"an independent online kurdish website

لەژێر ئەم ناونیشانەدا، لە  ماڵپەڕی ڕووداو/ کرمانجی  ئەم باسەم بەرچاو کەوت، کە گۆڕیومەتە سەر ڕێنووسی کوردیی خواروو. پاشان کۆمێنتێکی لەسەر دەنووسم.

٢٦/٥/٢٠٢٠

   ھەولێر « ڕووداو »  Sîna Soma

سەرۆکی شارەوانی پێشووی شاری ئامەد و ئەندام پەرلەمەنتاری پێشووی ھەدەپHDP عوسمان بایدەمیر، ڕایگەیاند کە: دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکی دیموکرات نییە و پێویستە ھەڵوەشێتەوە…

عوسمان بایدەمیر  لە ھەڤپەیڤینێکیدا لەتەک دەزگای بەریتانی « تەلەگراڤ ئەکتویل» ڕەخنەی توند لە دەوڵەتی تورکیا دەگرێ.

بایدەمیر، لەم ھەڤپەیڤینەدا  دەڵێ:  تورکیا دەوڵەتی کوردان نییە و دەوڵەتێکی داگیرکەتە و رەوایەتی خۆی لەدەست داوە.

بایدەمیر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە،  کە دەوڵەتی تورکیا  ھەرگیز ناگۆڕێ و نابێتە دەوڵەتێکی دیموکراتیک.  ھەروەھا دەڵێ: ئەوە دەیان جار تاقی کرایەوە، دەوڵەتی تورکیا ناگۆڕێ و نابێتە دیموکراتیک.

ئەم سیاسەتڤانە ناودارەی باکووری کوردستان عوسمان بایدەمیر، ھەروەھا ئاشکرای کرد و وتی: ئێمە لە تورکیا ڕووبەڕووی دەوڵەتێکی زۆردار و داگیرکەر دەبینەوە، کە دەبێت ھەڵوەشێتەوە و لەناو داروپەرووی کاولبووەکەیدا خۆی سەرنگووم بکات.

لە بەردەوامی ھەڤپەیڤینەکەیدا بایدەمیر دەستنیشانی ئەوەی کرد کە دەوڵەت و پەرلەمانی تورکیا نە ھی ئێمەی کوردە و جەختی کردەوە کەوا دەبێ ئێمە  بگەڕێینەوە سەر بنجوبناوان و ڕیشەی خۆمان.

بایدەمیر  ئاماژەی بەوە دا دەوڵەتی تورکیا لە باکووری کوردستان ڕەوایەتی نەماوە و دەڵێ لە ئامەد ڕەوایەتی ئەم دەوڵەتە بەدوایی ھاتووە، لەبەر ئەوەی سندووقی دەنگدانەکانی نەھێشتووە.

ئەم دەوڵەتە لێرە دەوڵەتێکی داگیرکەر و کۆلۆنیالە.

عوسمان بایدەمیر ئاماژە بە ھەوڵ و تێکۆشانی کورد بۆ بەدیموکراتیزەکردنی تورکیا  دەدات و رەخنە لەم کارە دەگرێ و ئاکامی ئەم ھەوڵە باس دەکات. ھەر لەم سۆنگەیەوە ڕەخنە لە سیاسەتی تەڤگەڕی کورد لە  باکووری کوردستان دەگرێ و دەڵێ:  ئێمە ھەوڵمان گرتە بەر بۆ بە دیموکراتیزەکردنی ئەم دەوڵەتە و تەواوی ھێز و توانا  و وزەی خۆمان خەرج کردووە بۆ شتێ کە نابێت و نایەتە دی.

ھەروەھا دەڵێ: پێویستە ئێمە بۆخۆمان  بین و خۆمان بپارێزین و دەبێ بگەڕێینەوە سەر ڕەگوڕیشەی خۆمان بۆ جوگرافیای خۆمان «مەبەستی نیشتمانە- ھەڵۆ». بەداخەوە ئەم پەرلەمانە چ سوودێکی بۆ ئێمە نییە. سیاسەتڤانی کورد بایدەمیر لەبەشێکی تری ھەڤپەیڤینەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەسەر: دەبێ ئێمە بە شێوەیەکی ئاشکرا بئاخڤین «نیشتمانی من ھەیە، ناوی ئەوەش کوردستانە. من نەتەوەیەکم شەڕی فاشیستی کەمالیستی، شەڕی فاشیستی ئیسلامی  بە من چی؟ بۆ دۆزەخ. ئێوە ھەردوو بۆ دۆزەخ

ئەستەمبوڵی ئێوە، ئەنقەرەی ئێوە، ئیزمیری ئێوە بۆ من چی؟؟.

دەبێ ئێمە بە ئاشکرا بڵێین : ئەم دەوڵەتە دەوڵەتی ئێمە نییە. من بۆ ئەوە ناڵێم کەوا ھێزی ئێمە ھەیە.. من دەزانم ھێزی ئێمە ناگاتە ئەمە..ھێزی ئێمە نابێتە ھیزی ئەوان،بەڵام ھێزی ئێمە بەشی خۆمان دەکات دەکات. ئێمە نەبینە بەشێک لە گەمەکانی ئەوان…

ھەروەھا دەڵێ: دەبێ کورد بنکەیەکی دراوسێیەتی لەگەڵ تورکیا دروست بکات.. وردە وردە کاتی ئەوە ھاتووە.

******

من (هەڵۆ) پێم وایە لەم چەند دەیەیەی ڕابووردوودا چ کەسایەتییەکی سیاسی کورد لە باکووری کوردستان ھێندە واقیعی و ئەقلانی نە بیری کردۆتەوە و نە بوێری دەربڕینی وەک عوسمان بایدەمیر ھەبووە.

وڵامە بە ناوبانگەکەی بەرامبەر بە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، کاتێ لێی دەپرسێ کوردستان لەکوێیە؟ دەست دەخاتە سەر سنگ و دڵیی و دەڵێ: کوردستان لێرەیە، سەرتاسەری تورکیای تەزاند و کوردستانیشی ھەژاند و خرۆشان.

بریا حیزب و سیاسەتڤانەکانی باکووری کورد بە تایبەت و تەواوی کوردستان بەگشتی ، وەک بایدەمیر ھزر و بیریان بکردایەتەوە و  ھەڵوێست و ڕەفتاریان ھەبووایە.

لە باشووی کوردستان 3  دەیەیە  خاوەن پەرلەمانین، کەسێک پەیام و ڕاگەیاندنێکی وای بەڕووی داگیرکەر و دنیادا  نەداوە.

ئەوانەی قەندیلیش  بە تۆزی ئەم وتە  راست و دروست و  دڵسۆزانە نەگەشتوون. ئەوان  دەیانەوێ  ئەم جۆرە داوا و قسانە  فڕێ بدەنە زبڵدانەوە، چونکە باویان نەماوە و پێویستە دەوڵەتی تورکیا بە دیموکراتی   بکەین.

دیارە ئەمە جگە لەوەی تاکە ڕێی ڕزگارییە، تاکە چەکێکیشە بۆ شەڕی داگیرکەران.

بەھیوای ئەوەی  ھەموو سیاسەتمەدارانی کورد پەڕۆیەک  لە عوسمان بایدەمیر دادڕن  و بانگی  ھەقی کوردایەتی  بە ئاشکرا و دەنگی بەرز  پێویستە و خۆشە…

نەفرەتی  خوا و مێژوو و ویژدان لەوانەی تری  نەتەوە کورد بە ئەفیونی دروشمی درۆزنانە و  وڕێنەی چەمک و تیۆری دیکە  دەخەپێنن.

دروود بۆ سیاسەتڤانی ھێژا و بوێری کورد «عوسمان بایدەمیر»…

سەرنج  : بایدەمیر  بەدرێژی ھەمان ناوەڕۆک لە چاوپێکەوتنێکی   MedyaTV دا بە تورکی کردووە.

لینکی ڤیدیۆکە و   بابەتەکەی ڕووداوتان بۆ دادەنێم…

‏https://www.rudaw.net/kurmanci/kurdistan/260520203

‏https://YouTube.be/yEF-PsmA

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی