندیان کردوە، لێیان داوە. وشەی ئازادی هەر بە خەون دیتووە یان هەر بـە زمان کوتـراوە. لـەبـەر ئـەوەیـە تـونـد و تـیژی لـە مـێشکی دا زەبـت کراوە. داگیرکەرانی کوردستان بە مەیل و حەزی خۆیان هەڵس و کەوتیان دەگەڵ کردون و ئەوپەڕەکەی وەک مرۆی دەرجە دوو چاویان لێکردوە و حیسابیان بۆ کراوە. بۆیە چونکە لە ژێر زۆردا ژیاوە و پەروەردە کراوە، میکڕۆبی خۆ بەکم زانین لـە جەستەیـدا گەرای دانـاوە. هـەر بـۆیـە پـێـیـوایـە دەبـێ هـەرچی بـە خـەیـاڵ لـە خوارەوەی خۆی ببینێ بۆ هەموو شتێک زۆری دەگەڵ دەکار بێنێ.

من پێموایە ئەو ڕاو بۆ چون و هەڵوێست بەرنامانەی ئەوڕۆ سەبارەت بەتوندو تیژی دەگەڵ ژنان بە قسە جوانن،بەڵام لە کردەوەدا وەک خۆیان بەکارنە هاتون، ناوەکە ڕاستە کەچی مەبەستێکی تری بۆ لەنەزەر گیراوە . ئـەوەی بـەو نـاوە ئەنجامی دەدەن نەکرێن باشترە ، چونکە مەسەلەکەیـان ئـاڵـۆزتـر کردوەو لـە ڕەوتی ئەسڵی خۆی لایان داوە . ئەوەی من دەیبینم و دەیـبیسم شەڕێکی گەرمەو بەچەکی سارد دەکرێی و قازانجەکەشی هەر بە سەوداگەران بـڕاوەو مـخابـن هێندێک جار کوشتنی ژن و مێردی بـەدەستی یەکتر لـێی ڕوداوە. ژن وپـیاو کەدایک و خوشک وباب و براو میردن ، دەکەونە بەرانبەری یەک و یەکیان زاڵمە و ئەویتریان زوڵم لێکراوە. بە پێی حیساب لـە سەر سونـنەتی کۆن و شێوەی بەناو پیاو سالاری ،مەزڵومەکە ژنە و پیاوەکەش لە قەبی زاڵمی پێدراوە. کۆڕو کۆمەڵە نێو نەتەوەییەکانیش خۆیان بە پشتیوانی مافی ژن لەقەڵەم داوە. ئـەو ململانە شومە و ئەو پشتیوانیە سـەوداگەرانـە بـەتـایبەت لـە ڕۆژهـەڵاتی ناوەڕاست نەک کەمی نەکردوە بگرە زۆر زیاترو مەترسیدارتریش کراوە! بۆتە شەڕێکی نەزانانە لەنێوان ژن و پیاو بەگشتی وهیچ جیاوازیەک لە نێوان چاک و خراپ دانـەنـراوە ! ئیتر لە پیاودا چاک بـونی نیەو ژنیش فرشتەیەو هەرگیز خەتا لیی ڕونـەداوە !! ئـەو جۆرە تێڕوانین و لێک دانەوەیە بەتەواوی هەڵەیە ، لە سروشتی مرۆڤایەتیدا چاکە و خراپە ئاوا دابەش نەکراوە. لە ئایینی ئیسلامیش دا هەر حیساب لە سەر کردوە کراوە ، نەک ژن بون یـان پیاو بـون . ڕێژەکە بە پێی خەسڵەتی مرۆڤانە نیسبیە لە هەردوک لادا. بە پێی ئەزمونی ژیان و ئەرکەکانم کە زۆرتر دەگەڵ چین توێژە جۆراو جۆرە کۆمەڵایەتیەکان بون و بەتایبەت لە پیوەندی دەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتیەکانی بنەماڵەکان و مارە و تەڵاق و پێڕاگەیشتن بە ناکۆکی ژن و مێردان بوە ، بۆم دەرکەوتوە هـەوەڵـەن تـاوانـەکە گشتیە کە پـیاوو ژن و کەیخـوداو مـەلاو گەورەپیاوان و دەسەلاتـدارانی وڵاتیش بەشی خۆیان پێبڕاوە.هـۆی سەرەکی، فەرهەنگو کلـتوری دەسەڵاتی حاکم بـوەو بەسەرکۆمەڵگایدا سەپاندوە ، هێندێک بـە نـەزانی وهێندێک بـۆ مەبەست بەناوی دین و هیتر لە قەڵەمـیان داوەو کەڵاشی ئـاشەوانـە هـەرکامەیـان لـە سەر زگی ئەویتری داناوە . بە باوەڕی من ئـەو شێوە ڕەفتارە، نـە ئاێینیە و نـەزاسـتیە ! زانایانی ئایین وغەیرە ئایینی دەبێ ئەو کلتورە بگۆڕن بیخنە سەر ڕێچکەی مرۆیی وهەردوکیان بێکەم و زیاد وەک مرۆڤ چاو لێبکەن و مافی مرۆیانەیان پێی بدەن . بەرەی ئاییندارەکان و غەیرە ئایینیەکان دەبێی پێکەوە ڕاوو ڕاوێژ بکەن ولە سەرمافە ڕەواکان ساغ بنەوە کە بۆمرۆڤ دانراون .ئەگیناهەرکامەیان بە پێوانەی خۆی بی پێوی ، بەشی لایەکیان کورتی هێناوە. دەست لێهەگرتنی ئـەو داب ونـەریـتە غـەڵـەتـە ڕەنگە بۆ هێندێکان گران و بۆ هێندێکانیش وەک تاوان بێی ، بۆیە تاکە ڕێگای بەرەنگار بونەوەی ئەو نەریتە سەقەتە، پەروەردەو ڕاهێنانی کۆمەڵگایە لـە قوتابخانەی سەرەتایی ڕا تادەگاتە دوایین قوناغی خوێندن . دەبێی لێزانانە کاری لەسەر بکرێی تا بـە خاترجەمی لە کۆمەڵگادا جێدەگرێی. ببیتە ئەرکێکی ئینسانی و ئیمانی تـا سەقـامگیری و هێمنی و پێشکەوتنی زانستیانە دەستەبەر بکرێی . کاتێ مرۆڤ دەگاتە قۆناغی هەڵدانی بیروهۆش دەبێی عەقڵ ومەنتیق فێری بکا، نەک گۆپاڵ وشیروخەنجەر. ئەوەی ئێستا چ بەناوی پێشکەوتـن و چ بەنـاوی ئـایین دەکری مـلملانـەیـەکی نەرێنی و دوژمناکارانەو بۆلە ناو بردنی یەکترە. بۆتە دنیای زۆردارو بێی زۆر نەک دین و قانون. ڕاستە لە باری جەستەییەوە هێندێک نەفام وەک پیاو زۆرتـر ژنی ئازاردابێی ، بـەڵام لە باری ڕوحیەوە هـێندێک ژنـیش لـە پـیاوە لابـەلاکان بەجێی نەماون!!

پەروەردەو ڕێنوێنی غەڵەت ولە هێندێک بواریشدا دوو ڕوویانە وسەوداگەرانە، مەسەلەکەی کردۆتە دوژمنایەتی ژن و پـیاو ، دابەش کردنێکی نـاعادڵانـەشیان کردوە ،واتە ژن مەزڵوم و پیاو زاڵم وهەلە ڕەخساوە وتۆڵەی خۆت لە پیاوەکەت بکەوە !! هەمومان دەزانین ئیستاشی دەگەڵ بێی شێوەی ڕەفتاری هـێندێک ژن و مێرد دەگەڵ یەکتری لە کۆمەڵگادا، بۆ باوک ودایک برا و ژن و پیاو دروست نیە . ئەوانە سنوری دەسەڵات ومافی خۆیان نازانن، هەریەکەیان بەباری خۆیدا سنور دەبەزێنێ و پێداگری لە سەردەکا و شیرازەی بنەماڵەکە هـەڵـدەوەشێنێ . راستە دنیا گۆڕانکاری تێدا کراوەو دەکرێی ، بەڵام مرۆڤ و مافەکانی هەروەک خۆی ماوە. ئەوەی هێندێک لەخوشکان و بـرایان دەیڵێن و دەیکەن بـەتەواوی سەقەتە. ئەوانەی دەستیان داوەتە مسۆگەرکردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤەکان بەگشتی دەبێی بزانن کاری رۆژێک و دوان نیە، بەیەک شەو ئەوهەموو بیرو ویستە ناقانونی و ناشەرعیە بە چاو قوچاندنێک نادۆزرێنەوەو بنە بڕ ناکرێن . بەڕای من چارەی ئەم دەردە گرانە ، سوتاندنی ڕیشەی ئەو سەرەتانە لەوەدایە کە دەبێی : ژن و پیاو ئیمانیان بەوەهەبێی کە (١ ) بـەبێی یەکتر بـونیان نـیە و شەریکی ژیانن. ( ٢ ) هەردوکیان مرۆڤن و بە پێی ئایین و جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ حقوقی وەک یەکیان هەیە.( ٣ ) حەزو ویست و ئارەزوی نەفسانی ئینسانی و حەیوانی فەرقیان هەیەو دەبێی سنوری خۆیان بناسن.( ٤ ) لەبەرانبەر یەکتر وپەروەردەی مناڵەکانیان بەرپراسایەتی هاوبەشیان هەیە.( ٥) ئەرکەکانی ژن و پیاو دەبێی دیاریکراوو پەسند کراو بن.( ٦ ) لە هەمووحاڵەتەکانی ژیان دا دەبێێ یارو هاوکارو شەریکی ڕاستەقینەی ژیان بن و هیتر. بەختەوری خۆیان و کۆمەڵگاو بنماڵەکەشیان لە سەداقەت دڵسۆزی و خـۆشەویـستی و لـێـبوردەیی وفیداکاری و ڕیزلێنانی یەکتردا ببینن. ئەوەیە بناغەی ژیانێکی بەختەوەرانە.

 براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور ٢٥ ڕەزبەری ٢٧٢١ ی کوردی

 ١٧ / ١٠ / ٢٠٢١ ی زایینی. .                      

فارسی