"an independent online kurdish website

لە مێژووی بزاڤی ڕزگارخوازی کورددا، زۆر داستان و قارەمانێتی و ڕووداوی گەورە تۆمار کراون. گەلێ ھەڵوێست و مەردایەتیش بە زیندوویی نوسراونەتەوە و بوونەتە لاپەڕەیەکی گەشی مێژوومان..

ئەم چیرۆکەی لێرەدا بۆتان دەگێڕینەوە، جگە لەوەی لێوان لێوە لە ھەموو ئەو خەسڵەتانەی ئاماژەمان پێدا، ھاوکات ھەڵگری کۆمەڵێ تایبەتمەندی جیاواز و بێ نموونەیە، بەتایبەت لە ڕووی مێژوویی و نەتەوەیی و سیاسی پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول . ئەو مێژووەی کە بەداخەوە سیخناخە بە گیانی حیزب حیزبێنە و خۆپەرستی و خۆخۆری و بەرژەوەندی پەرستی و زۆر شتی تری نەرێنی. دوای نسکۆ١٩٧٥، کۆمەڵێ حیزب و ئایدۆلۆژیا و گروپی نوێ، بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە زلەکە بە خێرایی، ھاتنە کۆڕی خەباتەوە. بەداخەوە بە سەروسیما و مۆرکی حیزبایەتی و ئەقڵێتی تاقە حاکمی گۆڕەپان و پاوانخوازی و دڕندۆکی لەگەڵ یەکتردا، ھەنگاویان ھەڵھێناوە و ئەندامانی خۆیان گۆشت کردووە.

بێ خۆھەڵدانەوە و لووت خشان لە ھەوری ئاسمان و بە درۆکردن و فووی فشە کردنە خۆ ، لەم ڕووبەر و واقیعەی خەبات دا، تەنھا کار و تێکۆشان و بیرکردنەوەی پارتی سۆسیالیستی کورد – پاسۆک شێوە و ئامانج و مانایەکی دیکەی ھەیە، یاخود بارگاوین بە خەسڵەت و مانای جیاواز. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەرچاوە و پیرۆزییەی گوتارە ڕەپوڕاستەی پاسۆک بووە خاوەنی و بانگاشەی بۆدەکرد و بە پراکتیکیش نوێنەرایەتی دەکرد.

گەر مێژوو نەشێوێندرێ و ھەر کەس و لایەک ھەق و مافی خۆی لەگەڵدا بکرێ و بدرێتێ، پێوەرەکانیش لەسەر بنەمای ڕاستییە مێژووییەکان و ڕاستگۆیی شۆڕشگێریی و دڵسۆزی و پابەندبوون بێت، بۆ پیرۆزی و گەورەیی و مانای « نەتەوە و نیشتمان» و شۆڕشە ڕەواکەی، ئەوا کەس ناتوانێ شان بدات لە شانی پاسۆک، لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی خەباتەوە لەو ئیمکانێتەی بۆی لواوە و دەسەڵاتی ھەبووە.

بێئاگایی بەشی هەرە زۆری جەماوەر لەم راستییانە، دەگەڕێتەوە بۆئەوەی پاسۆک دەزگایەکی بەھێز و کاریگەر – ڕادیۆ و تیڤی- نەبوو. تا بتوانێ ئەم باس و ڕووداوانە خێراتر و باشتر و ڕاستەوخۆتر بگەیەنێتە جەماوەر. لەلایەکی ترەوە ئەوەی دوێنێ خاوەنی دەسەڵات و ئیمکانێتێ بوو، ئەمڕۆش بە ھەمان شێوە، بێ ڕوحمییەکی گەورە دەکات لەگەڵ مێژوودا. لە نووسینەوەی مێژوودا شێواندن دەکات و ھەڵسوکەوت کردنی لەگەڵ رووداو و بەسەرهاتەکانی دوێنێمان و تەنانەت ئەمڕۆکەشدا هەر نابەپرسانەیە.. بۆ ئەم باسەی لێرەدا دەیخەمە بەرچاوتان،ـ کە خودی ڕووداوەکەم لە دەمی بکەری چالاکییەوە و کۆمەڵێ بەشداربووەوە وەرگرتووە ـ ئاوڕدانەوەیە لە یەکێ لەچالاکییە ھەرە دیارەکان، لەسەر دەستی ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک دا. بەداخەوە زۆر کەس لێی بێ ئاگان و لە مانا و ناوەڕۆک و ڕەھەندەکانی تری  حاڵی نەبوون. دواتر بەندە لەچەند گۆشەنیگایەکەوە تیشکی بایەخ و گرنگی و تاقانەیی دەخەمە سەر چالاکییەکە.

سەرەتا جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، ئامانجی ئەم ئاوڕدانەوەیە بۆ خۆ ستایشکردن و پاداشت وەرگرتن و لۆمە و سەرزەنشتکردنی ھیچ کەس و لایەک نییە، بەڵکو زیاتر بۆ ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی پڕ لە شانازی و قارەمانێتی و پاکێتی و دڵسۆزی کەم وێنەیە، بەمانا فراوانەکەی کوردایەتییە. شایانی وتنە، ونبوون و فەرامۆشکردن و نکۆڵی کردنی ئەم چیرۆک و ناواخن و ھەڵوێستە جوانەکەی، کە مشتێ لەخەروارێکە!،بەرلەوەی نادیدەگرتنی بکەرەکەی( پاسۆک) و شێواندنی ناوەکەی و خودی ڕاستییەکان بێت، ناهەقییەکی گەورەیە بە مێژوو و سەربڕینی ڕاستییەکانە بە چەقۆی کوول.

پاسۆک.. ھەر لە ڕسکانییەوە، بایەخی زۆری دا بە ڕێکخستن و خۆ پەروەردەکردن و ئامادەکاریی و تێگەیشتن، لە چەمکی شۆڕشکردن و خەباتی ڕزگاری نیشتمان و ھۆشیارکردنەوەی تاکی شۆڕشگێڕی کورد – پێشمەرگە – ی خۆنەویستی گیان لەسەر دەستی کوردایەتی، لە ناھۆشیاریی و ڕەشۆکێتی دڵسۆزانەی بێ ستراتیژ و پرنسیپێتی. ھەر بۆیەشە لە سەرەتاوە یەکێ لە دروشمە ناوەندی و گەشەکانی « چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە» ی بڵند کردەوە. بەڵێ  بڕیاری تەرخانکردنی قورسایی 10ساڵ خەباتی سەرەتا، بۆ خۆ چەکدارکردن بوو، بەو خەسڵەت و مانایانەی لەسەرێ ئاماژەمان پێدان. ئەم تایبەتمەندی و خەسڵەتەش بوو، سەلماندی کە ڕێکخستنەکانی پاسۆک بە تایبەتی لە شاری سلێمانی بەھێزترین و تۆکمەترین ڕێکخستنی دەست وەشێن و چالاک بوون و لە کەرکووکیش زۆر چالاک گاریگەربوون لە  پەروەردەکردنی ئەندامان،دوژمنیش لێی تۆقا بوو. لەو ڕۆژگارەدا ئەرکی ڕێکخستنەکان سەخت و فرە لایەن بووە. کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دوژمن و خۆفرۆشان، یەکێ بووە لە چالاکییە بەرچاو و گرنگ و زیندووەکانی ڕێکخستنەکان. بێ ئەم میتۆدە، کاری پێشمەرگە و شۆڕش لە شارەکاندا سەخت بوو.

قوتابی/ خوێندکارە عەرەبەکان کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوی بەناو « یەکێتی نیشتمانی بۆ قوتابیانی عێراق» ڕێک خرابوون، سەر بە پارتی بەعس بوون. ئەم ڕێکخراوە پێسەییە ھیچی لە دەزگایەکی ھەواڵگیریی و ئاسایشی کەمتر نەبوو. ھەم سیخوڕییان بەسەر خوێندکارە کوردەکانەوە دەکرد، ھەمیش گوشاری زۆریان بۆ بەعسیکردن دەخستە سەر خوێندکارە کوردەکان. لەم ڕووەوە ئەوانیش ناو زڕاو  ببوون.

ھەڵگیرسانی شەڕی ئێران و عێراق ١٩٨٠- ١٩٨٨، دەرفەتێکی باشی خوڵقاند بۆ ئاوێتەبوونی زیاتری ھێزی پێشمەرگە و ڕێکخستنەکان و جەماوەر. توانرا سوودێکی باش لە لاوازی و کزی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستاندا ببینرێ. بەڵێ سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی ڕابووردوو، کەم شەو ھەبووە، مەفرەزەیەکی پاسۆک یان زیاتر نەھابێتە شاری سلێمانییەوە و بە چالاکی و دەستکەوتی جۆراوجۆرەوە جێ دەستی خۆی بە ڕووداوەکانە نەخش نەکرد بێت. شار و گەڕەکە ئازاد و نیمچە ئازادەکانی ئازادی و گۆیژە و سەرکارێز و ئیبراھیم پاشا و گردی سەیوان، گەواھی بۆ ئەم ڕاستییە دەدەن. جۆری چالاکییەکانیش دەست وەشاندن بوو لە دامو دەستگا و سیمبۆڵ و ھێزە دڕندەکانی ڕژێم و سزادانی تاوانبار و خۆفرۆشان و تەمێ کردن و ئامۆژگاری کردنی ھەڵخەڵەتێندراوان و پروپاگەندەی ئەرێنی بۆ پێشمەرگە و شۆڕش و بەرزکردنەوەی ورەی جەماوەر و تۆقاندنی داگیرکەر. چالاکییەکانی پێشمەگەی پاسۆک بەشێکی باشیان لە لاپەڕەکانی ئاڵای سووری کوردایەتیدا لەژێر ناونیشانی« تیشکێ لە خۆری کوردایەتی- دێڕێک لە داستانی بەچکە شێرانی نەتەوەیی» دا بڵاو کراونەتەوە. یەکێ لە دیاترینیان:

ـ شەوی ١٦-١٧/ ٢/ ١٩٨١ دەستەی شەھید « ملازم محەمەد شەوقی» دێنە ناوشاری سلێمانییەوە، کۆمەڵێ وردە چالاکی دەکەن، لە دانانی بازگە و ڕوونکردنەوەی ڕێبازی شۆڕش بۆ خەڵک و تەمێ کردنی ھەندێ خۆفرۆش. نیوەشەوێکی درەنگ لەگەڕانەوەدا بە لای بینایەکی بەرزدا تێدەپەڕن، کە ھێشتا گڵۆپەکانی داگیرساوە و جمەی دێ لە خەڵک. زوو بۆیان ئاشکرا دەبێت، کە ئەمە بەشی ناوخۆیی خوێندکارە عەرەبەکانە ناو زڕوەکەیە، کە پێشتر کۆمەڵێ ڕاپۆرتی ڕێکخستنەکانیان لەسەر ھاتووە و باسی ڕۆڵ و بوونی خراپی ئەمانە دەکەن.

بە پێی پلانێکی ژیرانە، کە زادەی ئەو چرکەساتەیە، فەرماندەی مەفرەزەکە ئاگاداری پێشمەرگەکان دەکاتەوە و پێیان دەڵێ : دەچینە سەر ئەم بەشە ناوخۆییە و کەستتان ورتە و قسە ناکەن و ھەر بە ئاماژە و دەست ڕاوەشاندن قسە لەگەڵ یەکتردا بکەن. فەرماندەی ژیر و خاوەن ئەزموون تەنیا 14 پێشمەرگەی لەگەڵ دەبێت. سەرەتا چوار پێشمەرگەیان لەبەر دەرگا و ناوەوە دادەمەزرێنێ. ئینجا دەرگا دەشکێنن و  ھێڵی تەلەفونەکە دەپچڕێنێ و بە 6 پێشمەرگە و بە جلی کوردییەوە دەچنە دوا نھۆمی خوێندکارەکانی لێیە. ھەموویان کۆ دەکرێنەوە و بەزمانێکی عەرەبی ڕەوان و دبلۆماسێتێکی بەرزەوە، سەرەتا و نابەدڵانە و بە درۆ!، دەکەوێتە پیاھەڵدان بەشانوباڵی بەعس و شۆڕش و سەددام دا. دوای کاژێر و نیوێکی قسەی لەم جۆرە دەڵێ: ئێستا کارێکی تایبەتی گرنگمان ھەیە، کێ ئامادە ھاوکاریمان بکات!.( ئەو ڕۆژگارە ھێزە ھەواڵگریی و ئاسایشەکانی ڕژێم زۆرجار بەجلی کوردییەوە دەردەچوون، بۆ لە سەرلێشێواندنی جەماوەر)!. لەگەڵ ئەم گوتنەدا، نزیکەی 200 خوێندکارێک دەستیان بەرز دەکەنەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە چالاکییەکەدا دەدەبڕن. فەرماندە سەرەتا سەری دەسووڕمێ و دیارە بۆ ئەو بارودۆخە کەم دەرفەتە و بوونی ژمارەیەکی کەمی پێشمەرگە، کۆنترۆڵکردنی دوو سەد کەسی دیل زۆر زەحمەت دەبێت. بۆیەکا بروسکەئاسا بیرۆکەی ئەوەی بۆ دێ ، ھەر ژمارەیەکیان لە دیارەکان، واتە ئەندام و بەرپرسە گەورەکانیان لێ ھەڵدەبژێرن. ئیدی یەکە یەکە بانگیان دەکات و لە پلەی حیزبییان دەپرسێ. ئەوەی زۆر پەرۆشە و«نصیر»و« نصیر متقدم» بەرەو ژوورە، جیایان دەکەنەوە ئەوانی دیکە بەڕەڵا دەکەن.

دەرئەنجام 30 کەسێکیان لێ جیا دەکرێتەوە کە 8 یان خەڵکی ئوردون دەبن. ھەر لە حەوشەی بەشی ناوخۆییەکەدا، 3 یان، لە مەسەلەکە تێدەگەن، دەست دەکەن بە گریان و کڕووزانەوە. ئەو سیانە بەجێی دێڵن.. پاش تۆزێ لەناکاو لەبەردەم دەرگای دەرەوەی بەشی ناوخۆییەکەدا ، کابرایەکی تێکسمڕوای کەتەی زل بە جلوبەرگی کوردییەوە ڕێیان پێ دەگرێ و دەڵێ: گەر ئێوە ئەمانە بەرن من ئابڕووم دەچێ. فەرماندەش لەکاتێکدا دڵی بەتەواوی بەم پاسەوانە دەسووتێ، لێ لەوەڵامدا دەڵێ: گەر تکەیەک ئابڕووشت نەمێنێ ھەر دەیان بەین.

مولام شوان، کە مێژووی لە مێژووی پاسۆک جیا ناکرێتەوە، ھەزاران جار گیانبازی بە ژیان و ڕۆحی کردووە و لەمەرگ گەڕاوەتە، فەرماندە و ئەندازیار و پاڵەوانی ئەم داستانەیە لەتەک دەستەیەک لە ڕۆڵە هەرە جەربەزە و ئازا و لێهاتووەکانی پاسۆکدا. م. شوان دەڵێ: بەھەر ناری عەلییەک بوو خوێندکارەکانمان بە نەعل و بیجامەوە، گەیەندرانە گوندی قڕگەی نزیک شار و چیای گۆیژە… لەوێ پشوویەکی کورت دەدەن و پێڵاوی لاستیک و جلوبەرگ بۆ خوێندکارەکان دابین دەکرێ.. دوای ئەوە کێشە و مەترسییەکی تر دێتە بەردەم مەفرەزەکە. ئەویش بریتییە لە ڕێگای پشتی قڕگە و ھەڵگەڕان بەگۆیژەدا، ڕێگایەکی باریک و سەختە و کۆمەڵێ رەبایەی سەربازیش بەسەر چیای گۆیژەوە بوون. کۆنتڕۆڵکردنی 27 کەسی دیل لەلایەن 14 پێشمەرگەوە کارێکی ئاسان نەبووە. بۆیەکا فەرماندە بە بیرۆکەیەکی تری زرنگانە، بیر لە کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە دەکات و خوێندکارەکان کۆدەکاتەوە و پێیان دەڵێ: ئێستا بەم توولە ڕێ بارکەدا بۆ ئەودیو ئەم شاخە ھەڵدەگەڕێن. ئەوەی ھەر جموجوڵێک بکات و لە ڕیز و ڕێگاکە دەرچێ، لەم ناوە گورگی برسی و دڕندە دەیخوات. ئەوسا ھەر کەسە خۆی بەرپرسە دەبێت لە ژیانی خۆی نەک ئێمە!. بەم شێوەیە و لە ترسا بێ قڕەوبڕە ھەموو ڕێگاکە دەبڕن و دەگەنە گوندی بناویلەی شارباژێر.

دیمەنی ئەم دیوی ڕووداوەکە و پەردەیەکی دیکەی ئەم شانۆیە، بریتییە لەشپرزەیی و دۆخی ھستریایی ھەموو داودەزگاکانی ڕژێمە لە شاری سلێمانی و کەرکووک و بەغدا و ئوردن و سووریا و لای فەلەستینی و – خوێندکارە ئوردونی و فەلەستینییە بەجێماوەکان ھەر زوو ھەواڵیان دابوو بە لایەنە پێوەندارەکانی خۆیان – و کۆمکاری عەرەبی. ڕژێم دەکەوێتە پەلەقاژە و تەماح بەردانە بەر ئەم لایەن و ئەو کەسایەتی بۆ ئازادکردنی خوێندکارەکان. شاندێکی پاسۆک کەوتە گفتوگۆ!، لێ بەهیچ ئاکام و دەستەکەوتێ نەگەشت. ئەم وەخۆ کەوتنەی ڕژێم، ھۆکارەکەی ڕوونە: کاری لەم چەشنە چاوەڕوان نەکراو بوو، لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە قەبارەی چالاکییەکە زۆر گەورە و کاریگەر بوو. گوشاری بەردەوامی مەلیک حسین و حکومەتی ئوردونی لەسەر بوو، لەو ڕووەوەی قوتابییەکانی میوانی دەوڵەتێکی عەرەبی بوون و بەم چارەنووسە ترسناکە گەیشتوون . ھێزێک ئەم چالاکییەی ئەنجام داوە، ڕەنگە لە ھەژمارد و لێکدانەوەکانی ڕژێمی عەفلەقدا، زۆر بەکاریگەر و گرنگ ڕیزبەند نەکرا بێت… بەتایبەت دوای ئەوەی ئەو ھەموو پێشنیازەی بە پارە و دەستکەوتی کەسی و حیزبی پێشکەش کرد و گوێی لێ نەگیرا… ئیدی بەم دۆخە پێشھاتووە ڕژێم ھێندەی تر شپرزە و ھەراسان بوو. ڕژێم کەوتە ھەواڵ ناردن لەڕێی لایەن و کەسەکانی خۆی و پیاو ماقوڵانی کوردستان، فەلەستینییەکان بەسەرکردایەتی یاسرعەرەفات کەوتنەجموجوڵ لە ڕێی ڕوو لێنان و گوشار بۆھێنان بۆ رەوانشاد مام جەلال و د. مەحمود ، کە ئەو دەم لە سووریا بوون. سکرتێری یەکێتی نیشتمانی دووجار سەغڵەت بوو. جارێ گوایە ئەو حاکمی گۆڕەپانەکەیە و چالاکییەکە لەدەڤەری دەسەڵاتی ئەودا کراوە و لایەنی تر نەک  حیزبەکەی ئەو چالاکییەکەیان کردووە، تا دەستکەوتەکەی بچنێتەوە و جارێکی تریش وەک دۆستێکی نزیکی وڵاتە عەرەبی و فەلەستینییەکان. بەم شێوە ئەمانیش واتە سکرتێری یەکێتی و دکتۆر مەحمود کە لە دیمەشق بوون، بەردەوام پەیوەندییان دەکرد و نامەیان  داوای ئازادکردنی دەستبەجێی گیراوەکانیان دەکرد. بیانووشیان ئەوە بوو با زیان بە پەیوەندی کورد و فەلەستینییەکان نەگات!. حکومەتیش لای خۆیەوە لە سەرێکەوە لەتەک ھەوڵەکانی بەم شێوازە بۆ ئازادکردنی خوێندکارەکان، لە سەرێکی ترەوە سەرگەرمی نەخشەکێشانی سیاسی و لەشکریش بوو. ئاخر ئەم چالاکییە، سەلماندنی کە بەعس و ڕژێمەکەی دەسەڵاتیان بەسەر شاری سلێمانیدا نییە و لەتەک کوشتنی مامۆستاکەی زانکۆدا، بووە هۆکاری ئەوەی رژێم زانکۆی سلێمانی بگوێزێتەوە شاری هەولێر.

پاسۆک ملی نەدا بۆ ھیچ تەماحێکی مادی کە خرابووە بەردەمی- بۆ نموونە، ئەگەر پاسۆک نێتی بەدەستھێنانی دەستکەوتی خۆیی بوایە، خۆ دەیتوانی بڕە پارەیەکی زۆر بە ملیۆنەھا وەرگرێ و خۆی پێ پۆشتەوپەرداخ و تەیار و چەکدار بکات و بەو پارەیە خزمەتێکی ھاوبیرەکانی خۆی بکات-.  لێ گوێی بە ھیچ تکا و گوشارێکی کەس و لایەنێک نەدا و ئەو دەستکەوتانەشی ڕەتکردووە.. بەڵکە لە بری ئەوە،وەک پارتێکی خاوەن دۆزی نەتەوەی ڕەفتاری کردوو و  بەرپرس لەبەردەم مێژوودا، کۆمەڵێ داواکاری – دواتر لە ڕەھەند و ماناکانی، وەک گەوھەری ئەم باسە دەدوێین- وەک پاکێجێک، دا بە ڕژێم. داواکارییەکان  لە ڕووی چۆنێتیەوە ڕاستەوخۆ لە داوای سیاسی و نەتەوەییدا خڕ بوونەتەوە و گەلێ جیاوازن لە ھەموو ئەو داخوازییانەی تا ئێستا، لە لایەنەکانی ترەوە خراوەتە بەردەم دوژمن. یاخود لەم جۆرە ھەرا و قەیرانانەدا پێشکەش ڕژێم کراوە و داوا کراوە. چونکە داخوازییەکان ڕەهەندی جیاوازتریان هەیە.

ڕژێم بێ ئەوەی بیەوێ دان بنێ بە داواکانی پاسۆک دا،وەک نیشاندانی نێت پاکی گورجوگۆڵانە هەندێ کاری کرد. دەستی کرد بە  بەردانی 100 خێزانی کەسوکاری پێشمەرگە و بەرپرسی ھەموو لایەنەکان. کە بۆ ئەو ڕۆژگارە کارێکی گەورە و دەستکەوتێکی سیاسی و مێژوویی بوو. کشانەوەی ھێزە ئوردونییەکە و نەھاتنی ھێزی دیکە بۆ کوردستان، خاوکردنەوەی زەبروزەنگ لەسەر شاری سلێمانی.(ئەمەش ناواخن و ناوەرۆکی بەشێکی هەرە زۆری  داخوازییەکانی پاسۆک بوون،دواتر بەڵگەکان دەبینن). شاراوە نییە ھێزێکی کەم دەرامەتی وەک پاسۆک لەو ڕۆژگارە دا، لە قۆناغی خەباتی پارتیزانی و لە ناوچە و دەڤەری وێرانکراو و خاپووردا بوو. ڕووداوەکان لە ھەناوی جەنگێکی خوێناوی درێژخایەنی نێوان عێراق و ئێران دا بوو . کۆمەڵێ پارت و ڕێکخراوی ناتەبا و دوژمن بەیەک لەسەر گۆڕەپانی باشوور کوردستان هەبوون دژ و نەیار بوون بە پاسۆک. توانای زەبەلاحی زەمینی و ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراقی و کۆمەڵێ فاکت و دێفاکتۆی تر لەسەر زەمینی واقیعە خوڵقا بوون، کە وایان کرد، بۆ پاسۆک سەخت بێت، ئیدارەدان و ھەڵسوڕاندن و شاردنەوە و بەخێوکردنی 27 زیندانی/ بارمتە.

ھەڵۆ بەرزنجەیی١٦/٤/٢٠٢٠

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی