"an independent online kurdish website

ئەم ڕۆژانە بۆ یەکەم جار”حیدربابا یا سلام”ی شەهریار، شاعیری بە ناوبانگی ئازەربایجان و ئێرانم بە کوردی دیت.

زۆر جاری دیکەش تاریفی ئەو “منظومە”یەم بە فارسی و کوردی بیستبوو و خوێندبوومەوە. تەنانەت هێندێک بەشی شێعرەکەم بە دەنگی خودی شەهریاریش بیستبوو. دەمزانی شتێکە لە چەشنی “بەرەو موکریان”ی مامۆستا هەژار. بەڵام چونکە بۆ خۆم تورکیم نەدەزانی، حەسرەتی چێژوەرگرتن لە نێوەرۆکەکەیم هەر لە دڵیدا مابۆوە. کاتێک چاوم بە کتێبی “سڵاو لە حەیدەربابا” کەوت، پەلەم بوو زوو بە دەستەوەی بگرم. بزانم کێ کردووەیە بە کوردی؟ و چۆن کراوە بە کوردی؟ و ئەم وەرگێڕانە تا چەند ئەو چاوەروانیەی من لە خوێندنەوەی ئەم شێعرە بە ناوبانگە هەمە، دێنێتە دی؟

“سڵاو لە حەیدەر بابا”، وەرگێڕان یا کارێکی هاوبەشی هەر دوو بەڕێزان کاک ئەنوەر سوڵتانی و کاک حەسەن ئەیووبزادە (مامۆستا گۆران)ە. داستانی کارەکە بەم جۆرەیە کە کاک ئەنوەر، توێژەری ماندوویینەناس و پڕکار و بە حەوسەلە، کاک ئەنوەری خاوەن خزمەتێکی زۆری کەمتر ئاوڕلێدراوە لە لایەن میدیاکان، کاک ئەنوەری شارەزای مێژوو و ئەدەبیاتی فارسی و کوردی(من بە تایبەتی لە پێشەکییەک بە ناوی “جان شیفتە” کە کاک ئەنوەر بۆ کتێبی “سرود پرستو”ی”وەفا”ی برای، نەمر کاک عومەر سوڵتانی نووسیویەتی، ئەمەم بۆ دەرکەوت)، دەقەکەی بە پەخشان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و وەرگێڕاوەکەی بۆ کاک حەسەن ئەیووبزادە ناردوە. مامۆستا گۆران بۆ خۆی لە پێشەکیی کتێبەکەدا دەنووسێ:

“هەیاران من و ترکی!! ئەویش ئەو ترکییەی شەهریار، کە نیگار کێشانە بە وشە. من شارەزاییەکم لە کوچەباخەکانی هونەری شەهریار نیە و نازانم کاتێ هەژانی شێعر دەیگرێ، چۆن دەکەوێتە سەما و بە چ ئاهەنگێ جەزم دەبێ. لاسایی کردنەوەی نە کاری کەسە و گێڕانەوەی ئەو حاڵەتەی دەیگرێ، لە باسکردن نایە. لە مەوبەریش زۆر وتارم لە سەر حەیدەربابا خوێندبۆوە، زۆر جاریش هەر ئەو هەڤاڵە لە شاری تاران بە دەنگە نەرمە بە سۆزەکەی چەند لاپەڕە لە شێعرەکەی بۆ خوێندبوومەوە و بە کوردی مانای بۆ لێدابوومەوە. ئەوەی ڕاستی بێ ئەو هەژانەی کە  پاش خوێندنەوەی شێعرەکەی شەهریار بە ژێر پێستم‌دا ڕادەبرا ئەوەندە نەبوو کە بەرەو باخەکەی ڕەکێشم بکا تا بە سەر سووڕمانەوە، بڕوانمە هەڵپەڕکیی ڕەنگ و وشەی شەهریار لە داوێنی کێوی حەیدەربابا و لە مەیدانی گوندەکەی ‘خوشکەناب’.

بەڵام ئەم جارە، کات ئەو کاتە نەبوو. منیش ئەو کەسەی پێشوو نەبووم. ئەمجارە من بە باڵی ئەو خەیاڵە دەفڕیم کە هەژاری هەستیار لە ” بەرەو موکوریان”ەکەیدا پێی فڕیبوو.

 بۆ منی وڵات داگیرکراوی هێلانە لێ ڕووخاوی براکوژراوی دەربەدەر، چی لەوە سووکنایی هێنەرترە دڵسووتاوێکی ناسک خەیاڵی هاودڵم لە گۆشەیەکی ئارام، دەس کەوێ و وێکڕا خۆ لە خۆ داتەکێنین و بەرەو شاخ و دەشت، چۆم و مەزرا، گوند و شاری وڵاتەکەمان بفڕین. هەر کام  لە گەڵ دۆست و ئاشنا، ناسیاو و نەناسیاو، کوڕ و کچ و پیر و کاڵی گوند و شارەکەی خۆمان بدوێین، بۆنیان هەڵمژین، تێر تێر لە گەڵیان بگرین و پێ بکەنین، بوخچەی دڵیان لە لا بکەینەوە….

ئەوانە، هانیان دام بە وردی سەرنجی شێعرەکەی حەیدەر بابای شەهریار بدەم، بە خاترجەمی لە دڵاوایی کاک ئەنوەر چەند شێعرم خستە چوارچێوەیەکەوە، کە لە زەینم دا بوو. واتە کوردییەکەی کاک ئەنوەرم لە حاڵەتی “ئازاد” دەرهێنا و خستمە ئەو چوارچێوە کە پێم وابوو پڕ بە پێستیەتی.

لە سەرەتادا بە تەما نەبووم ئەو کارە بکەم، ئەوە تەنیا پێشنیارێک بوو و بەس، بەڵام نامەی دڵسۆزانە و هاودڵیی ئەو هێژایە، بوو بە هەوێنی کارەکە و وێکڕا جلکێکی نوێمان بۆ بەری بەشی یەکەمی شێعرەکەی حەیدەربابا ئامادە کرد. ئەوەی لە بەرچاوی خوێنەری کوردە بەرهەمی کاری هەر دووکمانە. کاک ئەنوەر شێعرەکەی لە ترکییەوە کردۆتە کوردی، پاشان لەو قالبەی ئێستادا جێمان بۆ کردۆتەوە و بەرگ و پێڵاوی کوردیمان بە بەردا کردووە.”

کتێبی گۆرین، دوای پێشەکییەکەی کاک حەسەن ئەیووبزادە، باسێکی بە نێوەرۆک دەوڵەمەند لە ژێر ناوی “سەرەتا” بە قەڵەمی کاک ئەنوەر سوڵتانی، و ٧٥ پێنجینی شەهریار بە کوردی و تورکی کە بەشی یەکەمی “سڵاو لە حەیدەربابا”کەیان لێ پێک هاتوە، دەگرێتە خۆ. وتارەکەی کاک ئەنوەر باس لە جێگە و پێگەی ئەم شاکارە ئەدەبییە و بەراوردی شاعیر و ئەم شێعرەی لە گەڵ شاعیرانی هاوچەشنی خۆی و دەقە هاوشێوەکەیانیان لە نێو کورد و نەتەوەکانی دیکەدا دەکا. پێنجینە کوردییەکان- من چونکە تورکی نازانم بۆم نیە لە باری نێوەرۆک و کاریگەری و چۆنیەتیی وەرگێڕان، گەڵ تورکییەکان بەراوردیان بکەم –بە زمانێکی پاراو و کوردییەکی پڕ لە وشەی جوان و، بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە داڕێژراونەوە؛  تا کۆتایی لە سەر یەک کێش ڕۆیشتوون و بە زۆری خاوەن سەروان. دیارە هەست دەکرێ لە هێندێکیاندا، بۆ ئەوەی واتا و پەیامەکیان پارێزرابێ، نەکراون بە قوربانیی سەروا.

جوانی و خۆشەویستیی ئەم شاکارە ئەدەبییە لە وێناکردن و دەربڕینی خۆشەویستیی شاعیر بۆ زمانەکەی، بۆ زێدەکەی و ناوچە و سەرزەوی و خەڵکێک دایە کە  شەهریار لە نێویاندا لە دایک بووە، پێی هەڵگرتوە و بە هەزار و یەک هەوادای دیار و نادیاری عاتیفی و مەعنەوی و دەروونی، ئەو و هەستی ئەویان بە ژیان و جیهان  گرێ داوە. من لە کاتی خوێندنەوەی حەیدەربابای کوردیدا، خۆم لە جێی شەهریاری دوورکەوتۆوە لە “خوشکەناب” و کێوی حەیدەربابا دادەنا، ناوی کەسەکان و کانی و مێرگ وشیو و دۆڵ و قۆپی و تەلان و بەرزاییەکانی زێد و ناوچەکەی خۆمانم لە جێی ناوەکانی نێو”حەیدەربابا”ەکەی شەهریار دادەنا، بۆ ئەوەی بزانم ئەو کاریگەرییەی چاوەڕوانم لە من دا پێکی دینن؟ لەم بارەیەوە بۆم هەیە بڵێم ئەو وەرگێڕانە ئەدەبییە، سەرکەوتوویە؛ چونکە دەتوانێ ببێتە زمانحاڵی مەمانانێک کە ئازاری دووریی دەیان ساڵە لە زێد و نیشتمانی خۆمان، بیرەوەرییەکانی منداڵی و مێرمنداڵی و، ئاواتی دیتنەوەی کەس و شوێنە فەرامۆش نەکراوەکانی ئەو ڕۆژگارە، بۆ ساتێک بەجێمان ناهێڵن.

شایانی ئاماژە پێدانە کە لە گەڵ پێنجینە کوردییەکاندا، پێنجینە تورکییەکانیش، بە ڕێنووسی کوردی هەن. ئەمەش ئیبتیکارێکی باشە. چونکە بە لوتفی باشیی ڕێنووسی کوردی، کەسێک تورکییش نەزانێ، دەتوانێ هەتا ڕادەیەکی زۆر، تورکییەکە بە دروستی بخوێنێتەوە.

“سڵاو لە حەیدەربابا” بەرگی دووهەمیشی هەیە کە هێشتا چاپ نەبووە. بەرگی یەکەم ساڵی ٢٠٠٦ لە سوید چاپ بووە. بەرگی یەکەمیم پاش ١٥ ساڵ دیت و خوێندمەوە. بەو هیوایەی بەرگی دووهەمی بە زوویی بڵاو بێتەوە و ئەوەندە بە درەنگەوە  نەیبینم.

حەیدەربابا! دەزانی دونیا هەمووی درۆیە؟

میراتی سولەیمانە، “نووح”ی نەبی لە کوێیە؟

دووپشکی بێچوەخۆرە، ڕژد و پیس و نامۆیە

هەر چی بیدا، بە قەرزە، دووقات دەیەوێتەوە.

کوا ئەفلاتوونی حەکیم؟ لە کوێ دەسووڕێتەوە؟

                       *

حەیدەر بابا! نەماون، یارانی دەوروپشتم

لەو سارای تەنیاییە،یەک یەک بە جێیان هێشتم

کانیاوملێ ویشک بوو، شۆقی چرایان کوشتم

ڕۆژم لێ ئاوا بوە، تاریکاییم لێ داهات

ئەو دنیایە ڕەنگینەم وەک سارای شامی لێ هات.

                      ***

(*)لە سەردانی ئەم هاوینەم بۆ ماڵی د.کامران ئەمین ئاوە و هاوسەری بەڕێزی شادی خانم لە دۆرتمۆند(ئەڵمان) چاوم بەو کتێبە کەوت.

١٨/٧/٢٠٢١

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی