"an independent online kurdish website

بەهۆی ئەوەی گوندی بێردووک دەروازەی چەندین گوندە و شوێنێکی مەحدوودی تەنگە وەک دەراوی دوو چۆم، کەمێک درەنگ بەرەو نێو دێ چووین. کە گەیشتینەوە ئەو نوقتەیەی کە چۆمی کۆران لەگەل چۆمی بێردووک کەلە سوڵتانی یەوە سەرچاوە دەگرێ، یەک دەگرنەوە ، سەگ وەڕێکی زۆر هەبوو. دیاربوو ئەو سەگانە بۆ کەسی نیزامی دەچن. ئەو مەسیرەش هەمووی بێستان بوو و سیمی خارداری لێدرابوو، بۆیە تا چووینە ناو دێ زۆرمان پێچوو. گەیشتینەوە لای مزگەوت کە دەکەوێتەوە ناوەڕاستی گوند، تەواو بۆمان ڕوون بووە کە خەڵکی چەکدار کە مەعلووم بوو ئەفرادی ڕێژیمن لە ناو گوند هەیە. چوونکی کاروانچی لە باکووری کوردستانەوە دەهاتن و دەچوون.
بە هەر حاڵ وەدرەنگ کەوتین و دەبا زوو لە گوند دەرکەوین. ساڵی دواتر ناسیاوێکم بۆی گێڕامەوە کە دەرەجەدارێکی گورووهانی ژاندارمێریی بێردووک باسی ئەو شەوەی کردبوو کە ئەوان لە کەمینی کاروانچیەکان دابوون و ئێمەش واتە ئەو تیمە لە ناو ئەوان ڕا دەرباس ببووین بەڵام بە قسەی ئەو دەرەجەدارە ، وایان زانیبوو ئێمە ژمارەمان زۆرترە و ئەو ٣ کەسە بەس پێشڕەون، تا ئەوان زانیبوویان کە هەر ئەو ٣ کەسەن تازە ئێمە لە دەستیان دەرچووبووین. دڵنیام ئەگەر لەو شوێنە حاستەمە دەرگیربوونایە زەربەمان دەخوارد.
شەو کورت بوون و ڕێگامان درێژ، بە حاڵە حاڵ گەیشتینەوە کەلا بانەگێ(قەڵای بێردووک) و هیندێک چووینەوە سەرەوەتری مزگەوتی قەڵا و کانیەکی بچووک لە نێو خیز دەردەکەوت و هەر هەمووی ٥ میتر نەدەچوو دیسان ویشک دەبووە. کانییەکی خۆش و ساردبوو کە نازانم ئێستاش ماوە یان نا. خۆشییەکەی ئەوەبوو کە کانیەکە هیندە بێ گیاوگۆلە ئینسان زۆر بە زەحمەت دەیبینێ.
دونیا ڕووناک بوو و کەمێك خەوتین تا خۆر لێیداین. دەروبەری سەعات ١١ بوو ٢ سەرباز وەک تەئمینی جاددە هاتنەوە هەورازی سلکاوا بەرانبەر ئێمە. بە هەوایی هەمووی ٦٠٠ میترێك دەبوو. من ئەوە لە وێنەکە دا دیاریم کردووە کە کاک نایب و کاک سەید لای یەک لە ژێر دارێک دابوون و جێگایان لە جێگای من باشتربوو و دەیانتوانی هەستن و دانیشین. دارەکە کەمێک گەورە بوو. من ٣٠ میترێك لە سەرووی ئەوان بووم، دارە کنێرێک بوو نە هیندە گەورە ، بەڵام نەدەبینرام، خولاسە نەمدەتوانی هەستمە سەرپێ یان بێمە لای نایب و سەید.
باش خۆم لە ژێر دارەکە دا جێ کردەوە و گوتم مادام ناتوانم بچمە لای هاوڕێیانم با تێر بخەوم. هێشتا چاوم تازە چووبوونە سەریەک، هەر ئەوندەم زانی شریقەی ژ_٣ هات. وامزانی دەوریان گرتووین. ڕەختم خستە سەرشانم و دەستم دایە تفەنگەکەم، دیتم نایب و سەید محمد پێدەکەنن و دیار بوو ئەوان بەخەبەر بوون. گوتم چیە؟ گوتیان تەئمینی جادەن هیچ نیە. بەردێکی سپی کە ئەوە بە خەتی سەوز دیاریم کردووە ، نیزیک من بوو، ئەو سەربازانە بەردە سپییەکەیان کردبووە نیشانە تەقەیان لێدەکرد و خوا هەڵناگرێ دەشیانپێکا و نیشانەگیریان دەقیق بوو.
خەوتم هیندەی نە برد هەمان شت دیسان شریقەی ژ_٣ و ئەوجار کە سەرم هەڵێنا دووکەڵەکەی مابوو کەلەو بەردەیان دابوو. درێژی نەکەمەوە ، خەوم لێنەکەوت ئیدی و هەر بەماوەی نیو سەعات، ٢٠ دەقە جارێک گولەیەکیان لەو بەردە دەگرت کە وابزانم ٦ جار ئەو بەزمەیان بە سەر هێناین. هیندە فیشاریان بۆ هێنابووین، بانگی نایب و سەید محمدم کرد و گوتم با بۆیان بچین خۆ هەر لێمان ناگەڕێن. بە قسەیان نەکردم. بەڵام نەمان زانی سەعاتی چەند دەچنەوە پایەگای کەوشەن. دوای سەعات ٢ هەر گوتمان ئێستا دەڕۆن، تا سەعاتی ٤ مانەوە. ئەگەر بمانزانیبایە تا سەعات ٤ دەمێننەوە ئامادە دەبووین لەگەل ئەوان حەرەکەتیان کرد ئێمەش بەدوایان دا دەچووین و لە شوێنێک بە خزمەتیان دەگەیشتین.
ئەوان چوون ئێمەش نەخەوتوو وتوورە چووینە سەر جادە و دیتمان ئەوە سایپایەک باریان لێداوە و بەس شۆفێری تێدا بوو. نایب و سەید محمد لە پەنا شۆفێر دانیشتن و منیش چوومە سەر بارەکە دانیشتم. سەیر بوو کە هەر ماشێنێک لە ڕێگادا تووشمان دەبوو، خودا خودای بوو زوو لێمان تێپەڕ بێ. خاوەرێک لە حەسەنی را دەهاتە خوار کە تەماشام کرد کادرێکی پێشووی ئێمە کە خۆی تەحویل دابووە لە خاوەرەکە دا بوو و دیار بوو ئێمەی ناسی.گەیشتینەوە نیزیک حەسەنی جارێ زۆر زوو بوو، بەڵام خۆمان پێدادا و چووینە ناو گوند .
لە حەسەنی ماینەوە تا بەرەبەیان و چووینەوە سنوور و ماوەیەک لەوێ بووین کە ەبداخەوە ڕۆژی وابوو ٢، ٣ پێشمەرگە کەلە لای تەڕگەوەڕ لەگەل هێز تەسفیە حیسابیان کردبوو دەهاتنەوە لای ئێمە و پەیوەدنیان بە کەس و کاریانەوە دەکرد . هیندێکیان کە ژمارەیان کەم بوو دە فکری چوونی دەرەوەی وڵات دابوون. بەشی هەرە زۆریشیان لە ڕێگای بنەماڵەکانیانەوە دەچوون و تەسلیم دەبوونەوە. بۆ ئێمەش زۆر سەخت بوو. ڕۆژانە هاوڕێیانمان بە دڵێکی شکاو دەچوونەوە. زۆریان کە دەڕۆیشتن بە گریانەوە دەچوون. بەڵام توانیمان ٣ لە باشترین هاوڕێیانمان بە قەناعەت بگەیەنین و نەیەڵین بڕۆنەوە. ئەوان هاتنەوە و هەر وەک جاران بوون بە کەسی زۆر مۆئەسیر و ئەرکی بەرزی حیزبیان بە ئەستۆوە گرت و ئێستاش هەرسێکیان لەدەرەوەی وڵاتن و لە ڕیزەکانی حیزبدان.
چەند ڕۆژێک لەوێ ماینەوە تا تیمەکانی دیکەش هاتنەوە و یەکمان گرت وبەرەو مەڵبەند حەرەکەتمان کرد. پاش ٣ ڕۆژ گەیشتینەوە مەڵبەند و یەک دوو ڕۆژ لای ئەوان بووین، جا بەرەو مەڕگەوەڕ چووین.

******

کاتێک گەیشتینەوە مەڵبەند و هێز ، ئەوان خەریک بوو چادر و شتەکانیان دەپێچایەوە و لە سەر ڕێگابوون بەرەو لای کیوارستان و لەوێ ڕا بەرەو چل مێرێ شەهیدان. ئێمەش لەگەلیان کەوتین و حەرەکەتمان کرد وابزانم دوای دوو ڕۆژ گەیشتینەوە سەرگەڕی تورکان کانی و لەوێش ڕا بەرەو شاخی ڕەش کە دەکەوێتەوە سەرووی گەلی بێنار و گەرووی زینێ.
ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ١٣٧٠ لەوێ بووین تا دەوربەری نیوەڕۆ و کاک سەید ڕەسووڵ و کاک سەعید گوڵی و کاک سمایل بازیار و چەند بەرپرسێکی تری نیزامی چوونە ڕاسەری گەلی بێنار و دوای نیزیک بە سەعاتێک گەڕانەوە و کۆبوونەوەیەکیان لەگەل کاک تەیموور و باقی ئەندامانی مەڵبەند کە لەوێ بوون کرد. دوای کۆبوونەوە کاک نایب هات و بۆ هاوڕێیانی کۆمیتە کۆبوونەوەیەکی سەرپێی کرد و گوتی: ئەوە دەیبینن ڕێژیم خەریکە جاددە لە پایەگای گەرووی زینێ ڕا بەرەو سنوور لێدەدات و مەبەستیەتی بۆ لای بن لیسان و لەوێ ڕا بە ٣ سنوور واتە داڵانپەڕ ببەستێتەوە. هێز دەیەوێ زەبرێکیان لێ بدا و بڕیار ئەوەیەن ئێمەش وەک کۆمیتە لەگەل کاک تەیموور و هاوڕێیانی دیکە دەبێ ئێرە چۆڵ کەین و لە کاتی عەمەڵیات دا مومکینە تۆپ باران دەست پێ بکاتەوە . وابزانم هیندێک ژن و مناڵی هاوڕێیانیش مان لەگەل بوو.
من داوام لە کاک نایب کرد کە پێمخۆشە بەشداری عەمەڵیات بم. گوتی بڕۆ لەگەل کاک سەید ڕەسووڵ باس بکە، ئەگەر پێویستیان بوو بڕۆ. کە چووم کاک سەید ڕەسووڵ، سەعید گوڵێ و سمایل بازیار قسەیان دەکرد. گوتم منیش دەمەوێ بەشذاری عەمەڵیات بم. هەرسێکیان گوتیان پێمان خۆشە و چ باشتر کە تۆش بێیەوە.
ئەوەبوو لەگەل تیمێک کە کاک سەعید بەرپرسی بوو ، بەرەو هێزەکەی دوژمنی چووین و ژمارەمان وابزانم ١٥ کەس دەبوو و باقی هاوڕێیانیش دابەش بوونە سەر تیمی دیکە و لە مەسیری دیکە ڕا بەرەو سەری جادەکە کەوتینە ڕێ. ئێمە نیزیک ترین تیم بووین بۆ ئەفرادی ڕێژیم و بۆلدۆزێرەکان کە خەریکی جاددە لیدان بوون. هەرئەوندەمان زانی دوو سەرباز هاتنەوە بەرانبەرمان و دانیشتن. هەستمان دەکرد کە دەمانبینن، بەڵام دەمانگوت ئەگەر دەمانبینن بۆ هیچ جم و جۆڵێک لە خۆیان نیشان نادەن؟
کاتی دەستپێکردنی عەمەڵیات هات و وابزانم ئارپیجی تیمەکەی ئێمە بە کاک مەجید خەلیفەزادە بوو، بە ئارپیجی لە سەنگەری ئەوانی دا و ئێمەش هێرشمان بۆ کردن. دوو سەربازەکە نەیانتوانی هەڵێن، نازانم قەدەمیان شکا بوو، چی بوو خۆیان لە بن بەردێک کرد و تەقەشیان نەکرد. کەوتنە بەینی ئێمە و تیمەکەی کاک سمایل بازیار و ئەوان. بێ تەقە سەربازکان خۆیان تەسلیم کرد . کە لێمان پرسین ئێمەتان بینیبوو بەرلە تەقە؟ گوتیان ئەرێ بەس پێانگوتبووین لەم ناوچەیە هیچ خەتەرێک نیە و ناوچەیەکی ئەمنە ، بۆیە وامان زانی “نیروهای خودی” ن.
کە ئێمە گەیشتینەوە نیزیک بۆلدۆزێرەکان وانێتبارێکی نیسانیش گەیشتەوە لای هەردوو بۆلدۆزێر و نەفەرات دابەزین و وێرای شۆفێری بۆلدۆزێر و باقی ئەفرادی دەوروبەریان بوونە دوو دەستە. بەشێکیان هەڵاتنە پایەگای کۆماندۆی تورک و خۆیان خستەوە نێو کۆماندۆکانی تابووری هەلانە و لە دەستمان ڕزگاریان بوو. بەشێکیش دوای هیندێک موقاومەتی زەلیلانە بەو هەڵدێرانە دا خۆیان فڕێدا و بە گەلی بێنار دا تا دەشتی مەڕگەوەڕ تەماشای پشتەوەیان نەکرد کە دواتر یەکێک لەوان بوو بە پێشمەرگەش.
لەو نێوە دا تەنیا خەتەری جیدی ئەو دۆشکەیە بوو کە لە پایەگای زینێ ڕا لێێ دەداین. دۆشکە ڕاست بەرانبەرمان و شوێنەکەشمان ڕووتەن بوو و جێگایەک نەبوو کە پێیدا بڕۆینە لای ماشێنەکە و بۆلدۆزێرەکان. ئەو دۆشکەیە یەک لەحزە مەجالی نەدەدا. بەڵام تیمێکی بچووک بە هەر موشکیلێک بوو خۆمان گەیاندە سەر ماشینەکە و بۆلدۆزێرەکان.هەم ماشێن و هەم بۆلدۆزێرەکان جارێ کاریان دەکرد و نەکوژێندرابوونەوە، دیاربوو فریا نەکەوتبوون بیانکوژێننەوە.
کەتەماشامان کرد یەک سەتڵی پلاستیکیی گەورە لە پشتی ماشێنەکە دابوو. کەدەرکەکەمان هەڵدایە هەڵمی لێ هەستا و بۆنی برینج دەوروبەری پڕ کرد. زانیمان کە ئەو ماشێنە نانی نیوەڕۆی بۆ ئەو هێزە هێنابوو. مەعلوومە لەوشاخە گۆشت و برینجمان دەستکەوێ لێێخۆش نابین. ئەوندە دەزانم من تێر تێرم خوارد و ژمارەیەکی زۆر بەستەی نان هەبوون، یەک بەستە نانیشم هەڵگرت و هەتا گەیشتمەوە خنێرە لۆلان کێشەی نانم نەبوو.
تیمەکەی ئێمە بە قەوڵی کاک سمایل بازیار گوتی: ئەوەی ئێوە کردتان قۆڵدری بوو ئەگینا هاسان نەبوو گەیشتنی سەر بۆلدۆزێرەکان لە بەرانبەر ئەو دۆشکەیە، ئەگەر لە بیرم مابێ ئەوانە بووین: فەرهاد پیسپایی، شەهید سراج جاجۆیی، لاوە نەبی زادە ، مەجید خەلیفەزادە، سەدیق دەروێشی ، عیسا ئیراندووست ، شه هید لوقمان فولادی و من(کاووس). هیوادارم کاک لاوە نەبی زادە هاوکاریم بکا کە داخوا شەهید لوقمان فۆلادی لەگەل مان بوو یان نە؟
لە ماوەیەکی کورت دا بۆلدۆزێرەکان و ماشێنەکەمان ئاور تێبەردا و بوو بە چڕە دووکەڵێک لەو مەسیرە ، ئێمەش کەمێک لەو دووکەڵە دا توانیمان بڕۆینە دواوە تا کەوتینە نەدیوی دۆشکە، هەرچەند زۆر فیشاری بۆ هێنابووین. بەڵام تا ئێمە لە دیدی دۆشکەکە دەرکەوتین ،دوو هەلیکۆپتێری کوبرا هاتن و دەستیان کرد بە ڕاکێت بارانی ئەو مەسیرە. لە سەرەوەی ئێمە لە بیرمە کە لە شاخێکیان دا بەرد هاتنەوە خوار. ئەوەبوو هیندێك تۆپ بارانیش کرا کە بەخۆشییەوە هیچ زیان و زەرەدێکی نەبوو.
عەسری ئەو ڕۆژە لە نیزیک سەرگەڕی مامەشێخ یەکمان گرتەوە و دوای چا و نانێک، دونیا تاریک داهات و دەبا بەرەو گادەران و لەوێش ڕا بەرەو خنێرە لۆلان بچین کە مەڵبەند پەیامی دابوو ماشێن بێن بمان بەنەوە بێشێ.
سەرلووتکەی داڵانپەڕ پایەگای لێ بوو، بۆزی سینا و گەرووی سویجە پایەگای لێ بوو. دەبا زۆر بە سەلیقە لە نێوان ئەو پایەگاهانە ڕا بڕۆین تا نەکەوینە کەمین. لە پێشان لە سەر گۆلی سەرگەڕ هەردوو سەربازەکە کە خەڵکی ئیسفەهان بوون ئازاد کران و ئەوان بەرەو دەشتی مەڕگەوەڕ چوون و ئێمەش ئامادە بووین بەرەو مەسیری دیاری کراو. تیمێک وەک تیمی پێشڕەو دیاری کراین کە کاک تاهیر سۆفی ئەوکات بەرپرسی تەشکیلاتی بەراندێز و مەڕگەوەڕ بوو، زۆریش شارەزای ناوچە بوو، بوو بە بەرپرسی تیمەکە. لەو هاوڕێیانەش کەلە گەلمان بوون تەنیا سەدیق دەروێشی و سراجم لە بیرە. بە داوای لێبۆردن کە حافیزە نایکێشێ.
زۆر بە ئەسپایی و بە ئیحتیاتەوە ئەو مەسیرەمان بڕی و دەرباس بووینە گادەران. گەیشتینەوە لای قەبری شەهیدان شەهاب سەیادی و سەدیق ڕۆستەم نەژاد لە قەراغ چۆمی گادەران، لەوێ هیندێک ئیستراحەتمان کرد . دەوربەری سەعات ١٢ ی نیوەڕۆ بوو حەرەکەتمان کرد و کە گەشیتینەوە لای نازداری داغێ، گوتیان دوو پێشمەرگەمان هەڵاتوون و نەهاتوون. ئەوان چووبوون تەسلیم ببوونەوە.
ئەو شەوە گەیشتینەوە خنێرە لۆلان و لەوێ ماینەوە تا ڕۆژی دوایی عەسر ، ئەوە بوو دیسان کاک فەتاح سەعیدی وەک هەمیشە هەرچی لەندروێری سۆران و دیانان بوو هێنابوونی بۆ ئەوەی بمان باتەوە . کە چووینەوە بێشێ، زۆر غەریب بوو، کۆمەڵێک هاوڕێمان شەهید و ئەسیر کرابوون. ژمارەیەکی دەیان کەسی لە باشترین هاوڕێکانمان نەگەڕابوونەوە و جێگەیان بەتاڵ بوو. کێشە و گرفتەکانی ناوخۆی مەڵبەندیش هەر وەک خۆیان مابوونەوە و بەرەو کۆنگرەی ٩ش کە دەچووین کێشەکان زیاتر دەبوونەوە.

تا بیرەوەرییەکی تر ماڵئاوا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی