"an independent online kurdish website

دوو نامەی سمایلی شەریفزادە  بۆ کەریمی حیسامی ، حەسەن قازی

٢-مەی ١٩٦٨( ١٢-ی بانەمەری ١٣٤٧ ی هەتاوی ) ڕۆژی شەهادەتی سمایلی شەریفزادە و هاوڕێیانێتی. یادی سمایل بووە بە بەشێک لە هەست و نەستی من. ئەمساڵ  لەو بۆنەیە دا  دوو نامەی سمایل بۆ کەریمی حیسامی کە تا ڕادەیەک تێڕوانینەکانیشی دەدرکێنێ بڵاو دەکەمەوە. کەریمی حیسامی لە بەرگی سێی بیرەوەرییەکانی (ستۆکهۆڵم ١٩٨٨)  بە دوورو درێژی باسی پێوەندی خۆی و دوکتور قاسملوو لەگەڵ  تێکۆشەرانی بزووتنەوەی چەکدارانەی کۆمیتەی شۆڕشگێری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دەگێڕێتەوە. دوو خاڵی جێی سەرنج لەو نامانە دا ئەوەیە سمایل نەک بە کوردیی موکریانی بەڵکوو بە شێوازی کوردیی بابانی ئەو نامانەی نووسیوە، ئەویش لە بەر ئەوەی لە کاتی بوونی لە باشوور دەستی کردووە بە کوردیی نووسین. لە نامەی دووەم دا داوای کردووە لە کەریمی حیسامی لەگەڵ هاوڕێیانی دیکە حەول بدەن بۆ ساز کردنی  کۆمەڵەیەک لە خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەو داوخوازەی بە دانانی ” ڕێکخراوی ڕووناکبیرانی کوردستانی ئێران” جێ بە جێ کراوە.

کەریمی حیسامی لە  یەکێک لە سەفەرەکانی بۆ بەغدا لە  ٢٧-ی ئاوریلی ١٩٦٧ چاوی بە سمایلی شەریفزادە دەکەوێ و تاگەڕانەوەی بۆ ئوڕووپا لە ١٩-ی مەی هەمان ساڵ زۆر جار لەگەڵ سمایل دادەنیشێ و لەمەر بار و دۆخی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەرەپێدانی خەبات لە ڕۆژهەڵات بەیەکەوە دەدوێن. کەریمی حیسامی دەنووسێ: ” لەگەڵ سمایل هێندێ ناوی ڕەمزی و بە قەستی مان دانا، بڕیار درا کە بە ناوی ” شیروان، ئاشنا،ساڵح،شنۆیی،نامە بۆ من بنووسن، منیش بە ناوی ” ئاسۆ سەعید”، ” سیروان”  نامە بۆ ئەو بنووسم.”

نامەی یەکەم

کاکە صاڵح گیان. نامەکەتان گەیشت و زۆر شادی کردین. بە داخەوە نەناردنی قەرزەکەی دوکتوری ئامۆزاتان ئێمەی خستە پەرۆشەوە و ئەم هەواڵەشم بە هۆی کاکە ” خوسرەو”وەوە لە ڕۆژی ١ / ٦ / ٦٧  پێ گەیشت و تا ڕادەیەک بوو بە هۆی کەسادی کاروباری کەسابەتەکەمان. کاکە گیان، خۆتان بە باشی ئاگاداری وەزعی کارو کاسبی هەن. و بە باشیش ئەزانن ئەگەر بێتوو نە هەل و مەرج لە بار بێ و نە کڕیار هەبێ وەزعەکە تا ڕادەیەک ئاڵۆز ئەبێ. لە لایەکی ترەوە  خۆتان لە دنیای کەسابەتا ئاگادارن هەموو کات تاجری دەوڵەمەند تێ ئەکۆشێ بۆ لە ناوبردنی تاجرەکانی تر و بە تایبەتی ئەگەر بێتوو تاجرێکی فرە دەوڵەمەند و بە هێزی وەک ” مچە” لە ئارا دا بێ  وەزع هێندەی تر شپرزەتر ئەبێ. ئێستاکەش ئێمە ئاوهامان لێ هات. بێ بازاڕی، ئاڵۆزی و زەخت لە هەموو لاوە هەڕەشەی لێکردین و ناچاری کردین  کە دەرگای ئەم دووکانە تا ڕادەیەک دا بخەین و بی گوێزینەوە بۆ شوێنێکی تر و بە تایبەتی ئێستاکە کە گەرما هاورووژاوە خێڵەکەمان بار کەین و بەرەو کوێستان کۆچ کەین. ئاشکرایە پاش لێکدانەوەیەکی دووری تاجرانە ئەم ڕێگەیەمان بە دوایین ڕێگەی ژیانی کەسابەتەکەمان زانی.

کاکە گیان. ڕەنگە ئەم سەفەرەی ئێمە دوور و درێژ بێ. ڕەنگە بش زانی کە بۆ؟  جا بۆیە داوات لێ ئەکەم هەتا ئاگادارتان  نەکەمەوە نامەم بۆ مەنێرە.

صاڵح گیان. ئەگەر دەست بدا ئەوا ڕەنگە بێمە لاتان. چونکو ئەم سەفەرە زۆر پێویستە. ئەوەش بزانە  ئەمساڵ کوێستان  زۆر ساردە و بۆ تواندنەوەی بەفر پێوئستی بە ئاگر و گەرما و ڕەعد و بەرق هەیە. تو خوا لێگەڕێ با لە تواندنەوەی ئەم سەهۆڵ و بەفرانە ئێمەش بەشێکمان پێوە هەبێ.

کاکە گیان. دەستەکانت بە گەرمی ئەکوشم. گەرمترین سڵاو بۆ هاوڕێ کانت. سڵاو بۆ دوکتوری ئامۆزات. چاوەڕوانی نامەمان بکەن.

بە هیوای دیتنتان

برات – ئاسۆ سەعید

ئیمزا

٢٣ / ٦ / ١٩٦٧

تێبینی: مەبەست لە “دوکتوری ئامۆزاتان ”  دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو،  مەبەست لە کاکە ” خەسرەو”، دەکرێ محەمەدی ئیبڕاهیمی بێ. مەبەست لە ” مچە” مەلا مستەفا بارزانی یە. وشە ڕەمزیەکانی دیکە لە بەر ڕوون بوونیان پێویستیان بە شرۆڤە نییە.

****

نامەی دووەم

ئاشنا گیان، دەستەکانت بە گەرمی ئەکوشم و بەتین ترین سڵاوی شوڕشگێڕانەم لێ وەر بگرە.  ماوەیەکی زۆرە لێک بێ خەبەرین و ئێستاکە وا دەرفەتمان بۆ پێک هات  ئەم نامەیەم بۆ نووسی.

ئاشنا گیان، هەر کە لە بەغا گەڕامەوە وەزع شێوا بوو، لە سەر بڕیاری برادەران لە گەرمێن بارمان کرد و بەرەو کوێستان کۆچمان کرد. ڕۆژێک پێش کۆچ کردنمان لە گەرمێن ڕا نامەیەکم هەر بە ناوو نیشانی ئەم نامەیە بۆ بەڕێ کردی و تیا ڕوونم کردبووە کە بۆچی بەرەو کوێستان بار ئەکەین. کورتیەکە و کوردی یەکەی ئەمەیە کە مچە بە تەواوی کەوتۆتە باوەشی ئێران و ئاغاکەی و لە مەدا هیچ شکمان نەماوە و هەر بە دەستوور و لە سەر داخوازی ئێران بوو کە دەستی کرد بە گرتن و تەحویل دانەوەی هەموو لایەنی و پان و بەرینی برادەران. جا نازانم ئێوە بیروڕاتان  چییە؟  بە داخەوە  ئەو جەناحەی ” کاکە شوان” کە پشتی مچە ئەگرێ بە تەواوی لە سەر مەسەلە ڕوون نین. تێ بینێ: ” لەم ئاخریە دا کاکە شوان ئینشیقاقی تێ کەوتوە و بۆتە دوو جەناح” بەڵام هەڵوێستی جەماعەتی ” مام ” بەرانبەر بە ئێمە زۆر باشە و بە ئاشکرایی و بە ڕاشکاوی پشتیوانی خۆیان لە عاست  ئێمەوە دەر ئەبڕن.

ئاشنا گیان، هەر کە هاتینەوە بڕیارمان دا  لە سەر هاتنەوەی تۆ و دوکتوری ئامۆزات و وا بزانم برادەرێک  ” م ”  لە لایەن ئێمەوە ئێوەی ئاگادار کردووە و ئێوەش ئەبێ لەم بارەیەوە اقدام بکەن. ئەوڕۆ تۆفانێکی بە تەوژمی شۆڕشگێڕانە سەرانسەی وڵاتەکەمانی داگرتووە و کۆمەڵانی خەڵکی هاتوونە سەر ئەوەی کە تەنیا ڕێگەی  ڕزگاری دەست دانە چەک، و وەشاخان کەوتنە. نەک هەر بۆ نەتەوەی ئێمە بەڵکوو ڕێگەی ڕزگاری هەموو نەتەوە  ژێر دەست و چەوساوەکان هەر بە ڕێگەی ڕاپەڕینی چەکدارانەی کۆمەڵانی زەحمەتکێش  واتە ” شەڕی پارتیزانی” یە کە لە پێشا ئەبێ لە دێهاتەوە دەست پێ بکرێ و کۆمەڵانی هەروای جووتێرە تێکۆشەرەکام هان بدا بۆ خەباتی چەکدارانە. لەو بارەیەوە نامەیەکم بۆ ” بیرۆ ” نووسیبوو بە زمانی فارسی جا ئەگەر پێ یان گوتی بزانە نامەی منە و بیروڕای خۆمم بۆ دەرخستوون  جا نازانم وەڵام و هەڵوێستیان چۆن ئەبێ. حکوومەت کەوتۆتە توند و تیژی یەوە. ، لە لایەک خەڵکی سوێند و تەڵاق ئەدا کە نان نەدەن بە پێشمەرگەکان و یارمەتیان نەدەن و لە لایەکیش بە شێوەی ئەمریکاییان بە هێلیکوپتر تەعقیبی برادەران ئەکەن. لە هەر لاوە جاش دروست ئەکا و خۆ قایم ئەکا. پۆستەکان  لەسەر سنوور ” پاسگاە”  نەفەراتیان زۆر ئەکا و بڕیارە هەر  پاسگایەک هێلیکۆپتێرێکی لێ بێ. هێندێ هەواڵ هەن کە وا دەر ئەخەن حکوومەت بە نیازە لە سەرە بەهار دا لە لایەک زمانی کوردی، لباسی کوردی یاساخ بکا  و زمانی فارسی و لباسی پەهلەوی بخاتە کایەوە و لە لایەکی ترەوە دەست بکا بە گرتن و تەبعید کردنی نیشتمان پەروەران. دەنگی خۆتان بەرز کەنەوە و ڕای گەیێنن و خەڵکی ڕوون کەنەوە.

ئاشنا گیان. ئەوەتان بخەمە بەرچاو  کە لە سەرە بەهار دا تفەنگچی یەکانی ” مچە” بۆ تەعقیبی  ئێمە ئەهاتنە دیوی کوێستانێ و ئێستاکەش ئەم مەسەلەیەمان هەر لە بەر چاوە کە لە دوا ڕۆژا ئەگونجێ لێمان نەگەڕێ و ئەمەش، بە کرێ گیراوی ئەم کابرایە دەر ئەخا.

کاکە گیان. قەرار وابوو کە کۆمەڵەیەک لە خوێندکارەکانی خۆمان پێک بێنن جا نازانم حەول و تەقەلاتان چی لێ هاتۆتەوە و بە کوێ گەیشتوە  بۆ هاورێ  ” ژیان” یش م دووپات کردۆتەوە. حەولی بۆ بدەن. لە ناردنی نامە، ڕۆژنامە، گۆڤار و کتێب ڕامەوەستە و دەنگ و باسیشمان بۆ بنووسە. دیسان لە قوڵایی دڵەوە سڵاوی گەرم. شیللێر و کەماڵ ماچ ئەکەم و ئەحواڵی خوشکە خدیجە ئەپرسم. 

براتان –سیروان  ئیمزا

رێبەندانی ٤٦  [ ژانڤییەی ١٩٦٨]

تێبینی:. مەبەست لە “مچە” مەلا مستەفا بارزانی، مەبەست لە ” کاکە شوان “، حیزبی شیوعی عێڕاق، مەبەست لە  ” مام” جەلال تاڵەبانی، مەبەست لە ” دوکتوری ئامۆزام”  دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، مەبەست لە برادەرێک “م”  حەمەدەمین سیڕاجی، مەبەست لە ” بیرۆ”  بۆرۆی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی توودەی ئێران، مەبەست لە “ژیان” محەممەد موهتەدی، مەبەست لە شلێرو کەماڵ منداڵەکانی کەریمی حیسامی و مەبەست لە خەدیجە هاوژینی کەریمی حیسامی یە.

سەچاوە: Ruwange — ڕوانگه

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی