"an independent online kurdish website

 لە پێناسە کردنی حیزب بە شێوەیەکی سادە دەڵێین : حیزب بریتییە لە کۆمەڵە کەسانێک کە لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوە بە مەبەستی خەبات کردن و گەیشتن بە ئامانجێکی هاوبەش .

بو ئەوەی کە ئەم گروپە کەسانە بتوانێت خۆی وەک حیزب بە کۆمەڵانی خەڵک بناسێنێت، دەبێ پێش هەموو شتێک چونیەتی گەیشتن بەو ئامانجە دیاریکراوە پێناسە کردبێت و پێداویستیەکانی دابین کردبێت، لە غەیری ئەمەدا جارێ نەبوتە بە حیزب بەڵکو لە سەرەتای پێک هێنانی حیزبن و تەعریفی گرووپیان بو دەکرێت! دیارە مەرج نیە کە لە دابین کردنی هەموو پێداویستیەکان و خاڵەکان، کە لە خوارێ باس دەکرێت، زۆر سەرکەوتوو بن، بەڵکو مەرجە کە لە زۆبەیاندا  گەیشتووبێنەتە ئاستی پێویست ! زۆر جاریش بەهێز بوون لە بەشێک دا، دەتوانێت کەم و کۆڕی بەشەکەی دیکە دایپۆشێت .

ئەو کەرەستە و ” مەوادە خام ” ەی کە پێویستن بو پێک هێنانی حیزبێکی سیاسی – نیزامی بە مەبەستی ڕزگاری نەتەوەیی بریتین لە :

٭ دانانی ستراتێژیەکی” گۆنجاو” بە مەبەستی گەیشتن یا نزیک بوونەوە لە ڕزگاریی نەتەوەیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات

٭ دیاری کردنی شۆێنی خەبات و چالاکی لە سەرەتای کارەکە و هەبوونی پلان بو خەباتێکی گشتگیرتر لە داهاتوودا .

٭ دانانی پلانی ووردی کورت خایەن و درێژ خایەن بو پراکتیزەکردن و گەێشتن بەو ستراتێژیە نەتەوییەی دیاری کراو .

٭ دابین کردنی کەرەستەی پێویست بو جێبەجێ کردنی پلانەکان کە بریتین لە :

بەهێز کردنی باری ئابووریی وەک گرینگترین پێداویستیەکان بو بەدەست هێنانی چەک و چۆل ، تەدارۆکات و پێداویستیەکانی دیکە ،…

٭ دۆزینەوە و پەروەردە کردنی هێزێکی فیداکار و زانا کە بتوانێت “سەربەخۆیانە” پلانەکان بە باشترین شێوە و لە کەمترین کات دا عەمەلی بکات و گشت پرۆسەکە بەرە و گەیشتن بە ستراتێژیی نەتەوەیی دیاری کراو ڕێنوێنی بکات .

٭ پێکهێنانی توڕێکی بەهێز، پێکهاتوو لە زانایان و شارەزایانی بواری دیپلۆماسی و پێوەندی یە نێونەتەوەییەکان و شارەزا و زیرەک لە کاری لۆبیگەری

٭ پێک هێنانی شەبەکەی بەهێزی ڕاگەیاندن بە شێوەیەکی سەردەمیانە وەک تیڤی، ڕۆژنامە و فێر بوونی تێکنیکی بەکار هێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە شێوەیەکی ئامانجدار و بەرنامە بو داڕێژراو بو گەیشتن بە ئامانجەکان و کۆنتڕۆڵ کردنی فەزای مەجازی و بەربەرکانی کردن دەگەل شەڕی نەرمی ڕێژیم.

٭ بەر بەڵاو کردن و بەهێز کردنی ڕێکخڕاوەکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵات و دەرەوەی وڵات، کار کردن لە سەر هێزی بەهێزی گەنجان و ژنان .

دیارە هەر کام لەو خاڵانەی کە لە سەرێ باس کران، بوخۆیان دووجارە و چەندجارە پێویستیان بە دانانی پلانی ووردتر و دەقیق تر هەیە تاکو موتوری ئەم حیزبە تازەیە وەحەرەکەت بکەوێت. بو ئەم مەبەستەش” پەروەردە” کردنی هێزی مرۆڤی پێش شەرتێکی حاشا هەڵنەگرە. بۆیە هەبوونی سیستمی پەروەردەی بەهێز بو ئەندامان پێویستیەکی ئەساسی یە.

ئەندامان دەبێ فێر بکرێن کە چۆن دە گەڵ یەکتر کار یان ڕەقابەت بکەن! بۆیە دەڵێین :کێبڕکێ(رقابت) بو کاری باش و پۆزیتیڤ لە ناو هەرحیزب و ڕێکخڕاوێک دا بەشێکی ئەساسییە و دەبێ ئەرزشی مەعنەویی زۆر پێ بدرێت !

لێرەدا ئەم پرسیارانەمان بو دێنە گۆڕێ کە:

  لە کوردستانی ڕۆژهەڵات چەند حیزب یا لایەن هەن کە لانی کەمی ئەم تایبەتمەندیانەی باس کراوی هەبێت تاکو بتوانێت خۆی وەک حیزب پێناسە بکات ؟

* لە ئەگەری دامەزراندنی هەر حیزبێکی تازە (بە دوور لەوەی کە پێویستە یان نا!) ، ئایا ئەم کەسانە توانای دابین کردنی ئەم کەرەستانەیان هەیە ؟

* حیزبەکانی سەرەکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە کوێی ئەم پڕۆسەیەدان و چەندە توانیویانە لە بابەتی پەروەردە، ڕاگەیاندن ، قەوارەی ڕێکخڕاوەیی و دابین کردنی کەرەستەی پێویست بو خەبات، سەرکەوتوو بن؟

پرسیارێکیش لە خۆمان بکەین: بەو پێناسەیە، ئایا من ئەندامی حیزبێکم کە بو ڕزگاریی نەتەوەیی خەبات دەکات، یان ئەندامی گرووپێکم کە پێناسەی حیزبێک یەدەک دەکات؟

لە ناو حیزبێکی گەورەدا، ئایا خەباتەکەمان بۆ بەرەوپێش بردنی ستراتێژییەکی دیاریکراو بۆ ڕزگاریی نەتەوییە یان سەرکەوتنی کەس و لایەنێک لە سەر کەس و لایەنی ترە؟

لە هەر حالەتێک دابێت، نەتەوەی زۆڵم لێکراوی کورد چاوی لە خەباتگێرانی کوردە و خەباتکارانمان بە دوور لەوەی کە، وەک مافێکی سروشتیی خۆیان، سەر بە چ هێز و کەس و لایەنێکن، نابێت هێز و وزەی خۆیان بو کاری لاوەکی هەدەر بدەن و بە چاوێکی کراوەترەوە سەیری داهاتوو بکەن !

نادر قودرەتی

نۆروێژ 27.04.2020

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی