"an independent online kurdish website

ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی (١٣ی جوولای ١٩٨٩ی زایینی) دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاک عەبدوڵا قادری ئازەر نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات


و دوکتور فازل ڕەسووڵ نووسەر و مامۆستای زانکۆ، لەلایەن تیمێکی تێروری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سەر میزی وتووێژ لە وییەن شەهید کران.

سی ساڵ بەسەر ئەو جینایەتە سامناکەی ڕێژیمی ئێران دژ بە کورد تێدەپەڕێ. دوکتور قاسملوو وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی چۆتە نێو مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردەوە و لە بیر و باوەڕی نەتەوەکەیدا زیندووە.

ئاستی سەرکەوتوویی و لێهاتوویی و شوێندانەربوونی هەر ڕێبەرێکی سیاسی بە دوو پێوەر هەڵدەسەنگێندرێ: یەکەم، بە کاریگەریی و بەرهەم و دەسکەوتە سیاسیەکانی لە کاتی ژیانی دا و دووهەم، بەو میراتە سیاسی و هزریانەی کە ڕێبەرەکە لە دوای خۆی بەجێیان دەهێڵێ.

با هەر ئەو دوو پێوەرەش بکەین بە بنەما بۆ خستنەڕووی بەشێک لە دەسکەوت و خزمەت و میراتە سیاسییەکانی عەبدوڵڕەحمان قاسملوو.

بەرهەم و دەسکەوتە سیاسیەکانی دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو

یەکەم: دابینکردنی یەکێتی فیکری و سیاسی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا: ئەوکاتی ڕێبەریی حیزب کەوتە دەستی دوکتور قاسملوو، ئاڵۆزییەکی فیکری بەرچاو بەسەر ڕێبەرایەتی حیزب دا زاڵبوو بوو و هەرکەسەی بۆ لایەکی ڕادەکێشا! بەڵام کەندوکۆسپەکان هەنگاویان بە دوکتور قاسملوو شل نەکرد و توانی بە هاوکاریی هاوبیرەکانی و بەبێ حەزفی جیابیرەکان، ڕێبەرایەتی حیزب لە دەوری بەرنامە و پێڕەوێکی سەردەمیانە دا کۆبکاتەوە و بەشێوەیەک ژیرانە جیاوازیی بیروبۆچوونەکان بۆ یەک ئامانج مودیرییەت بکا.

ئەو بڕوای بەو ئەسڵە سەلماوە  هەبوو کە جیاوازیی بەگشتی و جیاوازیی بیروباوەڕ بەتایبەتی، بە نکۆڵی لێکردن و زۆر و هەڕەشە ڕەنگە بۆ ماوەیەک بێدەنگ بکرێ، بەڵام سەرکوت نابێ و لەنێوناچێ و دوای ماوەیەک، لەشوێنێکی دیکە و بەشێوەیەکی دیکە و ئەوجارە ڕادیکاڵتر و بە شێوەی ڕووخێنەر سەرهەڵدەداتەوە.

لەپێناو دابینکردنی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی و بۆ ئەوەی بتوانی جیاوازییەکان بکەی بەدەرفەت و مودیرییەتی بکەی، دەبێ جیاوازیی وەک ئەسڵێکی ئاسایی و دێموکراتیک بسەلمێندرێ و ڕێزی لێبگیرێ. بیروبۆچوونە جیاوازەکان ئەگەر سەرکوت کران، کێشە و دووبەرەکی و لاوازبوونی بزووتنەوەی لێدەکەوتێەوە.

دووەم: دابینکردنی سەربەخۆیی سیاسی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. دوکتور قاسملوو توانی حیزبەکەی لە هەر چەشنە بەستراوەییەک بەملا و بەولا ڕزگار بکا و لەباری سیاسی و تەشکیلاتی و تێئوریکەوە هوییەتێکی سەربەخۆ بدا بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

سەربەخۆیی سیاسی بەو مانایە کە پێوەر و پێوانە لە داڕشتنی سیاسەتەکانی حیزب، بەر لە هەمووشتێک دەبێ بەرژەوەندیی خەڵک و جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بێ و تەنیا ڕێبەرایەتی حیزب ئەو سیاسەتە دیاری دەکا.

سێیەم: قاسملووی ڕێبەر چەمکی خۆدموختاری و خەباتی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێرانی کرد بە پێناسەی بێ ئەملا و ئەولای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. لە هەر شوێنێک باسی خۆدموختاری و خەباتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا کرابایە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی دەکەوتەوە بیری بیسەر.

چوارەم: بەر لە ڕووخانی ڕێژیمی شا، کاتێک دوکتور قاسملوو گەڕایەوە بۆ کوردستان، بەڕاستی بێجگەلە ئەو کەسانەی کە ڕابردووی سیاسی و خەباتیان هەبوو، کەم کەس  قاسملوویان دەناسی و حیزبی دێموکرات لە ژێر بارانی تانە و تۆمەت و هێرشی تەبلیغاتیی زۆر لایەنە دا بوو.

بەڵام قاسملووی لێهاتوو لە ماوەی تەنیا چەند ساڵێک دا حیزبی دێموکراتی گەیاندە لووتکە و کردی بە حیزبی بەنفووز و یەکەمی کوردستانی ئێران و یەکێک لە حیزبە شوێندانەر و سەرەکییەکانی کورد بەگشتی.

پێنجەم: بووژانەوە و گەشەپێدان بە بیر و هەستی نەتەوەیی. لە دوای شۆڕشی ٥٧ بیر و باوەڕ و ئیدئولوژی چەپ بەسەر گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان دا زاڵ بوو و پرسی نەتەوەیی لە بەرنامەی حیزبە چەپەکان دا نەک هەر لە ئەولەوییەت دا نەبوو، بەڵکوو بە بیرێکی دواکەوتوانەش دادەنرا!

لەو کەش و هەوایە دا قاسملوو ئاڵای خەباتی نەتەوەیی بەرز کردەوە و بە دەستی بەتوانای ئەو و بە هەوڵ و تێکۆشانی حیزبەکەی ئەو، خەباتی نەتەوەیی بە مەودایەکی زۆرەوە، بوو بە خەباتی ئەسڵی و سەرەکیی خەڵکی کوردستان.

شەشەم: دێموکراسی و مودێڕنیزەکردنی ژیان و خەباتی حیزب. دوکتور قاسملوو بە تەواوی هەستی بە زەروورەتی بوونی دێموکراسی بۆ گەشەسەندنی حیزب و جووڵانەوەی نەتەوەیی کردبوو و لێبڕاوانە هەوڵی بۆ پەرەپێدان بە دێموکراسی دەدا. لە هەموو کۆبوونەوە و دەرفەتێک دا لەسەر پاراستنی ئوسووڵ و مناسباتی دێموکراتیک لە حیزب دا پێداگریی دەکرد و لە تێکۆشان بۆ جێگیرکردنی کولتوورێکی سیاسیی دێموکراتیک ماندوو نەدەبوو.

باوەڕی وابوو کە خەباتی ڕزگاریخواز بۆ ئەوەی تووشی دووبەرەکی نەێت و بتوانێ کەڵک لە پوتانسیەلەکانی خۆی وەربگرێ و ئازادی و دێموکراسی بۆ کۆمەڵگا دابین بکا، دەبێ لە خۆیدا ماهییەتەن دێموکراتیک بێ و بروای بە پڕینسیپەکانی دێموکڕاسی هەبێت.

هەروەها، پرسی ژن وەک پرسێکی یەکلاکەرەوە بۆ گەشەسەندن و بەرەوەپێشچوونی جووڵانەوەی نەتەوەیی، بە بێ دەروەستبوون بە ئوسووڵ و بنەماکانی دێموکراسی لە بنەماڵ و حیزب و کۆمەڵگا دا، چارەسەر ناکرێ.

حەوتەم: نێونەتەوەییکردنی پرسی کورد. بەبێ هیچ چەشنە گومانێک دوکتور قاسملوو لە ناساندنی پرسی کورد و جووڵانەوەی کورد وەک بزووتنەوەیەکی ڕەوای نەتەوەیی دێموکراتیک بە دنیا، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی گێڕا. پێیوابوو کە پرسی کورد دەبێ لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێران دەربچێ و ڕێژیم بە هاسانیی نەتوانێ بەدوور لە چاوی بیروڕای گشتی جیهانی کورد قەڵاچۆ بکا و مافەکانی پێشێل بکا.

زانایی و بەئەزموونبوون و کەسایەتی کاریسماتیکی ئەو لە لایەک و شارەزایی بەسەر چەند زمانی گرینگی دنیا دا و لێهاتوویی ئەو لە گەیاندنی پەیام بە بەردەنگی خۆی لەلایەکی دیکەوە، دیپلوماتێکی بەتوانای لە دوکتور قاسملوو دروست کردبوو و یارمەتی دابوو بە سەرکەوتنی ئەو لە ئەرکی نێونەتەوەییکردنی پرسی کورد دا.

وەک کەسایەتیش، قاسملوو لە نێو کۆمەڵگای سیاسی و ڕووناکبیرانی ئورووپا دا جێگایەکی شیاوی بۆخۆی مسۆگەر کردبوو. دۆستانی قاسملوو ئێستاش لایەنگرانی بەئەمەگی کورد و پرسی کوردن.

هەشتەم: ڕاشکاوی و ئازایەتی لە دەربڕینی بیروباوەڕ و قەناعەت دا.  دوو نموونەوە: خوێندنەوەیەکی نوێ لە سوسیالیزم و هێنانی سوسیالیزمی دێموکراتیک بۆ نێو حیزب لە کاتێکدا کە تێڕوانین و تێگەیشتنی چەپی سوننەتی لە کوردستان  و لە خودی حیزبی دێموکراتیش دا لەوپەڕی خۆی دا بوو! هەروەها، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧ دوکتور قاسملوو نەچووە ژێر کاریگەریی و هەڵڵا وهوریا و تەبلیغات حیزبی تودە و هاوبیرانی. ئەو بوو دەنگی هەڵبڕی و گوتی ڕێژیمێک کە گەلانی ژێر ستەمی ئێران بە تاوانی ئازادیخوازی سەرکوت دەکا و مافەکانیان پێشێل دەکا و بڕوای بە ئازادی و دێموکراسی نیە، ناتوانێ ڕێژیمێکی عادل و دژی ئیمپریالیست بێ.

حیزبەکەی قاسملوو زۆر زوو دەنگی پێی دیکتاتوریی نوێی بیست، بە دژی وەستایەوە و لە ڕێفڕاندۆمی ۱۲ی خاکەلێوەی ۱۳۵۸ بەمەبەستی دیاریکردنی نەوعی نیزامی داهاتوو، بەشداریی نەکرد. 

میراتە سیاسی و هزرییەکانی دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو

  • قاسملووی خەباتگێڕ لەگەڵ ئەوەی بڕوای قووڵی بە چارەسەریی پرسی کورد لە ڕێگای سیاسی و وتووێژەوە هەبوو و لەو ڕێگایەش دا سەری بەرزی دانا، بەڵام فێری کردین کە خۆبەدەستەوەدان و ئاشبەتاڵ و خافڵبوون لە خەبات بۆ ئازادی، بۆ خۆمان و حیزبەکەمان بکەین بە هێڵی سوور و “تابوو”.

 بە بڕوای قاسملوو، پرسی کورد ڕێگاچارەی نیزامی نیە. بەڵام نە بەو مانایەی کە ڕێژیمی حاکم حاشا لە بوونی کرد بکا، بە ئاور و ئاسن هێرش بکاتە سەر کوردستان و لەنێوبردن و قەڵاچۆی ژن و منداڵ و پیر و گەنجی کورد بۆخۆی بەڕەوا بزانێ، بەڵام کورد داماو و دەستەوئەژنۆ دانیشێ، وەدەست نەیە و بەرەنگاری دوژمن نەبێتەوە و چاوەڕوانی ڕوحمی دیکتاتور بێ داخوا کەنگێ ڕێگاچارەی سیاسیی پرسی کوردی بەبیر دادێ!

بەپێچەوانە، مەبەستی دوکتور قاسملوو لەو قسەیە ئەوە بوو کە ڕێژیم بە چەک و بە ڕێگای نیزامییەوە جووڵانەوەی کوردی پێ لەنێو ناچێ و کورد دەبێ بە خەباتی بێوچانی خۆی بەشێوەی جۆراوجۆر، یەک لەوان خەباتی چەکداریی، حکوومەت ناچار بکا کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد ڕێگای وتووێژ و سیاسی بگرێتە بەر.

  • قاسملووی دیموکرات دەیگوت، لەپێناو پاراستنی کەڕامەتی یەکتر و دابینکردنی یەکێتی و یەکگرتوویی لایەنەکانی نێو جووڵانەوە و گەشە و پەرەپێدان بە حیزبایەتی و خەباتی ڕزگاریخواز دا، دەبێ لە هەموو حاڵەتێک دا دەروەست و پابەند بین بە پێوەر و پڕینسیپەکانی دێموکڕاسی.

پێی دادەگرت کە خەبات بۆ دێموکراسی نابێ بچێتە ژێر سێبەری خەباتی نەتەوەیی. ئەو بەدروستی دەیزانی پرسی دێموکراسی و پرسی خەبات بۆ ئازادیی و مافی نەتەوەیی بە هیچ شێوەیەک لەیەک جیا ناکرێنەوە. 

  • قاسملووی خاوەن ستراتێژی دەیگوت، دەبێ هەوڵ بدەین کە خەباتی ڕزگاریخوازی کورد ببێت بە فاکتەرێکی سیاسیی سەربەخۆ لە ناوچە دا و بۆ ئەو مەبەستە، پێویستمان بە یەکێتی و هاوهەڵوێستیی و هاوپێوەندیی نەتەوەیی هەیە.

  • ڕێبەری نیشتمانپەروەر فێری کردین، دەبێ بڕوابەخۆ بین و لە خەبات دا پشت بە خەڵک و هێزی خۆمان ببەستین، بڕوامان بە داهاتوو و بە سەرکەوتن هەبێ. دەیگوت، ڕەمزی سەربەرزی و سەرکەوتن لە خۆڕاگریی و بەردەوامبوون لە خەبات لە پێناو ئازادیی دایە : “گەلێک ئازادیی بوێ، دەبێ ئامادە بێ نرخەکەشی بدا”.

  • واقیعبینی: واقیعبینی سیاسی بەرهەمی باشناسینی دۆخی سیاسی و مێژوویی ئەو جوغرافیایە کە خەباتی تێدا دەکەی، خوێندنەوەی فاکتەرە شوێندانەرەکانە، هێزی بیرکردنەوە و لێکدانەوەی دروست لە باروودۆخی بەردەستە و سەرەنجام، داڕشتنی سیاسەت و ئامانج و ستراتێژیی خەبات لە سەر بنەمای ئەو خاڵانەی ئاماژەیان پێکرا و ڕەچاوکردنی سیاسەتی هەنگاوبەهەنگاو بۆ گەیشتن بە ئامانجە. لە ژیان و خەباتی سیاسیی دوکتور قاسملوو دا ئەو تایبەتمەندییانە بەڕوونی دەبینرێن.

ئەو سیاسەت واقیعبینانەیە سەقامگیریی سیاسی لە حیزبی دێموکرات دا مسۆگەر کرد.

لەو پێوەندییەدا، ئەگەر بە دوور لە دەمارگرژیی ئاوڕێک لە ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان بدەینەوە، ئاڵووگۆڕەکان ئەوڕۆ گەڕانەوە بۆ بیروباوەڕ و سیاسەتەکانی قاسملوویان پێوە دیار نیە؟! 

  • قاسملووی زانا و بیرمەند پێی دەگوتین کە لە ژیانی خوسووسی و حیزبی و خەباتمان دا، فێربوون و خۆپێگەیاندن و خۆپۆشتەکردن بە چەکی زانست، بکەین بە ئەرکی ڕۆژانە.

  • قاسملووی بە بیروباوەڕ، ڕێبەربوون و ڕێبەریکردنی بە کەیفییەتێکی جیاوازەوە پێناساندین. ڕێبەری خەباتگێڕ و بەئەخلاق بەپێی وەسیەتنامەکەی “لە ماڵی دنیا تەنیا کتێبخانەیەکی لە پاش بەجێ دەمێنێ و ئەویش، لە ڕێگای جێنشینەکەیەوە دەگەڕێتەوە سەر دارایی حیزب”!

هەموو ئەو توانا و تایبەتمەندییە بەرزانە قاسملوویان کردبوو بە کەسایەتی و ڕێبەرێکی کاریسماتیک و خاوەن نفووز و ئوتوریتەی مەعنەوەی. قاسملوو ئەگەرچی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، بەڵام وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی چاولێدەکرا و خەڵک لەدەرەوەی حیزبەکەشی، دوکتور قاسملوویان وەک ڕێبەری هزری و سیاسی خۆیان قەبووڵ کردبوو و ڕێزیان لێدەگرت.

قاسملوو وەک ڕێبەرێکی مێژووسازی دێموکرات و نیشتمانپەروەر، هەتاهەتایە لەبیر نەکرێ.

برینی قاسملوو پاش ٣٠ ساڵ ئێستاش هەر تازەیە و خوێنێ لێ دەچۆڕێ. ئەو برینە ئەوکاتە ساڕێژ دەبێتەوە کە کورد بە ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکانی کە ئامانجی قاسملوو بوون، بگا.

کەوایە، با بە هەموومان بە خەباتی بەردەوام و لێبڕاوانە بۆ ساڕێژکردنەوەی برینی ڕێبەر تاقانەکەمان تێبکۆشین.

بەرز و پیرۆز بێ یادی دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملووی مەزن و هاوڕێکانی کاک عەبدوڵا قادری ئازەر و کاک دوکتور فازل ڕەسووڵ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی