"an independent online kurdish website

ئێـوارەی رۆژی پێنج شەممە (١٨ی فێبرواری٢٠٢١) کەشتی ئاسمانی (پیرسیڤـیرانس)  کە سەر بە ئاژانسی بۆشـاییەگەڕیی ئەمریکی “ناسا”یە، بە نەرمی و ئاسایی لە شوێنی دیاریکراوی (جیزیـرۆ) لەسەر هەسارەی (مەریـخ) دا نیشتەوە.

ئەم کەشتییە ئاسمانییە (پــرسیـڤـیراس) بـە پێچـەوانەی کـەشـتییە ئاسـمانییەکـانی تر (سـۆجـۆریـن، سپـیرێـت، ئـۆپـورتیـونیتی، کـۆریـوسیـتی) کە بـۆ خـولگە و بـۆ سـەر مەریـخ نێـران. ئەمیـان بە ئەنقـەست، لە ترسناکترین شوێـنی سەر هەسارەی مەریـخ دابەزانـد، کە پڕه لە چـاڵ و لە بـەردی نامـۆ. بۆ ئەنجامـدانی لێکـۆڵینەوەی زانیـاری و و دۆزینـەوەی زۆر گـرنگ سەبارەت بە پێکهـاتەی زەوی و ئاسمانی مەریـخ، دۆزینەوەی زینـدەوەری بایـۆلـۆژی لە خاکی ژیـرەوە، بۆ ئەوەی بزانـرێت و بسەلمێنرێت کە ملیۆنان ساڵ پێش ئێستا ژیان لەسەر مەریـخـدا هەبـووە. ئەو شوێنەی کە کەشتی پیرسیڤـیرانس لەسەری نیشتەوە، کەناری دەریاچەیەکی وشکی (جیزیرۆ کراتەر)ه، کە (٢٥٠) مەتر قـووڵە و درێـژیشی (٢٨) میـلە. زاناکـان بڕوایـان وایـە، کە (٣.٥) سێ و نیو ملیار ساڵ پێش ئێستا ئـەم دەریـاچە وشکە. پـڕ لە ئـاو بـووە. بە گوێـرەی ئەو لیتە بنانە وشکبووانەی لێی هەیە.

کەشـتی ئاسـمانی پیـرسیڤـیرانس، پـرۆژەیەکی نەخـشە و بەرنامە داڕێـژراوی زانیاری ئاژانسی ناسایە، چەنـدین زانایـەکی گەردوونناسی و جیـۆلـۆجی و ئەستێرەناسی و ئەنـدازیاری پسپۆر  و بە هەزاران فەرمانبەر و کرێکار بەشدارییان تێـیدا کـردووە.

کەشتی (پیرسیڤـیرانس) لە مانـگی یۆلی ساڵی رابـردوو (٢٠٢٠) لەسەر مـوشـەکی (تەڵەس ـ ٥) لە بنکەی ئاسمانی (کانافـوال) لە ویلایەتی (فـلـۆریدا)ی ئەمریکی، بەرەو بۆشـایی ئاسمان بۆ مـەریخ هەڵدرا. کە بە خێراییەکی زۆر زۆرەوە لە ماوەی (٧) مانگی فـڕیندا زیـاتر لە (٤٥٠) ملیـۆن کیلۆمەتـری بـڕی تا گەیشتە سەر هەسارەی مەریـخ. بە وزەی ئەو موشەکانە دەڕۆیی کە لێی بەسترابوون و پاڵی دەنان. کەشتی پیرسیڤرانس لە هەموو کەشتییە ئاسمانییەکانی پێشتر مـۆدێـرزمتـر و پێشکەوتـووتـرە.

لە راستیدا هەنـدێک لە زاناکـان دڵنـیا نەبـوون کە سەرکەوتـوو دەبـن و پیـرسیڤـیرانس دەگات بەسەر مەریـخ (هەسارەی سـوور). بۆیـە کە گەیشت خاتـوو (سـواتی مـوهـان ) بەرپرسی چـاودێری کارەکانی ناسـا، مـژدەی دا و پڕ بەدەم هـاواری کـرد:” جەخـتکـرا لە نیـشتـنەوەي پیرسیڤـیرانس” ئەوانەی کە لە ژووری تاقـیگەی (جت بروبلش) بوون لە باسادینا لە کالیفـۆرنیا، لە خۆشیا بەرزپێ هەڵبەزینەوە و دایـان لە چەپـڵە. بەڕاستی سەرکەوتنـێکی زۆر مـەزن و سەرسـووڕێنـەرە.

بەپێی بەرنامەی داڕێـژراو، ئەو گالێسکەیەی چووە سەر مەریخ کە ناوی (ئینسیگت)ە.

دوێنێ لە یەکەم رۆژی نیشتنەوەیدا، یەکەم وێنەی سەر مەریخی بۆ بنکەی چاودێـری لەسەر زەویدا نارد. لە ماوەی پێنج ساڵی داهـاتوودا، لە زیـاتر لە سی شوێنی (چـاڵی جیزیـرۆ) و شوێنی تری زەوی مەریخ، نموونە لە گـڵ و بەرد کۆدەکاتەوە و لە چەنـد لوولەیەکی تایبەتیدا هەڵیان دەگرێت. کە لە دواییدا، بەپێی بەرنامەی بۆدیاریکراوی، بە هـۆی دەزگـایەکی تایبەتییەوە، ئـەو نمـوونە خـۆڵ و بەردانـە و زانیارییە جیۆلۆجییانە، دەنـێرێت بـۆ خـولـگەی مەریخ. کە بڕیار وایە لە ساڵی (٢٠٢٦) دا، ناسا کەشتییەکی تر بنـێرێت بۆ خولگەی مەریـخ و ئـەو نموونە خـۆڵ و بەردانە، لـەو دەزگـایە وەربگـرێت. تا ساڵی (٢٠٣١) بیانگەیەنێـتە سەر زەوی. تا زانایانی پسپۆر لە تاقیگەکاندا پشکنین و لیکۆڵینەوەیان لەسەر بکەن. ئەمەش زۆر گرنگە بۆ پلانـدان و بەرنامەکانی داهـاتووی ناسا بۆ سەر هەسارەی مەریـخ. ئایا دەکرێت مرۆڤ بتوانێت لە سەر مەریخـدا بژیـت؟ داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتـەوە. بەپـێی پـلان و بەرنامەی داڕێـژراو، کەشتی پیرسیڤیرانس ئۆکسجین لەسەر مانگدا دروست دەکات. چونکە کـاربۆن پێکهاتەیەکی سەرەکی بەرگە هـەوای مەریخـە، دەکـرێت کاربـۆن بکـۆڕن بە ئـۆکسجـین.

حەوت خولەکی پێش نیشتنەوەی پیرسیڤیرانس، ماوەیەکی تـۆقـین و چارەنوسساز بوو. سەخـترین قـۆنـاغی گەشتەکە بوو. لە نێوان سەرکەوتن و شکـستهـێنانی بوو. چونکە کە چووە بەرگەهـەوای مەریخـەوە و لەسەر مەریـخ نزیک بۆوە، تـیژی خـێراییەکەی لە خێرایی فـیشکێکی تەقـێنراو زیاتر بوو. خێراییەکەی لە بەرگە هەوای مەریخـدا، گەیشتە (١٣٢٠٠) هـەزار مـیل/ لـە کاتـژمێـرێکـدا ، گـەر فـڕۆکـەیەک هەبێـت و بـەم خـێراییە تیـژ فـڕینە بفـڕێـت، ئەم خـێراییە بەسـە بـۆ ئـەوەی لە مـاوەی (١٥) خـولەکـدا، نێـوان شاری (لەنـدەن) و شاری (نیویـۆرک) ببڕێـت.

لەو خێرایەشدا هەوا و پلەی گەرمی دەرەوە و ناوەوەی کەشتی پیرسیڤیرانس زۆر بەرز و گـەرم بۆوە گەیشتە (٢٠٠٠) پلەی فەرنهـایتی. لە ماوەی (١٠) خولەکی پێش هـاتنە ناو بەرگەهـەوای مـەریخ. کەشتی پیرسیـڤیرانس کە گالـێسکەی (ئینسگـت )ی نێـراوی بۆ سەر مەریخی هەڵگـرتبـوو، لە ئینسگـت جیابـۆوە.

لە دوای (٤) خولەک ئەو پەڕەشـوتە گەورەیە، کە تا ئێستا گەورەتین پەڕەشووتە کە بۆ مەبەستێکی وا بەکار هـێنرابێت. کە بە گالـێسکەی سەر مەریـخەوە بەسترا بوو کـرایەوە، بۆ کەمکـردنەوەی خێراییەکەی و نیـشتـنەوەی بە شـێوەیەکی ئاسایی لەسەر مەریـخـدا. پەڕەشوتەکە خێرایی گالێسکەکەی لە (١٩٥) میل لە کاتژمێرێکدا، بۆ (١.٧) یەک کۆما حەوت میل لە کاتژمێرێکدا خـاو کردەوە. بەڵام پێش نیشتنەوە و هـێشتا لە بەرزی (٧) میلـدا بوو، پشتێنی نیشتنەوە، کە (٨) موشەکی پاڵنەری پێوەیە پەڕەشووتەکەی ترازان. موشەکەکان، بە نەرمی پـاڵیان بە گالێسکەکەوە نا. بە نەرمی و ئاسانی لەسەر مریخـدا نیشتەوە بێ ئەوەی زیـانی پێبگـات. هەر لە یەکەم ساتـدا، وێنـەیەکی سەر مەریـخی بۆ بۆ بنکەی چاودێـریی ناسا نـارد.

 گالێسکەی نێراو بۆ سەر مەریخ (ئینسگت) لە ئۆتۆمبیلێکی ئاسایی کەمێک گەورەترە، شەش تایەی تایبەتی دروستکـراوی زنجـیراوی هەیە کە بە ئاسانی بە هەموو لایەکـدا دەخـولێنەوە. (١٩) کـامیرای دیجـیتاڵی تایبەتی زۆر مۆدێـرن، بۆ وێنەگرتنی مەبەست جیاواز و ناردنەوەی بۆ سەر زەوی بە هەموو لایەکی گالێسکەکەوە بەستراون، هەر لە ڕێی ئەم کامیرانەوە گالـێسکەکە ئاراسـتە دەکـرێت. بەرپـرسیش بـوون لە نیشتـنەوەی. لەسەر گالێسکەکەدا رادار و لێـزەر هەیە. کامیـراکـان وا دروستکـراون، کە تـا مـاوەی (١٤) سـاڵ لەکـار نەکـەون. یەکـەم کـاری گـالـێسکەکە، لەسەر مەریـخـدا، هـەڵـدانی ئـەو فـڕۆکە هـێلیکـۆپتەرە بوو، کە ناوی (ئینگـینوتی) یە، لەسەری قایـم کـرابوو، بۆ بـەرزی (٣٠) کیلـۆمەتـر هەڵیـدایە ئاسمانی مەریـخ. بـۆ سـووڕانـەوە و وێنەگـرتن و کـۆکـردنـەوەی زانیاری سەبارەت بەو شوێنـانەی کە ئاسان نییە، یا گالـێسکەی سەر مەریـخ ناتـوانێت پێـیان بگـات. ئەمـەش بۆ یەکـەمین جـارە، کە هـێلیکـۆپتـەرێک لە ئاســمانی مەریخـدا بسـووڕێتـەوە. هـەر ئامـاژەیەکـیش” ئیـشارەتـێک” کە بێـتەلی گالـێسکەی پیرسیڤیرانس بیـنێرێـت بۆ بنکەی چـاودێـری ناسا لەسەر زەوی، یا بە پێـچـەوانەوە، لەبـەر مـاوەی دووری گـۆاستنەوە، لـە نێـوان زەوی و مەریخـدا، بـۆ وەرگرتنی ئەو ئاماژەیە، بە چوون و بە گەڕانەوەی ماوەی (١١) خولەک دەخایەنێت.

شایەنی باسیشە گالێسکەی ئینسگت، خۆی کارەکانی ئەنجام دەدات لەسەر کۆمپیوتەری گالێسکەکەدا بە بەرنامە داڕێـژراوی زانیاری (٧٠٠٠) هەزار دێر زانیاری تۆمار کراوە. هـەر دێـڕێکـیان وەکـو کـۆدێکە بـۆ داوایـەک و بۆ زانیـاری و مەبـەستێکی دیـاریکـراو.

زاناکانیش نایانەوێت کامیراکان زۆر ماندوو و سەرقاڵ بکەن. بۆ ئەوەی بۆ درێـژتـرین مـاوە کاربکەن و پەکیـان نەکەوێـت.

تێچووی کەشتی پیرسیڤـیرانس (٢.٢) دوو کۆما دوو ملیار دۆلاری ئەمریکییە.

دڵنیام کە لە ئەمساڵ و سـاڵانی داهـاتـوودا، زانیـاری و نهـێـنی نوێـمـان دەست دەکـەون، دەربـارەی کارەکـانی کەشـتی پیرسیڤـیرانس لەسـەر مەریـخـدا.

رەزا شـوان

١٩/ فـێبروار/٢٠٢١ 

تێبینی: بۆ نووسینی ئەم بابـەتە، سوودم لە چەنـد سایتێکی ئینگـلـیزی وەرگـرتـووە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی