"an independent online kurdish website

بیرەوەری  32 ، سروشتی تایبەتی ناوچەی سەقز بە هۆی شاخاوی بوون و هەبوونی خەڵکێکی نیشتمانپەروەر. زۆربەی کاتەکان جێگای داڵدە و حەسانەوەی ئەو هێزانەی پێشمەرگە بووە

 کە پەیوەندی ناوچەیی و جیرانەتیان بەئاواییەکانی دەوروبەری سەقزەوە هەبووە، ناوچەی سەقز دراوسێیەتی و هاوسنووری  لە گەڵ شارەکانی،  بانە, بۆکان، هەوشار، دیواندەرە و مەریوانەوە هەیە هەر بۆیە زۆر جار پێشمەرگەی ئەم شوێنانە بۆ حەسانەوە ڕویان لە کوێستانەکان و ئاواییەکانی سەر بە شارستانی سەقز کردوە و لێی ماونەتەوە.هەر وەها بوتە هۆی هاوئاهەنگیش بۆ شەر و عەمەلیاتی هاوبەش و پێکەوەیی هێزەکانی پێشمەرگەی دیموکرات بە دژی کۆماری ئیسلامی،   شەڕی گردەکۆ لە ناوچەی گەورکی سەقز وەک یەکێک لە نمونەکان کە کۆمیتە کانی، بانە، بۆکان و مەڵبەندی دوو، واتە هێزەکانی (ئاربابا، بەیان، دووی ڕێبەندان)ی پێکەوە گرێ دا وەک بەشێک لە هاوئاهەنگی و هاوکاری هاوبەش.

ڕێکەوتی ٢٩.٥.‌١٣٦٨ی هەتاوی هەر سێ ئۆرگانی حیزبی پێکەوە لە چیاکانی پشتی ئاواییەکانی پیرەومەران و قوڵقوڵەی ناوچەی گەورکی سەقز یەکمان گرت و ماینەوە. مەڵبەندی دوو چەند رۆژ پێشتر تووشی زنجیرە شەڕێکی بە دوای یەکدا  ببوو،  نیازی حەسانەوەمان هەبوو، بۆ مانەوەی هێزێکی گەورەی پێشمەرگە لەو شوێنانە ئێوارە بەرپرسان و فەرماندەکان کۆبونەوەیەکیان گرت و شوێنی کەمین و نگابانی و حەسانەوەی  پێشمەرگەکان بە سەر چەند قۆڵ دابەش کران.

قۆڵی یەکەم ، بەرزاییەکانی پشتی ئاواییەکانی سونج و سەرسونج لای گوش بەش تێکەڵێک لە پێشمەرگەکانی بانە و بۆکان  سەرپەلەکان ،  عەلی شەهابی  و برایم تایری

قۆڵی دووهەم،

 بۆ بەرزایی ئاواییەکانی بۆیەنی سەرو، کانی ناو ، بەلوێ و بنەخوێ ،شاخی کلیلەچەوت ، سەرپەلەکان ،رەسوڵ قادری (سەقزی)سەلاح مەحمودی (ڕەش)

قۆڵی سێهەم ،

شاخی گردەکۆ و شوێنەکانی دەوروبەری سەرپەلەکان  مستەفا پیرانی و عەبوو کانی درێژی

کاتژمێر 4:30  بەرەبەیانی کەمینەکانی پێشمەرگە ئاگاداریان کردین بە ڕەمزی مێروولەکان (پاسداران) لە نزیکمانن، پێیان وترا تا نەگەنە چەند میتریتان تەقەیان لێ مەکەن ، کەمێک دوای ئەو پەیامە شەڕێکی توند دەستی پێکرد و بە پەلاماری لە ناکاوی  پێشمەرگەکان شەڕی دەستەویەخەیان بە سەر دوژمندا سەپاند و شەڕ گەرم بوو.

دوای چەند سەعات هەموو بەرزاییەکان پاک کرانەوە و دەیان کوژراو و بریندار و دیلیان پێ بەجێهێشتن، تا ڕووناک داهاتنی هەواو هەڵاتنی زەردەی خۆر، ئەو پاسدارانەی توانیبویان هەڵ بێن ئاودیوی ناوچەی بانە کرانەوە، پێشمەرگەکان دوایان دەکەون لە ڕانە مەڕێک نزیک دەبنەوە کە لەو دەور و بەرە دەبێ، شوانی مەڕەکەان وەختێک پێشمەرگەکان دەبینێ هەڵسوکەوتیان لە گەڵ پاسدارە دیلەکان ئینسانی و باشە.

فەرماندەی پێشمەرگەکان ئاگادار دەکات و ئەڵێ بەشێک لە پاسدارە هەڵاتوەکان لە نێو ڕانەمەڕەکاندا خۆیان حەشار داوە، پێشمەرگەکان گەمارۆیان دەدەن و ١٥ پاسداری دیکەیان لێ بە دیل دەگرن بەو جۆرە لە و شەڕگەیە دا بە بێ تەلەفات پێشمەرگەکان کۆنتڕۆڵی تەواوی بەرزاییەکان بە دەستەوە دەگرن.

دوژمن کە هەستی بە تێکشکان کرد لە هەر چوار لای مەیدانی شەڕ لە شارەکانی سەقز و بانە هێزی زیاتری ڕەوانەی شوێنی شەڕ کرد و لە مەسیری ئاواییەکانی بنەخوێ و دەوسێنەوە هێزێکی زۆری بەرەو بەرزاییەکان خستە ڕێ، هەر وەها لە لای سەقزەوە هێزێکی زۆری هێنایە ئاواییەکان پیرەومەران  قوڵقوڵە و کەرەویان ،

بەمجۆرە دەیان پێشمەرگەی دیموکرات لە هێزەکانی دووی ڕێبەندان، بەیان و ئاربابا، لە بەرانبەر سەدان کەس لە جاش و پاسداری تەیار بە چەکی قورسی وەک تۆپخانە و کاتیوشاو و خومپارە بە پشتیوانی هێلی کۆپتێر کەوتنە مەیدانی شەڕێکی قورس و نابەرانبەر.

شەڕگەی دووهەم

بەرزاییەکان پشتی بنەخوێ و شاخی کلیلە چەوت دوژمن بە هێزێکی زۆرەوە بۆ قەرەبوی شکستەکەی چەند جار هەوڵی دا دەستی لەو بەرزاییانە گیر ببێ، بە ئاگری تۆپخانە هەموو ئەو دەوەرەی کوێرانە ئاگر باران دەکرد و پاشان هێرشی دەکردە سەر سەنگەری پێشمەرگەکان بەڵام ئیرادی پۆڵایینی پێشمەرگە قاڵ بوەکانی دیموکڕات هەموو جارێ دوژمنی توشتی تەلەفاتی قورس دەکرد و پاشەکشەی پێدەکردن بە جۆری تا کۆتایی شەڕ نەیانتوانی هیچ شوێنێکی جێگای مەبەستیان داگیر بکەن.

شەڕگەی سێهەم

چیای گردەکۆ و شاخەکانی پشتی ئاوایی پیرەومەران

دوژمن دوای شکستی لە شەڕگەکانی پێشوو تۆپخانەی لە نزیک ئاوایی پیرەومەران دامەزراند و لە سەعات ١١ی پێشنیوەڕو بە ئاگری  توندی چەکەقورسەکانی هەموو ناوچەی داگرت و لە ژێر تۆپبارانی خەست دەستی دایە پێشڕەوەی بۆ سەر سەنگەری پێشمەرگەکان، سەختترین شەڕ لەو شەڕگەیە بەڕیوەچوو شەڕی نارنجەک و سەنگەر بە سەنگەر لە نێوان پێشمەرگە و جاش و پاسدارەکان دەستی پێکرد و دەیان کەس لە ئەفرادی رژیم کورژران و بریندار بوون، توانای داگیر کردنی سەنگەری پێشمەرگە و پێشڕەویان لێبڕا، تا تاریک داهاتنی هەوا ئاگربارانی سەنگەرەکان و بە تۆپخانە و نێوەنێوە بە هێلی کۆپتێر، شەر دەریژەی کێشا، بە تاریک داهاتنی هەوا دیلەکانی شەڕ بە ساخ و بریندارەوە قسەیان بۆ کراو و ئازاد کران.

 لە ئەنجامی ١٤ سەعات شەڕ و بەربەرەکانی ڕۆڵەکانی دیموکرات دەیان کەس لە دوژمن کوژران دەیان کەسی دیکە بەدیل گیران و چەک و چۆڵێکی زۆر کەوتە دەستی هێزی پێشمەرگە، دوژمن شکست و سەرشۆڕی بە نسیب بوو.

لە ئەنجامی   ئەو شەڕەدا  سێ پێشمەرگەی قارەمان بە ناوکانی محەمەد شامحەمەدی، قادر قادری ڕاد لە هێزی بەیان، برایم فەزڵی لە هیزی دووی ڕێبەندان  بەداخەوە شەهید بوون  و هەەر وەها نۆ ( ۹) پێشمەرگە بریندار بوون کە سێ کەسیان برینەکەیان قورس بوو، لەوانە مستەفا پیرانی، فایەق مەقسودی لە هێزی دووی ڕێبەندان  و عومەر محەممەدی  (پیرانشاری) لە هێزی ئاربابا.

زۆربەیان بە هۆی پڕیشکی تۆپ و خومپارە شەهید و بریندار بوون .

لە بەر بەربڵاوی مەیدانی شەڕ و  درێژەکێشانی بۆ ماوەی چواردە سەعات هەبوونی دەیان ئاوایی لەم دیو و ئەودیوی ناوچەکانی سەقز و بانە  دەنگدانەوەی باشی هەبوو،  ڕادیۆ دەنگی کوردستان بە شیوەیەکی باش داستانی ئەو شەڕەی بە گوێی خەڵکی کوردستان گەیاند.، دوژمن لە دوای شەڕ لە زۆربەی گوزەرەکانی سەر ڕێگای پێشمەرگە کەمینی دانابوو بۆ ئەوەی لە کەمینمان بخات و تۆڵەی شکستەکەی بکاتەوە .

بریندارەکان برینیان قورس بوو دەبوو دارە تەرمیان بۆ دروست بکرێ و بە  سواری وڵاخ ڕایانگوێزین، بە وریاییەوە خۆمان لە کەمینەکانی دوژمن ڕزگار کرد برسی و تینوو و شەکەت و ماندوو لە پشتی ئاوایی میک و باینجان لە ناوچەی سەر شیو  گیرساینەوە.

 ڕەحیم پەڕشەیی  بۆ چایی لێنان کتری لە کۆڵەپشتیەکەی دەردێنێ چایی ساز کات دبینێ لە نێو کتریەکەی دا تەماتەیەکی تێدایە، ئەڵی ئەی بە قوربانت بم دوو ڕۆژە لە دووی تۆ دەگەڕێم ئەوە بۆ خۆت لێ شاردوومەوە.

ئێستە کە ئەو بیرەوەریە دەنوسرێتەوە بە داخەوە بەشێک لەو پێشمەرگە و فەرماندە قارەمانانە کە لەو شەڕەدا بەشدار بوون و ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لەو شەڕە و دەیان حەماسەی دیکەدا، لە درێژەی تێکۆشانی حیزبی دا شەهید بوون لە ژیان دا نەماون کە بریتی بوون لە (کەریم سەقزی، شاڕوخ مردای، عەوڵا شێنانی خەلیل محەمەدی، ڕەحمەت دەست ئاموز، عەلی شەهابی، عەبوو کانی درێژی و ئیقباڵ بەیگی، برایم تایری،،،،،،،)

سڵاو لە رۆحی بەرزەفڕیان و سەربەرزی بۆ ڕیبوارانی ڕێگای پڕ لە شانازیان.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی