"an independent online kurdish website

ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تازەترین شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە شکۆوە لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا و بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی و هەیئەتی هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی دیکە و نوێنەری دامودەزگا حکومەتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەهیدی “لوقمان مێهفەر” بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە تەرمی شەهید بە گوڵەوە پێشوازی لێکرا و بە ڕێژە و سانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرەو مەزاری شەهیدانی حیزب ڕەوانە کرا.

لەو بەشەدا بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی سەرجەم  شەهیدانی کورد و کوردستان،  تەرمی شەهید “لوقمان مێهفەر” لە مەزارگەی شەهیدانی حیزب، ئەسپەردەی خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.

دواتر چەند کۆپلە لە سروودی “ئەی شەهیدان” لەلایەن هێزی پیشمەرگەوە خوێندرایەوە.

پاشان “مستەفا هیجری” لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەنیسبەت کەسایەتیی بەرزی شەهید “لوقمان مێهفەر” چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا وتی: ” شەهید لە فەرهەنگ و کلتووری حیزبی دێموکراتدا بەهای زۆر بەرزی هەیە، هەر ئەوە نییە کە لە حیزبەکەیدا خەبات دەکات، بەڵکوو بەرزیی شەهید لە حیزبی دێموکراتدا، ئامانجە بەرزەکەیەتی کە ڕزگاریی نەتەوەکەیەتی، بۆیە هەر کەسێک لەڕێگای نەتەوەکەیدا شەهید بێت سەربەرزییەکی گەورەیە کە بەنەسیبی دەبێت چونکە خۆی فیدای گەل و نیشتمانەکەی کردووە”.

هیجری هەروەها وتی: “کاک لوقمان کادرێکی لێوەشاوەی حیزب، کادرێکی ڕێبەریی حیزب بوو کە لە تەمەنی هەڕەتی لاویدا پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە بوارەکانی جۆراوجۆری خەبات لەو حیزبەدا هەمووی تاقی کردنەوە، لە پێشمەرگایەتی و لە بەڕێوەبەری و ئەندامەتیی ڕێبەرایەتی، ئەزموونێکی زۆری وەسەر یەک نا.”

دواتر “حەسەن شەرەفی” جێگری لێپرسراو و بەرپرسی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە نوێنەرایەتیی ناوەندی سیاسی و ڕێبەریی حیزب چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا ڕایگەیاند: ” شەهید لوقمان مێهفەر هەر لە کۆنەوە ئۆگری خەباتی ڕزگاریخوازانەی لەپێناو نیشتمانەکەیدا بوو و هەر لە تەمەنێکی زۆر کەمدا تێکەڵ بە تێکۆشەرانی دێموکرات بوو و لەو ڕێگایەدا هیچ فیداکارییەک نەما کە نەیکات، بۆیە لەدەستدانی شەهید لوقمان مێهفەر لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبەکەماندا زامێکی قووڵی نوێیە لەسەر جەستەی حیزبەکەمان، خەسارێکی بەرچاوە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان”.

شەرەفی لە درێژەدا وتی: “کاک لوقمان ئەگەر زەمینە فکرییەکانی بەستێنسازی جێگیربوون لە ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتدا بوو، بەستێنسازێکی دیکەش لەنێو بنەماڵەکەیدا هەبوو کە دەرەتانی بەکردەوەیی ئەو خەباتەیان بۆ شەهید لوقمان دەڕەخساند ئەویش ئەندامانی بنەماڵەکەی بوو”.

یەکێک لە یادگارەکانی شەهید “لوقمان” واتە خوشکە “گەلاوێژ مێهفەر” لە دوورە وڵاتەوە، لە پەسنی باوکی شەهیدیدا پەخشانێکی هۆنیبووەوە کە لەلایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا کە کەشێکی تایبەتی بە ڕێوڕەسمەکە بەخشی.

پاشان پوختەیەک لە ژیانی پڕبەرهەمی شەهید “لوقمان مێهفەر” لەلایەن ” فواد خاکی بەیگی” ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەدا “قادر مێهفەر” کوڕی شەهید “لوقمان” بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی “مێهفەر” چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا ڕایگەیاند کە کۆستێکی قورس وەبەر بنەماڵەکەمان و لەپێشدا وەبەر حیزبی دێموکرات و گەلی کورد کەوتووە و باری خەممان بە قەد قەندیل و هەڵگوردە.

“قادر مێهفەر” بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی مێهفەر ڕایگەیاند، وەک چۆن باوکیان هەتا سەر پێشمەرگەیەکی وەفادار بە ڕێگا و ڕێباز و ئامانجەکەی بووە و لەو ڕێگەیەدا گیانی لەدەست داوە، ئەوانیش درێژەدەری ڕێبازەکەی بن.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا تاجە گوڵینەی ڕێزلێنان لەلایەن “مستەفا هیجری” لێپرسراوی گشتیی حیزب و “قادر مێهفەر” کوڕی شەهید “لوقمان مێهفەر”ەوە لەسەر گڵکۆی شەهید لوقمان دانرا.

شەهید “لوقمان مێهفەر”، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوە، پاش یەک مانگ بەربەرەکانێ لەگەڵ پەتای کۆرۆنا، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد و ڕێگا و ڕێبازەکەی بۆ ڕێبوارانی ڕێبازی پڕسەروەریی سەرجەم شەهیدان بەجێ هێشت.

ڤیدیۆ ،  بە خاکسپاردنی هاوڕێ لوقمان مێهفەر 

سەرچاوە: کوردستان میدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی