"an independent online kurdish website

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران – حدکا دەڵێت، تێکۆشانی ئەوان بەردەوامە بۆئەوەی بتوانن یەکبگرنەوە، چونکە “ئەوە ئاواتی خەڵکی کوردە لە هەموو بەشەکاندا و بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان”، هەروەها گوتیشی، ئەگەر لە 2021 یەکنەگرنەوە، تازە یەکناگرنەوە.

مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران – حدکا لەمیانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لەوە کرد، ناتوانێت بڵێت 100% یەکدەگرنەوە، بەڵام ئەوان وەکو حدکا 100% ئامادەی یەکگرتنەوەن.

رووداو: پلانی حدکا لە ساڵی 2021ی زاینیدا زیاتر چی دەبێت؟

مستەفا هیجری: کار و تێکۆشانی حدکا وەکو پێشوو بەردەوامە لە چوارچێوەی راساندا، بەڵام بەشێکیشی بەستراوەتەوە بەوەی کە بزانین ئاڵوگۆڕەکان چۆن دەبن و هاتنی بایدن وەکو سەرۆکی ئەمریکا و پلانەکانی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەست بە کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەمانە کاریگەرییان لەسەر بەرنامەکانی ئێمە دەبێت. مەبەستم ئەوە نییە کە بڵێم چاوەڕوانین تاوەکو بزانین ئەوان چی دەکەن، بەڵکو ئێمە ئاڵوگۆڕەکانی دەرەکی وەکو فاکتەرێک لەبەرچاو دەگرین، بەڵام بنەمای کاری ئێمە لەسەر کار و تێکۆشانمانە لەسەر ئێران، ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و گەلی کورد لە رۆژهەڵاتدا. بەرنامەکانی راسان وەکو رابردوو دەچێتە پێش و هیوادارم دەرفەتێکی باشتر بۆمان بێتە پێش بۆ پەرەپێدان و بەرینکردنەوەی تێکۆشانمان لە هەموو بوارێکدا.

رووداو: ئەو دەرفەتە گرێدراوی پرسە دەرەکییەکانە یان مەبەستت ناوخۆی ئێرانە؟

مستەفا هیجری: هەم لەنێو ئێران و هەم لە دەرەوە، چونکە لەنێو ئێرانیشدا چاوەڕوان دەکەین بە هاتنی بایدن زۆر شتی نوێ روون ببێتەوە لە پەیوەندی لەگەڵ چۆنێتی مامەڵەکردنی بایدن و حکومەتەکەی لەگەڵ رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا. لە دەرەوەش دراوسێکانی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگن کە هەڵوێستیان لە بەرامبەر پرسی کورددا چۆن دەبێت. وەکو تورکیا و وەکو بەغدا، ئەوانە گرنگن، ناکرێت ئەوانەش لەبەرچاو نەگرین وەکو سیاسەتێکی گشتی لە ناوچەکەدا.

رووداو: لەو باوەڕەدان کە جۆ بایدن لە بەرامبەر ئێران هەندێک نەرمی نیشانبدات؟

مستەفا هیجری: من لەو باوەڕەدام کە جۆ بایدن دەتوانێت ئەو خاڵانەی لە سەردەمی ترەمپدا لە سیاسەتی ئەمریکادا راگەیەندراون بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، چونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا لەچاو ئەوکاتەی گفتوگۆ دەستیپێکرد بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی زۆر لاوازتر بووە و زۆر خاڵی گرنگی لەدەستداوە، بۆیە ناچاردەبێت مل راکێشێت بۆ داخوازییەکانی بایدن. بێگومان بایدنیش لەو لاوازبوونەی کۆماری ئیسلامی کەڵک وەردەگرێت بە قازانج و بەرژەوەندیی ئەمریکا بۆئەوەی سیاسەتەکانی خۆی باشتر لە ناوچەکەدا بباتە پێشەوە. ئەوەی رایانگەیاندووە دەتوانین بە کورتی ئاماژە بە بەرنامەی ناوەکیی ئێران، دەستتێوەردان لە وڵاتانی دراوسێ کە کۆماری ئیسلامی لەژێر ناوی هەناردەکردنی شۆڕش بەردەوام بووە و هەروەها هەڕەشەنەکردن لە دۆستانی ئەمریکا لە سەرەوەی هەموویان ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. پرسێکی دیکە کە گرنگە، پاراستنی مافی مرۆڤە لە ئێراندا کە ئەویش لە داخوازییەکاندا هەیە. ئەوانە دەتوانن خاڵی گرنگ بن کە پێموابێت ئەگەر ئەمانە جێبەجێ ببن، رەنگە بایدن گەمارۆکان لەسەر ئێران سووک بکات لە سەرەتادا، دواتر کە چۆن دەچێتە پێشەوە، ئایا هەموو گەمارۆکان لادەچن یان نا، نازانم، بەڵام ئەوە بۆ خۆی کارێکی زۆر گرنگە.

رووداو: نەمانی گەمارۆ لەسەر ئێران رەنگە ئەزموونی ئۆباما دووبارە بکاتەوە، زۆر کەس پێیوایە کابینەی بایدن خولی سێهەمی ئۆبامایە. کاتێک ئەزموونی ئۆباما و رێککەوتنی ئەتۆمی هەبوو ئێران بەهێزبوو، پارەیەکی باش دەکەوتە دەستی و باڵی بەسەر هەموو ئەم ناوچەیەدا کێشابوو. ئەوکات ئێوە راسانتان راگەیاند، ئەگەر ئەزموونی ئۆباما دووبارە ببێتەوە لە سەردەمی بایدندا ئێوە چی دەکەن؟

مستەفا هیجری: لەگەڵ ئەوەی دیموکراتەکان سیاسەتێکی گشتیی دیاریکراویان هەیە، بەڵام ئاڵوگۆڕەکان لەو ماوەیەدا یەکجار زۆر قووڵن بەنیسبەت پرسی ئێران. ئەوکات کە گفتوگۆیان دەکرد کۆماری ئیسلامی هەندێک بەهێز بوو، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەچووە پێش و خەریکبوو میلیشیاکانی بەهێز دەکرد و نفووز و دەسەڵاتی خۆی پەرەپێدەدات. وەکو ئاماژەتان پێدا، داهاتێکی زۆری نەوتی هەبوو دەیتوانی کەڵکی زۆری لێوەربگرێت بۆ بەهێزکردنی میلیشیاکان لە وڵاتانی دراوسێ، پرسێکی دیکەی زۆر گرنگ کە لەم ماوەیەدا روویدا، پرسی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبییە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هەموو وڵاتانی عەرەبی ئەو رێککەوتننامەیان واژۆ نەکردووە، بەڵام دەردەکەوێت کە وردە وردە بەرەو ئەو سیاسەتە دەچن. ئەوە پرسێکی گرنگە کە ئێستا کۆماری ئیسلامی لە سنوورەکانی وڵاتانی عەرەبیدا رووبەڕووی ئاسایشی ئیسرائیل دەبێتەوە. لە لایەکی دیکەوە بارودۆخی ناگۆرنۆ-قەرەباخ ئەوەش بۆخۆی فاکتەرێکی گرنگە کە ئێران لەوێدا دۆڕاوی سەرەکی بووە دوای ئەرمەنستان، گرنگتر لە هەموویان ئەوەیە کە ئاماژەی پێبکەم، رۆڵی خەڵکی ئێرانە لە ناوخۆی وڵاتدا کە لە ماوەی ئەو چوار پێنج ساڵەی رابردوودا چەندین راپەڕینی زۆر گەورە روویانداوە و بێزاریی خەڵک زۆر زیاتر بووە، درزی نێوانی لایەنەکانی حکومەت زۆر گەورەتر بووە. ئەگەر باسی سوپای پاسداران بکەین کە تاوەکو ماوەیەک پێش کۆماری ئیسلامی وایدەنواند کە هێزێکی یەکگرتووە، بەو کارانەی گوایە ئیسرائیل لە ناوخۆی وڵاتدا کردوونی یان هەر لایەنێکی دیکە کردوونی، دەردەکەوێت سوپای پاسداران ئەو یەکگرتووییەی نییە، لەناو خۆیاندا ناڕەزایەتی هەیە، تیرۆرکردنی بەرپرسێکی گەورەی تاڵیبان لە تاران، کوژرانی فەخریزادە لە تاران کە بەرپرسێکی ئەتۆمی بوو، یان دەوروبەری 50 هەزار بەڵگەی گرێدراوی بەرنامەی ناوەکی پێش دوو سێ ساڵ ئیسرائیل لە ئێران بردیە دەرەوە، ئەوە دەردەکەوێت کە ئەو سوپای پاسدارانە یەکگرتوو نییە، لەنێوانیاندا قڵیشێک هەیە، چونکە ئەو کارانە بەدەستی پاسدارێکی سادە یان سیخوڕێکی پاسدار جێبەجێ نابێت، بەڵکو لە ئاستی سەرەوەدا دەستیان هەیە لەگەڵ ئەو وڵاتانە کە ئەو بەرنامانەیان هەیە لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لەم رۆژانەدا تەنانەت لە قوم کە ئاخێزگەی فیقهی شیعەی ویلایەتی فەقیهه بەتایبەتی، ناڕەزایەتی لەنێوان ئایەتوڵڵاکاندا زیاد بووە، مەبەستم ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی زۆر زۆر لاواز بووە و ناچاردەبێت مل راکێشێت بۆ خواستەکان.

رووداو: یانی ئێوە چاوەڕوان ناکەن ئەزموونی ئۆباما دووبارە ببێتەوە؟

مستەفا هیجری: پێموابێت ئەزموونی ئۆباما لەوبارەیەوە دووبارە دەبێتەوە کە ئەگەر ترەمپ بە تەنیا لە دژی کۆماری ئیسلامی بەرنامەکانی بەڕێوەدەبرد، دیموکراتەکان و بایدنیش رایانگەیاندووە، دووبارە لەگەڵ هاوپەیمانە جیهانییەکانیان ئاشت دەبنەوە، [بۆئەوەی] بە یارمەتیی هەموویان گەمارۆ و گوشاری زیاتر بخەنە سەر رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆئەوەی ویست و داخوازییەکانی ئەوان جێبەجێ بکات.

رووداو: ئەگەر رێککەوتن کرا و گەمارۆکان نەمان، ئێوە راسان و خەباتی چەکداری بەردەوام دەکەن یانیش دەکەونە دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی؟ بەگشتی باوەڕتان بە دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ماوە؟

مستەفا هیجری: ئێمە وەکو رێکخراوێکی سیاسی ناتوانین دانوستاندن لە هیچ قۆناخێکدا رەتبکەینەوە، چونکە کاتێک ویست و داخوازییەکانمان پێکهێنانی ئێرانێکی دیموکرات و فیدراڵە، مادام دەمانەوێت لە چوارچێوەی ئێراندا دەستکەوتەکانمان دەستبکەوێت، ناتوانین دانوستاندن لەگەڵ تاران رەتبکەینەوە. ئەوە بەم مانایەش نییە کە پێمانوابێت رژێمی کۆماری ئیسلامی داخوازییەکانی ئێمە دابیندەکات، بەڵام دەبێت ئێمە لە هەموو رەهەندەکانی کە دەتوانین بەربەرەکانێ لەگەڵ رژێمی ئێران بکەین، کەڵک وەرگرین، دانوستاندن یەکێکە لەو رەهەندانە، تەنانەت ئەگەر باوەڕمان بەوە هەبێت کە هیچمان لە دانوستاندن دەستناکەوێت. ئێمە نامانەوێت حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەکو حیزبێک دەرکەوێت کە ئامادە نییە کێشەکانی بە دانوستاندن چارەسەر بکات، بەڵکو بە تەنها دەیەوێت بە شەڕ و بەربەرەکانێ بیکات.

رووداو: لە ساڵی 2021دا خەڵک یەکگرتنەوەی حیزبی دیموکرات دەبینێت؟

مستەفا هیجری: پێشبینی و کات دیاریکرن بڕێک زەحمەتە لە 2020دا، بەڵام تێکۆشانی ئێمە هەر بەردەوامە بۆئەوەی بتوانین بەو ئاواتە، کە ئاواتی خەڵكی کوردە لە هەموو بەشەکاندا و بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، بگەین.

رووداو: ئاستەنگی چین لەبەردەم دانوستاندنەکانتان کە رەنگە لە ساڵی 2021دا یەکنەگرن؟

مستەفا هیجری: من واتێگەشتم مەبەستتان 2020ـە!

رووداو: نا، مەبەستم 2021ـە

مستەفا هیجری: ئەگەر لە 2021دا یەکنەگرین، ئیدی تازە یەکناگرینەوە و تەواو دەبێت. وردەکاری ماون، دەبێت کاری لەسەر بکرێت.

رووداو: لەسەر کاتی یەکگرتنەوە ناتوانن شتێکمان پێبڵێن؟ چونکە خەڵک ناپرسێت کێشە لەسەر چییە و وردەکاری چین، خەڵک دەڵێت ئێوە کەی یەکدەگرن، بەڕاستی ئێوە کەی یەکدەگرن؟

مستەفا هیجری: منیش نامەوێت لێرەدا قسەیەک بکەم کە لەگەڵ خەڵکی کورد راستم نەگوتبێت، بۆیە ناتوانم رێککەوتێک دیاریبکەم، چونکە دوو لایەنە، یەکلایەن نییە بۆیە دیاریکردنی رێکەوتێکی دیاریکراو بە دروستی نازانم.

رووداو: هەست بە سستبوونی لایەنی دیکە ناکەن، هیچ سستبوونێک لەو ماوەیەدا دروستنەبووە؟

مستەفا هیجری: سستبوونێکی تێدا نابینم و هەردوو لایەن جیددین.

رووداو: ئەگەر لەسەر کات نەتوانن بە دیاریکراوی شتێکمان پێبڵێن، دەتوانن پێمان بڵێن کە یەکگرتنەوەتان 100%ـە؟

مستەفا هیجری: 100% لە کاری سیاسیدا زۆر زەحمەتە. ئێمە دەتوانین ئەوە بڵێین، لەلایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئێمە جیددین، چونکە پێمانوایە ئەمڕۆ ئەو یەکگرتنەوە بۆ بەهێزکردنی کورد لە رۆژهەڵات پێویستە و بۆ ئەمەش هەنگاو دەنێین، بەڵام بەڵێنی ئەوەی کە 100% بێت، نازانم چونکە بەشێکی پەیوەستە بە لایەنێکی دیکەوە.

رووداو: خەڵکیش دەڵێت، پێویستە یەکبگرنەوە و دەبێت یەکبگرنەوە. خەڵک دەڵێت، نازانین یەکدەگرنەوە یان نا. ئێوە سەرکردەن، سەرکردە چی دەڵێن بۆ ئەو خواستەی خەڵک، بەڕاستی ئێوە ناتوانن بە خەڵک بڵێن یەکگرتنەوەی حیزبی دیموکرات 100%ـە؟

مستەفا هیجری: ناتوانم بڵێم 100%ـە، چونکە دەمەوێت لەگەڵ خەڵکەکەی خۆم راستگۆبم، بەڵام ئەمە دەڵێم کە ئێمە بە جیددی بەدوای ئەو پرسەداین.

رووداو: لەلایەن حدکاوە 100%ـە؟

مستەفا هیجری: لەلایەن حدکاوە بەڵێ، ئەگەر لایەنی دیکەش باش بێتە پێش، بەڵێ لەلایەن ئێمەوە وەکو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران 100%ـە.

ڤیدیۆ

لینکی هەواڵ روداو

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی