"an independent online kurdish website

بەقەوڵی گورانبێژی ناوداری ئێرانی محسن چاوەشی خوزستان و الاهواز، چییان ویستوە بێجگە لە ئاوەدانی و ئازادی.

کارەساتی بێ ئاوی و بێکاری و دواکەتوویی ئیقلیمی الاهواز لەڕاستیدا کارەساتی زۆربەی هەرەزۆری ناوەچەکانی دیکەن، کە کەمە نەتەوەییەکان تێیدا نیشتەجێن. بەرخورد و بەرپرچدانەوەی کۆماری ئیسلامی، دەرخەری زاتی ئەو ڕێژیمەیە، کە هەمیشە داواکانی گەلانی بێمافی ئێران بە سەرکوت، زندان و اعیدام وڵامداوەتەوە. خواستی دابینکردنی ئاو بۆ ئەهوازیەکان بە گلولە دەدرێتەوە. خواستی گەلی کورد بۆ سەرەتاییترین ماف، کە ئەویش خوێندن بەزمانی دایکییە بە ڕەشبگیری، زندان و ئەشکەنجەی فعالانی مەدەنی دەدرێتەوە.

کۆماری ئیسلامی پەلەقاژەی مەرگیەتی و لەدواساتەکانی دەسەڵاتداریەتی خۆی نزیکبۆتەوە. چیدی ئەم ڕێژیمە ناتوانێت بەسەرکوت و زندان و اعدامی لاوانی کورد، بەلوچ، عەرب… هتد ئەم گەلانە لەداوا ڕەواکانیان پشگەز بکاتەوە. ئەگەر تادوێنێ ئەم ڕێژیمە خوێنمژە توانیویەتی بەدروستکردن دوبەرەکی و چەواشەکاری و فرێودانی ڕای گشتی خۆی لەبەرپرسیاریەتی بشارێتەوە، بێشک ئەمڕو بەبوونی سوشیال میدیاو پێوندیە مجازیەکان، کردەوە قیزەونەکانی ڕێژیم زیاتر بۆ ڕایگشتی ئێران و جیهان ڕوون بۆتەوە.

وڵامدانەوەی ئاو بەگولە لەلایەن کاربەدەستانی ولایەت فەقیە و بەدەستوری خودی خامنەیی، ئەو ڕاستیەمان پێنیشاندەدات کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی و مەلاکانی ڕێژیم ترسێکی زۆریان لێنیشتوە کە ئەم ڕاپەڕینانە ببێتە شۆڕشێکی بەرین و ئاسەواری ئەم دەسەڵاتە داڕزیو و دواکەوتووە لەڕیشە دەربێنێت.

تەنها ڕێگای سەرکەوتن بەسەر کۆنەپەرەستی و داماڵینی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، یەکیەتی و هاوئاهەنگی و پێکەوە کارکردنی گەلانی ئێرانە. دڵنیام بێدەنگ بوونی گەلانی دیکە لەئاست ئەم کۆمەڵکوژیەی گەلی عەرەبی الاهواز، کۆماری ئیسلامی زیاتر هاندەدات، لەهەر جێگایەک ناڕەزایەتییەک سەرهەڵدەدات، بەتوندترین شێوە، سەرکوتیکات.

کۆماری ئیسلامی بەدەست چەندها قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکییەوە دەناڵێنێت. قەیرانی ئابووری زۆربەی خەڵکی گەیاندۆتە ئاستی بێسەبوری لەم ڕێژیمە. بێتونایی ڕێژیم لە بەرەنگاربوونەوە پەتای گشتگیری کورونا بۆتە هۆی مردنی هەزاران نەفەر. بەپێی ئامارەکان، ئێران خرابترین وڵاتی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرەنگاربوونەی پەتای کورونا.

ئێستا قەیرانی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، دیپلوماسی…هتد، وای لەم ڕێژیمە کردوە، چیدی تووانای وڵامدانەوەی ئەم قەیرانانە نییە. کات کاتی ڕاپەڕینێکی گشتی و سەراسەرییە. گرنگە حیزب و لایەنە ئوپوزسیونەکانی دژبەری ئەم ڕێژیمە بەدرستکردنی پلایفورمێکی واحدەوە، نیشانی گۆمەڵگای ئێرانی بدەن، کە دەتووانن ببنە ئالترناتیڤی داهاتتوی کۆماری ئیسلامی و خەڵک دڵنیا بکەنەوە، کە ئازادی، دادپەروەری، مافی گەلان و…هتد لە داهاتووی ئێرانێکی دیموکرات و فیدراڵدا، گرنگترین فاکتورگەل خەباتیانە.

بدرە یوسفشاهی

٣١/٧-٢٠٢١

دانمارک

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی