"an independent online kurdish website

بە داخەوە رۆژی یەکشەممە 2020/05/12  بە نەخۆشی کۆرونا کۆچی دوایی کرد .

خاڵە کەریم فەرماندە و پێشمەرگەی ئازای ناو رێزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو کە لە ناوچەی بانە دەیان قارەمانەتی لە خۆی نیشان دا و چەندین جار بریندار بوو.

خاڵە کەریم  لە ساڵەکانی 46 و 47 تا  کۆنگرەی 8  پێشمەرگەی حدکا بوو و لە کۆنگرەی 8 و  دواتر  لە کۆنگرەی 13 ش سەفی هاوڕێیانی پێشووی هەڵبژارد .

خاڵە کەسێکی زۆر بە ورە و ئیمان بوو، هیوای دیتنەوە کوردستان و بانەی سەربەرز بوو کە بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا.

وەک سایتی پێشمەرگەکان سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کاک کەریم و سەرجەم هاوسەنگەرانی دەکەین و روحی شاد بی.

UTF-8 مەلا محەممەد عەباسی، خاڵە کەریم ، سەید عەلی هاشمی، وێنە: ساڵە نەڵۆسی ‌۲۰۱۸/٤/۷

دەقی هەواڵ وەرگیراو لە ماڵپەڕی دەرەوەی وڵاتی هاوڕێیانی پێشوو

ڕاگەیاندراوی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی ح د ک بە بۆنەی کۆچی دوایی خاڵە کەریم ساڵحی

ڕاگەیاندراوی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی ح د ک بە بۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرین خاڵە کەریم ساڵحی ” کەریم سووتاو،ەوە”

بە داخێکی زۆرەوە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، بەرامبەر بە ١٢ی مەی ٢٠٢٠ی زایینی، خاڵە کەریم ساڵحی، ناسراو بە کەریم سووتاو، فەرماندەی بەوەج و تێکۆشەری دێرینی ڕێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە هۆی نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئوپسالای وڵاتی سوید ماڵئاوایی لە گەل و نیشتمانەکەمان کرد.

خاڵە کەریم یەکێک لە تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بەشی زۆر تەمەنی خۆی و بنەماڵەکەی کردە بەختی ڕێبازی پیرۆزی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و سەربەخۆیی کورد و کوردستان.

خاڵە کەریم ساڵحی ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی هەژاری گوندی مەنیجەلان لە ناوچەی مەیدانانی بانە لە دایک بوو. هەر لە هەرەتی لاوییەوە هەست بە چەوسانەوەی گەلەکەی دەکات، هەر بۆیە ساڵی ١٣٣٠ هەتاوی لە ڕێگەی شەهید مەلا ڕەحیمی وێردی‌یەوە پەیوەندی بە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە دەکات. هەر لە ڕۆژانی سەرەتای پەیوەندیی کردنی بە حیزبەوە دەکەوێتە بەر ئەزیەت و ئازاری بەشێک لە ئاغا و دەرەبەگەکانی ناوچە کە سەر بە دام‌ودەزگای سیخوڕی حکومەتی پاشایەتی بوون. هەر بۆیە بە ناچار لە سەرەتاکانی دەیەی ١٣٤٠ی هەتاوی دا بە بنەماڵەوە زیدی ژیانیان بە جێ دێڵن و ڕوو لە باشووری کوردستان دەکەن.

پاش هاتنیان بۆ باشوور، بە رەسمی دەچێتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دەبێتە یاوەری تێکۆشەرانی ئەوسای دێموکرات . خاڵە کەریم یەکێک لەو پێشمەرگانەی حیزب دەبێ کە لە جوڵانەوەی چەکداری ٤٦- ٤٧ دا دەوری کاریگەر و بەرچاو دەبینێ.

ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی برازایەکی بە ناوی کاک حەمەسدیق ساڵحی، کە یەکێک لە کادرە شارەزا و بە وەجەکانی حیزب بوو، بۆ ئەنجامدانی ئەرکی حیزبی لەگەڵ شەهیدان مەلا قادری وێردی و شەهید عەزیز مستەفازادە دەچنەوە بۆ ناو شاری بانە، کە بە داخەوە بە برینداری لە لایەن ژاندرمە و سیخوڕەکانی حکومەتی پاشایەتییەوە بە دیل دەگیرێ و پاش ماوەیەک لە شاری سنە لە سێدارە دەدرێ.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕوخانی حکومەتی پاشایەتی، خاڵەکریم و بنەماڵەکەی بە سەربەرزی گەڕانەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام زۆری نەکێشا کە دیسانەوە بە هۆی هێرشی دڕندانەی هیزەکانی ڕژیمی دژ بە کوردی کۆماری ئیسلامی، بۆ جارێکی دیکە ئاوارە دەبنەوە. هەر لە ڕۆژانی ئاشكرا بوونی خەباتی چەکداری حیزبی دیموکراتی کوردستان دژ بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، خاڵە کەریم وەک فەرماندەیەکی کارامە و شارەزا لێپرسراویەتی دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی لکی ٢ی هێزی شەهیدانی وێردی حیزبی دیموکراتی خرایە ئەستۆ. پاشان کرایە بەرپرسی لکی ٣ی شەهید قادر شەریف لە هێزی ئاربەبا و ماوەی چەندین ساڵ لە ناوچەکانی ئارمردە و پاش ئاربەبا دژ بە دوژمنی داگیرکەر خەباتی کرد. دوایین بەرپرسایەتی خاڵە کەریم ئەندامەتی کومیتەی حەوتەوانە و بەرپرسی پێشمەرگەکانی ئەو کومیتەیە بوو. خاڵە کەریم سووتاو لە ژیانی پێشمەرگایەتی دا چەندین جار بە سەختی بریندار بوو، بەڵام هەموو جارێک پاش ساڕێژ بوونەوەی برینەکانی دەگەڕایەوە سەرنگەری پێشمەرگایەتی و شێلگیرتر لە جاران شانی دەدایە بەر باری قورسی خەبات و تێکۆشان.

خاڵەکەریم ساڵی ١٩٩٧ی زایینی بە ناچار بە بنەماڵەوە ڕوویان لە هەندەران کرد و لە وڵاتی سوید گیرسانەوە، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا، بۆ تاکە ساتێک لە حیزب و بزووتنەوەی کوردایەتی دانەبڕا و لە هەموو کۆڕو کۆبوونەوە و چالاکییەکی حیزبی دا بەشداری کر..

بەداخەوە، وەک بەشێکی زۆر لە تێکۆشەرانی رێگای رزگاری، مەرگ دەرفەتی نەدا کە کاک کەریم ساڵحی‌ بەری رەنجی خۆی و رزگاری نیشتمانە داگیرکراوەکەی ببینێ، بەڵام دڵنیاین کە رۆژێک ئەو ئامانج و ئاواتانەی کە کاک کەریم و هاوسەنگەرانی کاک کەریم ژیانی خۆیان بۆیان تەرخان کرد دێنە دێ و تەمەنی تاریک پەرەستان روو لە نەمان و کۆتاییە.

بەم بۆنەوە، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری خاڵە کەریم ساڵحی و هەروەها خەڵکی ناوچەی بانە و سەرجەم هاوسەنگەران و هاورێیانی و دۆستانی کۆچکردوو دەکات.

روحی پێشمەرگە و تێکۆشەری بەوەفا کاک کەریم ساڵحی شاد و هیوای سڵامەتی و تەمەندرێژی و بنەماڵە سەربەرزەکەی و دۆستان و هاوسەنگەرانی دەخوازین.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات

١٢ ـ ٠٥ ـ ٢٠٢٠

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی