"an independent online kurdish website

ئاغایان دوکتۆر عەبدوڵای ئەبریشەمی و دوکتۆر رەحیم فەرەھمەند، وەک بە ناو پێشمەرگە موسڵمانەکانی مەکتەب قورئانی ئاغای موفتی زادە، بوونەتە پێشقەراوڵی رێگا و رێبازێکی ناپاک بۆ ئامانجێکی ناپاکانە.

راست وەک چۆن سەرەتای فەرمانی جیھادی خومەینی دژی گەلی کورد، بەناو پێشمەرگە موسڵمانەکانی مەکتەب قورئانی ئاغای موفتی زادەی ھەڵخڵەتاو، ئەکەفتنە بەر ستوونەکانی ئەرتەش ئێران و سپای تیرۆریستی پاسداران بۆ قەڵاچۆی داعش ئاسای گەلی کورد، ئەمانیش ئاوا کەوتوونەتە پێش ستوونێ، کاروانێ کە ئامانجەکەی ئەوەیە قۆناغی خەبات و بەرەڤانی چەکداریی گەلی کورد و حیزبەکانی بە تاوان بناسێنێ و بزاڤی رزگاریخوازانەی کورد بە ھەڵایسێنەری ئاگری شەڕ و ماڵوێرانی لە کوردستان لەقەڵەم بدات.

ئەوان بە قووڵی ناچنە ناو بابەتەکان و بۆچوونەکانیان ئاوەکییانە و ماسماڵییانە دەردەبڕن و پێیانوایە چەک و شەڕ لای بزاڤی رزگەریخوازیی کورد ئامانج بووە. بۆیە ئێژن: شەڕ کردەیەکی فیزیکییە و تێیدا لایەنی بەھێز(بە چەک و پارە) سەرئەکەوێ! وەک ئەوەی دۆزینەوەیەکی گەورەیان کردبێ و ئەتۆمیان شەق کردبێ! بەم جۆرەش وەک گەرەکیانە توێژی لاو و نەسڵی ئەمڕۆی کوردستان بگەیێننە ئەو قەناعەتەی خۆیان!

لەوانەیە ئەوان قەتیان لەخۆ نەپرسیبێ، کاتێ تاقمی خومەینی دەستیان بەسەر دەستکەوتی شۆڕشی گەلانی ئێرانا گرت، بۆ سەپاندنی حوکمی خۆیان بە سەر کونجاوکونجی ئێرانا چە رێگاگەلێکیان گرتەبەر؟! ئایا ھەر ئەوان نەبوون وەک داعش، پاسدار و بەسیجیی ریشدارو سەروچاو ھەڵپێچراوی چەکداریان بە رێبەریی خەڵخاڵیەکان بە دەسەڵاتی گیان سەندن و خوێن ڕشتنەوە ناردە کوردستان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی جەھادەکەی خومەینی دژ بە کورد و بۆ قەڵاچۆ و کوشتوبڕ؟!

ئایا ھەر ئەوان نەبوون کە گوندەکانی قاڕنێ، قەڵاتان و ئیندرقاشیان کۆمەڵکوژ کرد و تەنانەت مەلای تکاکار و قورئان بە دەستی یەکێ لە گوندەکانیشیان دایە بەر دەستڕێژی گولە؟!

ئەوان بە تۆمەتبار کردنی گەلی کورد و خەباتە رەواکەی بە بەکارھێنانی چەک، بە چەشنێ پاکانە و بەرائەت بۆ کۆماری ئیسلامی و سپای تیرۆریستیی پاسداران ئەکەن. سپایەکی تیرۆریستی کە نە تەنیا خەڵکی ئێران، بەڵکوو تەواوی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی بە کردەوەی ئاژاوەگێڕانە و تیرۆریستی ھەراسان کردووە.

ئەوان ناڕاستەوخۆ ئێژن کورد ھەڵەی کرد چەکی ھەڵگرت، لەوانە بوو کۆماری ئیسلامی بێ چەک لە مەبەستی کوردان گەییشتبا و ملی بۆ داواکانیان راکێشابا!

بەڵام لەوانەیە ئەوان لەوە رانەمابن کە رێژیمی ئێران بێجگە لەوەی سپای پاسدارانی بە دەسەڵاتی کوشتوبڕەوە لە کوردستان وەردابوو ، نزیک بە نیو ملیۆن چەکداریشی لێ جێگیر کردبوو، ئەمەش بۆ دابینکردنی بەختەوەری و پاراستنی دڵخۆشی و گوزەرانی خۆشی ژیانی خەڵکەکەی نەبوو ، بەڵکوو بۆ سەرکوت و لەناوبردنی داعش ئاسای ھەر جووڵە و جووڵەرێ بوو کە پێچەوانەی ویست و حەزی ئەوان بێ.

ئەوان بەوەشەوە نەوەستان، ئەوەی لە رووی دونیای دەرەوەدا شەرمییان لە ئاشکرا جێبەجێکردنی ئەکرد، بەشێوەی ژێرزەوینی بەڕێوەیان برد. بۆ وێنە ئەمەش بە زنجیرە و شەپۆلێ پلان و کردەوەی تیرۆریستی دەستی پێکرد کە راستەوخۆ عەلی خامنەیی و ھاشمی رەفسەنجانی فەرمانیان بۆ ئەدان و سەعیدی ئیمامی(ئیسلامی) و سەعیدی حەجارییان موھەندێسییەکەیان بۆ ئەکرد و عەلی فەللاحییان و وەزارەتی ئیتلاعات و حەفازەتی ئیتلاعاتی سپای تیرۆریستی پاسداران بە شێنەیی لە ناوخۆ و دەرەوەی سنووڕەکان بەڕێوەیان دەبرد و وەزارەتی دەرەوەش کارئاسانیی بۆ ئەکردن. بەڵێ، بەم چەشنە ئەوان تەنانەت لە پێتەختی وڵاتانی دیمۆکراتی ئۆروپایی لە چەشنی ویەن و بێڕلێن و پاریس چەکیان وەک سەرەکیترین ئامراز بۆ گەییشتن بە ئامانجەکانیان بەکارھێنا و رێبەرانی ئۆپۆزسیۆنی خۆیان تیرۆر کرد.

بۆیە ھەر کەسێ تۆزقاڵێ سەری لە سیاسەت دەرچێ و شارەزای بزاڤی ماخوازانەی کورد بێ، ئەزانێ کە کورد بەدرێژایی مێژووی خەباتەکەی، چەکی وەک ئامرازی بەدەستھێنانی مافەکانی ھەڵنەبژاردووە، بەڵکوو ئەوە داگیرکەرانی کوردستان بوون بەردەوام چەکیان وەک ئامرازی مافی پاراستنی رەوا، بەسەر کورد و بزاڤەکەیا سەپاندووە. ئەوە داگیرکەرانی کوردستان لە وانە کۆماری ئیسلامی بوون کە بە تەواوی دژبەران و نەیارانی خۆیان سەلماندووە کە تەنیا زمانی چەک ئەزانن و لە زمانی چەک تێدەگەن.

لە سەردەمی پاشایەتییا کەسانێ وەک عەزیز یوسفی و غەنی بلوریان چەکیان بەکار نەھێنابوو کە نزیک بە چارەکە سەدەیەک لە زینداندا ھێڵرانەوە و پرتوکێنران!

خۆ لەم ساڵانەی رابردوودا کەسێ وەک محمد سدێق کەبودوەند(سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان) کە خۆی دژی چەکە، چەکی بەکارنەھێنابوو، کەچی ساڵانێکی دوور و درێژ لە زیندان ھاوێژڕا. خۆ “زارا محمدی” تەنیا مامۆستایەکی خۆبەخشی زمانی کوردییە کە دە ساڵە مناڵانی کورد فێری خوێندن و نووسین بە زمانی دایکییان ئەکات، کەچی لە لایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامیەوە بۆ ھەر ساڵێ خزمەتی بە مناڵانی نەتەوەکەی و زمانی دایکیی، ساڵێ زیندانی پێدراو بە دە ساڵ زیندان حوکم درا!

بە کورتی، گەلی کورد نە تەنیا گەلێکی شەڕخواز نیە، بەڵکوو ھەمیشە ھەوڵی داوە لە رێگای ئاشتیخوازانەوە مافەکانی بەدەست بێنێ، کەچی دوژمنەکەی لەو رێگایەشدا ھەر چەک و فیشەکی بەکارھێناوە، گەلی کورد ھەوڵیداوە خەباتی مەدەنی بکاتە رێباز، کەچی خەباتکارانی مەدەنیی بە زەبری چەک راپێچی ئەشکنجەخانەکان و دواتر زیندانەکان کراون.

بۆیە تاوانە، ناپاکییە ئەگەر کوردێ بیھەوێ لە بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستانا بزاڤی مافخوازانەی نەتەوەکەی بە بەکارھێنانی چەک تۆمەتبار بکات و کوشتوبڕ و کاولکاری و ماڵوێرانییەکانی دستی داگیرکەران بخاتە ئەستۆی گەلەکەی و بزاڤە رەواکەی. پێویستە ئەم جۆرە ھەڵویستانە وەک جۆرێ لە ناپاکیی نیشتمانی بە نەسڵی نوێی کورد و خەڵکی کوردستان بناسێنرێن و رێگا بە پەرەپێدانی سیاسەتە عەوامفەریبانەکانیان نەدرێ.

بابەتی پەیوەندی دار

ئەو بیرەی کاک عەوڵای ئـەبریشمی لە کوێوە هەڵقوڵیوە ؟!، مەلا برایم مەجید پوور

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی