"an independent online kurdish website

ماوەیەکە هەر ددانم بە خۆم دا گرت بەڵام ئیتر لە ئەوە زیاتر نەمتوانی لە ڕاستیدا لە ئاست ئەو پرسە بێدەنگی هەڵبژێرم و ناچارم لە ئەو پێوەندییەدا نەزەری خوم دەربڕم

هەر چەند ڕەنگە لە لایەن هیندێک کەس و لایەنەوە گلەییم لێ بکرێت. بەڵام ئەم نووسینە تەنیا وەک یارمەتی بۆ حیزبەکان نووسراوە، چوونکە من دەستم بە هەموو حیزبەکان ناگات، لە ئەم ڕیگاوە دەتواندرێت بە دەستی زۆرێک لە دۆستان و هاوڕییان لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بگات.

هەموومان لە ئەوە ئاگادارین کە ئێمە لە گەڵ ڕژیمێکی دیکتاتۆر و دژی ئینسانی لە خەبات داین کە ئینسان هیچ بەهایەکی لە لای ئەو ڕژیمە نیە. خەباتی ئێمەی کوردیش بۆ ڕزگاری نیشتمان و خەڵکەکەمان لە ژێردەستیە، کە واتە دەبێ بە هەموو شێوەیەک بۆ پاراستنی گیان هاوڵاتیانی خومان ئەوەمان لە دەست دێت و بۆمان دەکرێت دریغی نەکەین. هەموومان ئەو ڕاستیەش دەزانین کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو حیزبەکان پێشمەرگە، ئەندام و لایەنگریان هەیە و بە هەبوونی ئەوان لە نێوخۆی وڵات زۆریک لە کارە تەشکیلاتی و سیاسییەکانی حیزبەکان ڕۆژانە بەڕیوە دەچن.

ژیانی ئینسانەکانیش هەموومان دەزانین بێ کۆتایی نیە، و ڕۆژێک لە ڕۆژانە هەموو کەس مالئاوایی لە ژیان دەکەین. بەڵام کاتێک تێکۆشەرێک کۆچی دوایی دەکات بە هۆی ئەرکە نیشتمانیەکەی کە لە سەر شانی بووە و بۆ ئازادی نیشتمان خەباتی کردوە هەموومان بۆ لە دەست چوونی بەپەرۆش دەبین و خەم دامان دەگرێت. ئەوەش وەک هەستێکی پاک و بێگەرد چاوی لێ دەکەم و ئەو هاوسۆزییە بەرز دەنرخێنم.

بەڵام ئاخۆ بەڵاوکردنەوەی کۆچی دوایی ئەندامان و پێشمەرگەکان لە نێوخۆی وڵات، کە بە هۆکاری جیاواز گیانیان لە دەست دەدەن کارێکی باش و ڕەوایە؟ مەبەست لە ئێرە ئەو پێشمەگانە نیە کە دەکەونە بەر هێرشی داگیرکەران و شەهید دەبن، بەڵکوو ئەو کەسانە مەبەستمانە کە لە نیوخۆی وڵات وەک ژینگەپارێز، وەک ڕۆژنامە وان یان وەک هەر تاکێکی دیکەی چالاکی بواری سیاسی ، کولتوری و مافی مرۆڤ چالاکی ئەنجام دەدەن و لە ئەو ڕیگایەدا گیانیان بەخت دەکەن.

باشە ناکرێت لە باتی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە لە ڕیگای ڕاگەیاندنەکانەوە ، بە نووسراوەیەک سەرەخوشی لە بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی کەسوکاری ئەو کەسانە بکەین کە گیانیان لە دەست داوە و خەم لە دەست چوونی حیزبەکەیان پێ ڕابگەیەنین؟ چوونکە ئێمە بۆ خومان بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە بەهانە دەدەینە دەست دوژمنەکەمان و دەستی داگیرکەر بۆ سەرکوتی زیاتری بنەماڵەکان ئاواڵەتر دەکەین. بۆیە تکا و ڕجای من ئەوەیە هەوڵ بدەن بەهانە مەدەنە دەست داگیرکەر، ئەوان لە بیانو دەگەڕین بۆ ئەوەی سەرکوتی خەڵکەکەمان زیاتر و زیاتر بکەن،

بە ئەو هیوایە ئەو داوایەم وەک دڵسۆزی بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان لێ قەبووڵ بفەرموون.

هەر شاد بن.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی