"an independent online kurdish website

‏‎هۆ کازیوەی بەیانی هەڵکە شنە بایه‌ک، هەڵۆیەکم لێ ون بووە بیدۆزەوە بۆم.

له کوێیە ئەو هەڵۆیەیی بەرز بەرز، دوور دوور دەفڕێ،

‏‎نایدۆزمەوە !

‏‎له هەوار و زۆزانم بۆ چاویلکە، لەو لوتکه سەختوو بەرزانە، من نازانم خه‌مخۆرەکەم له‌کوێ وچانی گرتووە

چاو دەگێڕم له شاخ و شار، له دۆڵ و پێدەشت، هەڵۆیەکەم سەری سپی و چاوی پڕن له هیوا و ڕاز، سینگی دەیان داستانی تێدا نوسراوه، گەر نەتناسی ناوی داد و ویژدانه، پێنوسەکەی دەستی پێشمەرگەیه و خاکی پوش و ناسناوەکەی ڕاسانه.

‏‎هەڵۆکەی من بابی سەدان بابکوژراوی کوردستانه، ماڵەکەی ئەوماڵی ی غەریبانە، خۆشەویستی خەڵکە، سەرمایەکەی بڵێسەی ڕوناکی ڕاسانە ئاواتەکەی.

‏‎بابه هەستە تۆ نەترسای لە ئاگر و تەم و دوکەڵ، وەکوو ئاوی باران دەباری فەڕقی نەبوو بۆ تۆ ئاسمانی سنور

‏‎نە دەترسای له تێلبەندی سنور.

بابه هەسته چۆن دڵت دێت یا خەجەکەی لاهیجانی بێناز بکەی، ‎پڵینگە سووره‌کەی بابه ئارسانه ساواکه ت بێ باب بکەی، تۆی هەمیشە خاوەن بەڵێن چۆن دەتوانی سروشتی خۆت بگۆڕی، تۆ سوێندت خوارد بۆ کوردستان ئامانەتی تۆبێت ئارسان.

ڕاسان هێشتا تینوی وانەی تۆیە، پێنوس بیری تۆی کردوە، وشەی جوان ڕازاوەیە، ئامادەیە بیهۆنەوە، باسی شەهیدێکی هاوڕێت، باسی خەمی کۆڵبەرێک و دارێکی سووتاوی شاخ و چیرۆکی ماسیەکی ئاو وشکبووی گۆڵی ورمێ و زرێبار و هاواری بەندکراوێکی ماف خوراو بنوسیەوە.

هەڵۆکەی من پارێزەرێکی خۆبەخشە، پێی بڵێ سەدان مافخوراو لەبەر دەرگا چاوەڕێیانە، کات نەماوە دواکەوتووە، تۆ هەمیشە توند و تۆڵ و کات ناسی، خێرە وا دواکەوتوی .

من تۆم دەوێت، بیرتە وتت کە من مردم هیچم نیە جێی بهێڵم، وتم چۆن؟ دنیایەک خۆشەویستی، سەدان وانەی سەختی ژیان، دەیان داستان و حەماسە، سەدان هاوڕێی ڕۆژانی سەخت.

چاوەکانت جووتێک هیوای گەشن، بۆ ڕێگای تاریک لەگەڵ من .

ئەندێشەی تۆ پڕە لە بیرۆکەی تازە، پڕە لە ئامانجی گەورە، هەزاران خەونی تێدایە .

سۆفیان دەڵێت لە کوێیە هەڵۆکەی گەرمێنێ؟ تۆ پێی بڵێ نابێت پەیمانی بشکێنێ، دەبێت بێتەوە ئامێزی خۆم.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی