"an independent online kurdish website

لە شادەمارەکانی کەسایەتی(شەخسیەت) نەتەوەیی تاکەکانی ھەر نەتەوەیەک، شادەماری “زوان”ە. ئەمەش یانێ ئێمە بە پاراستن یان لەدەست دانی زوانەکەمان، بەشێکی گرینگی کەسایەتیمان پاراستگە یان لەدەست داگە.

تێگەییشتن لەمە ھاوکێشە(تەناسۆب)ێکی سادەیە. یانێ بە پێی زانستی بیۆلۆژیکی، مناڵ تەقریبەت لە تەمەنی ھەفت مانگییەوە لە سکی دایکیا گوێچکەی لە قسەی دایکی و دەوروبەری ئەوێ. ئەمەش یانێ لەو تەمەنەوە بیچمگرتنی کەسایەتیی دەست پێ ئەکات.

یەکەم دەنگەکان کە کۆرپەلە لە مناڵدانی دایکیا گوێی لێی ئەبێ، پاش ترپەی دڵی دایکی، دەنگی زمانی دایکییەتی. بۆیە زمانی دایکی لەوێو وردەوردە بیچم ئەگرێ. ھەر لەوێشەوە ھێدی ھێدی بناغەی کەسایەتیی مرۆیی تاک دائەنرێ. کۆرپەلە گوێی لە ھەموو دەنگەکان ئەبێ، لە موسیقا، لە قسەکردن، لە شایی، لە شیوەن و… ھەر ھەموو ئەمانەش وەک دەنگ لە مێشکیا ھەڵئەگرێ و مەرج نیە ماناکانیان دەرک بکات، بەڵام دواتر ئەو دەنگانە مانا پەیدا ئەکەن و ئەبنە بناغەی ھەست و شور و شعور و دەرک و وتە و کردار.

مناڵێ نەتەوە بندەستەکان تا رۆیشتنە خوێندنگە، ھەر لە لایەن دایک و باوک و دەورو بەریەوە بە زوانی نەتەوەیی و میراتگرانەی دایک و باوکی قسەی لە تەکا ئەکرێ. بەو زوانە ئەدوێنرێ، بەو زوانە چیرۆک و حیکایەتی کولتوری خۆی بۆ ئەوترێ، بەو زوانە گۆرانی و بەندی شادی گوێ لێ ئەبێ، بەو زمان گوێی لە گریان و لاواندنەوە ئەبێ، تەنانەت بەو زوانە خەوی خۆش و ناخۆش ئەبینێ. ئەرێ ھەر بەو زوانەی داوای مەمەی ئەکرد، بەو زوانەی نان و ئاوی داوا ئەکرد، بەو زوانەی ھەستی سەرما و گەرما و ترس و خۆشیی دەرئەوڕی.

ئەو زوانە راست زوانی شیریمانە، زوانی خوێنیمانە، زوانی ھەستی و خۆشی و ناخۆشیمانە. بەو زوانە خوڕە و ھاژە و قرمە و شڵپە و قوڵتە و تڵپەی ئاومان دەرک کردگە. ئەو زوانە زوانی خۆشەویستی دەربڕینی دایک و باوک و داپیر و باپیر و مام و خاڵۆ و پور و میمک خوشک و برا و خۆشەویست و ھاوسەرمانە.

بۆیە ئەو زوانە بەشێکی سەرەکیی بڕبڕەی پشتی خۆمان و نەتەوەکەمانە و دوژمنیش بۆ لەناوبردن و تواندنەوەی نەتەوەوە، ھەوڵ ئەدات زوانەکەمان لە لا سوک و کەم نرح و بەھا بکات، ھەوڵ ئەدا وەک شادەماری کەسایەتی خۆمان و نەتەوەکەمان، زوانەکەمان لاواز بکا و سەرئەنجام لەناو ببات.

با ھەرکام لە ئێمە وەک پێشمەرگەیەک، وەک پاراستنی بەشێ لە کەسایەتیی خۆمان و نەتەوەکەمان، وەک پاراستنی شۆناس و ھوڤیەتمان، پارێزەری زوانی نەتەوەکەمان بین. ئەمە ئەرکی سەرشانی تاک بە تاکمانە و ئەم ئەرکەش بە پێی ئاستی دەرک و شعور، ئەکەوێتە سەر شانمان. کێ دەرک و شعوری لەو پێوەندییەدا زیاتر بێ، ئەرکەکەی قورسترە و زیاتر ھەوڵی پاراستنی زوانەکەی ئەدا.

وێنەکەم لە ئینترنێت وەرگرتووە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی