"an independent online kurdish website

مام شەڕافەددین تاهیر حەسەن خەڵکی ئاوایی مەمەکان سەر بە ناوچەی سۆما لە ساڵی ١٣٥٨ بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئیران و ماوەی ١١ ساڵ بەو پەڕی فیداکاری و لە خۆربوردوویی یەوە خەباتی کرد.

لەم بارەوە کاک کاووس و کاک مەجید ئەمجۆرە باسی مام شەرافەدین دەکەن.

پیرێکی خەباتکار کۆچی دوایی کرد!

ئەمڕۆ 2020/05/08 هەواڵی کۆچی دوایی  پێشمەرگەی دێرینی حیزب مام شەڕافەددین تاهیر حەسەن لە  شاری ئۆرمیەوە پێم گەیشت.

مام شەڕافەددین تاهیر حەسەن خەڵکی ئاوایی مەمەکان سەر بە ناوچەی سۆما بوو کە ساڵی ١٣٥٨ بوو بە پێشمەرگەی حیزب  و بۆ ماوەی ١١ ساڵ بەو پەڕی فیداکاری و لە خۆربوردوویی یەوە خەباتی کرد.

شەڕافەددین  کەسێکی جێێ باوەڕی حیزب و خەڵك، پێشمەرگەیەکی بوێر و نەترس، کەسێکی خاوەن قسەی خۆی، ڕاستوێژ، دڵ و دەروون پاک بوو کە ماوەی ٣ ساڵ فەرماندەری پەلێک لە پێشمەرگەکان بوو لە هێزی ئاگری و لە دەیان داستانی مێرخاسی دا جێ پەنجەی شەڕافەددین دیار بوو.

شەرافەددین قسە خۆش و ئەهلی مەجلیس گەرمی  بوو. ئەو لە تەمەنێکی زۆر دا توانی خوێندن و نووسینی کوردی بە باشی فێر بێ و بەردەوام هەوڵی خۆ فێرکردنی دەدا.

یەکێك لە قسە خۆشەکانی شەڕافەددین ئەو ەبوو کە کاتێک لە بەهاری ساڵی ١٣٦٥ دا سازماندەهیی نوێێ هێزی پێشمەرگە و ئۆرگانەکانی حیزب کرا، کۆمیتەی ئاڕاڕات ناوی گۆڕدرا بە کۆمیتەی شارستانی سەڵماس و ناوەندی ئاگریش گۆڕا بە مەڵبەندی شیمال. شەڕافەددین گوتی: ئاخەر ٤ ساڵ بوو بە هەزار موشکیلە من ناوی ئاڕاڕات فێر ببووم، ئەو جار نۆرەی “نەڵبەندە” هەتا ئەو ڕۆژەی کە پێشمەرگە بوو، هەر گوتی نەڵبەند و وشەی مەڵبەندی بۆ نەدەهات لە کاتێک دا  خۆی دەینووسی مەڵبەند.

شەڕافەددین  جگەلەوەی مرۆڤێکی قارەمان و لێهاتوو بوو، لە هەڵپەرکێی کۆنی دەڤەر دا وەستا و شارەزایەکی کەم وێنە بوو. هیچ هەڵپەرکێ یەک لە دەیان جۆری هەڵپەرکێی شیمالی کوردستان نەبوو کە مام شەڕافەددین بەو پەڕی لێزانی یەوە نەیزانێ.

مام شەڕافەددین ساڵی ١٣٦٩ بە هۆی چوونە سەری تەمەن و ماندووبوون، لە سەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێو خاو خێزانی و وەک کەسێکی پاک و جێی  ڕێزی خەڵک بەردەوام بەشداری پرسەکان، زەماوەندەکان، چارەسەری کێشەکامەڵایەتیەکانی خەڵکەوە بوو هەرکاتێکیش بۆی هەڵکەوتبا خەڵکی هاندەدا بۆ لای حیزب و بەردەوام باسی لە ڕابردووی خۆی دەکرد و وەفادار بوو بە ڕێبازی شەهیدان. لە کاتێک دا  لیباسی کوردی لە ناوچەی سۆمان باو نیە و دەبەری ناکەن، مام شەڕافەدین هەتا ئەو ڕۆژەی کە کۆچی دوایی کرد کەوا و پانتۆڵی کوردی  وەک شانازییەکی ژیانی پێشمەرگایەتیی پاراستبوو و بە خۆی و گۆچانەکەیەوە  بەشداری پرسە و شای و شینی خەڵکی دەبوو .

تا ماوەیەک بەرلە کۆچی دوایی، لە ڕێگای خزمێکەوە  پەیوەندیم لەگەلی  هەبوو و زوو زوو لە دۆخی حیزب و ئەحوالی هاوڕێیانی دەپرسی و قسەی ئەوە بوو کە  هیوادارم جارێکی دیکە بتانبینمەوە  ، بەداخەوە ئاواتی نەهاتە دی و ئەمڕۆ لە شاری ئۆرمیە کۆچی دوایی کرد.

ڕووحی  حەجی شەڕافەددین تاهیر حەسەن شاد و سەری کەس  وکاری خۆش بێ

****

روحت شاد مام شەڕافەددین تاهیر حەسەن، مەجید حەقی

زۆر بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی مام “شەڕافەددین تاهیر حەسەن”م لە پەرەی کاک کاوووس خوێندەوە. هەواڵێکی دڵتەزێن و ناوەکەی وەبیرهێنەرەوەی دەورانی سەرەتایی پێشمەرگایەتیم.

ئەگەر بۆ هەمووکەس مام شەرافەددین کەسێکی قسەخۆش، پێشمەرگەیەکی قارەمان بووبێ، بۆ من وەک برا گەورە، مامۆستا و هاندەرێک بوو بۆ کارەکانم. ئەوکات کە پێشمەرگە بووم خەریکی نووسینی فەرهەنگی وێنەیی گیا و زیندەوەرانی ناو کوردستان بووم. ئاواتم ئەو بوو “فەرهەنگێکی رەنگین” ساز بکەم و ئێمەش ببینە خاوەن فەرهەنگی “عمید”ی کوردی.

لەو چەند ساڵەی کە پێشمەرگە بووم زیاتر لە هەزار وشەم کۆکردبووە و وێنەی زۆرێک لە وشەکانیشم کۆ دەکردەوە. لە مەڵبەندی شومال رەحمەتی مام مستەفا کە، کەسێکی بەئەزموون بوو لەبارەی ریشەی وشەکان و هۆی ناولێنان و تەنانەت تایبەتمەندیەکانی رووەکەکان زۆری دەزانی. بۆ هەر وشەیەک جاری وایە یەک لاپەرە شی کردنەوەم دەنووسی. مام شەرافەدین ساڵەکانی ١٣٦٧ و ٦٨ کاتێک دەهاتە ناوچە، لە گەڵ خۆی زۆر لەو گوڵ و گیایانەی ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی کوردستانی کۆدەکردەوە و بەجوانی وشکی دەکردن و بۆ مقەر دەهێنا بۆ ئەوەی لەسەریان بنووسم و بخەمە ناو فەرهەنگەکەم. ناوی هەموو گوڵەکانیشی دەوت و دەیوت کە لە کوێ ئەو رووەکە دەروێت. هاندەریی مام شەرافەددین بۆ من خۆشترین خەڵات بوو، لە سەردەمێکدا کە دەست پێراگەیشتن بە سەرچاوەکانی نووسراوە و زانیاری نەتەنیا سنووردار و تا ئاستێک نامومکین بوو.

بەداخەوە دوای ڕوو لە هەندەران کردنم، هەم فەرهەنگەکەم و هەم چەند چیرۆک، شانۆنامەیەک کە ئەوکات نووسیبووم و وەرم گێرابوو، لەناوچوون و لەو فەرهەنگە تەنیا دوو لاپەڕەی لای خۆم ماوەتەوە.

ڕۆحی مام شەڕافەددین تاهیر حەسەن شاد بێ و یادی بەرز

مەجید حەقی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی