"an independent online kurdish website

لە تێکۆشانی حیزبی دا کادر و پێشمەرگەکان  کە دەگەڕانەوە ناوخۆی وڵات دەبوو ئاکامی کار و هەڵسوڕانی  خۆیان لە ناوچەی تێکۆشانیان لە لایەن بەرپرسی ئۆرگانەوە بکرێتە راپۆرت و لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ بنکەی سابت پێشکەش بە پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی بکرێ.

باسی گەرمی پلینۆمی پاییزی بریتی بوو لە گوێ ڕاگرتنی دەفتەری سیاسی و باقی ئەندامانی کۆمیتەی ناوندی بە ڕاپۆرتی تێکۆشانی هەموو ئەو کۆمیتە و مەڵبەندانە کە لە ناوخۆ گەڕابونەوە.

پاش پێشکەش کردنی ڕاپۆرت ئەمجار هەڵسەنگاندن بۆ چالاکیە ئەنجام دراوەکان دەکرا، ئەو شوێنانەی تێکۆشانیان بەرچاو بوو سپاس دەکران و ئەگەر لە شوێنێکیش کەم و کوڕی ڕووی دابوایە  لە لایەن بەشداربوانی پلینۆم داوای ڕونکردنەوە دەکرا، پێویست بوو لە لایەن بەرپرسی ئۆرگانەوە  وڵام بدرێتەوە و قەناعەتی دروست بکردایە، هەموو خاڵە بە هێز و لاوازەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرا، ڕاپۆرتەکان  لە لایەن کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی حیزبەوە  خاڵبەندی و فۆرمۆلە دەکران دواتر سیمیناریان لە سەر دەگیردرا و پاشان گەڵالەی نوێ بۆ تێکۆشان لە ساڵی دادێ دادەڕێژرا، ڕکەبەری لە سەر ئەوەبوو لە ناوخۆی وڵات چ ئۆرگانێک  تێکۆشانی بەرچاوتری هەبوە لە کوێ زیاتر زەربە لە رژیم دراوە، تێکۆشانی کادرەکانی تەشکیلاتی و ماڵی چۆن بووە؟  چەند کۆبونەوەی گشتی بۆ خەڵک کراوە؟ لە ناوچەی تێکۆشانی هەر ئورگانێک ئەرکە حیزبیەکان چۆن  و بە چ شێوەیەک بەڕێوە چوە؟ 

تێبینی! (هێزەکانی باشوری کوردستان داوایان لە حیزب دەکرد نابێ بگەڕێنەوە ناوخۆی وڵات  و دەبێ ڕعایەتی وەزعمان بکەن، بە نهێنی لە سنوور خۆمان دەر باز دەکرد).

نمونەی ڕاپۆرتێک دەبینن کە لە سالی ١٣٧٤ کە بەرپرسی مەڵبەندی دووی کوردستان بووم و پێشکەش بە پلینۆمم کردوە، هەم وەک یادەوەریەک و هەم بۆ کەسانێک کە ئەو کاتانە لە گەڵ نەبوون بزانن تێکۆشانی کۆمیتە و مەڵبەندەکان لە ناوخۆی وڵات چۆن بەڕیوە چووە؟ دیارە لەوانەیە ئەو ڕاپۆرتەی من کە ٢٥ ساڵی بە سەر دا تێپەڕیوە کەم و کورتی هەبوبێ هەر ئەوەندەم لە توانادا بووە.

ڕاپۆرتی مەڵبەندی دووی جنوب بۆ پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی

لە گەڵ سڵاو !

لە سازماندەهی ساڵی ٧٤ دا مەڵبەندی ٢ لە چوار تیم و دوو پەل سازمان دراوە، تەقسیم بەندی تیمەکان بەمشێوە بوون

دوو تیم بۆ ناوچەی – سەقز

تیمێک بۆ سنووری هەوشار – سەقز

تیمێک بۆ ناوچەی – دیواندەرە

لە سەر یەک بۆ ئەمساڵ ڕادەی ..٭…کادرو پێشمەرگە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەی تێکۆشانی مەڵبەند.

تیمی یەکەم دوو ئەندامی مەڵبەندیان لە گەڵ بوە، سەر جەم ..٭…کەس بوون ڕێکەوتی ١٩ |٤|  ١٣٧٤ گەڕوانەتەوە بۆ ناوچە

تیمی دووهەم …٭..کەس بوون لە گەڵ تیمێکی کۆمیتەی بۆکان پێکەوە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچە لە ڕێکەوتی٢٤ |٤ | ١٣٧٤

تیمی سێهەم کە ڕادەیان زۆر بووە لە ڕیکەوتی ١٩|٥|١٣٧٤ گەڕاونەتەوە بێسیمی ڕاکاڵیان پێبوە پاشان لە گەڵ تیمەکانی دیکە  لە ناوچە یەکیان گرتۆتەوە.

بەم شێوەیە تیمی یەکەم دوو مانگ و نیو ، دووهەم دومانگ و دە ڕۆژ ، سێهەم ٤٧ ڕۆژ لە ناوچە بوون. ڕۆژی ٤ |٧ |١٣٧٤  هەموومان پێکەوە گەڕاوینەتەوە بنکەی سابیت. چوار ئەندامی مەڵبەند لە گەڵ کادر و پێشمەرگەکان بوون.

جێگای خۆیەتی باس بکرێ کە ئەمساڵ (یەکیەتی نیشتمانی کوردستان) لە مەسیری بازیان شلێر ئەوەندەی بۆی کرابێ لە گەڕانەوەمان بۆ ناوچە بەرگری کردوە. ئێمە توانیمان بە شێوەیەک حەرەکەت بکەین کە موشکلەمان بۆ نەیەتە پێش.

بە نیسبەت عەمەلیاتی نیزامی پێش حەرەکەتمان بۆ ناوچە  بە پێی ڕێنوێنی سیاسی نیزامی بەرنامەی عەمەلیات بۆ ساڵی ١٣٧٤ لە سەر لەوحەی کارمان دا نەبوو  و  حوزور و خۆ مەترەح کردن، جەولە لێدان، کاری تەشکیلاتی، ماڵی، تەبلیغی، لە بەرنامەمان  دابووە، لە ناوچەی سەقز تەحەروکی رژیم بەو ئەندازەیە نەبووە کە زۆر توشی دەرگیری ببین،  ئێمەش نەمان ویستوە.

دوو جار بە شێوەی تەسادوفی لە گەڵ ئەفرادی دوژمن دەرگیر بووین جارێک لە ئاوایی قۆزڵوی هەوشار، ئەوی دیکەش لە ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز، دوژمن حەوت کوژراو و برینداری بووە پێشمەرگە بێ زیان بووین و ئەو ساڵ شەهید و بریندارمان نەبووە.

تەرکیبی هێزەکانی ڕژیم بریتین لە:

ئەرتەش، نیروهای ئینتزامی، تیپی دووی هەمزەی سەید شوهەدا کە سەر بە سپای پاسدارانی سەقزە و لە چەند گوردانی زەربەت پێکهاتوە، زیاتر بۆ بەربەرەکانی لە گەڵ پێشمەرگەیە، ئەمساڵ ڕژیم لە ناوچەی سەقز زۆربەی پایگاکانی خۆی چۆڵ کردبو بە چەند ئاواییەک پایەگایەکی لێ بەجێ هێشتووە، بەڵام لە  هەموو بەخشەکانی سەقز  شوێنی تایبەت گوردانی زەربەتی هەیە وەک گوردانەکانی: میرەدێ، ساحێب، حاجی مەمەدان، خوڕخوڕە ، مەولاناوا، ئێرانشا، کولتەپە و سەرا. بۆ هەر ناوچە یەک گوردان.

بێجگە لەم گوردانانە ساڵانی ڕابردوو بە دەیان مۆڵگەی دیکەی لێ بوون کە ئەمساڵ نەمابوون، لە بەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە

گرتنی سنورەکان بە هێزی زۆرتر لە جاران،  مین ڕیژکردنی زۆربەی کوێرە ڕێ و باریکە ڕێگەکان، قەول و قەراری هێزەکانی کوردی باشور بۆ رێ لێ گرتنمان بۆ گەڕانەوەی ناوچە، دەنگۆی موشکلاتی ناوخۆیی لە حیزبدا و سەر قال بوونی حیزب لە نەزەر دوژمنەوە، دەنگۆی ئەوەی چیدی حیزب عەمەلیاتی نیزامی ناکات، ڕژیم لانی کەم  تا ڕادەیەکی باش باوەڕی بەوە هێنابوو کە ئەمساڵ ناتوانین بگەڕینەوە بۆ ناوچە.

هەر بەو پێیە دامودەزگاکانی ئیتلاعاتی ڕژیم مەرکەزی ئوستانیان ئاگادار کردبوەوە کە ئەمساڵ سەقز ناوچەی (سفیدە) واتە بێخەتەرە، و مۆرەکانی ڕژیم دەتوانن بە بێ ئیسکۆرت بە جادە ئەسڵیەکاندا هاتوچۆ بکەن تەنانەت تێعدادێک لە جاشەکانی چەک کردون بەشێکیش بازنشست کراون.

 ڕژیم بۆ بەدەسهێنانی زانیاری لە سەر پێشمەرگە لەم ساڵ دا چەند تیمێکی  لە شوێنی جیاوازەوە دەناردە گوندەکان بۆ وەر گرتنی زانیاری و ڕادە و جموجول و چەک و چۆڵی پێشمەرگە.

لە لایەن کادر و پێشمەرگەکانەوە نەشریاتی حیزبی لە زۆربەی ئەو ئاواییانەی سەردانیان کراوە بڵاو کراونەتەوە.

ئێستە نەوعێک رەقابەت لە نێو بەکرێگیراوانی ڕژیم لە سەر کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر پێشمەرگە دەستی پێکردوە تەنانەت لە مەرکەزی ئوستانەوە ڕاستەو خۆر سیخوڕ دێنە شارستانەکان بۆ بەدسهێنانی زانیاری جوابی ئیتلاعاتی شارەکان نادەنە و ڕاستەوخۆ لە لایەن مەرکەزی پاریزگاوە وڵامدەرن، هەرکەس خەبەری دەقیق تر بەدەست بێنێ دەرەجەی دەچێتە سەرێ، جۆرێک لە کێ بەركێ لە نێوان بەکرێگیراواندا ساز کراوە.

تەرحێکی دیکەی ڕژیم لەو ساڵ دا سازکردنی بەسیجی مەردومی لە بەشێک لە ناوچەی هەوشار لەو شوێنانەی لە حیزب شەهیدی زۆرترە و ئۆگریان بە حیزب زیاترە تا ئەو جێگەی بۆی کراوە بسیجی لێ ساز کردوون لە نێو خۆیاندا مەسئولی بۆ داناون هەموو سەری مانگێک لە نزیکترین پاسگای محەل کۆیان دەکاتەوە و کۆبونەوەیان بۆ دەگرن، لە بەرانبەردا هێندێک ئازوقەیان بە خۆڕایی دەدەنێ، کاریان دانی زانیاری لە سەر پێشمەرگە و جاسوسی کردنە لە سەر یەکتر، ئەمسال کادرەکان بۆ خۆیان بەرخوردیان بەو مەسەلە کردوە، دیارە ڕادیۆ کوردستانیش هەواڵەکەی بڵاو کردەوە و خەڵکی لێ وشیار کردوتەوە نەکەونە داوی ڕژیم،  لەم گوندانە ڕژیم دەستی بەو کارە کردوە.

عەلیاوای جەغەتوو،  قەفڵانتوو،  چیچیخوار ، یازیبڵاخی ،  هەبەکی.

بەرخوردی خەڵک لە گەڵ پێشمەرگە!

لەمساڵ دا  پێشمەرگەکان ٦٨ ئاوایی ناوچەکانی سەقز و دیواندەرە و هەوشار گەڕاون،  لە گەڵ پێشوازی خەڵک بەرەو ڕوو بوون باش وەریان گرتوون بە تایبەت ئەو شوێنانەی دارودەستەی ڕژیم تەبلیغیان کردبوو حیزب نەماوە و لە نێو چوون.

 ئەوەی زیاتر خەلک باسیان لێدەکرد چوونە سەری قیمەتی  پێداویستی ژیان، کەل و پەلی خواردەمەنیە

بۆ نمونە عەمەلێکی سەرەتایی ٣٠٠٠٠ تمەن خەرج هەڵدەگرێ، پارەی دەستێک کتێب بۆ پۆلی یەکی سەرەتایی چوار تا پێنج هەزار تمەنە، ئەو کەسەی چاوەدێری نەخۆشێک لە نەخۆشخانە دەکات بە بێ ئەوەی هیچ ئیمکاناتێک لە نەخۆشخانە وەرگرێت دەبێ شەوی ٨٠٠ تەمن بە حیسابی نەخۆشخانە بدات.

ڕژیم لە دروست کردنی ڕێگاو بان و ڕاکێشانی هێڵێ برق بۆ ئاوییەکان دا کاری کرودە و چوەتە پێش.

تەبلیغاتی حیزبی!  لەو بارەوە کادر و پێشمەرگەکان لە زیاتر لە ٣٠ ئاوایی کۆبونەوەیان بۆ خەڵک پێکهێناوە، لە سەر وەزعی ڕژیم، سیاسەتەکانی حیزب لە سەر وەزعی کوردستان و جیهان قسەیان بۆ خەڵک کردوە .

پرسیارەکانی خەڵک!

خەڵک لەم بوارانەدا  پرسیاریان لە کادرو پێشمەرگەکان کردوە، شەڕی نێوان (یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان) لە باشووری کوردستان، نێوانی حیزب و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان،  بە هۆی داخستنی ڕادیۆ دەنگی کوردستان وەزعی  ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی ……

دیاردەیەکی دیکە لە ناوچەی سەقز، سەرهەڵدانی جەماعەتی موفتی زادەیە کە تا ڕادەیەک نفوزیان پەیدا کردوە، لە نێو مامۆستایانی ئایینی، پیاو ماقوڵان، تێعدادێک لە موعەلمینی گوندەکان، نفوزیان کردوە، لە نێو خەڵک دا بە دژی ڕژیم تەبلیغیان کردوە ، دیارە زۆرتر جەنبەی مەزهەبی هەیە، مەسەلەی شیعە و سونی مەترەح دەکەن لە بەر کردنی لیباسی کوردیش لە نێو ئیدارەکاندا تەبلیغ دەکەن،  دیارە لە سەر هەڵویستی حیزب نیسبەت بە خۆیان پرسیاریان دەکرد،  کادرەکان تەشویقیان دەکردن لە بەرابنەر ڕژیم توندتر هەڵویست وەر گرن و باسی نەتەوەیی بهروژێنن و توشی شەری سوننی و شیعەمان نەکەن.

لەبواری کار و باری ماڵی دا بە پێی ئوسول بەرگەی یارمەتی گۆڕدراوەتەوە، یارمەتی ماڵی وەرگیراوە لەو بارەوە لە ساڵێ ڕابردو  باشتر بووین.

کاری تەشکیلاتی لە لایەن کادرەکانی ئەو بەشەوە بەڕێوە چووە کە لیستەکەی دەدرێتە کۆمییسیۆنی سیاسی نیزامی، تراکت و نەشریاتی حیزبی نیردراوتە نێو شارەکان  لە زۆر شوێنی ناوشاری سەقز لە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ تراکتەکانی حیزبی بڵاوکراوەتەوە.

لە ناوشاری سەقز نزیکەی ٢٥ کەس لەو پێشمەرگانەی لە دوو ساڵی ڕابردوو دا خۆیان تەحویل داوەتەوە لە لایەن ڕژیمەوە  گیروان تا ئێستاش برێکیان هەر لە زینداندا ماونەتەوە.

ئیعتیاد هەر لە پەرە سەندن دایە زۆر کەس لە لاوان موعتاد بوون، هەر لەوانەش بۆ جاسوسی نێردراونەتە بنکەکانی حیزب بۆ جاسوسی کە لێیان گیراوە لە لایەن حیزبەوە زیندانی کراون.

هۆکاری نەمانەوەی زیاتر لە ناوچە و گەڕانەوەمان بۆ بنکەکان، سەرمای زۆر بە تایبەت ناوچەی سەقز پاییزان کەش و هەوایەکی ساردی هەیە، نەبوونی کیسە خەو.

پێشنیار بۆ سازماندەهی نوێ بۆ ساڵی داهاتوو

واحیدی ١٠ بۆ ١٥ کەسی دروست بکرێ، لە سازماندەهی نوێ جێگری هیز و جێگری لک نەمێنێ، پێش بارینی بەفر دەکرێ تیمێکی دە پازدە کەسی بنێرینەوە، بەڵام بە بارینی بەفر ناتوانین لە سنوورەکان تێپەر بین .

سپاس

ئەحمەد حسەینی

٢٣،٧،١٣٧٤

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی