"an independent online kurdish website

دەستپێکی شەڕ

لە سەعات 5 و 6 بەیانی  8ی 8 ی 1363ی هەتاوی دا، کە ئێمە لە خەوێکی زۆر خۆش دابووین کە پێشمەرگەیەک هاتە ژوور و وتی هەستن دەورمان گیراوە.

هەواڵێکی زۆر ناخۆش بوو. خۆمان کۆکردەوە و لە ماڵ چووینە دەر، هێشتا وڵات تەواو روناکی نەکردبوو کە چاومان لێکرد لە کێوەکانی دەوروبەری دێ دوژمن ئاگریان کردۆتەوە و شەو هەموو شوێنە حەساسەکانی کە دەڕوانێتە نێو دێ گیراوە.  دێی شێلم جاڕان 3 لای کێوە و لایەکی دەشتایییە و پێگەی دایەشێخی لە روبەرووی دێ دایە.

لە بەردەرکی ماڵی کاکەمینی، بەرپرسان دەستیان بە تەکبیر کردن کرد، تا ئەو جێگەیەی لە یادم بێ کاک سەید رەسوڵ سەید ئەحمەدی وەک فەرماندەری هێز، وتی ئێمە بە شەڕ بە نزیک پێگەی دایەشێخی دا دەپەڕینەوە بەری قڕوچاوێ کە لکی 1 و 3 و لکی 5 لە وێن بەڵام هاوڕێیانی تر دژی ئەم تەرحە بوون و ئەوجار وتی زۆر باشە، کە ناتوانین بۆ ئەو لای بڕۆین و شاخەکانیش گیراون، لە دێ دەمێنیەوە و شەڕی مان و نەمان دەکەین. دەستیان بە تەقسیمی دێ کرد، روبەروی دێ کە دەشتایی بوو، لای راستی دێ بە لکی 2 و لای چەپی دێ بە لکی 4 و لای پشتی دێ کە دبێتە لای شاخی بە پەلی فەرماندەهی و کادەرەکان سپێردرا.

هێشتا بەرپرسان و پێشمەرگەکان نەچووبوونە شوێنی خۆیان کە دیتمان  ریزێک ماشێنی نیزامی بەرەو دێ دێن، سەید رەسوڵ ئارپیجێکی دایە دەست کاک مراد ئەحمەدی و داوای لە منیش کرد لە گەڵی بڕۆم بۆ پێش ماشێنەکان، تا ئەو جێگەیەی لە یادم بێ کاک مراد وێڕا گەیشت 2 ئارپیجی بتەقێنی و  شەڕ بە خەستی دەستی پێکرد.

چەند دەقەی پێ نەچوو دیتم حاجی گوڵاوی لە لای ماشێنەکان را هات، کە دەستی بریندار بوو، وتی بەسە تەقە لە ماشێنەکان مەکەن، کوڕەکان ئەوە لێیان دەدەن. 15 دەقەیەک دواتر من مام سێمان سابیریم دیت کە لە لای ماشێنەکان را هاتەوە و وتی: ماشێنی دۆشکەمان سوتاند و ئەو گروهە زەربەتەی کە بۆ دێ هاتبوو تەنیا چەند کەسێکیان نەبێ هەموو کوژران و خۆشی یەک قەنناسەی بە رەختەوە پێ بوو.

ئێمە لە خوار ماڵان، خڕێکی لێ بوو، چاوەڕوان بووین هێزی دوژمن بێ، بەڵام لە بەر گوللە  و توپ باران خۆمان پێ رانەگیراو و چووینە سەرووتر و دواتر چووینە جۆگەیەک کە دەی روانیە نێو گیشەکانی خوار دێ، لەم جۆگەیەدا نەمان دەتوانی سەرمان بەرز کەینەوە، گوللە باران ئەوەندە تووند بوو، کە هەر هاشە هاشی دەهات و دەنگی تاک نەبوو، دەنگی تاک دەنگی تەقەی ئێمە بوو بۆ ئەوەی نەهێڵن دوژمن بێتە ناو دێ. زۆربەی کاتەکان دەبا بە نۆبە سەرمان بەرز کردباوە بۆ ئەوەی چاوێکمان لە دەروبەر بێ و دوژمن نەیەتە پێش.

من هەر ئاگام لە لای خۆمان بوو، بە هۆی نەبوونی بێسیم، هیچ دەستەیەک ئاگای لە دەستەکەی تر نەبوو، هەموو دەستەکان لە شوێنی خۆیان وەک شێر راوەستا بوون و تۆپ و کاتیۆشا و گوللە باران نەی دەتوانی ئیرادەیان تێک بشکێنێ.

لکی 2 و لکی 4 کە لە لای دەشتایی بوون زۆر فشاریان لە سەر بوو، دەبێ بڵێم شەڕی ئەسلی ئەوان کردیان، ئەو شوێنانەی کە بەیانی لێی دامەزرا بوون تا کۆتایی شەڕ پارستیان.

شەڕەکە سەعات نزیک شەشی بەیانی دەستی پێ کردبوو بە خەستی بەردەوام بوو. لە نزیک سەعات 7، پێشمەرگەکان (کە دەکرێ ناوی لوقمان مێهفەر، شەهید رەسوڵ ئازرەخش و خدر … بێنم) لە سەر بڵیندگۆی مزگەوت و وتیان: رۆڵە قارەمانەکانی هێزی بە هێزی ئاوارە، رێبوارانی رێبازی شەهیدان رەحمان سۆفیزادە، قادر ئیفتخاری و ….  دێ چۆل ناکەین و تا دواین قەترەی خوێن لە شەڕ دژی داگیرکەران بەردەوام دەبین.  دەنگی تۆپباران لە لای قڕوچاوێش دەهات، کە وتیان لە قروجاوێ زەربەی باشیان لە دوژمن داوە، هەرچەند هیچ پەیوەندی بێسیمیمان نەبوو،  دوایان لە پێشمەرگەکان کرد کە سەنگەرەکانیان چۆل نەکەن و نەهێڵن دوژمن بێتە ناو دێ و خۆتان لە هێرش بۆ دەرەوەی دێ بپارێزن. چەندین هۆنراوەی شۆڕشگێڕیان خوێندەوە. کە زۆر تەئسیری موسبەتی هەبوو لە سەر پێشمەرگەکان .

دوژمن (جاش و پاسدارەکان) کە زانیان لە بڵیندگۆی مزگەوت داوای خۆراگری و هۆنراوە شۆڕشگێڕی دەخوێندریتەوە. مزگەوتی دایە بەر رەهێڵەی تۆپخانە و  بڵیندگۆکە کە تەنیا وەسیلەی پەیوەندی بوو، بێدەنگ کرا.

پێشمەرگەکان خۆیان لە هێڕش بۆ سەر دوژمن دەپاراست، هەموو هەوڵی پێشمەرگە ئەوە بوو کە دوژمن لە هیچ لاوە نەتوانێ بێتە ناو دێ. دوژمن هەوڵی دەدا لە ژێرە رەهێڵەی تۆپ و خۆمپارە و کاتیۆشا و دۆشکە و …. بێتە ناو دێ بەڵام هەموو جارێ تێک دەشکان.

کە زانیان ناتوانن هێزی پێشمەرگە تێک بشکێنن. ‌هێزی زۆرتر و 2  هێلیکۆپتێر هاتن و ئەوانیش تا توانیان دێیان کوتاو بە سەرشۆڕی رۆیشتن.

ئەوجار ماشێنێکیان هێنا کە بڵیندگۆی قەوی لە سەر بوو،  نێوە نێوە تەقەیان رادەگرت و بە بڵیندگۆ، گۆڵە جاشەکان داوای تەسلیم بوونیان دەکرد. چەند کەس لە خۆفرۆشانی نوێ ناوی خۆیان دەوت داوای تەسلیم بوونیان لە پێشمەرگە دەکرد و داوایان لە خەڵک دەکرد دێ چۆل کەن. بۆ نموونە دەیان وت: وەرنەوە  کۆماری ئیسلامی هیچتان پێ ناڵێ، خۆتان بۆ سەید رەسوڵ و سەدیق بابایی خەمیس فرۆش بە کوشت مەدەن (کاک سەدیق بابایی بەرپرسی کۆمیتە شارستان بوو و خەڵکی مەنتەقەی هەورامانە و ئێستا لە ئاڵمان دەژی).  

لەم کاتەدا ئەوان هات و هاواریان بوو، ئێمە تەقەمان دەکرد بۆ ئەوەی کەس لە قسەکانیان حاڵی نەبێ، هەرچەند قسەکانیان هیچ تەئسیری لە سەر کادر و پێشمەرگەکان نەبوو و خەڵکی ئاواییش دەیان زانی ئەم خۆفرۆشانە هیچ دەسەڵاتیان نیە و ناتوانن بیان پارێزن.

شەڕ راگرتنەکە قازانج و زەردی خۆی هەبوو، ئێمە جێگەی خۆمان دەگۆڕی و دەمان توانی شوێنی دوژمن بزانین، زەرەدیشی هەبوو کە ئەوان دەیان زانی ئێمە لە کوێ دامەزراوین.

دەوری سەعات 10 و نیوی پێش نیوەڕۆ بوو کە وسوو عەلی پوور لە پشت ئێمە بە خۆمپارە بریندار بوو. کاک مراد ئەحمەدی کە تا ئەو کاتە لەلای ئێمە بوو. کاک وسووی بردە ناو دێ بۆ دۆ لای بریندارەکانی تر. تا ئەو کاتە ئێمە ئاگامان لە 3 بریندار هەبوو. حەسەن ناقولی کە بەداخەوە دواتر شەهید بوو، حاجی گوڵاوی و وسوو عەلی پوور.

عومەر  ئی…. چۆوە ناو دێ و هەم هەواڵی ناو دێی بۆ هێناین و هەم بنە تەلیسەک فیشەکی کەڵاشینکۆف.  شەڕ زۆر تووند بوو. جاش و پاسدارەکان لە شاخ و دەشتەوە هەوڵی هاتنە ناو دێیان دەدا.

دوای بریندار بوونی وسوو عەلی پوور، دوو پێشمەرگەی لکی 2 هاتن و وتیان “خدر دڕکە”  بریندار بووە و پیرۆت چالاک  کە کادری دەرمانی لکی 2 لە نزیک ئێمە بوو، هاتن و پیرۆتیان برد بۆ دەرمان کردنی .

دەوری سەعات 11 بوو، تیمێک لە ئێمە، لەم شەڕ وەستانە کەڵکمان وەرگرت و چووین چاوێکمان لە دەستی راستی دێ کرد و کادێنێک لە وێ بوو، پەنجەرەیەکی بچووکی هەبوو، وتمان لێرەوە ناهێڵێن دوژمن بەو مەسیرەدا بێ، بەڵام  دیار بوو ئەوان ئێمەیان لە ژێر چاوەدێری دا بووە و هەرکە  ئەو کاتەی دایان نابوو بۆ خۆ بەدەستەوەدان و زانیان کەس ئامادە نیە و بێ وڵام مانەوە و کادر و پێشمەرگەکان ئامادن شەهید بن بەڵام خۆ بەدەستەوە نادەن. هەموو دێیەکەیان بە خەستی کوتا و ئەو  کادێنەی کە ئێمە (بەداخەوە هەر ناوی کاک ئەحمەد بیلالم لە یادە)  زۆر هیوامان پێی بوو  بەسەریاندا روخاندین و  بە خۆشیەوە  هیچمان بریندار نەبووین و ناچار گەڕاینەوە، جۆگەکەی کە تێی دابووین.

ئەو رۆژە بارانێکی باشیش باری ئەویش قازانجی هەبوو، چوونکە تەنیا لە رێگای ئەسلیەوە  ماشێنی نیزامی دەیان توانی بێتە ناو دێ و رێگاکەش دەستەیەکی لکی 2 تا کۆتایی شەڕ پاراستیان.

 لە نزیک سەعات 12ی نیوەڕۆ، زۆرم برسی  و سەرماشم بوو هەموو گیانم تەڕ بوو و زۆریش ماندوو بووم بە بێ دەنگی بەرەو ناودێ رۆیشتم. پێشمەرگە هەموو دێیەکەیان کون کرد بوو. رووت لە هەر ماڵێک کردبا تا ئاخری دێ دەتوانی بڕۆی و مەگەر تۆپ و خۆمپارە دەنا لە گوللە بارانی ئەسلەحەی سووک پارێزراو بووی.

کە چوومە ناو دێ و دیتم بریندارەکان و بەرپرسان لە دەوری یەک کۆ بوونەتەوە و حاجی گوڵاوی تا ئەو کاتە هەر دەستی بریندار بوو، حەیرانان دەڵێ و جەوێکی پڕ روحیە حاکمە و بریندارەکان هەموو وەزعیان باشە.

نازانم نانم خوارد یان نا، کاک مەحمودی خدری نەبی کە جێگری هێز بوو هات وتی: چ خەبەرە. منیش وتم  پاسدار و جاش نەیان توانیوە بێنە ناو دێ بەڵام ئەو شوێنەی من لێی بووم پێوستە پێشمەرگەی تری بۆ بنێرن و کوڕەکان ماندوون و خەتەری هەیە دوژمن بەو مەسیرەی دا بێتە ناو دێ. کاک مەحمود ئەو قسەیەی منی زۆر بە دڵ نەبوو. وتی: تۆ روحیەی پێشمەرگە دێنێ خوارێ و فەوری دەچیەوە شوێنی خۆت.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

شەڕی شێلم جاڕان، سەرکەوتنێکی گەورەی حیزبی دێمۆکڕات لە پیرانشاربەشی 2، ساڵە نەڵۆسی

شەڕی شێلم جاڕان، سەرکەوتنێکی گەورەی حیزبی دێمۆکڕات لە پیرانشار، بەشی 1، ساڵە نەڵۆسی

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 5 کۆتایی، چرۆ

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 4 ، چرۆ

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 3 ، چرۆ

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 2 ، چرۆ

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی  1، چرۆ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی