"an independent online kurdish website

پرسیارێکی باشە بۆ ئەوەی مرۆف خۆی و ئەرکەکانی بناسێی. خۆی بناسێی تا بزانی کێیە و ڕادەی زانست و توانای چەندە و دەبێ چ بکا.

ئەرکەکانی بناسێی بۆ ئەوەی لە بنەماڵە و کۆمەڵگادا بەجێیان بێنێ . من کە بڕوای ئایینیم هەیە و زۆرینەی گەلەکەشمان خاوەن ئایینن، لەو دەروازەیە دەچمە ژورەوە . چونکە لەسەر ئەو باوەڕەم دەبێی مرۆڤ لە خۆیڕا دەست پێبکا، ئەگەر خۆت چاک کرد خەڵک دەتبینێ و چاوت لێدەکا. بەڕاشکاویش دەڵێم : مرۆڤ نەبوەو نیە و نابێ هەڵە نەکا ،گرینگ ئەوەیە دانیان پیدابێنێ و دوپاتیان نەکاتەوە.

بۆ ئەو مەبەستە دەمەوێی لە ئایەتی قورعانی کەڵک وەربگرم بۆ ئەوەی نەڵێن قسەی بێبەڵگە دەکا. وەک لە قورئاندا هاتوە ، مرۆڤ لە ئاوو گڵ دروستکراوە. بە بی بۆنی ئەو دوانە هیچ گیان لەبەرو ڕووەکێک بۆنی نابێ . ئەگەر ورد سەیر بکەی دەزانی هەرچی لەو جیهانەدا هەیە هەرلە ئاوو گڵ پەیدا دەبێی،ژیان جۆرێک دامەزراوە کە زانستیش نەگەیوەتە بنجو بناوانی . بابەتە کە قوڵە و ئاڵۆزیشە بۆیە خۆی لێنادەم دەچمە ناو ئەو باسە کە دەڵێ : ئەرێی مـرۆڤ بـۆ دروستکراوە ؟! مرۆی موسوڵمان ناتوانێی بزانێی هۆکاری دروست بونەکەی چیە هەتا دوو شت بەباشی نەزانێی .( ١) خوا ناسین وخۆ ناسین.( ٢ ) بۆچی دروست کراوە . کاتێ تۆ بڕوات بە هێزێکی نادیاری خاوەن زانست ودەسەڵاتی بێسنورهێنا، هەبونی ئەولە هەرچیدا کە دێتە بەرچاوت دەبێنی . دوور ناڕۆم، تەماشای ئیسکیلیتی مرۆڤێک یان گیان لەبەرێک بکە دەزانێ چ وەستایەکی بێوێنە ئەو هەمو پێچوو مۆرەیەو لولەو عەمبارەی لە ناو زگی دایک دا ساز کردوەو تێکی خستوەو دەستیشی لێنەداوە !! تەماشای گەڕانی مانگ و ڕۆژوو ئەستێران بکە دەزانی بەبێی موهەندیس و وەستاکارو سیم کێش ودەزگا، چۆن لە کاتی دیاری کراوی خۆیان دا وەکار دەکەون ، هەڵدێن ، ئاوا دەبن و دەڕۆن دێنەوە. دەزانی لە لادانـو ویک کەوتـنیان و… چ قەبـاحەتێک ڕوو دەدا؟! ئـەو دەمەیە دەزانی مرۆڤ بۆ دروست کراوە.

مـرۆڤ دروستکراوێکـە دەگـەڵ هـەمـوو گیان لـەبـەرەکانـیتر جـیاوازی هـەیـە. هەڵسوڕێنەرو دەکار هێنەری هەمویانە. لە قورعاندا هاتوە. سوڕەی موئمینون : ١٤{ پاشان هەر لەو تنۆکەوە خوێنی مەییوی خەستمان پێک هێنا ولەوخوێنەوە پلە گۆشتێکمان ساز کرد و ئەوسا لە پلەگۆشتەکە هەستیمان چیکرد؛ ئـەویشمان خستە نـاو پـۆشەنێ لـە گـۆشت. لـە پـاشانـا کردمانـە چێکراوێکـیتر.خـوا دەست رەنگینو وەستایەکی بێوێنەی شارەزایە. لە ئاکام دا هەموو توشی مەرگ دەبین } دوای دروستکردنی ( ئـادەم )خوا بـە فـرشتان دەڵێی:کڕنـۆشی بـۆبـەرن. دیارە مەبەست لە کڕنۆش بـردن بـۆ ئـادەم بە مانای پەرستن نیە ، بەڵکو ڕێز لێنانە بـۆ ئـادەم و بەجێهێنانی فەرمانی خوایـە. بـەڵێی، پێغەمبەری بـە کتێبەوە ناردوەو فەرمویەتی:هەرخۆی شیاوی کڕنۆش بۆبردنە ودەڵێ{ جنۆکەومرۆڤمان هەربۆیە چیکردون هە تا عێبادەتی خوابکەن } عیبادەت واتە بارهێنان و ڕاهێنانی ڕوحو جەستەی مرۆڤە بـۆ خزمەتی خـواو مرۆڤایەتی . وشەیەکی گشتگیرە ، هەموی ئەوانە دەگرێتەوە. ئەوانەی بڕوایان بەخوا هەیە و دەیانەوێ ڕەزامەنـدی ئـەو وەدەست بێنن ،پێویستە بەقسەو کردەوە بە ئاشکراو بـەنهێنی پـێئەسپێدراوەکانی چ عیبادی و چ کۆمەلایـەتی بـەجێ بـێـنن. دەبـێی دەگەڵ خـواوخـەڵک ڕاسـتگۆو بەرپرسیار بن و ڕیز لەمافی مرۆفەکان بگرن . دەبێی سیلەی روحم بەجێ بێنن وهەرگیز پەیمان وبەڵێنیەکان نەشکێنن. بەکورتی چاکە بکەن و بەخەڵکیشی بڵێن و خۆتان وخەڵکیش لە خراپە بپرینگێننەوە. هەمو ئەوانەی باسمان کردن وەک ئەرک ئەنجامیان بدەن و چاوەڕوانی پاداشتی کەس مەبـن . خۆ ئەگەر خەڵکیش پێی بـزانن و ڕێـزی لێبگرن چ بـاشتر. مـرۆی ئیمانـدار نـابێ هەڵـەشەو تـوڕەو دەمدەمی بێی. دەبێ لە تێکۆشانـدا ئـارام، نـەرم و نـیان بێ، دەگەڵ بـەکار هێنانی تواناو ئامرازی پیویست بەیارمەتی خواش پشت ئەستوربێوهیوا بڕاو نەبێ.خوا لەزمانی نوحەوە فەرمویە: { هێندێکیانی شارەزا کردون و هێندێک ڕێ لێونبون. ئـەوانـە لـە بـری خوا دەگەڵ شەیـاتین بـونـە دۆست ؛ لایـان وایـە هـەر خـۆیـان شارەزان. ئەعڕاف :٣٠ } خوالەسەر زەوی مرۆی کردۆتە نوێنەری خۆی هەتـا ئـاوەدانی بکاتـەوە، ئەوەنـدەی ڕیـزلێناوە کە عـەقـڵ وشعورو زانـستی لە هەمـوو گیان لـەبەرەکانیتر زیاتری پێداوەوکردویەتە ( ئەشڕەفی مەخلوقات.) بەرو بوی ئەوهەموو نازو نیعمەتەش کە پێی داوە دەبیندرێن ولەبەرچاوە. مرۆی لەزانست دا گەیاندۆتە حاندێک کە شتی زۆر سەیـروسـەمـەرەو بـەکەڵک دروست دەکـەن کە مـرۆڤ سەری لێی سوڕمـاوە.دەگەڵ ئەوانـەش ئـەومـرۆڤـە گەلێک کردەوەی نـەشـیـاوو زیـانبار ئـەنجام دەدا بـۆیـەش خوا وشیاریـان دەکاتـەوەو دەفـەرمـوێی: ئـەعڕاف ١٧٩ { ئێمە گەلێک لەجنۆکەومرۆمان بۆ جەهەندەم وەدی هێنا. دڵیان هەیەو پێی تێناگەن،چاویان هەیەو پیی نابینن، گوێیان هەیەو پێی نابیسن؛ ئەوانە وەک ئاژەڵ وان ، بگرە لـەوانیش گومڕاترن؛ ئاگایان لە هیچ شتێک نیە .} بـە پـێـوەری ئـیسلام مـرۆڤ دوای مـەرگی لـێ پـرسـینەوەی دەگەڵ دەکرێ. لـە ژیانیشدا تاقی دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بزانـدرێی چی کردووەو چۆنی کردوە. . کێ دەرچوەو ئەرکی خۆی بەجێ هـێناوە ،کێی خۆی بـواردوە تێماوە. ئەوەی ڕاستیە خـوا مـرۆی بـۆ خزمـەتی خـۆی دروست کردوە، خزمـەتی خـۆشـی بـە خزمەتی خەڵک داناوە . واتە ئەو هەموو زانست عیلم و تواناو ئامرازەی بۆیـە پێداوین تا لە بواری پیداویستیەکانی کۆمەڵگا وەگەڕیان بخەین ودەکاریان بێنین ، ئەگینا بۆ خۆی ئیحتیاجی بە هیچ شتێک نیە. لە کورتیدا مـرۆڤ بـۆ کوشتن و سوتانـدن و وێـرانـکردن وخەیانـەت وجـینایـەت دروست نـەکراوە، بـەڵـکو بـۆ بەرنگاریو لەناوبردنی هەموی ئەوانەیە .

مرۆڤ دەبێ باش بزانێ خوا هیچ شتێکی لە خۆرا دروست نەکردوەو هیچ فەرمانێکی بەزیانی خەڵک نەداوە. بەرژەوەندی مرۆڤەکان لە هەمو بڕیارەکانی خوادا لەبەر چاو گیراوە زۆرمان بەچاوی خۆمان دیتون و زۆرتریشیان هەروا بەنەزاندراوی ماوە. موئمنون: ١١٥و ١١٦ { داخوا وادەزانن بەگەمە دروستمان کردون و لێتان ناپرسینەوە ؟ هەڵەن ، خوا لە پلەی هەرە بەرزدایە و خاوەنی دەسەڵاتی راستەقینەی بێ سنورە.} لەو زیاترهیچ کەس و شتێک شیاوی کڕنۆش بۆبردن نیە وتەختی دەسەڵات هەر ئی ئەوە. با ئێمە ئـەوانـەمان کە خۆمان بـە پێشکەوتوو دەزانین و ئەوانەش کە لە دنیای خەیاڵ دا سەرگەردانین و ئەوانەش کە خۆمان بە موسوڵمان و ئیمانداردەزانین ،ئەو ڕاستیە بسەلمێنین هەموودینەکان و ئیدەکان دەبێی لـە خزمەتی ئـاوەدانی وڵات وگەلدا بـن. ئـەوانـەی لـە دنیادا ئەو هەموو خەتاو تاوانانە ئەنجام دەدەن بـۆ خۆشیان ناڵێن ئێمە بۆ مرۆڤ کوشتن و وێـران کردن دروست کراویـن، بـەڵام لـە کردەوەدا بـە زۆری لـە ژێـر نـاوی دروستکراوی وەک پـاراستنی مـافی مرۆڤ وهـیتر، دەکـوژن ، وێـران دەکەن، گرانی و قاتیوقوڕی، ئاوارەیی و دەربەدەری دەخوڵقێنن، بۆیە لە دنیادا ئەوهەمو جینایەت وتاوانانە ڕوو دەدەن و ڕویان داوەو کەسیشی لە سەر سەزا نەدراوە . لـێرەدا ئاوڕدانەوەو دەرس وەر گرتن لـە ڕابـردو واجـبی ویــژدانی و ئەخلاقی و ئینسانی و ئیمانی مرۆڤەکانە. مرۆڤ بـۆیـە دروست کراوە راستیەکان ببینێ ، ڕێـز لـە مـافی گەلان و کەسـان بگرێ ، دەستدرێـژی بـۆ گـیان ومـاڵ و ناموسی کەس نەکا.

براتان مەلا برایمی مەجید پور ١٦ پوشپەڕی ٢٧٢کوردی  

 ٧/ ٧/ ٢٠٢١ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی