"an independent online kurdish website

پرسی مانگرتنەکە تا دەهات زیاتر دەنگی دەدایەوە هیچ خەبەرێکیش لە وڵامی ئەرێنی بۆ پەنابەران بەدی نەدەکرا،

لە زۆر لاوە بە تایبەت خودی پەنابەرانەوە گلەیی و گازەندە لەو حیزبانەی کە پێشمەرگایەتیان تێدا کردبوو بەرز دەبوویەوە، گلەیی و ناڕەزایەتیەکە تەنیا لە سەروەرگرتنی جۆری تەئیدی بۆ یوئن نەبوو. بەڵکوو ئاستەم دروست کردن لە بەردەم چونە پێشی کارەکانیان یەکێک لە گازندەکان بوو.

لینۆ بەرپرسی کۆمیساریای پەنابەران بە سەراحت لای پەنابەرەکان دەیگووت: من لە گەڵ حیزبەکانی ئیوە دانیشتنم بووە، دایرەیەکم لە سەر کاغەز بۆ کێشاون و لە ناوەڕاست دا خاڵێکم دەسنیشان کردوە، وتوومە ئەمە گرفتی پەنابەرەکانە! کەچی ئەوان بە دەوری دایرەکەدا هەڵدەسووڕێن و خۆ لە خالی دەسنیشانکروا بە دوور دەگرن .

پەنابەران چاوەڕوانیان لە حیزبەکانیان هەبوو دوای ئەو هەمووە ڕەنج و زەحمەتەی لەو حیزبانەدا کێشاویانە ئاوڕێکیان لێ بدرێتەوە و کەچی پێچەوانەکەی درەدەکەوت. دیارە لە نێو هەوڵوێستی حیزبەکاندا فەرق و جیاوزی هەبوو.

چەند نمونە لە گلەییەکانی پەنابەران !

– بەشی هەرەزۆری ئەو پێشمەرگانەی دادەنیشتین دوای ئەو هەمووە خەباتە کارتی پێشمەرگایەتیان لێوەر دەگیرایەوە کە زۆریان پێ ناخۆش بوو، هەمیشە دەیانوت لای ڕژیم کەسێک دوو ساڵ سەربازی دەکات بە زۆریش دەیبەنە سەربازی کەچی کارتی سەربازی تا مردن لە لایە، ئێمە خۆمان هاتووین و چەندین ساڵ پێشمەرگە بووین کارتێکمان پێ ڕەوا نابینن.

– کاتێک کەسێک منداڵی دەبوو پێویست بوو کارتی پێناس یا نوسراوێکی هەبێ لە لایەن حیزبەکەیەوە تا بیداتە یوئن، بەڵام هەتا وەری دەگرت قیر سپی دەبوو.

– لە بیرمە لە سەر منداڵی حەسەن غەمبار کە کارتیان نەدەدایە باسەکەی گەیشتە پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکڕات لەوێ (ح .ر ) دیفاعێکی جوانی کرد و وتی !

هاوڕێێان! ئەو کەسە ساڵانێکی دور و درێژ پێشمەرگە بووە، ئێستە یوئن لێی دەخوازێ لە کوتە پووشەیەک دا (کاغەزێک) ناوی منداڵەکەی بۆ بنوسرێ کە هی ئەوە، یانی ئێمە حێزبێکین و سازمانێکی نێونەتەوەیی گەورەی وەک یوئن نوسراوەی حیزبەکەمان بە ڕەسمی بناسێ قازانجمان کردوە یا زەرەر؟ بەو کارە هەم ئەندامەکەی خۆمان ڕازی کردوە.

هەم ئیعتباڕێکمان بۆ حیزبەکەمان وەرگرتووە کە وەک دەوڵەتێک نوسراوەی ئێمە ڕەسمیەتی هەیە لە لای یوئن! باشە بۆ ئەو بەر بەستە لانابەن؟ ماڵی ئاوەدان لەو بەشە دا ئاوی بە ئاگرەکە دا کرد.

– بە شێکی دیکە کە لە هەمووی ناخۆشتر بوو بۆ پەنابەرەکان، کاتێک دەچوونە بنکەی حیزبەکان بۆ کاڕێکی تایبەت بە داخەوە جەوێکی ئەوەندە خراپ خولقابوو کە دەهاتنەوە دەیانوت ئەوەندە بە چاوی سووک سەیرمان دەکەن شەرممان بە خۆ دێ ، بە جۆرێک وڵامی سڵاوت دەدەنەوە وەک جەریمەیەکی قورست کردبێ!

– هێندێک قسەی کراویش دەبیسترانەوە “وەکوو” تا سەر و ڕیشیان پێ سپی نەکرێ نابێ دەرباز ببن. دەچنە خاریج لەوێ سەگیان پێ دەشۆرن و زۆر ناو ناتۆرەی دیکە .

کۆنگرەیەک ناو بنێی کۆنگرەی خەباتگێڕانی خۆڕاگر، هەر لە بەر ئەوەی ئەو پێشمەرگانەی سەنگەرەکانیان بە سەر پاسداران دا دەڕوخاند و مێژوویەکی زێڕینیان بۆ حیزبەکە تۆمار کرد بە ترسەنۆک وبەزیو بناسێنی.

————–

کورد گوتەنی نەگبەتی خۆی باشە قۆرتەکانی خراپە

– سەرەڕای هەمووی ئەوانە کاربەدەستانی یوئینش کە بەشێکیان کورد بوون، ناڵێم هەموویان، بەڵام بە ڕاستی نەفەری بێ ویژدانیان تێدا بوو. دیارە هەر کوردە بۆر بوو ئەو کارە خراپانەیان دەکرد، زۆر جار پەنابەران دەیان وت کاکە وەختێک کاروان بەڕی دەکرێ بۆ دەرەوەی وڵات لە لای پردی کەڵەک ماشین ڕادەگرن کوردی باشور سوار دەکەن!؟ باشە ئەگەر وانیە بۆ لە گەڵ خەڵکەکە لە هەولێرە سواریان ناکەن؟ من باوەڕم نەکرد تا گەیشتمە ئوروپا و داستانی لەتیفەی جەباری و ئەحمەدی ئازەر پیرەم بە گوێی خۆم لە خۆیان بیست.

– چەند ساڵێک بوو لەتیفە جەباری کە لە حیزبی دیموکڕات دا بەرپرسی بەشی ژنان بوو وەک پەنابەر لە هەولێر خۆی ناساندبوو، پێی وابوو کەیسەکەی بەهێزە و برایەکیشی شەهید بووە زوو دەتوانێ دەر باز بێت، هەر چی هەوڵی دا فایدەی نەبوو تا ئاخرەکەی ڕێگەی قاچاخی گرتە بەرو پاش ٧ ساڵ مانەوە لە تورکیە لە دوای نزیک بە ١٠ ساڵ ژیانی پەنابەری وبە ڕێگەی قاچاخ دەگەنە وڵاتی سوید.

هەر کە لە سوید خۆی دەناسێنێ، ڕایان دەگرن و پۆلیس پێیان دەڵێ ئێوە ماوەی 10 ساڵە لە وڵاتی سوید دەژین! چۆن هاتوون داوای پەنابەی دەکەن؟ ئەوانیش ئەڵێن بابە تازە هاتووین دە ساڵی چی؟ و شتی چی؟ ئەڵێن وەرنە ئەو ژوورە دانیشن.

پۆلیس پەرەوەندەیەک دێنێ وێنەی ژنێک پێشانی لەتیفەی ئەدات ئەڵێ ئەوە تۆنیت؟ ئەڵێ نەوەڵا! پیشانی ئەحمەدی مێردی لەتیفەی ئەدات ئەڵێ ئەوە لەتیفەی خێزانتە؟ پێدەکەنێ ئەڵێ نەوەڵا بریا ئەوە لەتیفە بوایە ئەوە جوانترە، دوای 24 سەعات دەردەکەوێ وێنەی ژنێکی باشووری لە سەر پەروەندەی لەتیفە دراوە و لە سەر حیسابی ئەوان لە وڵاتی سوید وەک پەنابەری سیاسی ماوەی دە ساڵە نیشتەجێیە!

دواتر ئەحمەد و لەتیفە وەک پەنابەر لە وڵاتی سوید وەر دەگیرێن.

با لە کاک حەمەی ڕەشیدی گەڕێن کە هەموو ژیانی پێشمەرگایەتی پارێزەری دوکتور قاسملوو بووە لانی کەم 10 ساڵ هەر لە تورکیە مایەوە.

ئەمانە و دەیان داستانی نەبیستراوی دیکەی لەمجۆرە بەسەر ئەو پەنابەرانەدا هاتووە.

لە حەوتونامەی ژمارە چواری “مان”دا ئەم دوو کورتەی شێعرەی پەنابەران لە چاپ درابوون.

هەتاو!

تینت نامتاوێنێ ………….مناڵانمان ناسووتێنێ

دەنگ بە تیڕیژتا هەڵدەچێ و *مان* ت بە گوێ دەچرپێنێ

دەڕۆم !

لە بن ئەم کەپر و ساباتە …… بە شوێن چارە نووسا وێڵم

لە ژێرزەختی سەر نێزە بوو ….. گوتم وڵات بە جێ دێڵم

بەشی 1

بەشی 2

دڕیژەی بابەت لە بەشی 4

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی