"an independent online kurdish website

لە من باشتر دەزانن بەردی بناغەی هەموو دینەکان بە تایبەت ئیسلام وەحدەتە، واتە یەکتا پەرستی. هەموو دینە ئاسمانیەکانیش دژی پەرستنی خوا دروست کراوەکانن،

 وەک بوت و مەزارگە و مرۆڤ. هەموو پێغەمبەرەکان ئەرکی سەرەکیان لە ناو بردنی ئـەو بــوت پەرستیە بووە. ئیبڕاهیم باوکی پێغەمبەران هەموو بوتەکانی شکاندو بەکردەوە نیشانیدان کە ئەوانە بۆ پەرستن نابن، نەیانتوانی خۆیان بپارێزن چ بگا بـە ئێوە. لە ئایینی ئیسلام دا چەند شت وەک کٶڵەکەی ئیمان دیاریکراون کە برێتین لە: (١ ) ئیمان بە خوای تاکی بێهاوتا. ( ٢) بە فرشتەی خوا . ( ٣) بە کتێبی خوا . (٤ ) بـە پێغەمبەرانی خوا. ( ٥ ) بە ڕۆژی لێپرسینەوەو جەزا. ( ٦ ) بە دیاریکرانی ڕادەی خێرو شەڕ. هەر شتێکیتر بەناوی کۆڵەکەی ئیمان بناسێندرێ دورە لە ڕاستی. پایەکانی ئـیسلامیش بـرێتین لـە ( ١) دان پیدا هێنان بەوە کە خوا تاکی بێهاوتایە محەممەدیش نادراوی خوایە. ( ٢ ) نوێژ .( ٣ ) زەکات . ( ٤ ) ڕۆژوی مانگی رەمەزان . ( ٥ ) زیارەتی ماڵی خوا ئەگەر توانای ماڵی وجەستەیی وهێمنایی ڕێگا هەبێ. بە بـارێکیتر دا دەڵـێـم : ئـیسلام حیزبێکی گەورەیە ، هەمو چین و تـوێژو تیرەو تـۆرەمەو نەتەوەو ڕەنـگو زمانێکی لـە خۆدا کۆ کردۆتـەوە. پـێڕەوو پـڕۆگڕامەکەی کە قـورئـانـە هەمـوو بـوارەکانی ژیـانی مرۆڤایەتی لە خۆ دەگرێو بە ڕونی دیاریکراون . یاساو ڕاسایەک کە لەو بەرنامەیەدا هاتوە بـۆ سەرجەم مرۆڤەکان بـە نێرو مێیەوە یەکسانە . لە بەرنامەی ئەو یەکسانیەدا هەموو ئەو شتانەی دەبێی بکرێن و ئەوانەش کە دەبێی نەکرێن بەڕوونی دیاریکراون. دەبێی ئەوەمان لە بیر نەچێ لە ئیسلام دا دان پیداهێنانی بەزۆر لەلای خواش قبوڵ نیە. مرۆڤی باڵغی عاقڵی ئازاد، مافی ئەوەی هەیە بە دڵخوازی خۆی خەت و ڕێبازی ئـایینی یان سیاسی بۆ خۆی دیاری بکا و بەهەست بە بـەرپرسایـەتی تەواو ئـیزن دراوەکان ئەنجام بداو خۆی لە قەدەغە کراوەکان لابدا. بۆوێنە : سەداقەت وڕاستی ئەرکە ، بەڵام درۆو دوو ڕوویی قەدەغە کراوە . ئەمانەت و ئەمینداری ئـەرکە ، بـەڵام خەیانەت و دەست پیسی نەفرینی لێکراوە. بەکارهێنانی ئـەقڵ و مەنتیق ئەرکە. بەڵام ملهوڕیـ و زوڵم و زۆرداری بەتوندی یاساغ کراوە.

 بەکورتی هەرچی زیـان بەخۆت و کۆمەڵگا بگەێێنێ حەرامە و هەرچیش لـە خزمـەتی خۆتـو مرۆڤایـەتـیـدا بێ ئەرکی پێی لـە سەر داگیراوە. بەباری ڕاستە قینەش دا دەبێ بڵێین: ئیسلام حیزبێکی سەرتـاسەری جیهانیە. قـورئان پێڕەو و بەرنامەیەتی، شەرع شیکردنەوە و تێگەیشتنی دەقەکانـە. مـامـۆستایـانی ئایینی بـە پلەی جیاوازیانەوە کادری ئەوحیزبەن، موسوڵمانان بەگشتی ئەندامی ئەون.حوجرەو مزگەوتەکان بنکە و بارەگای ئەو حیزبەن. نـوێژی هەینیش کۆبـونـەوەی گشتیە. ئـەو بـاسە ڕوی لـە ماموستایانی ئایینیە نەک خەڵکی ئـاسایی. لـێرەدا پـرسیارەکە ئـەوەیـە : ئـەگەر ئـێوە بـەڕاستی بـڕواتان بە ئـوسـولـەکان هـەیـە کە یـەکن و نـەگۆڕێـشن و ئامانجەکەش هەر بۆ بەخەتوەری مرۆڤەکانە، بەجێ هێنانی ئەو ئەرکانە بۆ وەدەست هێنانی ڕەزای خوایە، ئەدی ئەو هەموو حیزب و مەزهەبە جۆراو جۆرو دژ بەیەکانە هەر لە ژێر ناوی ئیسلامدا شەڕی ساردو گەرم دەگەڵ یەکتر دەکەن، چین و بۆ دروست کراون و مەبەستیان چیە ؟! ئەگەر خواو پەیامبەرو قورعانەکە هەر یەکە . ئـەو گشتە تـەعبیرو تـەفسیرە دژ بەیەکانە چین ؟! دەبێ ئەوەش بسەلمێنین کە ئیمام یان ڕێبەر نە خوایەو نە پێغەمبەر، مرۆڤە وەک هەموو مرۆڤەکانیتر ڕەنگە لـە باری دینەکە لـە خەڵکیتر زیاتر بزانێ ، بەڵام هەموو شتێک نازانێ . ئەگەر بەقسەی ئیمامێک نەکەی، وەدوای ئەویتریان بکەوی، یـان وەدوای هیچیان نەکەوی نـەکوفرەو نـەتاوانە. ئیسلام دارێکی ئەستورو تەمەن درێژە ، لکووپۆپی لێبونەوە بەڵام هەر گیز شکڵو بەرەکەی نە گۆڕاوە و دووشتی جیاوازی لێ نەکەوتۆتەوە. ڕاستە دار پیوەـند دەکرێ بەڵام ئەوە ئەسڵەکە نیە دەکرێی لێی کەیـەوەو شتێکیتری لـە جیدا بنێی . لـە بەشی زۆری دنیای بـەنـاو ئیسلامی ئـەوڕۆدا دەبینین موسوڵمان بـرای دینیەکەی خۆی دەکوژێی ، نـاوی کوفـرو مولحیدی بۆ بەکار دەهێنێ . هێرش دەکاتە سەر موسوڵمانان وفتوای جیهادی بـۆ دەردەکا. ئـەو نـاوانەش کەسانێک بـۆی ساز دەکەن کە ئاگایان بەڕاستی لەئیسلام نیە . پـێم ناڵێن موسوڵمان برای دینی خۆی بکوژێ بەناوی دین مانای چیە ؟!

ئـەو بابـەتـە زۆر هەڵدەگرێ ، جاری ئـەوەنـدە بـەسە . بـەداخەوە حیزبە سیاسیەکانی کوردستانیش لەو ئیسلامەی کە بدواکەوتوی دەزانن ! خراپتریان بەسەرهاتـوە. دەگەڵ ناوو ڕیبازی جیاوازیان لە ناو خۆشیان دا لەت و کوتـو دژ بـەیـەکن . ئـەگەر بێ پەردە بڵێم : یەک دیمۆکراتەکان بون بەدوو، کـۆمـەڵاکان بونە سێ. بە کردوە هـەرهەمـوشیان خـۆیـان بـەڕاست دەزانـن و ئەویتر بە هەڵە ! لێرەدا دەبێی بڵێم : ( شێخ ئـەحمەدیـەکمان هەبوو ئەگەر شتێکی ئاڵۆزمان بۆدەهاتە پێشێ و بـۆمان لێک نـەدەکراوە دەیکوت : خوا ڕوحم بە پەروەردگاری بکا!! ) بـۆ چونی خۆم وایە ،کەسێکی تۆزێک شارەزایی لە دین و شەرع هەبێو ناوی مامۆستای ئایینی بێ، ڕەوا نیە هەروا بـەبێ هەست بە بەرپرسایەتی و بەگرینگی ئەرکی ئایینی، وەدوای قیل وقال وتەی فڵان و فیسار بکەوێی . وەک خۆم بـڕوای ئـایینیم بـە هـیچ کام لـەو حیزب و سازمان و گروهو تاقمانە نیە کە بەناوی دین دروست کراون . ئەوانە لە ژێـر چەتـری ئیسلامـدا ئـەجیندای سیاسەتێکی دیـاریکراو دادەبەزێنن، هیچ نەبێ هەڵوەدای دەسەڵاتن. بیانەوێو نەیانەوێ خەریکن ئەو بناغە پتەوەی ئیسلام، بەناوی دیـن بنکۆڵ دەکەن. ئـەوانـەی ئیدعای شارەزایی ئـایینی دەکـەن ، نـابێ دواکەوتوی هـیچ ئیمام و ڕێبەرێکی بەناوی ئایین بن. چونکە قـورئان ئیمامە، ئێمە مردوو تەڵقین دەکەین و پێی دەڵێین بـڵێ ( والقرآن ئمامی ) کە چی بـۆخۆمـان وەدوای مـرۆڤ دەکەوین ! دەگەڵ ڕێزم بۆ هەمویان ڕاست یان ناڕاست بۆ خۆیان لیی بەر پـرسیارن. خواش نەی فەرموە یەکتر بکوژن فەرمویە: لکم دینکم ولی دین . من ڕێزم بۆ هەموو ئایین و مەزەبەکان و کەسایەتیە ئایینیەکان هەیە ، بەڵام لە وانیش زیاتر ڕێزم بۆ باوەڕەکەم هەیە . منیش و ئەوانیش مرۆڤین و ئەوەی قسەی هەڵەی تـێدانیە وگۆڕانی بەسەردا نـایـە تەنیا خوایەو بەس. پێغەمبەران فەرمودەکانی خوایان بێکەمو زیادی ڕاگەیاندوە،لەخۆیانەوە نە هێچیان کردوەونە بەناوی دین هیچیان کوتوە. ئەوەی ڕێبەرانی ئایینی دەیڵێن تێگەیشتنی خۆیانە لە دەقەکان، مەرجیش نیە هەموویـان بـاش وەرگرتبێ . ئـەو ئاڵۆزیو ناتەبایی و دوژمنایەتیەی لـە دنیای ئیسلام دا دروست بـون ئـەوەمان بـۆ پشت ڕاست دەکاتەوە. پێمان دەڵێن ئیسلام دینی عەقڵ و مونتیق و زانستە نە تـوندڕۆیـە و نـە نـەرم ڕۆو، واتـە بـەزمانی عەرەبی ( نـە سەلـەفـیو نـە خەلەفـیە ) ئـەوە مرۆڤەکانن هەرکامەیان دەرک و تێگەیشتن و لێکدانەوەی جیاوازیان هەیـە. خـۆ ئـەگەر وردو بێ دەمار گرژی سەیری مەزهەبە جیاوازەکان بکەی بـە جوانی تیدەگەی چـیە . بۆ وێنە ئێمەی سوننی مەزەب چوار ئیماممان هەیـە کە لـە زۆر شت دا وەک یـەک ناچن . ئـەگەر سەیری شیعەکان بکەی ئەوەنـدەی من بـزانم ١٢ ئیمامـیان هەیە و ئەگەر خـۆمەینیش حیساب بکەین دەبنە سێزدە. خۆ ئەگەر بێی دەمارگرژی لیی بـڕوانی دەزانی حەڵاڵ و حەرام زۆر بەکەمی دەمێنێ. زینا گەورە تاوانە کەچی شیعە بەناوی سیغە حەڵاڵی دەکا. فڵان ئیمامە شتێک بەحەڵاڵ دەزانێ و بـەلای ئەویتریـانـە وە قەدەغە کراوە. چونکە مرۆڤ ئـەهلی هەڵەو لەبیر چونەوەیەو هەموو شتێک نازانی و ژینگەو دەوروبەریش کارتێکەریان لە سەری هەیە . بـونی ئـەو هەمـوو جیاوازیـانـە سەیر نیە. ئەوەی منی توشی ئازاری ویـژدانی کردوە ئـەوەیـە : لـە ئیسلام دا خـواو پێغەمبەرو ، قورعان ویـاساو ڕاساکان یەکن ولە سەر بناغەی وەحـدەت دروست کراون ئـەدی ئـەوهەمـوو حیزب وسازمـان و تـاقمە دژ بەیەکانە هەربەناوی ئیسلام چۆن دروست بون، بۆچی دروستکراونو سەرئەجام دەگەنە کوێی ؟! ئـەودارە جگە لـە مەرگ و مـاڵـوێـرانی چیتری پیوەدەبێ ؟! ئەوانە ڕاست نین وخواش نەفرینی لە درۆزن کردوە. وەرن بـا بچینەوە سەر ئـەسڵی خۆمـان کە ئێمە مـرۆڤین ،کوردین ، هاوزمان و نەژادو نیشتمانین با بە ڕەنگ و زمان و ئایینی جیاوازەوە مرۆڤ بین و دەست درێژی بۆ گیان وماڵ و ناموسی یەکتر نەکەین دنیایەکی هەمەڕەگی ئارام و هێمن پێک بێنین. با ئایەتی ( ئەوڕۆ دیـنەکەم بـۆ تـەواو کردن ) لـە بیر نـەکەین. لە ڕووی نەزانی یان بە ئـەقەست ، یـان بـۆ مەبـەست شتی لێ زیـادو کەم نـەکەیـن. ئەوەشیان کە دەڵێ ( دینی خۆتان بۆ خۆتان ئیخۆمان بۆ خۆمان ) کاری پێ بکەین. دبێی بزانین هەموو گیان لەبەرەکانی سەر زەوی وەک یەک ناچن و بە یەک جۆرو بەیەک ڕەنگ دروست نەکراون ، وەک یەک بیر نـاکەنـەوە ، بـەڵام دەبێی بـە یـەکەوە بـژیـن. کوشتن لە مەیدان دەرکردن ئامرازی بەختەوەری و پێکەوە ژیـان نین. ژیـانی پـڕ لە شەڕو نـاتەباییش ژیان نیە. زانـایان شارەزایـان و بـەتایبەت مامۆستایانی ئـایینی لـە تێگەیاندن و دروست کردنی ئەو پێکەوە ژیانە بەر پرسیارن و لە پێش هەمو کەس دا خوا لەوان دەپرسێتەوە.

 براتان مەلا برایمی مەجید پور١٧ سەرماوەزی ٢٧٢٠ ی کوردی

 ٧ / ١٢ / ٢٠٢٠ ی زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی