"an independent online kurdish website

پاش غوربەتێکی نامۆ، دەسرازەی ئاواتەکانم کردەوە و بەرزە شەپۆڵم ئەدا لە زەریای تۆف و تەوژمی باراناوی نیگام لەبەر سێبەری پیرەئاسمان شەکەت ماندوو بەدوای بەختی نادیاری وێڵم ون دەگەڕام،

 بەر لە کۆتایی ئەو سەفەرە نادیارە لە سیلەی ئەوپەڕی زەوی هەسارەیەک خوشی و منی دەگەڵ خۆی برد، هەڵیلووشیم، خوێنی مژتم، بیری بردم، مات بەدوای دا کۆرپەیەک بووم ئەویندار…

لە کەلاوەی بیری پەشێوم شەوە و مانگ دەزێتە دڵی ژاکاو و سیس و شەمزاوم، کەنینی زەردەخەنەی ئەستێرەیەکی دوور، شەپۆلێک عەتری پوونگە و زەردەی شەمامە و بۆنی کاڵەکی سینگت شەماڵ ئاسا دەخزێتە سەر لیوم، منی تەنیا لەم شەوە تنۆک و ئەنگۆستەچاوەدا لەسەر گابەردێکا دەست بۆ ئەوین دەبەم، ئاگرێک دە هەناوم دا بڵێسە دەکا، ڕۆژم شەو و شاییم شین و بەهارم زستان و دەنگم کەڕ و چاوم کوێر و مێشکم کاس، ئەوەندە خۆشەویستی، ڕەشماڵێک لە بارەگای جێ هەوێزی سارد وسڕی ماچ دادەکوتم، ئاخ خوایە دەنگم ببیسە لە زمان تاراوێکی وێڵ و سەرگەردانەوە هاوار دەکەم، ئەگە ماوی بگرە دەستم هێزم نەما من ئەو کەسەم مەیلی لێو و هەستی ئەبرۆ و چاوی تۆ قەت نانێنم، من ئەو کەسەم ژوانی پێ ڕێی هەنگاوەکانت لەسەر دڵی خوێناویم لە چەشنی نەخشی کوێستان وێنا کردووە، من ئەو کەسەم بە ئەوینت بە دەنگت بە نیگات بە هەناسە و بە پەیڤەکانت ئێواران لە پەنا ڕووبار کەلەلا لاپەم دەبرد و هەر شەوانە و شەوانە و شەوانە وشیار بووم هەتا زرینگەی دەنگت دەکوژایەوە و خەوم لێ دەکەوت، من ئەو کەسەم خێراتر لە کۆتر و پەڕەسێلکە و باڵی هەڵۆ لە خزمەت بارەگای نوورانی داوێنی پاکت کڕنۆشم دەبرد، من ئەو کەسەم هەموو پەیڤ و وشە و قامووسی جیهانم کردە ڕێچکە و کاروانێک گوڵە شلێرە و سوێسن و مێلاقە و شیلان و غونچە، من ئەو کەسەم خەیاڵ و بیر و مێشک و هەست و نەست و هەناسەم بە هیوای دەمێک ژوان دەکردە پێخوست!

دڵم گیراوە، ئەوەندە پڕم لە گریان هەنیسک دەمباتەوە!ئەوندە پڕم لە بێ تۆیی شەو دەمباتەوە، ئەوەندە تەنیام ئاوزینگ دامدەگرێ و شەوەی بەختی چەمووشم دەمباتەوە، مۆتەکەی هەراسان وازم لێ ناهێنێ. ژیانم بەندە بە دەنگت بە پڕچی ئاڵۆز و عەتری ملوانکەت.

چی تر تاقەتی چیا و کوێستان و بێستان و باغ و بێشکە و وەرزەکانم نییە دەمهەوێ لە پێدەشتێکی تینوو لە پەرێزێکی زەرد لە ڕەوەزێکی خزیو ئاسمانێکی چۆل و دەریایەکی ویشک چۆک دابدەم، من یەکەم قوربانی ئەوینی تۆم تۆ هەوێنی ژینی منی و ڕووگەی ئاواتەکانم.

نانا تۆ ناڕۆی، پڕ بە گەرووم بەیانیت باش پڕ بە هەناسەم بۆن، پڕ بە دەنگم شێعر و پڕ بە هەستم ئەوین و پڕ بەدڵم فیدا…

ئەو لەمپەڕانەی وەک قەڵغان و زی مەتاڵ وەدەست بەختی من و تۆ ڕەش دەکەن لە دیواری سێدارە بەرزتر نین لە میلەی بەندیخانەکان بەهێزتر نین لە تاراوگە سەختتر نین لە بێکەسی و غوربەت و تەنیایی ترسناکتر نین، من و تۆ لەسەر خەیاڵی هەورێکی سپی دەبارێنین خۆشەویستی بەسەر ئادگاری ویشک

و چڵێسی زەوی.

سەلیم حەقیقی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی