"an independent online kurdish website

بەیانێک بەربەیانی ھات وەردی باخی دڵی ئەکرد

چرا و مۆمی کۆڕی ئەوین کۆرپەی دڵی تۆمار ئەکرد

قەڵەم ھات و نەھاتی خۆی دەنووسێت ودڵیش

لە ناو ژوانی گوڵ و بەھار کات و ساتێکی بەڕێ کرد

کە زانی داوی داناوە و لە بۆسە دا تاریکە شەو

گوڵ و بولبول بەبێ چرپە ماچی دەمی یەکیان ئەکرد

لەو بۆسە دا پەلێ ڕاچوو لە جەرگی پڕ خۆێنی ھەژار

کوا کەژاوەی ئەویندارێ، چ دڵدارێ پەژارەی کرد

مەگەر زینێ بێ و ڕابرێ و مەلھەمی زامی مەمێ کا

ئاشق دەردی گرانێ خۆی بە مەی ھێدی و ھێور ئەکرد

دەڵێن دنیا خەراباتە بێ سێبەری نەمام و گوڵ

لە باخ و خزمەتی گوڵدا کوڵی دڵم ھانای ئەبرد

وتم ھەی گوڵ بۆ نیشتیمان ڕامان و دوورە ئاسۆیەک

وتی ڕوونە نەمام و گوڵ، ھەموو ڕەنگێ چرۆی ئەکرد

دەمێ شین و دەمێ شایی ودەمێ کاروانن لە ڕێیە

ھەتڵە ئەبوو لێک ئەترازا و بە ساڵانێک وەدی ئەکرد

لەو ڕێیە سەخت و ھاڵۆزە گەلێ بەسەرھاتن ھەنە

کەچی پەندی پێشینانمان ھەتا نووکەش بە گوێ نەکرد

کوردستان ئەی خاکی گوڵ و ھزر و وەفا، کانگای ئەوین

نەڵێی دەرچوو بەجێمی ھێشت خۆشی لەمن بێبەری کرد

بە خشتێکی شێعری تاسەی کوردەواری ھێمن نابم

تەختی داگیرکەر وەرگەڕێ منی لە تۆ و تۆی لەمن کرد

خۆ فرمێسکی کاتی پیریم ھەموو ھاوار و ھاوڕێتن

ھەنووکەش و ھەمووجارێ بۆنی خاک و ئاڵام ئەکرد.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی