"an independent online kurdish website

زوانیچ وەسە کۆمەڵگای مرۆیی.  ڕاس وەک چۆن لە کۆمەڵگای مرۆییا بەشەری نازار و بێ نازە ھەس، وەک چۆن نازارەکان خزمەتیان ئەکریە،

 نازیان ئەکێشیە و ھەمیشە روگەش و دڵخۆشن و بێنازەکانیچ دوورکەفتگ و گۆشەنشین ئەکریەن و وردە وردە لە کونج و خەڵوەتی بێکەسی و بێنازییا گوم ئەون و ئەفۆتیەن.

رێک ئاوا لە زوانیچا وشەی نازار و بێ نازمان ھەس. وشە بێنازەکان ئەو وشەگەلەنە کە کۆمەڵگا و بەشەرەکانی ھەست ئەکەن ئێتر پیر بووگن، پەسڵەیان ھاوردگە، تۆزیان نشتگەسەسەر ، پرتوکیاگن ، لە باو کەفتگن و ئێتر بەکار زوان ئەم سەردەمە ناخوەن.

تەنانەت باحزێکیچ، لەمە خراو و قەواحەتتر ئێژن ھاوردنەزوانیان شورەییە، ئاخر ئەوێتە بایس ئەوەی بەشەر بە دواکەفتگ لەقەڵەم برییەت! باوڕکەن جارجار لەو خراوتریچ، ھەوڵ ئەێرییەت لە زوان نەتەوەکانترا وشە بۆ جێگرەوەیان بێرن یان نەزانانە، ناشیانە و لەخۆڕازییانە وشەیان بۆ بتاشن.

وەلێم وشە نازارەکان وەک کەنیشکە خان بە فێس و پڵپڵە و پامورە و لەرزانە و دوگمەو دۆڵاو و گۆشوارە و لوتوانە و…، وەک کوڕە ئاغا بە تاقیلە و رشتی و جامانە و چۆخەو ڕانک مەرەز و کراس سۆرانیدار و شاڵ و پشتوێن مەخمەڵ و پەسەک و فەرەنجی ئەڕازێنەوەو لە شێعر و بەستە و گۆرانی و پەخشانا ئەخرییەنە لای سەرینگ باڵەخانەی زوانەوە و قەێر و قیمەتیان بەرز و بەرزتر ئەکریەتەو.

ئەم کارەیچە نە تەنیا بناغەی زوان و کولتوری نەتەوەییمان بنکۆڵ ئەکا، بەڵکە وشەی زوان و کولتور بێگانە (داگیرکەر) وەک کرم و خۆرە ئەخزێنێتە ناو زوانەکەی خۆمان و ئەو وشەگەلەیچە خرم خرم رەگ و ریشە و بنج و بناغەی زوان و کولتورە نەتەوەییەکەمان ئەکرۆژن و لەناوی ئەوەن.

جا لە بەر ئەمەسە فرەیێ لە زوانناس و زواندۆسەکان کورد ھەمیشە ھەوڵ ئەیەن بۆ دەوڵەمەنکردن، بنج پتەوکردن و پانتایی بەرین کردنەوەی زوانەکەمان، بەر لە گشتێ ، بگەڕنەوە بۆ پشتیر و پەستو و زاخە و  ھەوێشخانەکان خۆمان، بگەڕنە پشت جێوان و کەنوەکانا، ئەو وشە بێنازگەلە بدۆزنەو، دەسێ بێرن بە سەرو چاویانا و لە چڵک و تۆز و ریپۆق پاقژیان کەنەوە و بیانتێرنەو بۆ خزمەت زوان بە ناز و نەوازش تەک زوانی ئەمڕۆییمانا ئاشتیان کەنەو، ئینجا تەقالا بەن وشەی تری بێگانە بکوردێنن و پێشوازی و بەربوک و پاخەسوەو بێرنیە ناو زوانە رەسەنەکەمان.

مەبەست و ئەنجام:

ئەرکە لەسەر گشت ئەوانەی نیشتمان، نەتەوە و زوانەکەیان خۆشگەکەرە، دانەنە دانەی وشەکانی زوانەکەیان بە دوڕ و گەوھەر و یاقوت و مرواری بزانن و وەک ئەنتیکە و ژێرخاکیی کولتووری نەتەوەییان، بگەڕن بە شۆن وشە گوم بووگ و پشتگوێ خراوەکانی زوانەکەیانا و بیاندۆزنەوە و بە گیان و دڵ و بە خۆشەویستیەوە بیانگەڕێننەوە ناو زوان و ئەدەبیاتی رۆژیان و بەم جۆرەیچ ھەم ئەو وشەگەلەیان رزگار کردگە و ھەمیچ زوانەکەیان دەوڵەمەنتر.

ئەگەریچ وانەکەین، بە دەس خوەمان، بڕبڕەی پشت زوانەکەمان ئەچەمێنینەوەو  ئەشکێنین و خوازراو و نەخوازراو بەرپرسایەتیی پارێزگاری و پاسەوانیی قۆناغی لە مێژووی زوان و کولتووری زوانەکەمان کە لە ئەستۆ بووگە، نەگەیاندگەسەجێ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی