"an independent online kurdish website

لەو ڕۆژەوە چوومە ناو ڕێزی خەباتی ڕزگاریخوازانە و ماڵ و منداڵەکانم بۆ خێزانم بەجێی هێشت هێندێک لە دۆستان بە تایبەت یەکیان کە زۆرم لێی نیزیک بـوو،

خەتێکی سوریـان بـەسەردا کێشام و نـەدیتویـانم و نـە ناسیاویانم. دەبێ سوپاسی ئەوانەش بکەم لە بیریان نەچووم و بە شێوەی گونجاو یادیان کردوم و سەریان لێداوم . بـا زۆری لەسەر نەڕۆم و بێمە سەر ئەسڵی مەسەلەکە.

شەوێک کاتژمێر ١٢ی شەو بەکاتی ئوروپا کە دبێتە ٢ و نیوی پاش نیوە شەو بە کاتی ئێران خەریکی ڕۆیشتن بۆ خەوتن بووم لە پـڕ زەنگی تەلەفونەکەم لێیدا، کە چاوم لێکرد ژمارەکەی نەنوسرابوو.کوتم جەنابت؟ کوتی نامناسی؟ ئاخر تۆ قسەت نەکردوە و مەنیش عیلمی غەیبم نیە تا بزانم کێی، بەڵام بەلامەوە سەیرە بەو نیوە شەوە ! کووتی ئەتـۆ زیـرەک بـووی دەڵێی ئێستا وا نەماوی؟ لەو قسەکردنەی پێم وابوو دەبێ ئەوە بێ کە چل ساڵە نە قسەی دەگەڵ کردوم نە لێی پرسیوم. کوتم: ئەگەر هەڵە نەبم تۆ فڵانکەسی . کوتی ئـافەریـم، ئەوە چۆنت زانی؟ کوتم دەزانـم ئـەوانـەی ترسنۆکن هەتا هەموو کەس لەخەو نەکەن تەلەفون بۆ مەمانان ناکەن! ناوی خۆشیان ناڵێن. فەرموو بزانم چیت دەوێی؟ دوای چاک و چۆنـیەکی کورت، داوای لێبوردنێکی شەرمنانەی کرد. کوتم: تۆ من باش دەناسی و لەبیریشتە لە کاتی پێویست دا قسەی پێویستم کردوە. نازانم تۆ چۆن بیر دەکەیەوە بەڵام دەزانم ڕەوشتت چۆنە، بۆیە قەت گلەییم لێنەکردوی و ناشیکەم و حورمەتیشت لەلای من پارێـزراوە. بـا لـە وردە نـەزیلان بگەڕێێن، چۆنە پاش چل ساڵ منت وەبیر هاتۆتەوە؟! کوتی ئەوەندەی من بتناسم تۆ لەوانە نی دۆست و ناسیاو لەبیرت بەرنەوە، بەڵام بێگومان کەسانی وەک من هەن کە غیرەتی ئـەوەیان نـەبێ سەلام و عەلـەیکت دەگەڵ بکەن. نامەوێ زۆر بچینە ناو گەلە و گازندان ئەوەی دەمەوێ بیڵێم گۆیا ئەتۆ شتت لەسەر حیجاب نوسیوە و قبوڵت نیە، بەحست دەگەڵ ناکەم، بەڵام پێمخۆشە بە کورتی بزانم بابەتەکە چۆنە و نەزەری جەنابت چۆنە و چیە؟‌! لە پێشدا دەڵێم: وا تێمەگەن کە من دژی حیجابم، چونکە ئەوە تێگەیشتنێکی غەڵەتە، بە پێچەوانە من بڕوای تەواوم بـە پەرژینی نێوان چاکە و خراپە هەیە، ئەوش تەنیا ڕووحی پاک و ویژدانی سالم و ئیرادەی بەهێز دەتوانن دروستی بکەن، نەک پەڕۆو پاڵ! ئەوەشت لە بیر بێ من بە خەتای دەزانم کە کەس باسی حیجابی پیاوان ناکا! خۆم پیاوم بەڵام من و تۆ دەزانین کەم نین ئەو پیاوە بەد ڕەوشتانەی وەک داڵ بە دوای نێچیر دادەگەڕین و کورد کوتەنی خەریکن بچن دەچاوی ژنانەوە!! ئەو حیجابەی ئیسلام مەبەستیەتی ئەوەیە کە مرۆڤ دەگەڵ حەیـوان لێک هاوێر دەکا. بەڕای من فەرهەنگ وکلتوری گەلانن کەرامەت و کەسایەتی گەلان دیاردەکەن.

وڵام: کاکی بـرا خۆت بـاش دەزانی لـە ئایینی پیرۆزی ئیسلام دا هەر شتێک زانست و عەقڵ پەسندی نەکەن، ئەگەر بە ناوی ئیسلام کوترابێ یان نوسرابێ، قبوڵ نیە . مەسەلەی حیجاب، ئـەوە کردەوە و قسـەی هێندێک لە موسوڵمانە کە نە ئاقڵانە بیر دەکەنەوەو نە زانایانە بـڕیـار دەدەن! تـۆش دەزانی خوا ئاگاداری دەرونی مـرۆڤە و لـە ڕەگی لاملی نـیزیکترە و مـرۆڤ بـەردەوام لـەژێر چاوەدێری خوا دایـە. ئەوەی ئێمە جوان و نـاحـەزی مرۆڤەکانی پێ دەبینین چاوە، ئـەوەی هـەڵیان دەبـژێـرێ نـەفـسە و ئەوەش کە پـەیـامەکان دەگەیەنێ زمانە. کەوابــوو هەموو ئاکار و کردەوەکانی ئینسانەکان ئامرازی سەرەکیان ئەندامەکانی لەشن و نەفسیش حاکمی هەموانە. ئەوەش دەزانی ئەو تووکە سەرەی پـەڕۆو پاڵی دنیایەی لێدەهاڵێنن ئەگەر مرۆیەکی نامەحڕەم دەستی بە دەسنوێـژ لـە سەری ژنێکی نـامەحرەم بـدا دەسنوێژەکەی نـاشکێ. پـرسیارەکە ئەوەیە ئەو شتەی وەک ئەندامی لەش حیسابی بۆ ناکرێ و دەسنوێـژیش نـاشکێنێ چۆنـە تـەمـاشا کردنی حـەرامـە؟ بـەڕێـزم ئەوەندەی من تێگەیشتووم، ئەوەڵەن مەبەستی ئیسلام لە فەرمانی حیجاب، ئەخلاقی و دەرونیە و دیـوار کێشانە لە نێوان حەڵاڵ و حەرام نـەک شاردنـەوەی موی سەر. پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکانە، نـەک چاوبەستنیان. دوهـەم: ئـەوەشیان هـەر بـۆ ژن نـیە بەڵکوو پیاوانیش دەگرێتەوە. زۆرن و دیتوشمانە چۆن پیاوانی چاوچنۆک لە ژێـر ڕیش عەمامـە و هێندێک ژنی مـەقـنـە بـەسەر و حیجابی ڕواڵـەتی چەنــدە شـتی قـەدەغـەکـراو و قێزەونیان ئەنجام داوە و دەیدەن. دیسان دەیڵێمەوە ڕووپۆشی ڕاستەقینە ویژدانی پاکە، ئەخلاق و خوو خدەو ئاکاری چاکە، نەفسی سالم و بەهێز و بـێگەرد و بێباکە حوکمی هەڵە نادا . کاکی برا کورتەکەی ئـەوەیـە: ئێمە ئەسڵەکانمان وەلا ناوە و بە هێندێک شتەوە نـوساوین کە گەورەیی و بەرزی ئیسلاممان لەگرەو ناوە. دروست گڕاوینەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە من و تۆ وەبیرمان دێ، دەسەڵاتداران دەرگای قفڵ بـەنـد و دیواری چوار مـیتر بــڵندیان لـە دەوری مـاڵـەکـانـیـان دەکێشا، جـیا لــەوەش دەروازە وانیشیان بـۆ دادەنـا تا کەسی بەناو نـامەحڕەم ژن و مـنداڵـیان نـە بینێ !! کچ و ژن ومـنـداڵـی جـوتـیار و هـەژارانـیش کوڕ و کـچ پێکەوە دۆڵ ـو بەندەنـەکانی گوندیـان دەپێواو کارگ و کوڕادە و مەندۆک و بیزاو ڕێـواسیان کۆ دەکردەوە و لە ئاوی شەویش پاکتر بـوون و مەقنە و حیجابیشیان لەسەر نەبوو. لە چوار چێوەی سنوری ئینسانیدا جیاوازیەک لە نێوان ژنـ و پـیاودا نـیە و بـە زۆریش هـەر پـیـاوە هـەوڵی ئـەنـجـامی کردەوەی نەشیاو و قەدەغە کراوی داوە و دەیدا. هـەر ئـەو سنورەشە کـە مرۆڤ دەگەڵ گیان لەبەرانیتر لێک هەڵداوێرێ. کاکی برا : ویـژدانی پـاک، نـەفسی سالم و ئاکاری چاک کەڕامـەت و کەسایەتی مـرۆڤ بەرز ڕادەگرن، نەک حیجاب و عەباو ڕیشی پان .

کاکە من نەموفتیم و نە ئەو هەقەش بە خۆم دەدەم فتوا بۆ خەڵک بدەم ئەوە تێگەیشتنی منە و لە بارەگای خواش خۆم لێی بەرپرسیارم. ئەوەی جەنابت و هەموو ئەوانەی وەک تۆ بیردەکەنەوە، بـا گوێ لـەمن نەگرن، چونکە بە قەولی ئێوە من دەگەڵ کەسانێکم کە بە کافرو لـە دیـن دەرچـوو لـە قـەڵـەم دراون. بـۆیـە پێم بـاشە گوێ لەو قسەیەی شێخ ئەحمەد تەیب موفتی و سەرۆكی ئەزهەری مەزن لە میسـر کە گەورەترین و ڕەنگە قەدیمیترین زانکۆیـەک بێ کـە لـەسـەر ئیسلام و دینەکانیتریش کاری کردوە و تێکۆشاوە. جا بڕیار بە خۆتانە. لەبیریشتان نەچێ پۆشینی جۆری جـل و بەرگ پێوەندی بـە دینەوە نـیە بـە زەوق و سەلیـقەی شەخـسەوە بەستراوە. ئەوەی دین گەرەکیەتی حوجب و حەیایە . من دڵنیام هەر هەق سەردەکەوێ.

ئیمام و موفتی ئەزهەر ساڵی ٢٠١٧ لە وڵامی پرسیارێکدا کە سەبارەت بە نیقاب واتە ڕوو پۆش لێی کراوە دەڵێی :

” ألنقاب لیس فرضا ولیس سنة و لیس مستحب . هو أمر مباح . لاأستطیع أن أقول لمن تلبسە أنت تزیدت علی حدود أللە لأن أللە أباحە . ولا أستطیع أن أقول لمن تـلبسە أنت تفعلین أمرا شرعیا. وأکد أڵطیب : أن ارتداالنقاب یدخل فی دائـرة المباح .فللمرأة أن تلبسە أو تخلعە حسب ظروفها، بـشرط أن من تلبسە لاتقول أنها تلبسە شرعا .وإذا خلعتە لا تقول إنـی أخلـعە لأن ألشرع أمرنی أن أخلع ألحجاب. فهو کما یلبس خاتما أو تخلع خاتما. فهو یدخل فی باب ألزینة ویدخل فی باب ألمباحات لا تطعلق بأمر ونهی . و فی لقاء آخر : أکد أن ألنقاب عادة ولیس من أڵعبادات. فهو من ألمباحات قائلا أن دائرة آلحلال هی أوسع ألدوائر.”

کوردیەکەشی بەکورتی دەبێتە ئەوە: ڕووپـۆش (نـیقاب) نـە فـەڕزە و نـەسـونـەتـە و نـە مـوستەحەب. کردەوەیەکی مەباح واتـە ڕێگە پێدراوە . نـاتوانی بەو کەسەی بـەسەری دا دەدا بڵێی ئەمری خوای بەجێ هێناوە، یان ئەوەی نایپۆشێ بکوتـرێ بێ ئەمری خوای کردوە. ئەحمەد تەیب پێداگرە لەسەر ئـەوە کە نیقاب دەچێتە ناو بازنەی مەباحەوە، مرۆڤ بۆی هەیـە بـیکا یـان نـەیکا. وەک ئەنگوستیلەیەک وایە لە قامکی بکەی یان دەریی بێنی. دەکەوێتە خانەی مەباح (واتە کردن و نەکردنـەکەی وەک یـەکە) و پـێوەندی بـە ئـەمرو نەهیەوە نیە. لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا دوپاتی دەکاتـەوە کـە نـقاب عادەتە نەک عیبادەت و مەباحە و بازنەی حەڵاڵیش فراوانترین بازنەیە.

کاکی برا ئەوە قسەی کەسێکە کە لە دنیای ئیسلامی ئەوڕۆدا حیسابی لەسەر دەکرێ من هیچی لێ کەم و زیاد ناکەم. بەڵام دەزانم ئێوە ئەگەر لە هێندێک مەسەلە خۆتان گێل نەکەن ئـازاری (کڕۆنـا) لـە کـۆڵتان نابێتەوە !! چیش بـە من دەڵێی ئـازادی. تـەنیا ئەوەندەم لە تۆ دەوێ ئەگەر دەزانی بۆ (پەزی) ئێوە زەرەری نیە پێم بڵێ ئەوە قسانەی منت قبوڵە ؟! وڵامی نەدامەوە. بەسوپاسەوە ماڵ ئاوایی لێکردم .

برات مەلا برایمی مەجید پور ٢٠ ڕەشەمەی ٢٠٧١٩ کوردی

١٠ مارس ٢٠٢٠ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی