"an independent online kurdish website

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە پرۆفیسۆر”کنیاز ئیبراهیمۆویج میرزۆیف* ڕۆژی هەشتی ئاگوستی ٢٠٢١ لە تەمەنی ٧٤ ساڵدا کۆچی دوایی کرد.

کنیاز ئیبراهیمۆویج میرزۆیف جێگیری سەرۆکی کۆڕی گەلی کازاخستان، سەرۆکی ئەنجوومەنی “بەربانگ”ی کوردەکانی کازاخستان، دوکتوری زانستی فیلیۆلۆژی، مامۆستا و ئەندامی ئاکادێمیای نێونەتەوەیی زانستی فێرکاریی باڵا، ئەندامی ئاکادێمیای زانستی کۆمەڵایەتیی کۆماری کازاخستان بوو.

کنیاز میرزۆیف لە یەکی بانەمەڕی ساڵی ١٩٤٧ لە ئەرمەنستان لەدایک بوو. لە ساڵی ١٩٧٠ به پلەی سەرەوە بەشی فیلۆلۆژی-ڕۆژهەڵات‌ناسیی له زانستگای دەوڵەتیی “خاچاتوور ئابوویان”ـی ئەرمەنستان تەواو کرد و لە ساڵی ١٩٨٩ پاش بەرگری له تێزی دوکتوراکەی به پلەی پرۆفیسۆری گەیشت.

کنیاز میرزۆیف ساڵی ١٩٩٠ بوو به مامۆستا و سەرۆکی دێپارتمانی فیلیۆلۆژیی ڕۆژهەڵات و سەرۆکی ناوەندی زمانەکانی جیهان، هەروەها جێگیری سەرۆکی زانستگای نەتەوەیی ئابای – کازاخستان. کنیاز میرزۆیف لە ساڵی ١٩٩٠ وەکوو جێگیری سەرۆکی یەکیەتیی کوردەکانی یەکیەتیی سۆڤییەت هەڵبژێردرا و له ساڵی ٢٠٠٢ بوو به جێگیری سەرۆکی یەکیەتیی نێونەتەوەیی ئەنجوومەنە کۆمەڵایەتییەکانی کورد و سەرنووسەری گۆڤاری”نوبار”. ساڵی ١٩٩٨ لە لایەن دەوڵەتی کازاخستان نیشانی”کورمێت” یان “شانازی”ی پێ بەخشرا. ئەم نیشانه لە ساڵی ١٩٩٣وە له کازاخستان بەو کەسانە دەدرێ که له بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی، زانستی و فەرهەنگی لێهاتووییان لەخۆ نیشان داوە. بەشێک له‌و میداڵیانەی به پرۆفسۆر میرزۆیف بەخشراون بریتین لە:

  • دەهەمین ساڵی سەربەخۆیی کۆماری کازاخستان – ٢٠٠١
  • دەهەمین ساڵی یاسای بنەرەتیی کۆماری کازاخستان – ٢٠٠٥
  • دەهەمین ساڵی[شاری] ئاستانا – ٢٠٠٨
  • میداڵی زێرینی کۆڕی گەلی کازاخستان”بیرلیک” ٢٠١٠
  • نیشانی لۆمۆنۆسۆف، مۆسکۆ – ٢٠٠٩
  • بیستەمین ساڵی سەربەخۆیی کۆماری کازاخستان – ٢٠١١
  • و کۆی بڕوانامەی وەزارتی پەروەردە و زانستی کۆماری کازاخستان، وەزارەتی فەرهەنگ و زانیاری.

کنیاز میرزۆیف توێژەری وێژەی ڕۆژهەڵات، نووسەری پتر له ٥٠٠ کاری زانستی و کۆمەڵایەتییه و، ١٥ نامیلکه و کتێبی نووسیوە. کتێبی دەرسی بۆ فێربوونی زمانی کوردی له پۆلەکانی ٢ هەتا ٩ یەکێک لە کارە بەنرخەکانی پرۆفیسۆر میرزۆیفه.

بەشێک لە بەرهەمەکانی ئەو بریتین لە:

  • مێژووی پێوەندیی وێژەی ئازەبایجانی و کوردەکان – ١٩٧٥
  • وێژەی نەتەوەیی و پێوەندییە وێژەییەکان – ١٩٨٥
  • ئاسۆی ئەدەبی – ١٩٨٦
  • پردی دۆستی – ١٩٨٩
  • نیزامی [گەنجەویی] و وێژەی گەلانی ڕۆژهەڵات – ١٩٦٦
  • چارەنووسی مێژووی وێژەی کوردی – ١٩٩٦
  • کورد. ئەنسکلۆپیدیای چکۆله – ٢٠٠١
  • کورد. مێژوو و مۆدێرنیتە لە دوو بەرگدا – ٢٠١٦

به کۆچی دوایی پرۆفسۆر میرزۆیف گەلی کورد و کۆمەڵگای ئەدەبی و سیاسیی کازاخستان، زانا و توێژەرێکی بێ‌هاوتا، ماندوویی‌نەناس و تێگەیشتووی لەدەست دا که لە درێژایی ژیانی‌‌ خۆیدا له بواری جۆراوجۆری مێژوو و وێژەی کورد، بەرگریی له ڕەوایی و مافی چارەی خۆنووسینی کورد، هەروەها دۆستی گەلان درەوشایەوە و خزمەتی بێ‌وێنەی به ڕەوتی گەشەسەندنی بیری نەتەوەیی کورد کرد. جێی خۆیەتی بەرهەمە مێژووی، ئەدەبی و سیاسییەکانی پرۆفسۆر میرزۆیف وەرگێڕدرێنەوە سەر زمانی کوردی و لە کوردستان چاپ و بڵاو بکرێنەوە.

یادی کنیاز ئیبراهیمۆویج میرزۆیف پیرۆز و هەتاهەتایی بێ!

* МИРЗОЕВ Князь Ибрагимович

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی