"an independent online kurdish website

 وەکوو مرۆڤی کوردی دەستەمۆ

کوردی شڵاڵ لە خوێن و گزی و درۆ

تەژی لە مێژوو، دیرۆکی کەونی پڕ دهۆ

لە ئەشکەوت و بنار و دوند و نێو ڕووبار

بەستە و مەقام و بەیت و لاوک و گەلۆ

قۆجی بەری سمکۆڵ و تاودانی نیشتمان

خەیاڵ شنەی شڵکە شەماڵ و تینی ژین

منی تەنیا، لە کەسکی سووری ئاوات

بەپێ ڕێی ئاواتی ئەوینی کچێکی جوان

لەجێ ژوانگەی مەوبەدی مۆغی تاساو

چغووری “اظهر من الشمس”ـی دیرۆک

بەسەر گەل و ئاخی “میتان” و “سۆبار” و “مید”

بەبەرگ و پرچی تاڤگە دەڕژێ

لە گەڵ کلوو نمەی ساوی شەتاو ئەچێ

****

درنجی “ئەکومەن” ئاوی کووڕ قەتیسی سنوور

لە تەوێڵی مانگەشەوا “سپنتا” شەبەق ئەدا

بەرەو دەریا، ڕکێفی هەسپی “میترا” تاو دەدا

نێرینی “ماننا” بەردتاشی “سوورداش” فرمێسکی “ئاوێستا”

دەراوی ئەنگوستەچاوی شەوی “مەزدا”

بە تیشکی بۆری بووردە گەڕی چۆپی

لە بەر پێی خونکاری دەلال دەچڕێ

سەری گۆنای بێستان

لە چەشنی چیا دەڕژێ کانی

بە قوژبنی سووچ و گەزنە سەراسەر

تنۆکی زاوەر ڕێژنەی باشار

وەکوو بزەی ئاڵی “ئەنکیدۆ”

بەژن زراڤی جندی چەلەک، کیژی شیرن

کەوشەنی دڕی سوڵتانی خێو

ئادگاری پیس، تارای ڕەش، بزەی تاڵی خۆیا

****

وەکوو خوڕەی چەم ئاوەز و عەقڵی بڕیوە

مێوژی ناسکی سەر شەمامەی دێ

بۆنی ئاخ و هەناسەی کیژی کورد

بە دەم بلوورینی تەنکی ئاڵ

لە ئەنگوستەچاوی زیزی سێحراوی شەو

بەکوڵ نەرمە بزە مەییوە

لە ژێر ڕەشماڵی ئۆلی وێران و چڵێس

هەتاو ڕووی خۆی هەڵدڕیوە

تریفەی یەخسیر کردووە دیلی ڕووزە

بەسەر داوێنی نیشتمان ڕاکشاوە

بەراتی ئەو، قوربانی ئەهوەنی جەم

ئاواتی بێداوی شلێرەی سوور لەسەر دوند

ئەبەخشی هیوا دڵی گەش بووکی سوور

ژیان وێنا دەبێ گڕی ئامانج و شایی

****

وتیان چیا تانجی خونکاری لەسەرنا

هەتا بڕکا سۆما، کەژ و دوند و لوتکە

لە هاتن و ڕامووسان

بە گۆڤەند و ڕەشبەڵەک سەما ئاوێتە

لەبەر هەیڤی چاردە وەکوو ڕوخساری یارێ

مینانی قاسپەی کەوی کوێستانێ

بەستەی بلاوێنی شەماڵی شۆخ

هەموو بنار و پێدەشت و دۆڵ دەپیوێ

لە ناو دەمارانم وەکوڵ دێ شایی هیوا

مزگێنی کۆتایی شەو و کازێوە دێنێ

دەمی تەنیا ئۆغری ڕووت

گەیشتە بەر داری ئۆمێد و هەویا

****

ئاوایە ڕێگا

سەوزەو مێلاقە و سوێسن

کاتی زۆزان بەردەبێری دەچەقن

ڕانی ئاوات ڕێچکەی کانیاو دەبەستن

کە شوان نادیارە و خاوەن غەوارە

هەوێز ژاکاو دەبێ

لە بۆریشکەدا ئاویلکە دەگرێ

هیوا لە دڵی ئەوینداران دەمرێ

****

لە سەرمای بەستەڵەکدا، چلوورە

هاوێری کۆڕی ڕەوەز قەندیلە

کەژوانێک سنوور و کەوشەن دەبڕێ

بەبێ شەکەت گزی و فیڵ، ئاوات دەچڕێ

وەکوو ڕنوو دادەگرێ نشێو و دۆڵ

قەڵا و لغاو دەکرێ

لە بەندی مرۆڤی جوان

دەبێتە تەپک و تۆڕ، هاوار دەکا، زینوو دەشکێ

لەبەر تاوێک دەدۆڕێ دەچەمێ دەبوغزێ

بەکاتی هەڵوەرینی گەڵایەک

گڵی سوورم ئاماڵ زەرد دەبێ

****

وەکوو کانی گڕاوی بەختی گڕوێ

بە لەشما هەڵگەڕاوە

بە تاسەی ئەو لاسارە بڕاوە

مێژووی هەرماوی کانیاوێ

ئاورگەی جەمی توخمی مرۆڤێک

لە حەسرەت تیری غەمزەی مەمی زین

بە چیرۆک و دیرۆکت دەنازین

لە دیوەخانی وەها ماڵباتە

سەری بەرزم جیهانێ دادەگرێ

لە گەڵ شەوقی هەتاوی دەمی نەورۆز

بە هێزی پێی کاروانێک

لە بۆریشکەی خەیاڵ ئاماڵ ڕابوونی خاک

لە کارۆخ، بە شاهۆ و ئاگری

وەها گۆش دراوە هزری تەنیوە

گیان و ماڵ و سەر و دین دەدا

کە گڕکان ئەهوەن دەبێ زویرە

بەڵێ گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێ

لە بۆیە ماتەم و شین دەگرێ

****

فرە چیمەن لەو چیایە ڕاخراون

لە تینوا وەک پەرێز ویشک و زەرد

لە بۆسەی دڕک و زی پەرژینی بەرد

بە قاقای ڕەش گەمەی پەڕەسێلکە

ڕووتەن و قاقڕ

گەمارۆی بزەی زەردی دراوە

دەرفەتی شەوبازی بێریان

سینەی بە تیری چڵکنان پێکراوە

****

کە ڕووبار بەبێ ماسی دەبینم

دوانەی خەباتکاری ڕۆچوو

بە گەرداوی لوول و پەشێو دیارە

وێنەی هەتاو ڕووشاوی ئازار

لەکاتی نوقم بوونی بەناو قۆپی ڵێڵ

نەخێر: ئاسۆی ئاواتی من ڕوونە

بەڵێ: ئەگەرچی ڕێگا تووش و چەتوونە

ئەزانم

مرۆڤی بێ هیوا دەمرێ هەزار جار

وەرە دادە ئەوە بەشی ڕۆژگارە

ڕاوچیان بەژنیان تەڕە

ئەوانەی سەرپەڕن، پێشەنگن

لەگەڵ هەوراز و نشێوا دەجەنگن

شوێنی مەبەست تەلانە، هەڵدێرە، ئەستەمە

پشوو لە سەرخۆ پێوانی ڕێباز

بە ئامووری دەستەچیلەی سوار

لە بەیداخی سێ ڕەنگی سەرچۆپی

ڕاوەستاوە خۆڕاگری مشوور

بەباوەڕ هەڵدەستێتە سەر پێ، لە بەرزان

تەواری بەرهەڤ ناکەوێ بە تیران

کە نەفڕێ بۆ قووچکە و ترۆپکێ

قالاوی بەدفەر لەسەر مەیتی هەڵدەنیشێ

شەتاوی سڕ قەت ناوەستێ تینوویەتی دەشکێنێ

***

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی