"an independent online kurdish website

پاش هێرشی بەربڵاوی جاشەکان بۆ سەر پێشمەرگەکانی لکی شەهید موستەفا و کومیتەی باینگان لە ناوچەی مەڕەخێڵ  و داگیر کردنی ناوچەکە لە کۆتاییەکانی هاوینی ۱۳٦۱   بنکە

و بارەگاکانمان گواستەوە بۆ بەشی باشور و سەرەتا  لە  سەر سیروان و کۆساوا و بەهاردۆڵ و دواتر لە گوندی چۆڵ کراوی ڕێشاو  جێگیر بوین و تا کاتی کارەساتی هەڵەبجە لەوێ ماینەوە ناوچەکە لە هەر دوو بەری سنورەوە ناوچەی قەدەغە کراو و بەرەی شەڕی ئێران و عێراق بوو .

لە لای قەڵاگا ی نزیک شاری نەوسود تا دڕۆڵە و سەر بەنداوی دەربەندیخان ئاوی سیروان ئەبێتە هێڵی بە ناو سنور.

چۆمی سیروان لەم ناوچەیە بەنێو سەختای و هەڵدێری دژواردا تێدەپەڕێت و شوێنی پەڕینەوەی سەرئاوی سیروان یەکجار ئەستەمە ٫ کاتی خۆی لە دوو شوێن ئاوەکە پردێکی سروشتی لە نێو سەختاییەکە دروست کردبو ( بەردەباز) کە دەکرا بە سەریدا بپەڕییەوە ٫ سەردەمی دەسەڵاتی حەمە ڕەزا شادا ئەو دوو شوێنەیان بە تی ئن تی تەقاندوە  بۆ ئەوەی ڕێگای هاتۆچۆ بەربەست بکەن.

جادەیەک لە دوو ئاو تا دڕۆڵە  و سەر بەنداوی دەربەندیخاندا ڕاکێشراوە کە بە تەواوی زاڵە بە سەر ئاوی سیرواندا.

  لە زەمانی شادا  بە هۆی چوار پاسگای ژاندەرمری (دوو ئاو٫ هێرتا٫ مەڕەخێڵ و دڕۆڵە) ئەو ناوچەیەیان دەپاراست.

پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هەڵگیرسانی شەڕ لە کوردستان، ساڵی ۱۳٦۱ جاشەکان ئەم ناوچە سنورییەیان خستە ژیر کونتروڵی خۆیان و دەیان مۆڵگەیان لە هەمو بەرزایی و  گوزەرەکانی  سەر ئاوی سیروا دامەزراند  و نێوان سیروان و جادەکەشیان بە چری مین گوزاری کرد.

هاوینی ساڵی  ۱۳٦٦    هێزی داڵاهۆ کە بنکە و بارەگایان لە بناری بەمۆ بو بە هۆی ئامادەکاری هێزەکانی ئێران بۆ هێرش لەو ناوچەیە  بۆ سەر عێراق ڕێگای گەڕانەوەیان بۆ ناوچەی داڵاهۆ لێ بەربەست کرابو  ٫ بۆیە بڕیاریان دابو بە یارمەتی کومیتەی باینگان و لکی شەهید موستەفا لە ڕێشاوەوە  بە پەڕینەوە لە سەر ئاوی سیروان و لە ناوچەی مەڕەخێڵ و تاوگۆزی و سەلاسی باوەجانییەوە بڕۆنەوە ناوچەی داڵاهۆ.

لە هەڵەبجە چاوەڕوانی گەیشتنی پێشمەرگەکانی هێزی داڵاهۆمان دەکرد و پاش گەیشتنیان درەنگانێکی ڕۆژ چەند ماشێنێکمان بە کرێ گرت  بۆ سازان ٫ لە بەرزایی ملە هومڵەوە بەرەو سازان دەبوو پاش  تاریک داهاتن ماشینەکان بە چرا خامۆش  بڕۆنە خوار بۆ سازان لە بەر ئەوەی ڕێگاکە لە ژێر چاوەدێری پایگای جاشەکانی قۆپی گۆزیڵدا (هێمای سوری پشت گوندی وارامچێ) بو و لەوێشەوە بەپێ بۆ ڕێشاو.

ڕۆژی دوایی پاش ئامادەکاری و دیاری کردنی تیمی پێشڕەو دەسنیشانکردنی مەسیری جێگای مەبەست (هەنجیرگ)  پاش نیوەڕۆ لە نێو باخەکانی ڕێشاو بەرەو خوار و پاشان بۆ ناو باخەکانی سازان بۆ سەر ئاوی سیروان دواتر بەرەرەو گوندی چۆڵکراوی لمە داگەڕاین (هێڵی بەنەوش وێنەی ژمارە یەک).

بەشی زۆری ئەم ڕێگایەش لەژێر چاوەدێری مۆڵگەی گۆزیڵدا بوو٫ بۆیە دەبوو بەنێو باخ و پەسیو ئاودڕەکاندا دەرباز بین.

ئەو ساڵە و ئەو سەردەمە ئاوی سیروان کەمی کردبو و لە خوار ئاوای لمەوە ئاوی سیروان بگاری ئەدا و بێ کێشە  پەرینەوە بەشی ڕۆژهەڵات و لەگەل تاریک و ڕونی ئێوارە خۆمان گەیاندە دوو ئاوانی مەڕەخێڵ و چۆمی سیروان ( وێنەی ژمارە ۳  /۲).

ڕێگای دەربازبونمان  هەڵدێر و سەختایی ژێر ئاوایی هەنجیرگ  و مەیدان مینەکانی ژێر جادەکە و پاشان کەمین  و مۆڵگەی سەرجاودە و  بەرەو بەرزاییەکانی کۆیڵە بوو (وێنەی ژمارە ۳) ڕێگای سەرەوەی سەختاییەکەش ڕێگای هاتوچۆی جاشەکانی چەند مۆڵگەیەک  بۆ سەر کانی هەنجیرگ  بۆ ئاو بردن و خۆ شوردن و بە ڕۆژ هاتوچۆی زۆری لەسەر بوو.

ئەم شوێنە  نزیکترین ڕێگا و ئەمنترین شوێنێ دەرباز بوون بوو کە  ئێمە پێشتر تاقیمان کردبووەوە و بە ۳۰ خولەکێک لە سەر ئاوی سیروانەوە سەر دەکەوتین بۆ پشت جادەکە٫ حەوتویەک پێشتر شەهید مەحمو و تیمی تەشکیلاتی جوانڕۆمان لێرەوە بەڕێ کردبوو.

ئەو شوێنەی کە دەبوو لێی دەرباز بین (هێڵی سەوز٫ وێنەی ژمارە ۲) سەربەرەو ژورەیەکی توند بوو  لە لێواری سیروانەوە بۆ ژێر سەختارییەکە (خاڵی شین)  و شوێنەکە زۆر نالەبار بوو٫ وەک پێپلیکانە شوێن پێکان دیاری کرابون و ئەگەر لە شوێنی دیاری کراو لات دابایا دەکەوتیە سەر پوشی زۆر و زەبەن و وەک بەفری بەستو  بەسەریدا خلۆر دەبویەوە بۆ لێواری سیروان پاشان دەرباز بوونی سەختاییەکەش بۆخۆی پڕ کێشە بوو.

پاش وچانێک لە  لای تێگەڵ بوونی دوو ئاوەکان ڕێکەوتین بەرەو بڕی گوێرەکان٫ من تەنها کەسی شارەزای ئەو ڕێگا هەڵەت و سەختە بووم تا دەمەو بەیانی لەو سەرەو لێژە توندو سەختاییە گیرمان خواردبوو٫  بە زەخمەتێکی زۆر چەند نەفەرێکمان دەگەیاندە لای سەختاییەکە و دەگەڕاینەوە بۆ سەرخستنی کەسانی دیکە٫ لە ناکاو نەفەرێک بەردەبویەوە و دەکەوتە سەر پوشەکەو چەند کەسی دیکەی لەگەڵ خۆی راپێچ دەکرد  و خلۆر دەبونەوە بۆ  لێواری سیروان٫ ئەم بەزمە تا بەیانی بەردەوام بوو٫ هەوا خەریکی ڕۆشن بوون بوو شوێنەکەش گونجاوی مانەوەی ڕۆژ نەبوو ٫ دەبوو خۆمان بگەیەنینە شوێنی گونجاوتر٫ پێشتر چەند کەسێکمان دەرباز  کردبوو بۆ سەر سەختاییەکە٫ ئەوجار کێشەی دابەزاندن لە سەرخستنەکە پڕ زەحمەتتر بوو،  هەرچۆنێک بوو  گەراینەوە بۆ سەرەوەی ئاوی مەڕەخێڵ و سەر چۆمی سیروان٫ شوێنی مانەوەمان لە ژێر چاوەدێری  دوو مۆڵگەی جاشەکاندا بوو بۆیە دەبوو تا تاریک داهاتن لە شوێنی خۆمان نەجوڵێین٫ گەرمای هاوینی ئەو شوێنەش تاقەت پڕوکێنە و لەگەل تاو هەڵهاتن تەختە بەردەکان وەک کورەی ئاور داخ دەبن٫ تینی خۆر و گەرمای تاشە بەردەکان ئەو ڕۆژەیان لێ کردبوین بە دۆزەح ٫ ئەوە لەکاتێکدا بوو کە لە دوو میتری ئاوی سیروانەوە بووین نەدەکرا  بڕوینە سەر ئاوەکە و خۆمان فێنک بکەینەوە٫ کاک کەریم جاف یەک دوجار وتی کاک مەنسور حاڵم باش نیە با دەمو چاوێک بشۆم وتم نابێت جێگاکەم زۆر حەساسە پاش ماوەیەک  لە بەر تینی گەرماکە خوێنی لوتی بەر بوو هەرچی هەوڵماندا خوێنی لوتی نەدەوەستایە وە و بەناچار بە سینەخشکی خۆی گەیاندە سەر ئاوەکە  و بۆ ماوەیەک سەری لە ناو  ئاوەکە ڕاگرت تا خوێنی لوتی وەستایەوە.

پێشمەرگەکانی هێزی داڵاهۆ لەو کەوتن و خلۆربونەوەی شەوی پێشوو بە تەواوی بەدەنیان کوترابو و بەشێکیان کەوتبونە پرتەوبۆڵە و دەمەقاڵە لەگەل بەرپرسانیان ٫سەرئەنجام چەند کەسێکیان بڕیاری گەڕانەوەیان داو و داوایان لە ئێمە کرد نەفەری شارەزایان لەگەل بنێرین.

لەگەل تاریک داهاتنی هەوا  ئەوانەی بڕیاری گەڕانەوەیان دابوو لە سەر بەردەبازەکە ی پوڵیجگ پەڕاندەوە بەشی باشور و ئێمەش چاوپۆشێمان کرد،  لە بڕی گوێرەکان و بە ناچار ڕێگایەکی دیکەمان گرتە بەر و پاش دوو شەو لە جادەکە دەرباز بووین بۆ کەلی دڕک و دیوی تاوگۆز.

پاش چەند ڕۆژ لە داوێنی کەڵەخانی شەو درەنگانێک گوزەرمان کەوتە لای تاکە ماڵێک و بە نیاز نەبوین لەوێ بمێنینەوە  بەڵام خاوەن ماڵی دڵفراوان و مێواندار نەیهێشت درێژە بە ڕێگا بدەین  و بە ناچار لاماندا و بە گۆشتی مەڕێک  مێواندارییەکی تێر و تەسەلی لێکردین    و نزیک بەیانی کە مەجالی دوور کەوتنەوەمان نەبوو  خاوەن ماڵ شوێنێکی لە ناو دارستانەکانی نزیک ماڵی خۆیان بۆ دەسنیشان کردین  و چوینە  شوێنی دیاری کراو.

کە چوینە شوێنەکە شوێنی مانەوەی کەسانی ئێمە مانانی  لێ خۆش کرابوو  کە دیار بو پێشتر پێشمەرگەی لێ ماوەتەوە٫   دوو دوو و سێ سێ لە بن گەوەڵێک جێگامان خۆش کرد و لێی خەوتین.

نزیک نیوەڕو کوڕی ماڵەکە کە  ۱۰ – ١٢  ساڵێک تەمەنی هەبو باری گوێدرێژێک  خواردن و نان و ئاوێکی زۆری  بۆ هێنابوین٫ منداڵەکە هاتە لای ئەو گەوەڵەی ئێمەی لێبو ٫ پاش کەمێک هەستمان کرد کە منداڵەکە نیگەران و دڵتەنگە ٫ کە هۆی نگەرانیەکەمان لێ پرسی  دای لە پڕمەی گریان  و فرمێسک وەگ باران بە چاوەکانیدا دەبارییە خوار٫ لەگەل ئارام کردنەوەی هەوڵمان ئەدا هۆی گریان و دڵتەنگییەکە بزانین و پاش کەمێک ئارام بونەوە لە گەل هەنیسک دان پچر پچر وتی جاری پێشو لێرە هاتمە لای کاک مەحمود  بەگ  و  ئێستا کە چاوم بە جێگاکەی کەوت دڵم تەنگ بوو و خۆم پێ ڕانەگیرا   کە دەڵێن گیراوە و لە زێندان ئازاری زۆری ئەدەن هەرچونێک بو منداڵەکامان ئارام کردەوە  و بەڕێمانکردەوە ٫ لەگەل تاریک داهات لە هاوڕێیانی داڵاهۆ جیا بوینەوە و ئەوان بەرەو ناوچەی باوەجانی ڕێکەوتن و ئێمەش درێژەماندا بە گەشتەکەی خۆمان.

۲۸/ ۵/ ۲۰۲۰ / یوتبوری

مەنسوور

تێبینی/ مەحمود بەگ  ئەندامی کومیتەی شارستانی هەورامان و بەرپرسی کومیتەی ناوچەی جوانڕو  لەو سەردەمەدا بە هۆی خەیانەتی خۆفرۆشێکەوە لە ناو شاری جوانڕۆ بەدیل گیرا و پاش ساڵێک   ئازار و شکەنجەی سەخت لە رێکەوتی ۲۵/ ١١/ ١٣٦٧ لە زیندانی دیزڵ ئاوای کرماشان ئیعدام کرا و چوە نێو کاروانی سورخەڵاتی شەهیدان٫  ڕوحی شاد

هێمای سور مۆڵگەی جاشەکان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی