"an independent online kurdish website

“چیا قادری” ئەندامێكی چالاکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ مەترسیی ئەوەی لەسەرە کە ڕادەستی ئێران بکرێتەوە.

“چیا قادری” کوڕی شەهید “ئەبووبەکر قادری” ناسراو بە “بەکرە گۆمانی”، دوای ١٢ ساڵ مانەوە لە وڵاتی نۆروێژ و چەند جار ڕەتکردنەوەی داوای مافی پەنابەرییەکەی دواجار پۆلیسی ئەو وڵاتە ڕۆژی هەینی ڕێکەوی ٣٠ی جولای ٢٠٢٠ی زایینی هەڵیان ‌کوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و بەزۆر ویستوویانە لەگەڵ خۆیاندا بیبەن هەتا دیپۆرتی ئێرانی بکەنەوە.

بەهۆی ناڕەزایەتیی توندی “چیا” لەو کارەی پۆلیس و خۆبەدەستەوەنەدانی، پۆلیس هەڕەشەی زیندانیکردنی لە ٣ ساڵ زیاتریان لێکردووە و پێیان ڕاگەیاندووە: “٢ حەوتوو مۆڵەتت هەیە تانە لە بڕیاری دادگای نۆروێژ بدەیت، ئەگەرنا دوای ئەو ماوەیە بە زۆری و بەبێ بوونی هیچ ناسنامەیەک دیپۆرت دەکرێیتەوە بۆ ئێران”.

“چیا قادری”  بەهۆی پێشمەرگە بوونی باوکی لە ڕێزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکێک لە بنکەکانی ئەو حیزبە لە ڕێکەوتی ٢٧ی جولای ١٩٩١ی زایینی لەدایک بووە و جگە لە کارتی پێناسی حیزبی دێموکرات هیچ ناسنامە و بەڵگەیەکی دیکەی ناسێنەری نییە و بۆ چرکەساتێکیش نە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و نە لە ئێراندا نەژییاوە.

دوای شەهیدبوونی باوکیشی لە ساڵی ١٩٩٤ی زایینیدا ماوەیەک لە هەولێر لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان (UN) خۆیان وەک پەناخواز دەناسێنن و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٢ ی زایینی دەڕواتە وڵاتی تورکیه و هەتا ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی کەیسی پەناخوازی لە “یوو ئێنـ”ـی ئەو وڵاتە پێشکەش دەکات و دوای بێ‌ ئومێدی لە قبوڵبوونی بەناچاری ڕوو دەکاتە وڵاتی نۆروێژ و دوای ١٢ ساڵ مانەوەش لەو وڵاتە جگە لە ڕەتکردنەوەی داوای مافی پەنابەرییەکەی پێیان ڕاگەیاندووە کە دیپۆرتی ئێرانی دەکەنەوە.

“چیا قادری” چ وەک کوڕی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات و چ وەک ئەندامێکی چالاک و کارای حیزبی دێموکرات بەتایبەتی لە بواری ڕاگەیاندن و سۆشیال ‌میدیادا، بە هیچ شێوەیەک ڕێگای گەڕانەوە بۆ ئێرانی نییە و بەهۆی سیاسەتە دژی ئینسانییەکانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەت دژی نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکرات زۆر ئاسان دەکرێت ڕووبەڕووی سزای توند ببێتەوە و ژیانی بەو هۆیەوە بەتەواوی بکەوێتە مەترسییەوە.

ناوبراو چەند جار داوای کردووە ئەگەر بڕیارە دیپۆرت بکرێتەوە ئەوا باشترە دیپۆرتی وڵاتی تورکیە بکرێتەوە نەوەک ئێران، بەڵام کاربەدەستانی وڵاتی نۆروێژ داواکەیان قەبووڵ نەکردووە.

دایکی “چیا قادری” لە وڵاتی نۆروێژ مافی پەنابەریی وەرگرتووە و لەبارەی دیاریکردنی ئەسڵییەتیبوونی “چیا” بەڵگەیەکی بەهێزە و دەتوانرێت لە ڕێگای تاقیکردنەوەی “دی ئێن ئەی” (DNA) ئەو ڕاستییە بسەڵمێنن کە ئایا “چیا” کوڕی ئەوە یان نا. بەڵام بەداخەوە دەزگا پێوەندیدارەکانی نۆروێژ ئەو کارەیان نەکردووە و هەرچەندە چیا داواشی کردووە بەڵام گوێی لێنەگیراوە و لە بەرامبەردا پەیتا پەیتا داوای ناسنامە و بەڵگەی ئێرانیی لێدەکەن کە ئەویش هیچکات نەیبووە و تەنانەت ڕێژیمی ئێرانیش ناسنامە بە منداڵی شەهید و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات ‌نادات.

لە ئێستادا چیا وێڕای نیگەرانی و پەشێوی کە دەرەنجامی ١٢ ساڵ چاوەڕوانی و بێ‌هیوایی‌ لە کەیسی پەنابەرییەکەی، ئەوا مەترسیی دیپۆرتکردنەوە و بەزۆر ناردنەوەی بۆ ئێرانی لەسەرە و داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی مافەکانی مرۆڤ، حیزب و ڕێکخراوەکانی چالاک لە بواری بەدەستهێنانی مافەکانی مرۆڤ و سەرجەم کوردانی تاراوگە بەتایبەتی دانیشتووانی وڵاتی نۆروێژ دەکات کە یارمەتیدەری بن و بە هەموویان بتوانن گوشارێک دروست بکەن هەتا دادگای نۆروێژ لەو بڕیارەی خۆی پاشگەز ببێتەوە و جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە کەیسەکەیدا بکات و بارودۆخی ژیان و بنەماڵەکەی و شەهیدبوونی باوکی لە دژی ڕێژیمی ئیسلامی ئێراندا لەبەرچاو بگرێت و مەرجی بوونی ناسنامە و بەڵگەی ئێرانی بەسەردا نەسەپێنێت.

هەر لەو بارەوە کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ وێڕای پشتیوانی لە چیا قادری داوا دەکات کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پرسی پەنابەران لەو وڵاتە دۆخی خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دژ بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەبەرچاو بگرن و ئەو ڕاستییە دەرک بکەن کە خەڵکانێکی زۆر لە سایەی سیاسەتی دیکتاتۆرانە و سەرکوتی ئەو ڕێژیمەدا زێدی خۆیان بە ناچاری بەجێ هێشتووە و ئاوارەی وڵاتان بوونە و بەو هۆیەوە زۆرن ئەوانەی کە مافی وەرگرتنی هیچ بەڵگە و پێناسێکی ئەو ڕێژیمەیان نییە و تەنانەت لە نێوخۆی ئێرانیشدا خەڵکانێکی زۆر هەن کە ئەو مافەیان لێ زەوت دەکرێت و سەرجەم بەڵگە و ناسنامەکانیان دەستیان بەسەردا دەگیرێت و جارێکی دیکە پێیان نادرێتەوە.

سەرچاوە:  کوردستان مێدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی