"an independent online kurdish website

 یەکێک لە چالاکانی سیاسی ناسراوی کورد و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، لە وڵاتی هوڵەند هەوڵی کوشتنی درا.

نوێترین هەواڵ لەم بارەوە ، کاووس عەزیزی 

زانیاریی نوێ:
ڕزگار پردئابادی کوری ڕەحمان خەڵکی گورگاوێی شنۆ، لە ڕەفیقانی منداڵیی کاک سادق بووە و ماوەیەک پێش ئێستا زەنگی بۆ کاک سادق ڵێداوە و گوتوویەتی کوڕێکم هاتۆتە هۆلەند بۆ درێژەی خوێندن، تکایە هاوکاریی بکەن.
کاک سادق چەند جار زەنگی بۆ ئەو کورە لێ داوە و دەعوەتی کردووە بۆ ماڵەوە و کورە هەر گوتوویەتی با کاتێك بدۆزمەوە خۆم زەنگت بۆ لێ دەدەم.
دوێنێ ئەو کورە زەنگی لێ داوە کە دێمەوە لای ئێوە. ماڵێ کاک سادقیش ئامادەیی میوانەکەیان دەکەن (میوانی زۆڵ) و ڕزگار کە دەگاتە ئیستگای قەتار زەنگ دەدا و کاک سادق بە ماشێن دەچێ بە دوایدا.
کاک سادق لەبەر بواری جیسمیی خۆی ناتوانێ لە ماشێن دابەزێ و زەنگ بۆ ڕزگار دەدات و دەڵێ وەرە ئەوە لە بەردەرکە چاوەڕێتم.
میوانی چەقۆ وەشێن بە دەستکە گوڵەوە دەڕواتە لای کاک سادق و لە ناو ماشێنەکەی دا دەستکە گوڵەکەی دەداتێ و لەگەل دەستکە گوڵەکەش بەردەبێتەوە گیانی کاک سادق بە چەقۆیان.
دوای چەندین چەقۆ، چەقۆ کەی دەکەوێتەو ەبەردەرکی ماشێن و دەشکێ، بەڵام بۆ جاری دووهەم بەو کەمە چەقۆیەی کە بەدەستیەو ەماوە دیسان هێرش دەکا و ئەوجار زۆرتر کاک سادق بریندار دەکا.

*******

سه‌باره‌ت به تێڕۆری کاک سادق زه‌رزا، لاپەڕەی  کاوە ئاهەنگەری 
تێڕۆریسته‌که‌ کوڕی کۆنه هاوکلاسی و هاورێی کاک سادقه، هاتووه له رۆتێردام بخوێنێ، بابی که ده‌بێته کۆنه هاوڕیێ کاک سادق زه‌نگی بۆ لێ ده‌دا و داوای لێده‌کات که کوڕه‌که‌ی ببینێ. کوڕه‌که‌ش (رزگار) پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کاک سادق ده‌گرێ و قه‌رار داده‌نێن له به‌ر ده‌م ئیستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ” لێوواردن”(Leeuwarden ) یه‌کتر ببینن. رزگار ده‌سته‌گووڵێکیشی پێ ده‌بێ. کاک سادق که ماشینه‌که‌ی راده‌گرێ، بێ یه‌ک و دوو کردن، له شووشه‌ی ده‌ستی راسته‌وه که کراوه ده‌بێ، هێرش ده‌کاته سه‌ر کاک سادق و چه‌ند زه‌ربه‌ی لێ ده‌دات، به بێ ئه‌وه‌ی هیچ قسه‌یه‌ک بکه‌ن پێکه‌وه یا  سواری ماشینی کاک سادق بووبێ، کاک سادق پێ به پێداڵه‌وه ده‌نێ که خۆی نه‌جات بدات، خۆی به ماشینی پێش خۆی داده‌‌دات و ماشین راده‌وه‌ستێ. رزگاری تێڕۆریست ئه‌وجار دێت به لای شۆفیردا هێرش ده‌کاته سه‌ر کاک سادق. چه‌ند کاردی دیکه‌ی لێده‌دا. چه‌قۆ( کاردێکی ده‌سک ره‌شی چێشتخانه‌ بووه)، نزیک به پازده چه‌قۆ له کاک سادق ده‌دات. سه‌ر، سینگ، زگ، شان. به‌ڵام له ئاخرین زه‌ربه‌دا چه‌قۆکه‌ (کارد) ده‌شکێ و ئیتر ئه‌ویش ده‌ست به‌ردار ده‌بێ. هیچ قسه‌یه‌ک پێکه‌وه ناکه‌ن. رزگار ده‌په‌شۆکێ، تیشێرته‌که‌ی ده‌ر دێنێ که پێش خوێن بگرێ. ژنێک به نێوی فێمه ڤان کامپن ( 52 ساڵه) داوا له رزگار ده‌کات دانیشێ و ته‌کان نه‌خوات، رزگار به‌و ژنه ده‌ڵێ به پۆلیس مه‌ڵێ:(No Police)، به‌ڵام فێمه پێی ده‌لێ حه‌تمه‌ن پۆلیس. پۆلیس زوو ده‌گاتێ و ره‌حمه‌تی تێڕۆریست به بێ هیچ کێشه‌یه‌ک خۆی ته‌سلیمی پۆلیس ده‌کات. کاک سادق ده‌گوازرێته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه، خێرا عه‌مه‌ل ده‌کرێ و له مه‌رگ نه‌جاتی ده‌بێ. سه‌یبراند بوما (Sybrand Buma) شاره‌داری لێوواردن ئه‌م رووداوه به رووداوێکی دڵته‌زین و زۆر ناخۆش وه‌سف ده‌کات. به خۆشییه‌وه کاک سادق نه‌جاتی بووه و له به‌شی IC نه‌خۆشخانه‌یه و پۆلیس به‌رده‌وامه له لێکۆڵینه‌وه.
********

*******

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانی ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (١٩ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، سادق زەرزا، چالاکی سیاسی و ئەندامی پێشووی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری لێواردن (Leeuewarden) هەڵکەوتوو لە باکووری هۆڵەند لەلایەن کەسێکەوە بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر و هەوڵی کوشتنی درا.

کەناڵی ( Hart van Netherlands) هۆڵەند پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەو چالاکە سیاسییە کوردە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ١٥ چەقۆی بەر کەوتووە و هێرشبەرەکە لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، سادق زەرزا نەشتەرگەری بۆ کراوە و باری تەندروستی جێگیرە، بەڵام ئەگەری زۆرە چاوێکی لە دەست بدات.

هەنگاو زانیویەتەی کە سادق زەرزا لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە لە هۆڵەند بووە کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە و بۆیە ئەگەری زۆرە کە هۆکاری هەوڵدا بۆ کوشتنی ناوبراو سیاسی بووبێت.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانش وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاندووە کە هێرشبەرەکە بە ناوی ”ڕ . پ“ خەڵکی شنۆ بووە و ئێستا لە ژێر لێپرسینەوەی پۆلیسی هۆڵەند دایە.

سادق زەرزا چالاکی سیاسی کورد و خەڵکی شاری شنۆیە. ناوبراو خۆشکەزای د.عەبدورەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە ڕێکەوتی ١٣ی ژوئیەی ١٩٨٩ لە سەر میزی وتوێژ لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی ئێران لە شاری ڤیەن، پایتەختی ئوتریش (نەمسا) تیرۆر کرا.

وەزیری دەرەوەی هۆڵەند ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە، کۆماری ئیسلامی ئیران دەستی هەبوو لە داڕشتنی پلانی تیرۆری دوو چالاکی سیاسی ئێرانی لەو وڵاتەدا. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ئەحمەد نیسی، دامەزرێنەری “بزووتنەوەی ئازادی بەخشی ئەل ئەحەواز” و “محەمەد ڕەزا کولاهی سەمەدی” ئەندامی موجاهدینی خەڵک لە وڵاتی هوڵەند و بەدەستی دەست و پەیوەندییەکانی ئێران تیرۆر کراون.

********

کوردستان مێدیا: لە هۆلەند هێرش کرایە سەر ئه‌ندامێكی پێشووی ڕێبه‌ریی حیزبی دێموكرات

ڕۆژی هه‌ینی ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزه‌ردانی ١٣٩٩ی هه‌تاوی بەرانبەر بە ١٩ی ژووئه‌نی ٢٠٢٠ی زایینی، له‌ هۆله‌ند به‌ چه‌قۆ هێرش كرایه‌ سه‌ر هاوڕێ “سادق زه‌رزا”، كه‌سایه‌تییه‌كی دڵسۆز و ئه‌ندامی پێشووی ڕێبه‌ریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.

كه‌سێک به‌ ناوی “ڕ. پ” خه‌ڵكی شنۆ كه‌ گوایه‌ بۆ خوێندن و ده‌وره‌ی پسپۆڕیی پزیشكی له‌ هۆله‌ند بووه‌، پێوه‌ندیی به‌ هاوڕێ “سادق زه‌رزا” ده‌كات و داوای چاوپێكه‌وتن و ڕێنوێنیی لێ ده‌كات. كاک “سادق زه‌رزا” كه‌ ده‌ڕواته‌ شوێنی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ و به‌ ده‌سته‌ گوڵێكه‌وه‌ ده‌چێته‌ لای، كه‌سی ئاماژه‌پێكراو به‌ چه‌قۆ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ری و چه‌ند چه‌قۆ له‌ سینگ و  له‌شی کاک “سادق” ده‌دات.

كه‌سه‌ هێرشبه‌ره‌كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی هۆله‌نده‌وه‌ ده‌سبه‌سه‌ر كراوه‌.

هاوڕێ “سادق زه‌رزا” چه‌ند ده‌وره‌ ئه‌ندامی ڕێبه‌ریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بووه‌ و له‌ كادره‌ دڵسۆز و به‌ناوبانگه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانه‌ و به‌ خۆی و بنه‌ماڵه‌ی تێكۆشه‌ریه‌وه‌ خزمه‌تێكی زۆریان به‌ جووڵانه‌وه‌ی كورد له‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات كردووه‌.

به‌ هیوای هه‌رچی زووتر چاكبوونه‌وه‌ی هاوڕێ “سادق زه‌رزا”.

ئه‌و كه‌سه‌ی هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر هاوڕێ “سادق زه‌رزا”، له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌ی پۆلیسی هۆله‌نددایه‌ و له‌ هه‌رجۆره‌ زانیارییه‌كی زیاتر و هه‌ر ئاكامێک كه‌ پۆلیسی هۆله‌ند ڕایبگه‌یه‌نێت، بینه‌ران و خوێنه‌رانی ئازیز ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌.

******

ڕاگەیەندراوی یەکەی کارگێڕیی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان!

دیسان هێرش كرایه‌ سه‌ر تێکۆشەرێکی دیکەی حیزب و گەلەکەمان.

ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ١٩ی ژووئەنی ٢٠٢٠ی زایینی، لە شاری لوردانی وڵاتی هۆلەند، هاوڕێی تێکۆشەر، کاک سادق زەرزا، ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبەکەمان و کەسایەتی ناسراوی نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئازدیخوازانەی نه‌ته‌وه‌کەمان، هێرشی كرایه‌ سه‌ر و لە ئاکامدا بە تووندی بریندار بوو.

کاک سادق، ساڵانێکی زۆر لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی نه‌ته‌وه‌یی دێموکراتیکی كورددا، لە شووێنە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا، وەک کادرێکی تێكۆشەری حیزبی و فەرماندەیەکی لێوەشاوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خزمەتی بە بردنەپێشی ئامانجە بەرزەکانی حیزب و نه‌ته‌وه‌کەمان کردووە.

لە درێژەی هەوڵ و خەبات و تێکۆشانی لە ڕیزەکانی تەشکیلاتی حیزبدا، هەتا ئاستی سەرەوە و ئه‌ندامه‌تی له‌ ڕێبەریی حیزب چووەتە پێش. کاک سادق سیمایەکی ناسراو و خۆشەویستی نێو تەشکیلاتی حیزبەکەمانە.

ئەگەرچی هەتا ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەلایەن پۆلیسی هۆلەندەوە سەبارەت بە ئەنگیزەی کردەوەکە بڵاو نەبووەتەوە بەڵام بە ئەزمونێک کە لە کۆماری ئیسلامی لەبەردەستدایە و ئاماژه‌كانی ئه‌و ڕووداوه‌ی هێرش بۆ سه‌ر كاک سادق و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زنجیرە تێرۆرانەش کە دەزگای تێرۆری کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا لە چەند وڵاتی ئورووپایی و به‌تایبه‌ت چه‌ندین جار له‌ وڵاتی هۆله‌ند ئه‌نجامی داون، بۆیە گومانی ئەوە دەکرێ ئەو کردەوەیەش به‌ بڕیاری دەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرا بێ.

ئێمە وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوەیە هیوادارین کاک سادق بە زوویی برینەکانی ساڕێژ ببنەوە .

 داوا لە پۆلیس و دەزگا بەرپرسەکانی دیکەی وڵاتی هۆلەند دەکەین کە لێکۆڵینەوەی پێویست سەبارەت بەو ڕووداوە بکەن و بیروڕای گشتی لە چۆنیەتی مەسەلەکە ئاگادارکەنەوە و بۆ سزادان و لەقاودانی   تێرۆریزم و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی هەنگاوی پێویست هەڵگرن.

یەکەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات

١ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی

٢١ ژووئەنی ٢٠٢٠ی زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی