"an independent online kurdish website

دادگەی تاوانەکانی هەولێر/ 2، ئەمڕۆ دووشەممە بڕیاری کۆتایی لەبارەی تۆمەتبارانی کوشتنی قادر قادری، یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا و سێ کەسی بە لەسێدارەدان سزادا.

ئەیاد کاکەیی، ئەندامی دەستەی پارێزەرانی دۆسیەی قادر قادری ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سێ تاوانباری سەرەکی دۆسیەکە کە دانیان بە تاوانەکە دانابوو، سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپا و دوو تۆمەتباری دیکەش کە رۆڵیان لە جێبەجێکردنی پلانەکەدا هەبووە، هەر یەکەیان بە پێنج ساڵ بەندکران سزادراون. لەو پێنج تۆمەتبارە یەکێکیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و چوارەکەی دیکەش خەڵکی باشووری کوردستانن.

بەگوتەی ئەیاد کاکەیی، پارێزەرانی کەسوکاری تاوانلێکراو داوایانکردبوو ماددەی سزادانی تاوانباران لە کوشتنی بە ئەنقەستەوە بکرێتە دۆسیەی تیرۆر، چونکە هێزێکی دەرەکی لە پشت کوشتنی ئەو فەرماندەیەی حیزبی دیموکراتی کوردستان بووە، بەڵام دادگا ماددەکەی نەگۆڕیوە و هەر بە ماددەی کوشتنی بە ئەنقەست سزای داون. دەشڵێت، لە دادگەی پێداچوونەوە داوا دەکەن ماددەی سزادانەکە بگۆڕێت و دادگە بە فەرمی ئەو هێزە دەرەکییە بناسێنێت و ئیدانەی کارەکە بکات.

هەروەها سۆهراب رەحمەتی، یەکێکی دیکە پارێزەرانی دۆسیەکە لە کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: “ئەو دەستە دەرەکییەی لە پشت کوشتنی قادر قادری بووە، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و تۆمەتباران دانیان بەوە داناوە کە پلانەکە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە داندراوە و بەڵێنی پارە بەو کەسانە دراوە کە پلانەکەیان جێبەجێکردووە”.

رەحمەتی گوتیشی: “دوو کەسی دیکە لەو کوشتنەدا رۆڵیان هەبووە و داوامانکردووە دادگە بڕیاری دەستبەسەرکردنیان داوە، بەڵام لقی دووی دادگەی تاوانەکانی هەولێر ئەو بڕیارەی نەداوە و داوا لە دادگەی پێداچوونەوە دەکەین کە بڕیاری دەستبەسەرکردنی ئەو دوو کەسەش بدرێت. هەروەها داوای پێداچوونەوە بە سزادانی ئەو دوو تۆمەتبارەش دەکەین کە بە 5 ساڵ بەندکران سزادراون و داوا دەکەین سزاکەیان قورستر بکرێت و ماددەی سزادانەکەیان بگۆڕدرێت”.

رۆژی 7-3-2018 تەرمی قادر قادری، کادیر و یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی بالیسان دۆزرایەوە. ئەوکات حدک سوپای پاسدارانی بە کوشتنی ئەو فەرماندەیەی تۆمەتبار کرد.

ناوەندی سایبێری ئەو حیزبە لە 19-3-2018 رایگەیاند، پێنج کەس دەستیان لە کوشتنی قادر قادریدا هەبووە و هەر پێنجیان دەستبەسەرکراون کە ژنێک و چوار پیاون. بەگوتەی ئەو ناوەندە، عوسمان فەقێ مەلەکی ناسراو بە (مەلا عوسمانى هیزۆپی) کە خەڵکی پیرانشارە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هاتووچۆی قادر قادری کردووە پلانداڕێژەرى سەرەکى تیرۆرەکە بووە. هەر پێنج گیراوەکە ئێستا لە گرتووخانەی هەولێر راگیراون.

سەرچاوە:  رووداو دیجیتاڵ

پێشمەرگەکان: ئەو تاوانبارانەی سزای ئێعدامیان بۆ دەرچووە: مەلا عوسمان هیزۆپی خەڵکی پیرانشار، سەلام مەحموود قادر و سولێمان ئیبراهیم سولێمان خەڵکی باشووری کوردستان.

 بارزان بورهان ئیسماعیل و ئایشێ محەممەد حەسەن، خەڵکی باشووری کوردستان دوو تاوانباری دیکە کە لەو تێرۆرەدا هاوکار بوون و دەستیان تێدا بوو، هەرکام سزای ٥ ساڵ زیندانیان بۆ بڕدرایەوە.

ڤیدیۆ

بابەتی پەیوەندی دار

بکوژانى شەهید قادر قادری باندێکی پێنج کەسین کە یەکیان ژنە و دەستگیرکراون

بەداخەوە پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێمۆکڕات قادر قادری لە باشووری کوردستان تێرۆر کرا، ساڵە نەڵۆسی

 ڤیدیۆ” ترور قادر قادری”

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی