"an independent online kurdish website

تێکۆشانی بەر بڵاوی پەنابەران و داخوازیەکانیان بە تەواوی بە گوێی هەموان گەیشتبوو ، دەکرێ بڵین هەم لە حکومەتی هەریمی کوردستان و دامودەزگاکانی،

هەم ڕێکخراوە مەدەنی و سینفیەکان و هەم حیزبە سیاسیەکانی باشور و ڕۆژهەڵات لە لایەن پەنابەرانەوە تەنگیان پێ هەڵچنرابوو.نزیکەی چوار مانگ بەسەر مانگرتنەکەدا تێپەڕی کردبوو. لە شەوزەنگی تاریکی دا “کرم ئەستێرەیەک ” نەدەبینرا شەوقێکی بۆ جێبەجێ بوونی داخوازی پەنابەران تیا بەدی بکرێ، ئەویش دوای چوار مانگ مانگرتن لە گەرمای تاقەت پڕوکێنەر دا.

ڕۆژێک شوڕا کۆبونەوەیان کردبوو، بڕیاریان دابوو هەیئەتێک بنێرن بۆ لای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و داوای هەڵوێستی جیدیان لێ بکرێ و واز لەو بێمەبالاتی و خۆدزینەوە لە کەم کاریەکانیان بێنن.

شوڕا ئەم چوار کەسەیان بانگ کرد، سەید جەعفەر سەید محەمەدی، مستەفا موسەوی، محەممەد حەسەنەڕەش، سەید ئەحمەد حسەینی، کە وەک هەئیەتی نوێنەرایەتی سەردانی هەر یەک لە حیزبی دیموکرات، سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمونیستی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بکەن.

هەیئەت وەخۆکەوتین و یەکەم جار چووینە لای سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران، زۆر بە باشی وەریان گرتین کاک سەید برایم عەلیزادە و هەیئەتێکمان بینی، باسی وەزعی پەنابەرانمان بۆ کردن و داوای هەڵوێستمان کرد.

کاک سەید برایم وتی!

– نامەیەک بنووسن چیتان پێخۆشە لە قازانجی پەنابەران بیهێنن من لێرە بۆتان ئیمزا دەکەم. لە درێژەی قسەکانیدا ئیشارەی بەوە کرد هیچ پێشمەرگەیەکی ئێمە کە دانیشتوون ناتوانێ گلەیی لێمان هەبێ! ئەگەر پێتان شک دێت بۆمان دەسنیشان بکەن چونکە هەر کەس لای ئێمە دانیشتووە نەفەری 700 دۆلارمان پێداوە، پێمان وتوون ئەو حیزبە هی هەمومانە و بەشی ئێوەشی پێوەیە، خوا هەڵناگرێ هەم هەڵوێستی لە هەمومان چاکتر بوو هەم قسەکەشی ڕاست و دروست بوو ئەو مەبلەغە پارەیان دابوو بە نەفەراتی خۆیان، نەشیان هێشت بڕۆین نەهارێکی تایبەتیان بۆ ساز کردین نانی نێوەڕمان لای ئەوان خوارد.

دواتر سەردانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانمان کرد

نێو سەعاتێک ڕاوەستاین تا کاک عەوڵا موهتەدی بە تەنیا هات بۆ لامان، دیار بوو شوێنی نیشتەجێبونیان تازە ئاوەدان دەکردەوە سەر قاڵ بوون. قەوانی کۆنمان بە هەوای پێشوو لێدایەوە ئەویش وتی ئیمەش پێمانخۆشە لەو وەزعە دەر باز بن، پشتیوانی داخوازەکانتان دەکەین.

دواتر گەڕاینەوە لای شوڕای پەنابەران و ڕاپۆرتی ئەو دوو حیزبەمان پێشکەش کرد و ئەمجار چووینە لای حیزبی دیموکڕات لە ڕێکەوتی (31.7.2001).

– دیارە بە هۆی ئەوەی بەشی زۆری پەنابەرەکان دێموکڕات بوون ڕیبەری حیزب ئاگای لە هەموو هەڵس و کەوت و وردە کاریەکانی نێوان یوئن و پەنابەران هەبوو.

مامۆستا حەسەنزادەمان بە تەنیا لە گەڵمان کۆبوەوە، دیار بوو هەموو ژمارەکانی حەوتونامەی (مان) ی بە وردی خوێند بوەوە، ( ئاگادریش بووین ڕەخنەی لە بەشی نوسەرانی ڕۆژنامەی کوردستان گرتبوو، وتبووی ئیوە مانگی جارێک رۆژنامە دەردەکەن ئەوانە لەو سەر شەقام و لە بەر ئەو گەرمایە حەوتووی جارێک ئەو هەمووە بابەتانە دەنووسن) هەر کە دانیشتین دوای چاک و چۆنی، وتی: جەناب! ئەگەر نوسەر بوون بۆ لە حیزبی خۆتان نەتان دەنووسی؟ هیچمان نەوت. دواتر لە درێژەی قسەکانی بە شێوەیەک لە بەرابەر وتەی بەرپرسی یوئن وتی: ڕاست نیە دەڵێن خاڵیان دەستنیشان کردوە و ئێمە بە دەوری دا هەڵدەسووڕێین و خۆی لێ لادەدەین یوئن ڕاست ناکا. ئەوەندەی بۆمان بکرێ هاوکاریتان دەکەین.

لە ئاخر قسەدا وتی: خەیانەت بە دایک و خوشکی خۆم بکەم خەیانەت بە ئێوە ناکەم.

دواتر گەڕاینەوە بۆ لای شوڕای پەنابەران و ڕاپۆرتمان پێشکەش کرد لە قەدەم لێدانێکی دوو کەسی دا بە کەریمی فەرخەپوور بەرپرسی شوڕام وت: کەریم! مامۆستا حەسەن زادە وتی خەیانەت بە دایک و خۆشکی خۆم بکەم بە ئێوەی ناکەم زەردەیەکی گرت وپێکەنی !

– با چاو بە بڕێک هەڵوێستی دیکە دا بگێڕین

حکومەتی هەرێم

لە یەکەمین کاتەکانی دەستپێکی مانگرتنەوە تا ئاخرەکەی هەر دەیانگوت داخوازیەکانتان ڕەوایە و پشتیوانیتان لێدەکەین، زۆر جار هەم لە گەڵ شوڕای پەنابەران دانیشتن و هەم لە گەڵ یوئن، وەک هەڵوێست دریغیان نەکرد یارمەتیدەر بوون و یەک دوو جار کۆمەکی ماڵیان بە پەنابەرەکان کرد، باش بوون، بەڵام وەک شوێن دانەری لە سەر کۆمیساریای پەنابەران بۆ بەڕێکردن سەرکەوتوو نەبوون.

UNHCR

ئیدارەی یوئن لە یەکەم ڕۆژەوە تا ئاخر(3.6.2001) – (15.10.2001) هەر لە سەر یەک قسە بوون دەیانگوت لە چوار چێوەی سەڵاحیەتی ئیمەدا نیە لەو سەهمیەی بۆمان دیاریکراوە ناتوانین زیاتر بەڕێ بکەین، بە بەغدا و کۆمیساریای پەنابەران لە ژنێڤ مەربووتە. ئاخر قسە و پێشنیاریان ئەوە بوو پەنابەران ڕوو بکەنە تورکیە ئەگەر دەیانەوێ لەو وەزعە دەر باز بن.

حکومەتی ئێران

هەم زۆری پێخۆش بوو حیزبەکان جێ پێیان لێژ ببێ و کەسیان بە دەورەوە نەمێنێ، هەم دەیەویست وەزعی پەنابەران زۆر لەوە خراپتر بێت تا بەهانە بە حیزبەکانیان بگرن و سەرقاڵیان کەن، هیوای هەڵچنیبوو بوو لە ڕووی مەجبوری بەشێک لە پەنابەران خۆیان تەحویلی ئیران بدەنەوە یا جاسووسی بۆ بکەن و کەڵکی خراپیان لێوەرگرێ لە هەموو بارێکەوە گرفت هەبوایە لە قازانجی خۆی دەزانی بە کوردی جووت شەشی بوو.

حکومەت عێراق

سەرباری ئەو هەموو نەهامەتیە حکومەتی عێراقیش لێمان ببووە بەڵا، بڕیاریان دابوو دەبوو پەنابەران ببردرێنە “موسڵ” یا “کەرکوک” تا لە نزیکەوە بیانبینن و قسەیان لە گەڵ بکەن بزانن چکارەن؟ سەر بە حیزبەکانن یا نا؟ مەدرەکی ئێرانی بوون لە گەڵ خۆیان بێنن و بیسەلمێنن کە ئێرانین.

جارێک 40 بۆ 50 کەسێکیان بردین بۆ “موسڵ” چەند ئەفسەری عێراقی لە گەڵمان دانیشتن لە پێش دا وتیان هەستن قسەی خۆتان بکەن بزانین چیتان دەوێ؟

کاتی هەڕەشە و گوڕەشەی ئەمریکا بوو لە ئێراق، مامۆستا پەیمان یەکەم کەس هەستا وتی: هیوادارم ئەو هەورە ڕەشە لە سەر ئاسمانی عێراق بڕەوێتەوە و ئاسمان ساماڵ بێ، ڕێگە بدرێ پەنابەران لێرەوە سەفەر بکەن، چەند کەسی تریش قسەیان کرد.

نۆبەی ئەفسەری عێراقی هات چاوەڕێ بووین بڵێ دەتوانن لە عێراقەوە سەفەر بکەن و گرفتتان بۆ نایەنینە پێش، کەچی وتی: ئەوەڵەن ئاسمانی عێراقی سافە و هێچ پەڵە هەورێکی لە سەر نیە. دواتر وتی: ئەو دوکان و بازاڕە یوئن لە هەولێر و سلێمانی بۆ ئیوەی داناوە کارێکی خراپە، حیزبەکانی خۆتانن جێدێڵن دەچنە خارج چ دەکەن. لە دڵی خۆمانا وتمان بە خوا بابە جوانە، کۆڵمان رەنگین بوو ئەونەی تریش ڕازایەوە، ئاوێکی پاکی بە دەستا کردین و گەڕاینەوە.

یوئن زۆر جار دەیگوت حکومەتی عێراق ڕێگری دەکات پەنابەری زۆر بنێرینە دەرەوە باوەڕمان نەدەکرد. ئەو بەهانە گرتنەی عێراق تەفسیری جۆراوجۆری لە لایەن پەنابەرانەوە بۆ دەکرا.

کورد گوتەنی ئاخر و عاقیبەت شوڕای پەنابەران لە گەڵ کاک نێچیراون بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەیەکیان پێکهێنا، سەرۆکی حکومەت داوای لێکردبوون مانگرتنەکە تەواو کەن باشە.

بە گەڕانەوەیان بە سەر دێرێکی گەورە لە ئاخرین حەوتونامەی “مان” لە ژمارە( ١٨ ) ئاوا نوسرابوو:

لە سەر پێشنیاری بەڕێز نێچیروان بارزانی پەنابەرە سیاسیەکان کۆتاییان بە مانەکەیان هێنا ؟؟؟

دوای کۆتایی مانگرتن تورکیە خۆت بگرە و هاتین کە دەیان داستانی تایبەت بە خۆی هەیە.

بەشی 1

بەشی 2

بەشی 3

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی