"an independent online kurdish website

ئەو گەنجەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی بێهزاد مەحمودی کە 18ی ئەم مانگە لە بەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، گیانی لەدەستدا.

 سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، درەنگانی شەوی 23-05-2021 بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بەهزاد مەحموود گیانی لەدەستدا.

 نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 18-5-2021 دوو پەنابەری رۆژهەڵاتی کوردستان، بە مەبەستی داواکردنی هاوکاری، سەردانی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردبوو لە شاری هەولێر، ئەوەشیان بە بەرپرسانی بارەگاکە راگەیاندبوو ئەگەر هاوکاری نەکرێن و داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، خۆیان دەسووتێنن، دوای هاتنە دەرەوەشیان لەبەردەم چاوی چەند راگەیاندنێک بەهزاد مەحموود ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. ئەم رووداوەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

 هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند “بەداخەوە ئەو ھاووڵاتییەی رۆژھەڵاتی کوردستان کە لە بەردەم UN ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، گیانی لەدەستدا.”

رۆژی 23-05-2021 رۆژی چوارەمی گردبوونەوەی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو لەبەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر، گردبوونەوەکەش بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامی ئەو یاداشتە بوو کە 20ی ئەم مانگە پێشکێشی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە شاری هەولێر.

بەشێک لە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر کۆبوونەوە، نوێنەری حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان ئامادە دەکرد تاوەکو بچنە نێو کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان. محەممەد ساڵح قادری کە نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە لە هەولێر، بە رووداوی گوت “داوا لە خۆپێشاندەران دەکەین هێمن و ئارامبن، ئێمە دوای دانیشتنمان لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجامی دانیشتنەکەشیان بۆ ئاشکرا دەکەین”.

بەڵام ئەحمەد عەبدوڵڵا کە یەکێک لە خۆپێشاندەران بوو بە دەنگ هات و گوتی “ئێمە نوێنەری حیزبیمان ناوێت، ئێمە کەسێکمان دەوێت کە هەڵقوڵاوی ئازارەکانی خۆمان بێت”.

ئەوەش وایکرد، خۆپێشاندەران، جگە لە نوێنەری حیزبەکان، نوێنەرێکی دیکە بۆ خۆیان دەستنیشان بکەن، بەڵام پاش چوونەژوورەوەی بۆ نێو کۆبوونەوەکە و دوای نزیکەی 10 خولەک، نوێنەرەکە کرایە دەرەوە. ئەشکان ئەحمەدی ئەو نوێنەرەی خۆپێشاندەران هەڵیانبژارد، بە رووداوی گوت “بەرپرسە حیزبییەکان گوتیان ئێمە دەمانەوێت بە تەنیا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دابنیشین.. نوێنەری حیزبەکان کە منیان بینی تووشی شۆک بوون”.

دوای زیاتر لە سێ کاژێر، نوێنەری حیزبەکان لە کۆبوونەوە هاتنە دەرەوە بۆ نێو خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، محەممەد ساڵح قادری، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر کە یەکێک لە بەشداربووەکانی نێو کۆبوونەوەکە بوو، گوتی “بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر هێڵ لەگەڵ ئێمە دەمێننەوە، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدەین”.

داواکاریی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، خۆی لە نۆ خاڵدا دەبینێتەوە، دیارترینیان نیشتەجێکردنیانە لە وڵاتی سێیەم و رەخساندنی هەلی خوێندنە بۆ منداڵەکانیان و ئەوانەی ناویان بە پەناخواز لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکراوە، بکرێتە پەنابەر.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بڵاویکردەوە، 10 هەزار و 669 پەنابەری رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، ئەنجوومەنی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان مەزەندە دەکەن پێنج بۆ شەش هەزار پەنابەری رۆژهەڵاتی کوردستان ناویان تۆمار نەکرابێت.

رۆژی 20-05-2021 ئەفسانە رەحیمی، بەرپرسی ئەندامانی ئاشکرای سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە رووداوی راگەیاندبوو کە “تەندروستیی بەهزاد مەحموود زۆر خراپە و بە درێژایی ئەمڕۆ ئۆکسجینی لەسەر بووە و خوێنی هەڵهێناوەتەوە. رێژەی 93٪ی جەستەی سووتاوە. پزیشکەکانیش پێیانگوتین کە چاوەڕوان نەبووین بەو خێراییە دۆخی تێکبچێت و ئاماژەیان بەوە کردەوە کە تەنیا هەفتەیەک لە ژیان دەمێنێت”.

لەبارەی ئەو قسانەشی کە گوایە ئەو گەنجە ئەندامی هیچ پارتێکی رۆژهەڵاتی کوردستان نەبووە، ئەو بەرپرسەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران رایگەیاند کە “بەهزاد ساڵانێکە ئەندامی ئێمەیە و بەشداری شەڕەکانی دژی داعش لە چیای باشیک کردووە. بەهزاد تائێستاش ئەندامی ئێمەیە و مێژووی پەیوەندیکردنی هەیە و پەڕاو و ناسنامەی لای ئێمەیە”.

سەبارەت بە چوونی شاندێکی کۆنسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئیرانیش بۆ نەخۆشخانە، ئەفسانە گوتی، بەهزاد هیچ قسەیەکی لەگەڵ ئەندامانی شاندەکە نەکردووە و گوتیشی هۆکاری چوونی شاندی کۆنسوڵخانە بۆ لای بەهزاد “ناشیرینکردنی پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەزموونی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەخۆشخانەکانی ئێرەیە. ئەوان دەیانەوێت ئەو پەیامە بگەیێنن کە گوایە هەرچەند بەرهەڵستکاریی رژێمی ئێران بکەن پەشیمان دەبنەوە، چونکە ئەوە بارودۆخی ئەوانە”.

لە وەڵامی ئەو قسانەشی کە گوایە بەهزاد کەسێکی کوشتبێت، ئەفسانە دەڵێت، “کەسێک دەڵێت بەهزاد مەحموود لە ساڵی 2018 کەسێکی کوشتووە، بەڵام بەهزاد لە ساڵی 2017ـەوە لە هەولێرە. ئەو کەسەی تۆمەتی لەو جۆرە دەداتە پاڵ بەهزاد مەبەستی دیکەی هەیە و دایکی بەهزادیش نیازی هەبووە لەسەر ئەو بابەتە قسە بکات، بەڵام چوونەتە سەری و هەڕەشەیان لێکردووە”.

سەرچاوە: روداو

 بابەتی پەیوەندی دار

ڕاگەیاندنی داماڵڕاو لە ئەخلاق و زانستی ڕۆژنامەوانی، قەرەنی قادری

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی