"an independent online kurdish website

هاونیشتمانیانی بەڕێز

دڵسۆزان و ئۆگرانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات

لایەنگران، ئەندامان، کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەوپەڕی داخ و پەژارەوە ڕادەگەیەنین کە هاوڕێی ماندوونەناس و دڵسۆز و تێکۆشەری حیزبەکەمان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کاک لوقمان مێهفەر ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی پاش مانگێک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی کۆڕۆنا، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٠ی ئاوریلی ٢٠٢١ی زایینی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی لەگەڵ خەمێکی قووڵ و حیزبەکەمانی لەگەڵ خەسارێکی نوێ بەرەوڕوو کرد و درێژەی خەبات و خۆڕاگری بە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی ئەسپارد. لەدەست چوونی ئەم تێکۆشەرە تەنیا خەسارێکی نوێ بۆ حیزبەکەمان نەبوو بەڵکوو زامێکی تازەیە کە کەوتۆتە سەر جەستەی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.

شەهید کاک لوقمان مێهفەر کوڕی خورشید ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە ئاوایی مەلا عیسا لە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ لەدایک بووە. لەتەمەنی مێرمنداڵیدا ئۆگری بە بزووتنەوەی کوردستانەوە گرت و لەپێناو ئازادی کورد و ڕزگاری کوردستاندا ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لە یەکیەتیی لاوانی دێموکرات و دواتر لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا جێی گرت و تا دواهەناسەکانی ژیانی لە هەوڵ و تێکۆشان و بەڕێوەبردنی ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بەردەوام و شوێندانەر بوو.

هاوڕێی لەدەست چوومان کاک لوقمان مێهفەر لەڕەوتی تێکۆشان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرا دا چەندین بەرپرسایەتیی لە ئەستۆ بووە کە لە هەموو ئەو بەرپرسایەتییانەدا بەوپەڕی دڵسۆزی و فیداکارییەوە تێکۆشاوە و لێهاتوویی خۆی نیشان داوە.

شەهیدی نوێمان کاک لوقمان لە کۆنگرەکانی ٩، ١١ و ١٢دا وەک ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە و لە کۆنگرەکانی ١٠، ١٣، ١٤ و ١٥دا وەک ئەندامی ئەسڵی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.

هاوڕێی لەدەست چوومان لە ڕێبەرایەتی حیزب و لە ڕەوتی تێکۆشانیدا چەند بەرپرسیارەتی بەرچاوی لە ئەستۆ بووە وەک:

بەرپرسی کومیسیۆنی کۆمەڵایەتی، جێگری بەرپرسی کومیسیۆنی سیاسی- نیزامی، بەرپرسی کومیسیۆنی ڕادیۆ، بەرپرسی ناوەندی ٢ی کوردستان و لە کۆنگرەی ١٦ی حیزبدا وەک ئەندامی ناوەندی سیاسیی هەڵبژێردرا و دوایین بەرپرسایەتیی ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی بوو.

شەهید لوقمان هەر لە پەنا کار و تێکۆشانی حیزبیدا درێژەی بە خوێندن دا و لە زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر لیسانسی حقووقی وەرگرت و بوو بە پارێزەر بە پلەی ڕاوێژکاری. شەهید لوقمان کەسایەتییەکی ناسراو و خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی بەرزی ئینسانی بوو؛ لە تێکۆشاندا جیددی لە کاردا ماندوویی نەناس و لە کۆمەڵدا ئۆگری پێوەندی گەرم لەگەڵ خزمان، دۆستان و هاوڕێیانی بوو؛ باوەڕی قووڵی بە ڕێبازی حیزب و ئازادی کورد و کوردستان هەبوو، هەربۆیەش لای هەمووان خۆشەویست و جێگای ڕێز بوو.

ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ئەم خەسارە تازەوە وێڕای دەربڕینی ئەوپەڕی داخ و پەژارەی خۆی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێز هاوڕێی شەهیدمان کاک لوقمان مێهفەر، هەموو خزم و دۆست و ئاشنایان، ئەندامانی ڕێبەرایەتی حیزب و گشت لایەنگران، ئەندامان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی دەکا و داوای سەبوری بۆ هەموو خەمهەڵگرتووەکانی ئەم خەسارە تازەیە دەکا.

ڕۆحی هاوڕێی شەهیدمان شاد و ڕێبازی پڕ ڕێبوار و ئاواتەکانی بێنەدی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٠ی ئاوریلی ٢٠٢١ی زایینی

****

ئاگاداریی نووسینگەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

12:11 – 21 خاکەلێوه 2721

نووسینگەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات بەنیسبەت هاوخەمی لەگەڵ حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهید لوقمان مێهفەر ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئاگادارییەکە بەم چەشنەیە:

بۆ ڕای گشتی

هەر وەک ئاگادارن ئەمڕۆ ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی بەداخەوە ئەندامی ڕێبەرایەتیی حیزبەکەمان بەڕێز لوقمان مێهفەر بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا و پاش ماوەیەکی دوورودرێژ لە بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەم نەخۆشییە لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو بوو.

بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تەندرووستی بە گشتی بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای جیهانیی کۆرۆنا ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی بەڕێوە ناچێت؛ بەڵام بۆ دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهید لوقمان مێهفەر دەتوانن پێوەندی بەم ژمارانەوە بگرن:

نووسینگەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات: 009647501732338

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات: 009647514029586

بنەماڵەی بەڕێزی مێهفەر: 009647508981264ــ 0046707760896

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی