"an independent online kurdish website
بەداخەوە ئاکام دەریایی، پێشمەرگەی ئازا و بە ورەی حیزبی دێموکرات ئەمڕۆ هەینی ٩ی ڕەزبەر ٢٧٢١ (١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، لە کاتی مەلە کردن لەزێی بادینان خنکا.
ئەرسەلان یارئەحمەدی:  کوردستان ئەمڕۆ جەنگاوەرێکی لە دەست دا
بەداخەوە ئاکام دەریایی، پێشمەرگەی ئازا و بە ورەی حیزبی دێموکرات ئەمڕۆ هەینی ٩ی ڕەزبەر ٢٧٢١ (١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، لە کاتی مەلە کردن لەزێی بادینان خنکا.
زیاتر لە شەش ساڵ بوو کە کاک ئاکامم دەناسی و لەو ساڵانەدا دەیان جار بە جەولەی پێشمەرگانە چووەتەوە ناوخۆ و گۆمی مەنگی ئێرانی هەژاندووە و جارێکش بریندار بوو کە نزیکەی مانگێک لە ناوخۆ هەر بە برینداری مایەوە و دوای چاکبوونەوە گەڕایەوە لای هاوسەنگەرانی.
بنەماڵەی کاک ئاکام لە پێناو بزووتنەوەی کورد نرخێکی زۆریان داوە، بە جۆرێک کە کاک مەجیدی بابی کاک ئاکام چەندین جار دەستبەسەر کراوە و دواجار سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. کاک نەجیب دەریایی برای ئاکامیش ئەمساڵ دەستبەسەر کرا و برایەکیشی سێ ساڵ پێش لە سێدارە درا.
هەروەها کاک لوقمان عەزیزی خەزووری کاک ئاکامیش دوو جار دەستبەسەر کراوە و سزای ١٦ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو و دواجار حەوتووی ڕابردوو دوای ئەوەی بارمتەی پێنسەد میلیۆن تمەنی دانابوو، لە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکان ناچار بوو زێدەکەی بەجێبهێڵێت.
لێرەوە بە نۆرەی خۆم سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانی عەزیزی و دەریایی و هەروەها هاوسەنگەرانی کاک ئاکام و خەڵکی شنۆ دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
****

حەمەدەمین بایەزیدی (خەراپە) : ئەوەی ئەو ڕۆکە بیستم لە ناخمەوە تاسام،  تاسام تا سەر ئێسقانم . هەواڵێکی لە ناکاو بوو چونکە بەیانی زۆرمان شۆخی کرد و دەگەڵ کاک ئاکامی پێکەنین و قسەی خۆش، بەداخەوە  دوا نێوەرۆیەش هەواڵی کۆچی کارەساتی کاک ئاکامم بیست .

کاک ئاکام پێشمەرگەی تێکۆشەری دێمۆکرات و چاو نەترس کورێکی قارەمان لە بنەماڵەیەکی نشتیمان پەروەر،  دڵسۆزێکی بە ئەمەگ بۆ گەل و نشتیمانەکەی . زۆر بە داخەوە بە هۆی رووداوێکی نەخوازراو کاک ئاکام دەریای تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو .
هەر بەو بۆنەوە خۆم بەشەریکی غەمی بنەماڵە و لە دەستدانی ئەو شۆرە سوارەی مەیدانی خەبات و تێکۆشان دەزانم و سەرە خۆشی لە بنەماڵە و کەس و کار و هەموو هاو سەنگەران و ئازیزانی دەکەم.
روحی شاد بێت جێگا و مەکانی بەهەشتی بەرین بێت . لە خوا داواکارم سەبروو سێبووری هەموو لایەک بدات و رێگاو رێبازی پر رێبوار بێت .
9٫7٫1400 بەرانبەر بە 1٫10٫2021
***

مامۆستا بێ بەش پیرۆتی: بەداخەوە تۆش بە کام نەگەیشتی “ئاکام” پێشمەرگەکەی کوردستان و شۆڕەلاوە شایی بەخۆکەی کورد و تێکۆشەرەکەی دێمۆکرات.

خەمی وەرینی گوڵی هەرگەشی تەمەنت گرانە و برینی لەدەستدانت بەژان.
هیچکات لە بیرت ناکەم بەتایبەت دوا وتە و دوا دیدارت.
***

سمایل مەعروفی:

ھێندێک جار پێویستیمان بە قەبرستانێک دەبێ لەنێو ناخ و دەروونماندا، بۆ ئەوەی خۆشەویستەکانمانی تێدا بنێژین.
روحت شاد ھاورێم
***
حەلیمە ئیسمایلی: پایزە خەزەڵوەرێنە بابەکەم بەڵام کەی کاتی ئەو کۆچەیە شۆرە لاو بۆچی هەموو دەریاو کێو دۆڵی ئەو جیهانە بوونەتە قاتڵ و گۆری شۆرە سۆاران و لاوانی نیشتیمانپەروەری کوردستانی رۆژهەڵات تو بڵی زەریاو دەریاکانیش بە بێگانەتان بزانن ، کاکە گیان کە ئاوا ئاسودەیتان لێ زەوت بکەن و روحی پاکتان لێ بستێنن و ئاواتەکانتان کە ئازادی کوردستان بەگشتی و رۆژهەڵاتی خۆشەویستمان بەتایبەتیە لەگەڵ خوتان بەرنە ژێر گڵ . بەداخم زۆر زۆر بەداخم شۆرە لاو پێشمەرگە دڵ پر لە ئاواتەکەی دێموکرات بۆ ئەو کۆچە ناوەختە سەرەخۆشی لە بنەماڵەو هاوسەنگەرانت دەکم و هیۆادارم ئاواتەکانت بێتەدی روحت شاد بێت. خودا سێبووری بدات بە ئازیزانت.
***
ئەحمەد ڕەحمانی: کاکە ئاکامی جوانەمەرگی ناکام
کاکە جوانە مەرگەکەی مەیدانی پڕ لە شانازی حیزبی دێموکڕات ئەمرۆ لاپەڕەی ھەر ھاوڕێ پێشمەرگەیەکتم سەیر دەکرد فرمێسکە وشەی بۆ جوانە مەرگ بوونت ھەڵدەوەراند، لە مێرخاسی نێو مەتەرێزی خەباتت دەدوان، ھەموویان لە خۆش ئەخلاقی و مەشرەفخۆشی و دلێری و بوێریت دەئاخاوتن…
شەپۆلی ئەم ڕووبارە چۆن دڵی ھات یاری بە گیانی شیرینت بکات، چۆن دڵی ھات پێکەنینی ھاوسەنگەرانت بکا بە شین و گریان… بۆ ئەو ڕووبارە بێ ڕوحمە نەیدەزانی ناز ناوەکەت دەریایی شەیدای دڵۆپە ئاوە، چۆن دڵی ھات لە گەڵ خۆی دا پەلکێشت بکات بەرەو مەرگ و نەمان…
ھاوڕێی جوانەمەرگم لە دوور دیارانەوە منیش بۆ پێشمەرگەیەکی مێرخاسی نێو مەکۆی خەبات بەدیار وێنەی یادگاری و جێماوت خەمە وشەم دەھاتنە ژوان.
***
کەژاڵ نەقشبەندی: بە داخەوە ئیمڕۆ هەینی هاوڕێی خۆشەویست وبە ورەمان کاک ئاکام دەریایی خەڵکی شاری شنۆی قارەمان لە کاتی مەلەکردن دا خنکا .کاک ئاکام وێڕای تەمەنی کەمی قارەمانێک بوو بەردەوام لە ناوچە بوو ،لە دەست دانی کاک ئاکام خەمێکی قورسی خستە سەر دڵی هەموومان،سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وهەموو هاوسەنگەرانمان دەکەین ورێگای خەباتی پڕ رێبوار بێ
***
ئیبراهیم پەروانەوەتەن: پێشمەرگەی ئازاو چاونەترسی دێموکرات وکورە روح سوک وبەجەرگەکەی شاری شنۆ وئاکام دەریایی تێکەل بەکاروانی شەھیدان بو سەرەخۆشی لەخۆمان وھاورێ وھاوسەنگەرانی وبنەمالەی دەریایی و عەزیزی دەکەم
***

شەمزین ئەحمەدنەژاد:

ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە بوێرترین ڕۆڵە شۆڕشگێرەکانی خۆی لەدەستدا.
ئاکام دەریایی لە تۆرەمەی ئەو وەچە نوێیەی شۆڕش بوو کە پێشەنگایەتی شکاندنی مێژوویەکی قەتکراووهەڵگیراوی کرد و ئەلفوبێی مێژوویەکی نوێی ئافراند.
وێژمانی خەباتی شاخ و چەمکی ناوچە و چوونەوە بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵات لە هەنگاوەکانی ئاکامدا لەنوێ دارێژرانەوە و بە فوول دۆزی جەسارەت، نەترسان و بوێری شاڕژ کرانەوە.
سەد سڵاو لە روحی بەرزەفڕی ئاکام دریایی و سێبوری بۆ هاوژین، هاوڕێبازان و تێکڕای ڕۆڵانی ئاکام ئاسا شۆڕشگێر و دێموکرات.
***

سەعدون خدرپوور:

بەداخ و کەسەرێکی زورەوە بەهۆی کارساتێکی دلتەزێنەوە دیسان هاورێ هاوسەنگەر قارەمانی ڕوژی تەنگانە پێشمەرگەی حیزب وگەل هەڵو چنگ بەگرێکی دیکەی دێموکڕات تێکەل ەکاروانی شەهیدان بو .
شەهید ئاکام دەریایی ڕوڵەی دێموکرات ڕوحت شاد . ڕێگات پر ڕێبوار
****

سەلیم باپیری:

ئارام بنوو، ئاکامی پێشمەرگە
چ کۆچێکی ناوادە، ڕەوانت ئارام و سەنگەری خەباتت هەر ئاوەدان.
***
مەولود ئازەرئەفشان: بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئێمرۆک هەواڵی دڵتەزێنی کۆچی دوایی پێشمەرگەی ئازا و بوێر چاوە نەترسی شاری شنۆ خۆڕاگر و شێرەکە دۆل و دەشتەبێل ئاکام دەریای بیست کە لە روداوێکی نەخوازراو دا گیان لەدەستدا چوو ڕێزی کاوانی شەهیدانی حیزب و گەل هەر بەم بۆنەیەوە پرسەو سەرەخۆشیی خۆم ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و هەموو خەڵکی گوندی دەلۆ مەکۆ هەمیشە دێموکرات دەکەم خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم بێگومان قارەمانی بوێری قارەمانی ئاکام دەبیتە وێردی سەر زمانی رۆلە شاری شنۆ و دۆڵ و دەشتەبێل ڕوحت شاد بێت یاد و ناوی بەرز و بەڕێز بێت.
***
 پێشمەرگەکان: روحی هاوڕی ئاکام خۆش بێ و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری و هاوڕێیان دەکەین و هیوادارین ئاخرین خەمیان بێ.
***
 بەشێک لە پەیامی هاوسەنگەران و دۆستانی نەمر کاک ئاکام، وەرگیراو لە گەڵ وێنەکان لە فەیسبووک.
***

 کوردستان مێدیا: کاک “ئاکام دەریایی” پەیوەست بە کاروانی نەمران بوو

– 10 رەزبەر 2721

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک “ئاکام دەریایی” پێشمەرگەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێنەوە گیانی لەدەست دا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

شەهید “ئاکام دەریایی” خەڵكی شاری شنۆ، ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوی لەدایک بووە. کاتێک گەیشتووەتە قۆناغی خوێندن لەلایەن دایک و باوکی دلسۆزیەوە وەبەر خوێندن دەدرێت و هەتا قۆناغی ناوەندی درێژە بە خوێندن دەدات.

دوای ئەوەیکە دەگاتە تەمەنی لاویەتی، وەک زۆربەی لاوانی نیشتمان بەهۆی بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە زوڵم و زۆرداریی ڕێژیمی تاران لەسەر خاک و خەڵکی کوردستان، دەست بە خەبات دەکات.

 لەسەر ئەساسی ئەم جیهانبینییەی کە دەڵێت: “لاوان داینەمۆی شۆڕش بۆ سەربەستیی گەلن” چەکی شەرەف و پاڕێزگاری لە نەتەوە و نیشتمانی کردە شان و پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە بوو.

شەهید “ئاکام” بۆ درێژەدان بە خەبات بە شێوەی سازمانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەگرێت و وەک ئەندامێکی نهێنی دەستی بە کار و چالاکیی حیزبی کرد.

دوای ئەوەیکە خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندرا و هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات دەستی بە کار و تێکۆشان کردەوە، شەهید ”ئاکام” ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی بە فەرمی پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوو و چەکی بەرگری لە نیشتمانی کردە شان.

دوای تێپەڕاندنی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە لە هێزی “تایبەت” سازمان درا و دەستی بە کار و تێکۆشان کرد. بەهۆی لێوەشاوییەوە بوو بە “سەرپەل”.

لە درێژەی کار و چالاکییەکانیدا ساڵی ١٣٩٧ لە هێزی ١٢٩ سازمان درا و هەتا کاتی شەهیدبوونی لەو هێزە ئەرکەکانی خۆی بەڕێوە دەبرد.

لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چەندین جار وەک مەئمووریەتی حیزبی گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و هەموو مەئمووریەتییەکانی بە سەرکەوتوویی بەڕێوە برد.

 

شەهید ئاکام ڕۆڵەیەکی ئازا و بە جەرگ بوو، لە سەخترین ساتەکان سامناکیی دوژمنی دەشکاند و هیوا و ورەی بە لاوان دەبەخشی.

 

کاک “ئاکام دەریایی” مەخابن دەستی قەدەر پێی گەیشت و “ئاکامـ”ـی مێرخاسی لە باوەشمان ئەستاند و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو و سەنگەری خەباتی بۆ هاوسەنگەرانی بەجێ هشت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو پێشمەرگە ئازایە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، کەسوکار و هاوسەنگەرانی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.

****

کوردستان مێدیا: شەهید “ئاکام دەریایی” بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا

– 10 رەزبەر 2721

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی تەرمی شەهید “ئاکام دەریایی” بە بەشداریی بنەماڵەی شەهید “ئاکام”، بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، فەرماندە نیزامییەکان، کادر، پێشمەرگە و میوانان لە گۆڕستانی شەهیدان لە “جێژنیکان” بە خاک ئەسپێردرا.

دوای بە خاکسپاردنی تەرمی ئەو پێشمەرگە قارەمانە؛ ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشییەکەی لە ساڵۆنی ڕێوڕەسمەکانی “جێژنیکان” بە بەشداریی بنەماڵەی شەهید “ئاکام” بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، بەرپرسانی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، فەرماندە نیزامییەکان، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵەکان و میوانان بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا لەگەڵ ڕێباز و ئامانجی شەهید “ئاکام” و سەرجەم شەهیدانی کوردستان پەیمان نوێ کرایەوە.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک “ئاکام دەریایی” پێشمەرگەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێنەوە گیانی لەدەست دا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

شەهید “ئاکام” دوای ئەوەیکە خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندرا و هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات دەستی بە کار و تێکۆشان کردەوە، شەهید ”ئاکام” ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی بە فەرمی پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوو و چەکی بەرگری لە نیشتمانی کردە شان.

لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چەندین جار وەک مەئمووریەتی حیزبی گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و هەموو مەئمووریەتییەکانی بە سەرکەوتوویی بەڕێوە برد.

شەهید ئاکام ڕۆڵەیەکی ئازا و بە جەرگ بوو، لە سەخترین ساتەکان سامناکیی دوژمنی دەشکاند و هیوا و ورەی بە لاوان دەبەخشی.

کاک “ئاکام دەریایی” مەخابن دەستی قەدەر پێی گەیشت و “ئاکامـ”ـی مێرخاسی لە باوەشمان ئەستاند و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو و سەنگەری خەباتی بۆ هاوسەنگەرانی بەجێ هشت.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی