"an independent online kurdish website

 مەسەڵەێکی کۆن

خەبەرێک لە دووتوێ سیاچەمانە

ناوەرۆکی بەیتێك لە میرزای پاوە (میرزا ئەولقاڎر)

……………………….

لە وێژەی دێرینی ئێمەدا زۆرجاربە ھۆی تاریکە سەڵاتی زاڵ بە سەر وڵات و ناوچەکەدا ئاڵوگۆڕی زانیاری بەنرخ، ویست ، مەبەست و گواستنەوەی ڕاوبۆچوونی خەڵک لە دوو توێ: مەسەڵ، گۆرانی،شێعر وشێوازی ھاوشێوەی تر بۆ خەڵک گوازراوەتەوە. بۆ وێنە لەم مەسەلەدا

١ ـ “ھەواڵ بەران پەی یەزەجرتێ، کاردارێ کارەکەرێ گرتێ”

ھەواڵ (خەبەر) بەرن بۆ یەزدگرد [ئاخرین پادشای ساسانی]کە خزمەتکارەکان بۆ خۆیان خزمەتکاریان گرتوە!

ئەمە لاتاوێکی ڕەخنە ئامێزی پارێزراو لە فەرھەنگی دێرینی ناوچەی ھۆرامانە تا ھەنووکە ماوەتەوە وسێنگ بە سێنگ بۆ نەسڵەکانی دوایی بە ئەمانەت گوازراوەتەوە.

دەق و ناوەرۆکی وتەکە ئەوە بەیان دەکات دژبەرانی دەسەلاتی ساسانی ئەوانە کە دژی حکوومەت و ھاودەنگی دەسەڵاتی ھێرشکاری بە دەسەڵات گەیشتووی نامۆ و نوێی عەرەب بوون بۆ ڕاکێشانی سرنجی خەڵکی بانگەشەی گەندەڵی دەسەڵاتی ساسانیەکان، خۆفەرزکردن بە سەر خەڵک وستەم کاری ئەوانیان دەکرد.بە ھەراوی بەڵێنی وەک ھەڤی ھەژاران ،دابین کردنی ئاسایش بۆ ھەموان نەھێشتنی جیاوازی لە لایەن دەسەڵاتی  ئایینی عەرب،ژیانی ئاسودە و… لە دەسەڵاتی نوێیاندا بۆ جەماوەربە گشتی دەدا.

کورت پاش نەمانی دەسەڵاتی گۆرین خۆیان واتە خزمەتکارانی پێشوو،ئەوانە کە تا دوێنێ خزمەتکاری ئاسایی و خاوەن ھیچ چەشنە زانیاری ئێدارەی وڵات پەروەری نەبوون جڵەوی دەسەڵات بەدەستەوە دەگرن.خەڵک دەچەوسێننەوە.بێ گوێدان بە بەڵێنیکان دەس بە سەر سامانی وڵاتدا دەگرن و خەڵکی وەک بەردەناچاربە خزمەتکاری خۆیان دەکەن. ئەوە لە حاڵێکدایە تاقمی نەزان و پاشکەوتووی جڵەوداری  دەسەڵاتی نوێ نە توانا نەزانیاری و نە زانستی بەڕێوە بەریی وڵاتیان ھەیە.

ئەو ئەزموونە دێرینە ڕاست وەرگێڕ بوێژوبیرھێنەرەوەی وتەکانی خۆمەینی وھاوبیرانی بیردێنێتەوە کە لە سەرەتای شۆڕشی ١٣٥٧ دابەڵێنی ھاوشێوەیان دیسان بە ناوی ئایین بە خەڵکدا.مەخابن ھەموان دیتیان بەڵێنی کانیان ھەڵگری پەند و ئامۆژگاری گەلێکە لە دووتوێ وتە دێرینە کەی سەرەوە پاش ڕۆخانی دەسەڵاتی ساسانی .

 ئاکام بوو بە ئەوەخەڵکی ئێمە بە لە بەرچاونەگرتنی ئەزموونە بە نرخەکانی ڕابردوو و پشت گوێ خستنی ئامۆژگاری پێشینیان سەرلە نوێ خۆی تووشی چارەنووسی ڕەشی ئەوتۆی وەک ئێمڕۆ کرد.

 

٢ ـ خەبەرێک لە دووتوێ بەیتی سیاچەمانە

شـاھـۆ مەگرەوۆ ، ئاتەژگا ماتەن

وێمیر بە تەمای، شنیای  باڵاتەن

 شاھۆ[ ئەشاوەھوو،ھێمای ئەھورامەزا،  بەرزمەقام وپیرۆز] شیوەن و زاری دەکات .ئاتەژگا [ ئاورگەی پیرۆزـ لە سەر شاخیک بە ئەم ناوە بەرانبەر شاری پاوە] ، لە گڕوتین کەوتوە،واتە دوای نەمانی ساسانیەکان کڕوکپ کراوە.

وێـمیر[ئێمیریا ـ خوالەی میری زێڕ ـدەسەڵاتداری خۆماڵی لە وشەی ھۆرامیدا] چاوەڕوان و بە تەمای گەڕانەوەی تۆیە.

بەگشتی بەیانی نێوەرۆکی ئەم بەیتە لە گۆرانی سیاچەمانە کە نەسڵ بۆ نەسڵ بەدەنگی سۆزدارئەم شاخ بۆئەو شاخ ،ئەم دۆڵ بۆ ئەو دۆڵ ولە ھەر کۆڕێکی خۆماڵیدا وتراووەتەوە ھەڵگری حکایەتی کۆن وسەربردەی شکانی دەسەڵاتی ساسانی پاش پەلاماری عەرەب ، زاڵ بوونی بێگانە ،ناچارکرانی خەلک بە ھەڵبژاردنی دینێکی ئەوکات نامۆو ھیوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی خۆجێییە.

شاھۆ ـ ئەشاوەھووسەمبۆڵی سەروەری وسەربەرزی خەڵک ماتەم دایگرتوە ،ئاورگەی پیرۆزی زەردەشتی باوەران نیشانەی گرووتینی ئایینی کوژاوەتەوە،وێمیر ھێمای دەسەلاتی پیرۆزی بێ دەسەڵات کراوی خۆماڵی تەمای لە خۆ نەبڕیوە.ھێشتارھەربە ئارەزوی گەڕانەوە وسەقامی باوەڕی پێشووی داگیرکراوە.

 (ئەشا لە ئەوێستادا واتای نەمری ھەیە. ھوو بەرزمەقام ،دوورودەست وێرا نەگەیشتوو، نەبڕاوە و ھەتاھەتایی. وەک لە کوردیدا دەوترێ: ” ھەی ھوو!. یا ھوو، ئەی ھوو، ھووو لەوێندەرێ، شاـ ھوو، دالاـ ھوو(ھوو) وەک پاشگری بەرزی و مەزنی.) ھەنووکە وێمیرسەیرانگای خەلکی ئەم شارەیە.

 

٣ ـ گەیاندنی مەبەست و ھیوا بەخشین لە دوو توێ بەیتە شێعرێکی میرزای پاوە[میرزا ئەولقاڎر] پێش سەتساڵ

بەڵـێ پەی سەنگەر شاھۆش  نەزاوەن

شارش نەپای تەخت قەڵای مەسناوەن

بەڵێ بۆ سەنگەر شاھۆ کەم وێنە وھیتری وەک ئەولەدایک نەبوە . ئەوشارە لە سێبەری دەسەڵاتی جێگرتوو لە قەڵای مەسناو[مەزد یەسنا] ھەڵکەوتوو لە بەرزاییەکی شاخی شاھۆلە سەراوەندی پاوەیە.

ئەمە نموونە شێعرێکە لە تێڕوانینی میرزا ئەولقادر شاعێری کۆپلە شێعری (کولە و ئاینەمەل) کە لەوێدا داگیر کردنی پاوە لە لایەن لەشکری عۆسمانی کە مامۆستایانە ستەم و ستەمکاری ئەوان وێنەکێش دەکات. ھاوکات پەنا بردنی خەڵک پاش راوێژی بەساڵاچوانی شار بۆ لای دەسەلاتی ناوەندی ئێران بۆداوای یارمەتی دەرپەڕاندنی داگیرکارکە لە ئاکامدا ئەمان  بۆ خۆیان دەبن بە داگیر کاری نوێ و خراپتر لە ئەوانی پێشوو کە میرزا ژیرانە بەختی ڕەشی خۆیان لە ژێر ستەمی داگیرکاری نوێدا بۆ ھەڵەی خۆیان لە پشت بەستن بە بێگانە شیدەکانەوە.ئەوەیە لە بەیت و مەبەستێکی ھاوشێوە بۆ دڵدانەوەی ناڕاستەوخۆی خەڵک پەسنی ئازایەتی، ڕابردووی پڕ لە سەرفرازی، ڕێگە گرتن بە ناھۆمێدی وبیرھێنانەوەی ئەو سەروەریە دەکات بە ھەوێنی ھۆمێد بە داھاتووی دڵخوازکە مەخابن ھێشتار پێ نەگەیشتوین.

سدێق بابایی ـ ٩/٦/٢٠٢٠ 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی