"an independent online kurdish website

خەوم لێ کەوتبوو نازانم سەعات چەندی شەوێ بوو بە قیژە قیژی خەڵکەکەی لە خەو راپەڕیم.  ریحان نەوە تاقانەکەی مام قادر تینوی دەبێت و لە باتی ئاو نەوتێ دەخواتەوە. دیارە نازانم بۆ بیست لیتری نەوت و ئاو لە نیزێک یەک بوونە یا بۆ ئەو کەسەی کە پێی دابوو لێی تێک چوبوو.


دایکی لە خۆی دەدا دەیگوت کچەکەم فریام کەون،‌ سێ نەنکەکانی و ئامۆژنەکان و خالۆژنیش، کەس ئاگای لە کەس نەبوو، خەڵکەکەش دەورەیان دابوون و دەیان قیژاند  چ بکەین. کچەی فەقیریش نیوە بێهۆش لە سەر لاقی دایکی و نەنکی کەوتبوو. گوتیان شیر باشە برۆن بێنن. شیریان هێنا نازانم کێ و چۆن شیریان پەیدا کرد، چون مانگیان دۆشین یان شیری رۆژی پێشتر بوو؟ خۆ ئەو دەم دێهاتەکان برقیان نەبوو خەلک یەخچاڵی هەبێ. بەهەر حاڵ شیریان دایە دوای دەمێک کچە دەستی کرد بە رشانەوە، هەر شیریان دایە و شیرێژی هێناوە. پیرە دایکەکان کە ئەزمونیان هەبوو گوتیان بەسە چیدی شیری مەدەنێ ئەوجار دەم و لوتی بشۆن و دایپۆشن با بنوێ چاک دەبێتەوە. درێژیان کرد لێفەیەکیشان پێدادا . پورە فاتمی کوێخا خەلیلی نەنکی ریحان روحی شاد بێ دوعای دەکرد و دەستی ڕە زگی دەخست، یان سەری دەشێلا و دەشگریا. هەمو دەمان زانی پەرێشانی و بێقەراری پورە فاتم هەر ریحان نییە و پێشمەرگەکانن کە کورەکەی خۆشی لەگەڵیان بوو. دەبێ چەند سەخت و غەیری قابیلی تەحەمول بێت بۆ دایک و باوک، یان خوشک و برا کە عەزیزیان دوژمن دەوریان دابێ لێیان نیزیکە و گیانی لە خەتەر دایە و ئەوانیش هیچیان پێ ناکرێت. دایک و خوشکەکانی شەهید رەحمان سوفی زادە لە وێ بوون و دایکی کاک رەحمان کە  روحی شاد بێت زۆر ژنێکی بە غیرەت و بە جەرگ بوو لە تەنیشت پور فاتمێ نەدەبزوت و زو زو دەستی دەگرت و دڵ خۆشی دەداوە، بە خودایان دەسپێرین خوشکێ نێوی خوای بێنە و شەیتانێ بە نەعلەت کە مەهێلە وەسوەسەت کات. رەنگە ئەوێ رۆژێ پورە خەدیجە هەست و ترسی پورە فاتمی لە هەموو کەس باشتر هەست پێ کردبێ ئاخر کاک رەحمان هەر دوو مانگ لە شەهید بوونی تێ پەریبوو. 

پور خاتون و پور فاتم ژنەکانی مام‌ قادر روحیان شاد بێ قەولیان دا هیچی دیکە بۆ چێلەکانیان نەگریەن مادام نەوەکەیان نەمرد و نەجاتی بوو . نیگەرانی و سترێس، قیژەو گریان تەواو بوو وەها بێدەنگیەک باڵی بەسەر ماڵەکەدا کێشا کە گویت لە لێدانی دڵت دەبوو. کەس مڕتەقی نەدەهات لە پڕ قرپی ریحان بێ دەنگی شەوی شکاند. نەنکم پێکەنی و گوتی پیر بی کچم، ئاگاو لێ بێت دەبێ زگیشی کارێ بکات هەتا بەیانی‌.

خەوم لێ نەدەکەوتەوە ژنەکانیش خەویان رەوی بۆوە و هەر سرتە سرتیان بوو، زۆر ماندوو بووم، سەرم دێشا و خەوم دەهات بەڵام خەویشم لێ نەدەکەوت، جێگام تەنگ و رەق بوو، بەشێک لە لاقم هەر لە سەر عەرزی روت بوو. هێندیکیش زۆر چاکیان خەو لێ کەوتبوو، پرخەیان دەهات. چاوم قوچاند، خۆم خر کردەوە و پاڵم وە دایکم دا  هێستا تەواو خەوم لێ نەکەوتبۆوە کە پاسدارەکان بە قۆنداغە تفەنگان وەرگەڕانە دەرگا و گوتیان بیاید بیرون (وەرنە دەرێ). بوو بە هاوار هاوار هەستن پاسدار هاتن. دەرگایان کردەوە کەس نەهاتە ژور بەڵام دەیان گوڕاند بیا بیرون، بیا بیرون. هەموومان چووینە دەرێ، تاریک بوو دۆست و دوژمنت نەدەناسی،  پاسدارەکان  بردیانین بۆ پشت دەرگای ماڵەکە کە وەک مەیدانێک هەڵ کەوتبوو  لە نێو ماڵەکاندا و دەورەیان گرتین بە چەکەوە. دەتگوت گروپێک کاریلە و بەرخ لە مێگەلی مەڕ و ۺوان هەڵ بڕاون و مێگەلێک گورگ دەوریان داون. چنگ و ددانیان نیشان دەدا . ئەفسەرێکی قوڵە و زگ زل چاوی زەق دەچون دە و تاریکیەی دا دەستی کرد بە گوڕاندن “کجا هستند ضد انقلابها، کجا قایمشن کردید، کجا هستن مردها و جوانهاتون ( لە کوێن دژە شۆڕشەکان، لە کوێتان شاردوونەتەوە، لە کوێن پیاو و گەنجەکانتان) ئەگەر تەحویلی ئێمەیان بدەن بە قازانجی خۆتانەو دەتان بەخشین و زۆر شتی لەو جۆرە. یەکێک لە پیرە پیاوەکانی لامان کە بەداخەوە ناوەکەیم لە بیر نییە هاتە جواب بە کوردی وتی: جەناب سەروان ئێمە هیچ نازانین. سەروان گوتی کێ فارسی دەزانێت بۆم تەرجومە کاتەوە، خۆم جوڵاند دایکم تووند دەستی کێشام و بە سرتە پێی گوتم تۆ هیچ نازانی و یەک کەلیمەش حاڵی نابی تێگەیشتی؟ بە سەر لەقاندن بەڵێم گوت. جگە لە من مناڵی دیکەش هەبوون کە فارسیان دەزانی و بێدەنگ بوون. سەروان دەستی دە پشت قوونی گرت و  پرسیارەکانی دوپاتە کردنەوە ئەو جار مام عەزیز بە فارسیەکی شەق و پەق گوتی: “جەنابی سەروان قەستەم بە اللە ما هیچی کاری خراپ نەکردیم، بە خاتری امامی عەلی رەحم کەن بەو ژنانە و بە بەچەکانمان”.

پاسدارێک پیلی  مامەی پێشێ قسەی کرد بوو گرت و پاڵی پێوەنا  کە مامە کەوت ژنان قیژاندیان ئەو جار پیلی مام عەزیز و پیاوەکانی پیری تریشیان کێشا و لە گروپەکەیان جیا کردنەوە. ژنانی بنەماڵەی پیاوەکان هەڵاتن بۆ لای پیرە پیاوەکەنیان و دوا بەدوای وان دا ئێمەش هەموو پێکەوە غارمان دا لای وان. سەروان دەمانچەکەی هەڵکێشا و پاسدارەکان لێمان دامەزران، لولەی تفەنگیان تێ گرتین. وڵات وردە وردە روناک ببوو بەڵام هێشتا هەتاو نەهاتبووە دەرێ. وەها بە غەرەز چاویان لێ دەکردین کە دوژمنایەتی و رقیان لە ناوچاوانیان دەباری.  هەر خەریک بوو دڵمان بتۆقێ، نەنکم و زۆر لە دایە گەورەکان زوو زوو شادەوئیمانیان دەهێنا، نەنکم ئەوجار نەی دەوێرا جنێوان بدا، چاوەرێ بووم هەر لەحزە رەگبارمان لێ بکەن ئەلحان نا ئەلحان. چیتر پیرە شێرەکانی گۆچان بە دەستی نێر کە هەموو هیوای ئێمە بوون نەیاندەتوانی بمان پارێزن لە رەوەی گورگان، بۆیە شێرانی مێ هاتنە مەیدان. ژنان تێکڕا دەیان گوت یان دەبێ هەمومان بکوژن یان نابێ باب و براکانمان لێ جودا کەنەوە. سەروانەکە دەگەڵ دوو، سێیەک لە سەروانەکانی دیکە قسەی کرد. دیار بوو ئەوان بریاریان دا و پاسدارەکان کەمێک لیمان دور بونەوە و ئێمەش لێک کۆ بووینەوە و دانیشتین. رۆژ تەواو روناک ببوو بە تینی هەتاو گەرم ببووینەوە و لەرزمان  خڵاس ببوو لەسەریەک خەڵکەکەش روحییەیان باشتر بوو دوای ئەوەی پاسدار نەیانتوانی بوو لێکیان هەڵبرن. دیارە من هەر ئاگام لە گروپی خۆمانە، چونکە شێلم جاران دێیەکی گەورە و بەر بڵاو بوو. هەموو خەڵکەکە  ئاگامان لە یەکتر نەبوو.

بابەتی پەیوەندی دار

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 3، چرۆ

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 2، چرۆ

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 1، چرۆ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی