"an independent online kurdish website

یەکەم: «حەسەن زیرەک»ئیمپراتۆری ھونەری گۆرانی کوردی…

ئیمڕۆ 26.6.2021یادی تێپەڕبوونی 49 ساڵە بەسەر مەرگی ئیمپراتۆری گۆرانی کوردی مامۆستا « حەسەن زیرەک» دا…

زیرەک.. بە خۆیی و دەنگی زوڵاڵ و شیرین و ڕۆحی بەرزەفڕی، لەسەر بەرزایی « ناڵەشکێنە» وە بەرانبەر بە شارە دڵفڕێنەکەی « بۆکان» ئێستا لە باوەشی دایکی پیرۆزی نیشتماندایە…

لێرەوە، بە نیگایەکی فراوان و دڵێکی ئاسوودە و پڕ لە میھرەبانی و بە زەوق و خۆشییەکی بێ کۆتایی و خزمەتێکی بێ پایانەوە، تەماشای ھەمووان دەکات…

« ناڵەشکێنە» قیبلەی ھونەرمەند حەسەن زیرەک…

کێ ھەیە لە ئێمە قەرزاری ھونەری ئەم کەڵە ھونەرمەندە نەبێت؟!…

 ئەم بەیانییە بۆ ئەوەی پەرواز بم بۆ لای رۆحی بێگەردی و بتوانم تاجەگوڵینە نەمری بخەمە سەر گڵکۆکەی، لەگەڵ کازیوەدا دەستم کرد بە گوێگرتن لە دەنگە زوڵاڵ و ئەفسوناوییەکەی…. بەڕاستی مەستی دنیا خەیاڵ بووم، خەمەکەم کە ھێندەی بورجەکەی نێو سابڵاخ بەرزە!، بە بادا دا…بەھاری کوردەواریم بە شاخ و داخ و دۆڵ و کانیاو و کیژی نێو مێرگوڵان و کراس ڕەش و ئامێنێ و ئامینێ و وەی گەوھەرێ و وەک قومری سەرباڵم مریەم بۆکانی و چەندین پارچە گەوھەر و ئەڵماسی تری بەھادار ھاتە بەرچاو…

 «باوکم: کاتێ گوێی لە زیرەک دەگرت، دەیووت: با ھەرچی ئەوانی ترە! مەبەستی گۆرانیبێژەکانی ترە، خۆیان وەشاردن… ناشبنە شاگری ئەم ئوستازە….

 شەیدای گۆرانییەکانی دەچمە سەر ناڵەشکێنە و ھەوری لار بوو»…

 ڕەوانی بێ نازت شاد حەسەن زیرەک، گەورە مامۆستای ھونەری کوردی… گەنجینەی خزمەتەکەت لە تەمەنێکی کورتدا بە چەندین ھەزار بەرھەمی ڕەسەنی کوردەواری ناوازە و بێ ھاوتا ،بۆ ھەرگیزاو و ھەرگیز کۆتایی نایەت و وشک ناکات…تۆ وەک چیاکانی کوردستان سەرکەشی…وەک ئاوی ڕووبار و کانییەکان شیرینیت…

ەمری و ھەرگیز نامریت…مردنی تۆ گرێدراوە بە مردنی کورد و ھونەرەکەیەوە…..سڵاو لە ڕۆحی پاک و خزمەتی دڵسۆزانە و بێنیازت…گڵکۆت چراخان و گوڵزار و مێرگوڵانی نێرگز و ریحان بێت!!!…

بنوو ئارام بنوو، دوا وشەکانی سەر تەختی مەرگت ھێشتا لە گوێماندا دەزڕنگێتەوە… چارەنووسە تاڵ و دژوارەکەی تۆ خەتای من و ئەو نەبوو، ئەوە قەدەری تاکێکی کوردی نیشتمان داگیرکراو و دابەشکراو و بێبەش کراوە لە ژیان….

بنوو ئارام بنوو…..بەشی ئەو دنیاشت خزمەت پێشکەش کردووە و لە ھەگبەدا ھەس…

ھاوڕێیان: ئەم گۆرانییە ناوازەیەتان پێشکەش بێت…..

***

دووەم:

مامۆستا« حەسەن زیرەک» لەنێوان یادی 49 ساڵەی ڕۆژی مەرگ و 100 ساڵەی لەدایکبوون دا…

***

ھاوڕێیانی، دوێنی یادی مەرگی پڕ لە ئازار و تراژیدیا ئامێزی مامۆستا« حەسەن زیرەک» مان کردەوە…دیارە نابێت ئەوەمان لە بیر بچێ، ئیمساڵ 2021 ھاوکاتە لەگەڵ یادی 100 ساڵە ئەم گەورە ھونەرمەندە ئەفسانەییەی کورد دا…

بۆ ئەم دوو یادە زۆر تایبەتە، دەبوو لەسەرتاسەری کوردستان و ھەندەران چەندین کاری ھونەری گەورە ساز بکرا،بۆ ڕێزنان لە ناو و مێژوو و شکۆی ئەو تاقانە مامۆستای مامۆستاکانی ھونەری کوردی. دەبوو دەستە دەستە و پۆل پۆل خەڵک ڕیزیان بەستایە – پارەش بدەن بۆ بەشداریان – بچنە سەر گڵکۆکەیی و تاجە گوڵینەی ڕێز و خۆشەویستی لەسەر دابنێنن. دەبوو بە پارەکەش گۆڕەکەی بکرێتە مۆزەخانە…

ئەمانە ئەو ھەنگاوە سەرەتاییانەن کە مێژوومان و ژیانی تاکە ھەڵکەوتووەکانمان دەکەینەوە بە ئەرشیف و مێژوو و جێنزرگە و مۆزەخانەی سەروەریی و زیندوویی نەتەوەکەمان.. ئەوەی «مۆزارت و بتھۆڤن و ئوم کەلسوم» و کێ و کێ کردوویانە، ھیچ لەوە زیاتر نییە، کە زیرەک کردووە، ئەگەر بەراوردی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە ویژدانەوە بۆ بکرێت…

– بە واتای ئەوەی ئازاد بوایە و میللەتێکی خوێندەواری ھوشیاری ھەبووایە و نیشتمانەکەی بە ھەزاران زانکۆ و پەیمانگای ھونەری ڕازاوە و دەوڵەمەند بوایە و تیپی ئۆکسترای زەبەلاحی لەپشت بوایە دەیان پرۆفیسۆر و دکتۆر و شارەزایانی ھونەری ھاوکاری بوونایە و دەوڵەت بە« سیاسەتی فەرھەنگی» پشتیوانی لێ بکردایە ، وەک لەو نموونە ئاماژە پێکراوانەدا دەیبینین، ئەوا دەڵێم بەشانازییەوە زیرەک گەورەترە، داھێنەرترە -….

من ھێندەی من ئاگادار بم، تەنیا ماڵپەڕی «ڕۆژھەڵات – بۆکان» بەرنامەیەکی ئامادە کردووە بۆ یادی 100 ساڵەی ئەو ھونەرمەندە..ھەر کەسێک بیەوێ بە بابەتێک و بیرەوەرییەک بەشداری بکات، خزمەت بە ھونەری کوردی دەکات، گیانی ئەم دەنگ و چریکە ئەفسوناوییە شاد دەکات…

www.bokan.de

لە ڕاستیدا وەزارەتی ڕۆشنبیریی ئەو نیمچە دەسەڵاتەی باشووریشمان دەبوو بەلانی کەمەوە پرۆگرامی شایستەی ڕەنگاوڕەنگی چڕوپڕی بابەتی و مێژوویی یەک «مانگی ھونەریی» بە ھەموو ڕەھەندەکانی موزیک و گۆرانی وتن و باس و لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی سەرجەم بەرھەمەکانی سەرلەنوێ بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو ئەنجام بدایە…بەڵام دیارە وەک ھەمیشە بایەخ بە ئەرکە نەتەوەییەکان نادەن…

ھونەر و ئەدەبمان چەند ڕەسەن و تۆکمە و بەپێز بێت، شوناسی نەتەوەییمان ھێندە ڕازاوەتر و جوانتر و وزەبەخشتر دەبێت… جارێکی تریش سڵاو لە یادی 100 ی ئەڵماسی و یاقووتی مامۆستا حەسەن زیرەک …گۆڕی گوڵزاری نێرگز و ڕیحان بێت

چراخان و قیبلەی ھونەری کوردی بێت…

***

وێنەکە: کاری دیزاینکاری خۆشەویست  مامۆستا  مەحمود خۆشناوە…بەسوپاسەوە

بۆ ئەم یادەش گورزێک لە خۆشترین گۆرانییەکانیتان پێشکەش بێت…..

ھەڵۆ بەرزنجەیی٢٦/٦/٢٠٢١

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی