"an independent online kurdish website

کاتێ تەماشای ڕابردوی حیزبی دێمۆکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کـوردستان بکەین بۆمان دەردەکەوێ داگیرکەری ئەو بەشە بەردەوام خەریکی پیلانی قێزەون و دوور لـە هەموو یـاساو ڕاساکانی نـێو دەوڵـەتی بـە دژی ئەو حیزبە داڕشتوە و بـە هەمـوو هیزیەوە تێکۆشاوە.

بەردەوام هەوڵیداوە سەری حیزبـەکە لێ بدا، بەو خەیاڵە خاوە کە سەر نەما لەشیش فەوتاوە و حیزب لەبەریەک هەڵوەشاوەو لە مەیدان دەرکراوە! لەو نـەخشە شومانـەدا تـا ڕادەیەک سەرکەوتـووە. بـەڵام ئـامانجیان نە پێکاوە و ڕەوتی خەبات ئەگەر شلیش بوبێ ڕانەوەستاوە. قازی لەدار درا، کەچی خوێنی خۆی و هاوڕێکانی بوو بە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرو لە مێژووی جیهاندا سەبت کراوە. ڕێبەرو ئاڵا هەڵگری ڕێبازی قازی هاتە کایە و قازی و کۆمار و حیزب و خەباتەکەی بردە ناو دنیای مۆدێڕن و پێشکەوتوو پـەلوپـۆی بـە دنیادا بـڵاو کردەوە. تـێڕۆری قـاسملوش هەر چەنـد خەسارێکی قەرەبوو نەکراو بوو، بەڵام ئەویش بـوو بـە مەشخەڵی قوربانیدان بـۆ ئـازادی و دێمۆکڕاسی بـۆ کوردستان و پاش (30) لـە تێـڕۆر کردنـەکەی نـەک لـەبیر نەکراوە بەڵکو بە گوڕ و تینێکی کەم وێنەوە ڕێبازەکەی هەروا بەردەوامە و ڕاسانی تاراوگەی دەگەڵ ڕاسانی شار و شاخی ڕیکخستەوە و ئـاگری شۆڕشی بە تینتر هەڵکردەوە و بـە یەکەوەی گرێداو .

جێگرە لێوەشاوەکەی شەهید دکتور سادقی شەرەفکەندی لە پێش هەمووشتێکدا دەرسی وەفاداری و ئیمان بەڕێبازی فێر کردین،کە لە شەهید بـوونی قاسملودا دەڵێ:( ڕێبەری مەزن یان سەردەکەوین یان ئەو ئیفتخارەمان بە نسیب دەبێ و دێینە لای تۆ) دکتور سەعید ئەو ڕێبەرە بوو لە دوای شەهید بوونی قاسملوو بە جۆرێک ژیرانە و لێزانانە و بەورەیەکی بەرزوو پۆڵایین ئەو ئەرکە قورسەی گرتە ئەستۆ کە دۆست و دوژمن پێی سەرسام بـوون و چاوەڕوانیان نەدەکرد. مودیرێکی بـە زپک و لێزان و ڕوک و ڕاست و سور و شێلگیر لـە سەر ڕیبازی ڕێبەرەکەی. گرینگی بەرپرسایەتیەکەی دەرک کردبوو. بە لێهاتویی و پشتی کارەوە لە لایەک بوو بـە هوی خۆشحاڵی و بـڕوا بەخۆبوونی گەل و هاوڕێیان و ئەندام و لایەنگرانی حیزب و لـەلایەکیترەوە نـاهومید کردنی دوژمن بـوو بـە زەنگێکی مەترسی بۆ کۆماری ئیسلامی. تێمابوون لەوە کە چۆن ڕێبەرێکی وەک قاسملوو لەناوبراوە بەڵام حیزبەکەی بە هێزەوە لە سەنگەرەکەی دا ڕاوەستاوە! ئەو خەسارە مەزنە نەک ورەی ڕێبوارانی دانەبـەزانـدوە بـەڵکو ئـاگرێکی سوتینەری لە جەستەو ڕووحی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بەردراوە. کـاک سـەعـیـد بـە لێزانی نـەیهێشت تـرس و دڵـەڕاوکێ و نـاهـومێدی کار بکا لـە هاوسەنگەرانی و بەرپەرچی پڕوپاگەندەی دوژمن و نەیارانی داوە. چاونەترسانە لە گۆرەپانی خەباتدا ڕاوەستا. دوژمن کە زانی ئامانجی نەپێکاوە و زۆر ناخایەنێ دوکتور سەعید کەلێنی نەبوونی قاسملو پڕدەکاتەوە، کەوتە داڕشتنی پێلانێکیتر بە شێوەیەکیتر. ئەو جارەیان شوێنی دانشتنی ئوپۆزیسیۆنی غەیرە کورد دەگەڵ کاک سەعیدی کردە مەیدانی ئـەنجامدانی جینایـەتـەکەی پـڕۆسەکە لـە لایـەن ئاخوندەکانەوە بەرنامەڕێژی کرابـوو هەمـوو کەرەسە و ئامرازەکانی دابین و تەنانەت شوێن و کاتەکەش دیاری کرابوو. مخابن دیسانـیش دۆستان هـەڵـیان خەڵەتاندین و دەستی خەیانەت کاری خۆی کرد، دکتوور سەعید و کاک فەتاحی عەبدولی و کاک هومایونی ئـەردەڵان تـێڕۆڕ کـران و بوونە قوربانی ئازادی گەل و نیشتمان. ئـەوە ڕاو بـۆچوونی خۆمە و پێوەندی بـەحیزبـەوە نیە . ئەوانەی تاوانەکەیان ئەنجامدا ناسران، داڕێژەری جینایەتەکەش دیارە کۆماری ئیسلامیە، بەڵام من دڵنیام ئەوەی ئەو زانیاریە وردەی داوە یەکێک لـەوانـە بـووە کە وەک ئوپۆزیسیۆن لـە هەموو بـەرنـامەکە ئـاگادار بـووە، چونکە دانیشتنەکە دەگەڵ کۆماری ئیسلامی نەبووە تا هەموو شتەکان بزانێ! خۆ ئەگەر بڵێن وانیە! دەبێ بڵێین ئاخوندەکان عیلمی غەیبیان هەیە و ئاگاداری هەموو شتێکن کاری خۆیان دەکەن!! کە بەڕای من وانیە .

هەرچۆنێک بێ جەستەی برینداری حیزب ئەوجارێش بریندار کرایەوە. سارێژ بوونی ئەو بـرینانەش دەرمانـەکەی تـەنیا ئـازادی گەلـ و ڕزگاری کوردستانـە. بە خۆشیەوە حیزب وەک پڵینگی بریندار وایە، بە برینەوە ڕق و قینی زیاتر دەبێ و ناکەوێ، هەر بۆیە کۆڵی نەداوە، بە هێزەوە لە سەر ڕیبازی شەهیدان سوورە، شێلگیرانە لە گۆڕەپانەکەدا ڕاوەستاوە. ئەوینداران و هاوڕێی ئـەو شەهیدانە، کچان و کوڕانی کوردستان هـەروا خوێـن گەرم و بـەورە و سۆزەوە دڵسۆزانـە مەشخەڵی شەهیدانیان لە ژێر ئاڵای کوردستان بەدەستەوە گرتووە، بۆتە چرای ڕوناکیدەری ڕێگایان، نـەدەوەستن و نـەڕادەوەستن. دایـکانی کـوردستانیش وڵامی ئـەو داوایـەی شەهید شەڕەفکەنـدیان داوەتەوە کە دەفەرموێ: {با دایکانی کوردستان ڕۆڵەکانیان لە باوەشی گەرمی پڕ لە خۆشەویستی خۆیـانـدا بـەهەستی گـەرمی نیشتمـان پـەروەری و ئـازادیخوازی پـەروەردە بکەن و چیڕۆکی ژیانی دوکتور قاسملو و شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریان بە گوێدا بخوێنن.{

بەبۆنەی ئەو یادە دڵتەزێنە هاوخەمی خۆم دەگەڵ سەرجەم شەهیدان و بنەماڵەکانیان، زیندانیانی سیاسی و کەس و کاریان، گەلی کورد و دۆستانیان، هاوڕێـ و هاوسەنگەر و ڕیبوارانیان دەر دەبڕم .

بەهیوای سەرکەوتن. براتان مەلا برایمی مەجیدپور

١٨ی خەرمانانی ٢٧١٩ی کوردی ٩/٩/٢٠١٩ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی