"an independent online kurdish website

دەزانم موخالیف و موافیقی ئەو بۆچوونەم هەن و هیوادارم هەردوو بەشی ئەو هاوڕێیانەم لە چوارچێوەی دڵسۆزی و ڕاگرتنی ڕێز  و حورمەتی ئەو دوو شەهیدە سەرکردەیە و ئێمەش بیر و بۆچوونیان لەو پەیوەندییە دا دەرببڕن.

لەوەتەی هاتوومەتە نێو سیاسەت و حیزبایەتی  باسی کێشەی هەردوو سەرکردەی حیزب کاک ئەحمەد تۆفیق و کاک دوکتۆر قاسملوو دەبیستم. هیندێک جار  بەرگری لە کاک ئەحمەد کراوە بە مەبەستی هێرش بۆ سەر کاک دوکتۆر، هیندێک جار هێرش کراوەتە سەر کاک ئەحمەد بۆ ئیسپاتی وەفاداریی خۆی بۆ کاک دوکتۆر و بەداخەوە هەشبووە هەر بۆ ئاژاوەنانەوە بەرگریی لە یەکێک لەو دوو سەرکردەیە کردووە. بەتایبەتی هەرکات کێشە ناوخۆییەکانی حیزب زیاتر پەرەیان گرتبێ ئەو باسەش باسی داغی نێو قسە و نووسینەکان بووە. تەنانەت بەرنامەی میدیاییان لە سەر دروست کردووە.

با بزانین  ڕەخنەکانی  کاک دوکتۆر قاسملوو  لە کاک ئەحمەد  چی بوون؟

کاک دوکتۆر قاسملوو  لە سەر کاک ئەحمەد ئەو شتانەی هەبووە و هەرکات باسی کردبێ ئەوانەی باس کردووە:

کاک ئەحمەد تۆفیق تاکڕەو بوو.

لەگەل هاوڕێیانی نەدەحەواوە.

کاک ئەحمەد کەسێکی سەرەڕۆ بوو.

زوو ئیتیهامی خائین و سەر بەم و بەوی لە هاوڕێیانی دەدا.

ئەسڵەن ئەهلی موتالعە و خۆ پێگەیاندن نەبوو، هیچی نەدەخوێند.

مەغروور بوو و وڵامی هاوڕییانی نەدەدایەوە.

لە تەواوی دەورانی ئەو دا حیزب بەرنامە و  پەیڕەوی ناوخۆی نەبووە و کاک ئەحمەد هەوڵی نەداوە بۆ ئامادە کردنی گەڵاڵەی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆیی حیزب.

کاک ئەحمەد ناسیۆنالیستێکی توخ بوو(ئەوەش لای کاک دوکتۆر زۆر پەسند نەبوو، چوونکی کاک دوکتۆر  وەک بیر و جیهانبینیی خۆی کەسێکی  چەپ بوو ).

کاک ئەحمەد حیزبی کردبووە پاشکۆی حیزبێكی تر و تەنانەت ناوی ڕۆژنامەی کوردستانی گۆڕێبوو .

لە سەردەمی ئەو دا حیزب خاوەنی بڕیاری خۆی نەبووە و بڕیارات لە سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول ڕا هاتوون بۆ حیزب.

ئەو وەزعەی کە بوو بە هۆکاری ئەوە کە کاک سمایل شەریف زادە و  کاک مەلا ئاوارە و کاک نەحۆی شکاک و ….. هاوڕێیانیان بە ناچاری خەباتی چەکداری کە ئامادەگیی بۆ نەکرابوو، ئاکامی  بەستڕاوەیی کاک ئەحمەد بە سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول  و تاکڕەویی ئەو بوو.

لە  کۆنفڕانسی سێهەم دا بەشدار  نەبوو ،  سەرەڕای داوا  و ئیسرار کردنمان، ئامادەنەبوو قەبوولی دیسیپلینی حیزبی بکا و وەک ئەندامێکی بە نەزمی حیزب درێژە بە تێکۆشانی بدا.

 لە جەریانی شەهید بوونی چەند کادری حیزب دا کەلە باشووری کوردستان شەهید ببوون (گومان)  لە سەر کاک ئەحمەد تۆفیق بوو، بەڵام  کاک ئەحمەد قەت ئامادە نەبوو بۆ ڕەواندنەوەی ئەو گومانانە بێت و تەوزیح بدا.

ئامادە نەبوو نەتیجەی کۆنفڕانسی سێهەم قەبووڵ بکا و بگەڕێتەوە نێو حیزب.

********

 دۆستان و هاوڕێیانی سەردەمی  سکرتێریی کاک دوکتۆر قاسملوو بە شاهید دەگرم کە کاک دوکتۆر هەرکات باسی کاک ئەحمەدی کردبێ ئەوە ڕەخنەکانی بوون لە کاک ئەحمەد و هەمیشەش بە ناوی کاک ئەحمەد ناوی دێنا . باشە کام یەک لەو ڕەخنانە سووکایەتین یان تەنانەت تەوهین؟ مەگەر کام یەک لە ئێمە مانان لە حیزبایەتی دا ئەو ڕەخنانەی لە یەکتر نەگرتووە؟  داخوا ئەمانە ڕەخنەن یان دژایەتی؟

من بە قەولی عەرەبی” تحدی” دەکەم کە کەسێک  لە ئەندامانی کۆن و دوای خەباتی ئاشکرای حیزب بێت و بڵێ کاک دوکتۆر قاسملوو لە قسە ،یان نووسینێکی دا کاک ئەحمەد تۆفیقی بە خائین  ناوبردبێ؟ یان تەنانەت گومانی خیانەتی خستبێتە سەر کاک ئەحمەد. کاک دوکتۆر ڕەخنەی لە هەڵوێست ، مودیریەت و شێوەی حیزبایەتیی و ڕێبەری کردنی  کاک ئەحمەد هەبوو کە ئەوەش زۆر ڕەوایە و پێویست بەو هەموو قووڵکردنەوەی دەیان ساڵ کێشە ناکا.

مەگەر کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی ڕەخنەی لە کاک دوکتۆر قاسملوو نەبووە؟ کێ بە قەدەر کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی ڕەخنەی لە کاک دوکتۆر دەگرت؟

دووپاتی دەکەمەوە هەرکەس لەم قسانە زیاتری لە کاک دوکتۆر قاسملوو بە نیسبەت کاک ئەحمەد گوێی لێ بوو بێ فەرموو باسی بکا.

بەڵام  ئەوەی کە  کاک ئەحمەد ڕەخنەی لە کاک دوکتۆر قاسملوو هەبوو ، یان ئیتیهامی خائین و ….. بۆ ساز دەکرد ئەو  قەزاوەتەش  بە خوێنەر دەسپێرم. واتە ڕەفتاری کاک ئەحمەد لەگەل کاک دوکتۆر چەندە مونسیفانە بوو هەر خۆتان قەزاوەت بکەن.

کاک دوکتۆر کەلە کۆنفڕانسی سێهەم دا دەبێتەوە سکرتێری گشتیی حیزب، جگە لە  ئیمتیازی زانایی و لێهاتووی  و ئەزموونی زۆری خۆی ، چ هێزێکی دیکەی لە پشت بوو؟  خزمی زۆر بوون؟ پارەی هەبوو؟ حیزبێکی بەدەسەڵات پشتیوانی بوو؟

مەگەر بەدەنگی کۆنفرانس نەببووە ئەندامی ڕێبەری و پاشانیش سکرتێر؟

قەبووڵ نەکردنی ئەو دێمۆکراسی یە ، کێ خەتابارە؟ کاک دوکتۆر ، یان کاک ئەحمەد؟  خۆ لانی کەم ٦، ٧ کەس لە بەشدارانی کۆنفڕانس ئێستاش شوکور لە ژیان دا ماون.

**************

کێن ئەوانەی بەردەوام ئەو باسە دەورووژێنن؟

١.موخالیفینی سیاسیی دوکتۆر قاسملوو لە نێو حیزب  و لە دەرەوەری حیزب دا .

٢.”دژبەرانی” کاک  دوکتۆر قاسملوو لە نێو پارتی دێمۆکراتی کوردستان و باقی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان دا.

٣.ئەوانەی هەستی ناوچەگەرییان هەبووە و شارچێتی و خزمایەتیان کردۆتە ئەسڵی قەزاوەتەکەیان.

٤.ئەوانەی ویستوویانە بە هەرمەبەستێک بێ  لە کەسایەتیی دوکتۆر قاسملوو بدەن.

٥.عەوامیلی دوژمن بۆ سازکردنی کێشە لە نێو حیزب  و بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات دا.

٦.ئەوانەی لە هەمبەر گەورەیی کاک دوکتۆر قاسملوو دا هەستیان بە بچووکی کردووە.

دوا وتە:

لە نێو حیزب دا زۆر کەس لەوانەی کە سەردەمانێک دژبەر و موخالیفی دوکتۆر قاسملوو بوون و خۆشیان مەودایەکی زۆر ئەندامی ڕێبەریی حیزب  و بڕیاربەدەست بوون، بۆ ئیسپاتی هەڵوێستەکانیان  هاتوون ململانێی نێوان کاک ئەحمەد و کاک دوکتۆریان زیندوو کردۆتەوە و کردوویانەتە پێخۆری دژایەتیان لەگەل کاک دوکتۆر. کتێبیان لە سەر نووسیوە، لە کتێب و بیرەوەرییەکانیان دا دەیان ڵاپەڕیان بۆ ئەو باسە تەرخان کردووە.

من دەپرسم ئەرێ گەلۆ ، ئێوە لە چەند کۆنگرە، پلۆنۆم، کۆبوونەوەی حیزبی دا لە حوزووری کاک دوکتۆر  دا هاتن و داواتان کرد کە کاک ئەحمەد وەک تێکۆشەری حیزب با ناوی لە لیستی شەهیدان و ڕێبەرانی شەهیدی حیزب دابێ؟ فەرموون یەک کەس بێت و بڵێ لە فڵانە کۆنگرە داوایەکی وام کرد و دوکتۆر قاسملوو بەرهەڵستی بوو! ئەوانەی کتێب و بابەتی لە سەر دەنووسن و بەرنامەی تی ڤی لە سەر کاک ئەحمەد دروست دەکەن و هێرش دەکەنە سەر کاک دوکتۆر، خۆ تەنانەت لە نەبوونی دوکتۆر قاسملووش دا ئەوان بڕیاربەدەستی یەکەم بوون لە حیزب دا. ئێوە بۆ نەهاتن وەک ئەوەی کە بۆ مامۆستا هێمن کردتان و ئیعادەی حەیسیەت تان لە مامۆستا هێمن کرد بۆ کاک ئەحمەدیش بکەن؟  کەس لە ئێوە بۆ کاک ئەحمەد ئەوەی کرد، کە کردتان کێ پێشی پێگرتن؟ کێ بوو نەیهێشت پێشنیارتان سەربگرێ؟ یان هەر لە بیرتان نەبوو شتی وا بکەن؟

مامۆستا حەسەن زادە بۆ  نەتکرد کە ٩ ساڵ سکرتێری گشتیی حدکا  بووی بە زۆرینەی جیناحیی نێو حیزبیشەوە کە ئەوکات هەتبوو؟ بەڵام لە بەرنامەی کورد کاناڵ دا فرمێسک بۆ کاک ئەحمەد هەڵدەوەرێنی. بۆ دوای دابڕانی ٢٠٠٦ نەتان کرد وەک حدک؟ بۆ ئێستا نایکەن؟ فەرموون ئێوە بیکەن تا بزانین کە لایەنگرانتان ڕاست دەکەن کە لایەنگری کاک ئەحمەدن و بە غەدلێکراوی دەزانن.

کاک جەلیل و کاک حەسەن رەستگار و ……..  ئێوە ٨ ساڵ لە ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ دا وەک موخالیفی  دوکتۆر قاسملوو ، بۆ نەهاتن کاک ئەحمەد تۆفیق بکەن بە سکرتێری حیزب؟ خۆ لەوێ کاک دوکتۆر نەک دەسەڵاتی نەبوو، بگرە لە ژیانیش دانەمابوو.

فەرموون لە حدک دا هەوڵ بدەن کاک ئەحمەد بکەنە سکرتێر و وێنەی لەگەل ٣ ڕێبەری دیکەی شەهید هەڵواسن، خۆ دوکتۆر قاسملوو دەسەڵاتی نیە ئیدی. بۆ نایکەن؟

غەنی بلووریان و هاوبیرانی کە بە پەیڕەوانی کۆنگرەی چوار و بە دژایەتیی دوکتۆر قاسملوو دەستیان پێکرد، بۆ نەیان کرد؟ خۆ دوکتۆر قاسملوو لەوێ نەبوو. غەنی بلووریان لە بیری نەبوو؟ حیزبی توودە ئیزنی نەدا؟ یان هەر باسکردنی ئەو داستانە بۆتە کرمێک و لە مێشکی هیندێك کەس دا هەر دەخولێتەوە؟

گەلۆ کاتی ئەوە نەهاتوو ئیدی کۆتایی بەو باسە بهێندرێ؟ یان ئەوەتانێ حیزب بە بڕیارێکی بوێرانە  ئیعادەی حەیسیەت لە کاک ئەحمەد بکا  لەوەی کە کەم لوتفیی بەرانبەرکراوە و  ئەو هەموو ساڵە لە مێژووی تێکۆشانی  حیزب حەزف کراوە.  هەر وەها ئیعادەی حەیسیەت لە کاک دوکتۆر بکەن  کە لە کۆنگرەی دووهەم  دا بە ئیسراری کاک ئەحمەد کە کەسی یەکەمی حیزب بوو ،  کاک دوکتۆر وەک  خائین لە حیزب دەرکراوە ، لە کاتێکدا کە  کاک دوکتۆر لەو کۆنگرەیە دا ئامادەش نەبووە تا بەرگری لە خۆی بکا.

   هەم کاک ئەحمەد، هەم کاک دوکتۆر دوو مرۆڤ بوون، بەومانایە کە مرۆڤ کار دەکا و هەڵە دەکا. هیچکامیان فریشتە نەبوون. هیچکامیان خائین نەبوون. هەردووکیان تێکۆشەری ڕێی ڕزگار و ئەندامی حیزبی دێمۆکرات بوون و لە دەورانێك دا لە سەرکۆمەڵێک جیاوازیی هزری و کرداری فاسیلە کەوتە بەینیان و بەداخەوە ئێستا هەردووکیان لە ژیان دا نەماون. لە سەرمانە ڕێز لە خەبات و کەسایەتیان بگرێة وکە سەرمایەی مەعنەویی مێژوومان.

هیوادارم حیزبی دێمو کراتی کوردستانی ئێران کە منیش شانازیی ئەندامەتیم تێیدا هەیە، بۆ کۆتایی هێنان بەو شەڕی نیابەتیی دەیان ساڵە، بە بڕیارێکی بوێرانە کاک ئەحمەد وەک ئەندام و سەرکردەیەکی شەهیدی حیزب لە لیستی شەهیدان زیاد بکا و ئیعادەی حەیسەتیش بکا. دڵنیام بە قازانج دەبێ و لە دونیای سیاسەتیش دا زۆر باوە ئەو ڕەفتارە.

بابەتی پەیوەندی دار

مینا قاسملوو: باوکم  وتی “ئولۆڤ پاڵمە” نییە تا پۆلیس پارێزگاری لێ بکات

بە بۆنەی دەستوێڕاگەشتن بە دوو وێنەی دوو ڕێبەری سیاسی کورد، قاسملوو و ئەحمەد تۆفیق، حەسەن قازی

یادی 25ساڵەی شەهید قاسملوو لە سوید کە لە کۆتایی دا مینا خانم قاسملوو سوپاسی خەڵکەکە دەکا 

ڤیدیۆ، سەردان و وتووێژێک لە گەڵ کاک مەلا محەممەد خزری ، بەشی 1 و 2 ، ساڵە نەڵۆسی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی