"an independent online kurdish website

لە میدیای کوردی و عەرەبی و ئەڵمانی دا « کوردستانی نوێ ،خەبات، شرق الاوسط، دێر تاگە شپیگل و دێر شپیگل» دا چەند بابەتێکی جۆراوجۆرم لەسەر ئەم بابەتە خوێندەوە…

 بە وتارەکەی قونسوڵی گشتی چین لە ھەولێریشەوە…. بەتایبەت وتارە کوردییەکان بێ لەزەت و بێ ناوەڕۆک و ھەر ھەموو لە ستایش و پێداھەڵدان و نیشاندانی ڕووە کەم جوانەکەی چین و باسێکی ڕۆژنامەوانی بەولاوە ھیچی تر نەبوون.. واتە کۆمەڵێ وشەی بێ ناوەڕۆک.

لە وتاری جەنابی قونسوڵ دا ھاتووە : چین ھەڵگری دروشمی ئاشتییە! باوەڕی بە 5 بنەمای پێکەوە ژیان ھەیە! ئەوانیش بەکورتوکرمانجی بریتی لە : ڕێزی ھاوبەشی بۆ سەروەری دەوڵەتەکان! دەستدرێژی نەکردنە سەر یەکتر! دەست تێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتردا و … چین سۆسیالیزم بەتایبەتمەندی« چین» ییەوە پێڕەو دەکات!..

ئەوەی جێی پێکەنینە باسیشی لەوە کردووە چین دیموکراتییە..!! کەچی لە وتاری یۆبلیۆمدا سەرۆک Xi pinging  دەڵێ : نەتەوەیەکی بەھێز پێویستی بە سوپایەکی بەھێزە»… ئەم دروشمە و ھەموو دروشمە بێ یەک و دوو فشە و درۆ و باقوبریقەکانی تر دەسڕێتەوە…

من شەڕم دژی چین ڕانەگەیاندووە، بەڵکو دەمەوێ ئەو بانگاشانە بەدرۆ بخەمەوە و  تیشکی ڕاستی بخەمە سەر بابەتەکان وەک خۆیان، نەک لەبەرخاتری خاتران کاری پینەکردن و مکیاجکردنی خەوش و نەنگییەکان بگرمە ئەستۆ.

جارێ هەر لە بنەڕەتەوە پێکەوە ژیان و ئاشتی و دیموکراسی، پێویستی بە دروشمی سوپای بەھێز نییە…
پاشان ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع دەیبینین، چین پەیوەندی بە دەوڵەتانەوە ھەیە نەک بە گەلانەوە. بۆ نموونە دەوڵەتی ئێران بە ئاگر و ئاسن دژی نەتەوە بندەستەکان ھەڵسوکەوت دەکات،تورکیا بەهەمان میکانیزم و خراپتر کورد دەکوژێ و کوردستان وێران دەکات،  کەچی چین باشترین دۆستایەتی و پێوەندی ئابووری و سیاسیی لەتەکیاندا هەیە و هیچ داکۆکییەک لە مافی گەلانی بندەست ناکات، کە بەشێکی گرنگن لە هاوکێشەی ئاشتی و پێکەوە ژیان… بەواتایەکی تر بەرژەوەندی ئابووری و قۆستنەوەی بازاڕ و ڕەنگە کەموزۆر مانۆڕی دژایەتی ئەمەریکاش ناوەڕۆکی هەڵپەکەیان بێت.

هەرگیز نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت، چین لە ناوەوە خۆیشی بەھەمان میکانیزمی زەبروزەنگ و دیکتاتۆرانە دژ بە مافی کەمە نەتەوەییەکان و بەتایبەت کێشەی “تایوان”ە… بە کورتی « خۆی ماڵی لە شوشەیە، بۆیە داوا دەکات کەس بەرد نەگرێتە ماڵی لە شووشە دروست کراو»….

یۆبیلیۆمە زێڕینەکەی 100 ساڵەی پارتی کۆمەنیست ھەر ئەم چرکەساتە نییە، کە سەرکەوتن لە دوای سەرکەوتن بۆتە ناونیشانی حیزب و دەوڵەتی ناوبراو. سەرەتا دەبێت ئاماژە بدەینە ڕاستییەک، پارتی کۆمۆنیستی چینی دروست بوو بە ئامانجی ڕاماڵینی ھێزە کۆلۆنییەکان لەسەر کۆڵەکەی سنگی وڵاتەکەیان… بەو واتایەی ئەم میللەتە بۆ سوود وەرگرتن لەم بیر و ئایدۆلۆژییە، دەستی گرتووە بە چەمکەکانی ئەم بیرەوە بە پێی بەرژەوەندی خۆی و ھەلومەرجی وڵاتەکەی. بەڵێ دەزانی زۆرینەی خەڵک بە قەناعەت یاخود نابەڵانە بەم دۆخە ڕازین، ھەر بۆیە حیزبی دەسەڵاتدار نزیکەی 90-100 ملیۆن ئەندامی ھەیە. دەزانین ملیۆنەھا خەڵک لەسەردەستی ئەم حیزبەدا لە برسێتی و دواکەوتوویی ڕزگاریان بوو.. لێ هاوکات دەشبێ بزانین بەس لە نێوان 1958-1961 دا نزیکەی 60 ملیۆن کەسیان کوشتووە  خوێناویترین شۆڕشیان بەرپا کردووە بە گەورەترین ژمارەی قوربانییەوە. دەرخستنی ئەم لایەنەی چین لەو باس و وتارانەدا ئاماژەی پێ نەدراوە و دەبوو تیشکیان بخرێتە سەر،چونکە بەشێکی زیندووی مێژووە ڕاستەقینەکەن و گەرەکە هەموو لێی ئاگادار بین.

لە ئێستی “چین”دا لە منداڵێکەوە تا پیرێکی پەککەوتە لە ژێر چاودێریدایە، ڕەنگە تاکە یەک شەقامی پەکین ھێندەی شارێکی وەک بەرلین کامێرای چاودێری تێدا دانرا بێت… تاک لەسەر کار و لە ماڵەوە و لەسەر شەقام و نێو پارکەکان چاودێری دەکرێ… تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تۆڕی پێوە بوونی نەیارانی ڕژێم و دەسەڵاتە و ڕووبەرێکی فراوانی چاودێریی و سیخوڕییی دەوڵەتە بەسەر خەڵکەوە…

بزافە دیموکراسییەکان بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێن… کەمە نەتەوە و کەمینە ئاینییەکان دەچەوسێندرێنەوە …کێشەی « تایوان» بە نامرۆڤانەترین شێوە ڕەفتاری لەگەڵدا دەکرێ… کوشتارە بەناوبانگەکەی 1989 لەناوەڕاستی شاری پەکین، پەڵەیەکی تری شەرمەزاری سەر ھەنییەی ئەو دەوڵەت و حیزب و سەرانی کۆمۆنیستەیە…

مێژووی ئەو حیزبە و ماو، لەبەرئەوەی خوێناوییە، چەند دۆستی ھەیە! دە هێندە دوژمنی ھەیە!. چەند سەرکەوتنیان بەدەست ھێناوە دەیان قات ھێندە خوێنیان ڕشتووە و شەرمەزاریی ناشارستانێتی و نادیموکراسییان تۆمار کردووە…. خۆ نابێت هەر پەندە کوردییەکەی خۆمان” ئەو نانە نانە ئیمڕۆ لە خوانە” پێڕەو بکەین.

ئەو وڵاتە زەبەلاح و بەرینە پیاوێک بەڕێوەی دەبات Xi Jinping ، کە ناوی بۆتە Mao Tse Tuns سەردەم، گەورە و پیرۆز کراوە، وەک ڕیتوالێکی ئاینی بەڕادەی خوایەک دەپەرستدرێت.. بڕیارە تا لەژیاندا بێت، بە سەرۆکی دەوڵەت بمێنێتەوە. ھەرچی دەسەڵات و دەوڵەتە بەدەستییەوەیەتی…کۆمەنیستە و بە سیستەمی سەرمایەداری حوکم دەکات، واتە کاپیتالیزمی مارکسی کردووە بە سۆسیالیزمی جینپینگ… تا بێت پایەکانی دەوڵەت بەھیزتر و مەحکەمتر دەکات، لە کاتێکدا دەبوو پرۆلیتاریا خاوەن دەوڵەت نەبوایە!!!.. نەک هەرگیز  وا بیرناکەنەوە،  بەڵێ جەستەی مرۆڤ دەکەنە خشتی ھەڵچنینی تەلاری دەسەڵات و بەهێزکردنی دەوڵەتەکەیان.

ئەم سەرکردە کۆمنیستانە بە ھەزاران پەیکەریان بۆ دروست کراوە، گەشتیاران کاتێ دەچنە چین ، کە لەساڵی 2019 دا نزیکەی 52 ملیۆن گەشتیار سەردانی چینی کردووە، دەبرێن بۆ سەیری ئەم پەیکەرانە و مێژووی ئەم سەرکردانەیان بۆ باس دەکرێ… وەزیری دەوەرەی چین دەڵێ: «ھەر کەسێ سەردانی وڵاتی پیرۆزی شۆڕش بکات، ھیچ کاتێ لەبیری ناچێتەوە، ئێمە لە کوێوە ھاتووین»…

چاودێرانی سیاسی بە وردی سەرنج لە ھەڵچوون و گەشەی چین دەگرن و چاوەڕوان دەکرێ بێتە زلھێزی یەکەم دوای ئەوەی ئابوورییەکەی جێی بە یابان لەق کردووە لە ڕیزبەندیدا پلە دوو دوای ئەمەریکا داگیر دەکات…

بۆچوونیش ھەیە، کەوا چین بەم شێوەیە بۆی مەیسەر نابێت، وەک پرۆڤیسۆر Wa Qiang دەڵێ: «ترس ھەیە ھەر چرکەساتێک چین لە لوتکەوە بەربێتەوە». ئاخر لە نێو کۆمەڵگەی جیھانیدا چین وەتاق کەوتۆتەوە.. لەگەڵ ھەموو دراوسێکانی – کەمێک پاکسانی لێ دەرچێ- خراپترین پەیوەندی ھەیە، ئەمەریکا و ئەوروپای لێ دڕندوگن، یاپان نەیارێتی و ھندیش ڕکەبەری لەگەڵ دەکات ..
چین و دەسەڵاتەکەی بۆ خۆ خۆشەویست کردن و دۆزینەوەی کەناڵ و دەروازەی جۆراوجۆری نزیک بوونەوە لە دەوڵەتان لەم سەردەمی پەتای کۆڕۆنایەدا ڤاکسین دەفرۆشێ بە 27 دەوڵەت و بەشی 50 دەوڵەتیش بە خۆڕایی دەبەخشێتەوە. کە میدیا و چاودێرە ئەوروپاییەکان ئەم سیاسەتەیان ناوناوە دیبلۆماتی کوتان/ Impfung Diplomatie… … ھەروەھا وەک ھەوڵێکی تری چین لە ئێستادا خولی پاڵەوانێتی تۆپێی ئەمەریکای لاتین Copa America بەڕێوە دەچێ، چین سپۆنسەری دەکات، بۆ ئەوەی دەستی بگاتە ئەو کیشوەرەی تەنیشت ئەمەریکا و جێ پێی خۆی لێ قایم بکات… ھاوکات، وەرچەرخاوە بۆ کیشوەری ئەفەریقا و دەیەوێ لەوێش بێتە ئاغای سەدەی 21 و وەک ھەزارپێ پەل بە ھەموو لایەک دا بکێشێ… ئەوەی جێی سەرنج و پێکەنینە، ھاوکارییەکانی چین ھەمووی بە شەرتی چەقۆیە و نابێت ھیچ وڵاتێک پەیوەندی بە «تایوان – Taiwan »ەوە ھەبێت و پشتیوانی بکات…

لێرەدا چیرۆکێکم وەبیردێتەوە،کاتی خۆی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە تورکیا،  داوەتی ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی کرد بوو بابەتێکیان پێشکەش بکات، بە مەرجی ئەوەی ڕۆژنامەنووسی ناوبراو وشەی کورد و ئەرمەن بە دەمیدا نەیەت و باسیان لێوە نەکات.. کەچی بە تورکیاشیان دەوت وڵاتێکی دیموکراسییە!…

من دەمەوێ تیشک بخمە سەر ئەوەی سیاسی و نووسەر و ڕۆژنامەنووسان چۆن لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا ھەڵسوکەوتیان کردووە… چییان لە ھەقیقە مێژووییەکە ئەو وڵاتە و شۆڕشەکەیی و ئایدۆلۆژییەکەی زانیوە، چییان بۆ ئێمە ! بزاڤە ڕزگاریخوازەکەمان ھێناوەتەوە!!…

باشە گەر مێژوو دەرفەتی بدایە! ئەمانە پێڕەوانی ماویزم!  بە تەواوی سەرپێ بکەوتنایە و بگەشتنایەتە ئامانج ئێستا دۆخی کورد لە چ وێستگەیەک دەبوو!… ئەوانیش وەک ماو و ستالین و پۆل پۆتیان بە کورد دەکرد؟!!! ئەمە پرسیار و گومانێکە دەبێت بەدواچوونی جددی بۆ بکرێ.

من لەوە دڵنیام چۆن ئێستا شتی عەمارەپۆمان بۆ دێنن لە پیشەسازی تەقلیدی “چین”ینییەوە، ئەوساش مێژوو و حیکایەتە ھەڵبژاردە درۆزنەکانیان بە پێی بەرژەوەندی ئایدۆلۆژی خۆیان بۆ گێڕاوینەتەوە…ئەم ڕەفتارەش بووە مایەی ئەوەی نەهامەتییەکی زۆر بەسەر بژاڤی کوردایەتیدا بهێنن و لەگەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی پەکی بخەن.

چونکە بە دیدی مندا دەبوو جاران ھەر باسێک لە مەڕ ماو و شۆڕەشە کولتوورییەکەیی و سەرکەوتنەوەکانییەوە بکرێ، ھاوت ئاماژە بە ڕەفتار و کردارەکان، بە کوشتن و بڕین و برسی کردن و ڕاوەدوونان و دیوە ناشرینەکەی شۆڕشەکەوە بکرێ… ھەروەک ئێستا کەباسی ھەمان وڵات و حیزبە کۆمینستە حاکمەکەی بەرەوپێشچووبەکانی دەکرێ، باس لە نادیموکراسی تا ڕادەیەی مۆدێرنترین دەوڵەتی « دیکتاتۆریی دیگیتالی» و ستەمەکانی لە کەمینەکان بکرێ…

ئەو کات لە کۆنتسێکدا لە کێشان و نەخشکردنی وێنە ڕاستەقینەکەی ئەو دەوڵەت و حیزب و ئایدۆلۆژیا دوور نەدەکەوتینەوە و کەم و زۆر بەرپرسانە ھەقیقەت و ماھیەتی دەگوێزرایەوە بۆ خۆێنەران و خودی ئەزموونە گەورەکە دەکەوتە بەردەم سەنگی مەحەکی مێژووەوە…

ئاخر هەر وەک چۆن ئیسلام ھەر خودی قسەکانی خوا نییە، وەک لایەنگرەکانی پێمان دەفرۆشنەوە… قەعقاع و خالید و سەقەفی و ھەزاران خوێنڕێژی تر بوونەتە پێکهێنەری مێژووەکەیی و “خامەنەیی و ئەردۆغان و قاعیدە و داعش”ەکانیان و سەدانی تریش ئیمڕۆ نوێنەرایەتی ھەمان ڕێباز دەکەن. باسە بێ بڕاوەکانیش لەسەر تیۆەری مارکس ، وەک زۆرینەیەک لە رۆشنبیرانی کورد خوویان پێوە گرتووە، ھەر دەق و چەمکە دۆگماکان نییە، بەڵکو مێژووە خوێناوییەکەی ستالین و ماو و چاوچیسکۆ و کیم ئیل سۆن و سەدانی ترە و دروشمە بریقەدارەکانمان لە کۆگا دا بۆ دەڕازێنەوە و مەستی خەیاڵ پڵاوییە خۆشەکەی بەهەشت!! باشتر بڵێم دیکتاتۆرێتی پرۆلیتاریاییمان دەکەن.

بە کورتی و کرمانجی: بووک بە ستایشی دایکی جوان و باش نابێت، و ئایدۆلۆژیای ژەهراوی بە شەکر شیرین ناکرێ و دەسەڵاتی ستەمکاریش بە پڕوپاگەندە خۆشەویست ناکرێت و ڕێبازی چەواشەش بە تۆپزی ناسەپێندرێ و هەرگیزیش سەرناگرێ.

کەواتە با لە ئەزموونی ڕاستەقینە و دروستی گەلانی دنیا پەڕۆیەک دادڕین و هەرچیمان کرد و هەڵبژارد بۆ خزمەتی واقیعی وڵات و نەتەوەکەمان بێت، نەک لاسایکردنەوەی کوێرانە و بەخۆڕایی قوربانیدان بۆ شتگەلێک کە هیچ پەیوەندی بە جەوهەری کێشەکەمانەوە نەبێت…

ئێمە باش دەزانین و ئاگادارین کەوا مێژووی نووسراو پڕە لە درۆ و داتاشین و هەڵبەستن و ناشیرینکردنی خۆڕایی و شاردنەوەی ڕاستی و جوانی و هەقیقەتەکان و لێوان لێوە لە بێ دادی و ستەمکاری و خوێن ڕشتنی خۆڕایی.!!..

ئیدی بەسە نە درۆمان لەگەڵدا بکەن! نە هەوڵ بدەن تەفرەمان بدەن، نە خۆشتان ڕیسواو و تاوانباری بەردەم خوا و جەماوەر و مێژوو بکەن… ئاخر هەزاران جارمان وت: ناو و نیشان و بانگاشە٤ و دروشمەکان ڕاستی و پێوەر نین، بەڵکو کردار و ئاکام و بەرهەمەکان دروستی هەقیقەتەکان دەسەلمێنن.

هەر هەبن و بمێنن بۆ خزمەتی کوردبوون، کە ڕاستەخۆ خزمەتە بە مرۆڤایەتی بوون..  

هەڵۆ بەرزنجەیی    11/7/2021

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی