"an independent online kurdish website

لەم بەشەدا ڕاوبۆچوونی ١٨ کەس لە ئەندامانی ڕێبەریی ئەو کات (١٣٦٩ی هەتاوی) دەخرێتە ڕوو کە لە دوای باسەکانی دوکتۆر شەرەفکەندی هاتنە گۆڕێ، گوزارش لە هەلومەرج و ڕاوتەگبیر بۆ ڕۆژانی لێڵ و نادیار و پڕ گیرو گرفت دەکات.


 ناوەکان هەر بەو ڕیزبەندیە هاتوون کە بەشداران دەستیان هەڵبڕیوە و قسەیان کردوە.

لەو ساڵەدا دوو بێ نەزمی تەشکیلاتی ڕوویان دابوو کە باسەکەیان هاتە پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی و دوکتور شەرەفکەندی ئاوای تەوزیح دا.

مەسەلەی ئەم ٨-٩ مانگە وەک دەورەیەکی بێکاری دێتە بەرچاو (بنکەی سابیت) شتێکی بێ مەعنایە، لە هەموو بارێکەوە دەبێ ببێتە هۆی خۆئامادە کردن و فێر بوون و موتاڵا کردن، دەرس وتن، بە کۆمەکی کۆمیسیۆنەکان، پێشمەرگە و کادر سەرجەم فێری ئاموزش و بار هێنان بکەین. هاتووچۆی بێ ڕەویە دەبێ ئەندازەیەکی هەبێ، هێندێک لە ماشێنەکان هەر ڕۆژە و بەدەستی یەکێکەوەن.

لە نێو حیزب دا ژن بە ژنە کراوە، شتی وا چۆن دەبێ؟ نابێ نیسبەت بە خەڵک زۆر سەخت گیر بی، بەڵام! بۆ ئەندامانی حیزب بە هیچ جۆر نابێ! پرنسیبەکان دێنە ژێر پرسیار، مەسەلەی ….. کە دەرکراوە بریا شەهید بووبا، بەڵام ئەو کارەی نەکرد با، (لەسەر دوو ژن هێنان ) ئەگەر پێاوێک دوو ژن بێنێ، دەبێ ژنێکیش دوو مێرد بکا، شتی وا دەبێ؟ شەرایەتی دوو ژن هێنان موشەخەسە چیە؟ بۆ پێک هێنانی نەزم و دیسپلین با هەموو تواناکان بە کار بێنین، قەیناکە کەم بینەوە، بەڵام کەیفیەت لە نەزەر دایە، باشترین وەختە بۆ بارهێنانی نەفەراتمان(چۆنیەت) شەش شەهیدمان داوە لە شنۆ! گەر نەپرسینەوە شەڕەفمان نیە، بە پێی تەحقیق ….خەتای کردوە کە تەنبێ کراوە، کارێکی باشە، نابێ دیفاعی لێ بکرێ، بە بێ ئەوەی ترسمان لە تێعدادی نەفەرات هەبێ نەزمێکی باشتر پێک بێنین.

لە دوای قسەکانی کاک دوکتور سەعید لە گەڵ کاک برایم لاجانی لە تەنیشت یەک دانیشتبووین ئەم دێڕانەی بە خەتی خۆی لە سەر دەفتەرەکەی من نووسی:

!دوور بڕوانە ! دوور بڕوانە! ئاسۆ ڕوونە!

شێعر خوایە، شاعیر پێغەمبەری خوایە، ژن زینەتی خودایە، حەبیبی مستەفایە، قەڵاتە لە بۆ مێردان، کوڕی دەبێ وەکوو شێر، بە دڵ غەنی بە چاو تێر، سەردار و مەردی مەیدان

برایم لاجانی

وەزعی خاوەری میانە تۆفانیە، بۆیە ئاسۆی ئێمە ڕوونترە، لەو حاڵەتە دا گرنگ ئەوەیە خۆمان بپارێزین خەڵکمان لە گەڵە، بیرو باوەڕمان پتەوە، لە نێو تەشکیلاتمان دا فیداکار زۆرە، ڕێبەرایەتیمان پتەوە، حکومەتی عێراق دەڕوات لە حاڵەتێکی ئاوادا نیە بتوانێ ئێمە لابەرێ، ،ئێمە نابێ بۆ سەرنج لێدان و پایگا گرتن بچینەوە ناوچە، ‌ هێندێک حاڵەتی مانۆر و خۆپیشاندان بە خەڵک هەبێ، سازماندەهی تازە بکەین، جەنبەی ئاموزش لە ناو حیزبدا زیاد بکەین. تەکیە بکرێتە سەر کەیفییەتەکەی، جەنبەی تەبلیغاتی و ئینتیشاراتیمان زیاد کەین، جەنبەی ئاموزش لە نێو حیزب دا زیاد کەین، هەر حکومەتێک دوای سەدام دێتە سەر کار لەم ڕژیمە بۆ ئێمە هەر باشتر دەبێ، من پێموایە دەتوانین لەم حاڵەتە تۆفانیەدا خۆمان ڕابگرین، داهاتوومان باشتر دەبینم، زیاتر خۆمان ئامادە بکەین بۆ هەل ومەرجی داهاتوو.

مەنسوور فەتاحی

ئێران و عێراق دوو دەوڵەتی قوڵدوری خاوەرمیانەن، وڵاتانی غەربی نیسبەت بە ئێرانیش بێ باوەڕن، ئەگەر کوردەکانی عێراق بە شتێک بگەن زەمینەی فەعالیەت بۆ ئێمەش باش دەبێ، خەباتی چەکداریمان بە شێوەی مومکین ئیدامە بدەین، بەڵام ئەو ماوەی دێتە پێش خەریکی خودسازی بین، کلاسمان هەبێ، پێک هێنانی سێ ناوەند لازمە، ئەگەر شەرایتێک پێشهات کە ئیمکانی کۆبوونەوەی بەرین نەبوو، خۆمان تەسمیم بگرین. ئیمکانات وەک، تایپ و تەکسیر، فرستەندەی بچووک، بێسیمی ڕاکاڵ و چەک و چۆڵ لە ئێستاوە بیان بەینەوە ئەو دیوی سنوور حەشاریان بدەین، تێکۆشانی دەرەوەی وڵات زیاتر بکەین، لە تەزادی دەوڵەتەکانی موخالفی ئێران کەڵک وەرگرین.

عەوڵا شەریفی

ئەمریکا دوو نیگەرانی ئەساسی هەیە، یەکەم نەوت، دووهەم تەهدیدی ئیسڕائیل لە لایەن عێراقەوە ، پایگاکانی ئەمریکا لە نێو ئیسڕائیل دایە، پارڵمانی ئەمریکا لە دەست یەهوودیەکاندایە! ئیحتماڵی هەیە عێراق و ئەمریکا بسازێن، قەول بدات بە ئەمریکا کە نەوت دەدەم، ئیسڕائیل بە ڕەسمیەت دەناسم، فەلەستینیەکانیش لە کۆڵ دەکەمەوە لە کوەیت دایان دەنێم، ئەمریکا پێی خۆشە لە گەڵ هەموو عەرەب تەرەف نەبێ، ئێران پێی وایە عێراق دەڕوخێ نایانەوێ فشار بێنن بۆ ئوپوزسێونی عێراقی تا ئێران پێی وانەبێ ناڕوخێ دەس لە پشتیوانی گروهەکان هەڵناگرێ، ئەگەر ڕۆژێک قەرارە چەکمان بکەن دەبێ شەڕ بکەین.

حەسەن قادر زادە

موبارەزە دەبێ درێژەی هەبێ، نابێ دەست لە خەڵک بەردەین، تیعدادێک لە نەفەراتی بە ساڵاچوو بنێرینەوە، لە هێزی کەم و پوخت کەڵک وەرگرین.

حەمە نەزیف قادری

خەتی تێکۆشانمان پێستر دیاری کراوە، ئیجرا بکرێت، لە گەڵ هێزەکانی ئوپۆزیسیۆنی عێراقی دوای ڕووخانی ڕژیم لە عێراق نێوانمان خۆش بێت.

حەمەی تۆپچی- شەهرەوان

ئاڵۆزی ڕووداوەکان، ئاڵۆزی گلاسنۆست و پرۆستریکای شاردۆتەوە، مەسەلەی کورد لەوانەیە حەل بکرێت، لە مێژە بڕیارمان داوە ئاش بە تاڵ ناکەین، ئێمە ناتوانین وەک جاران بە هێزی زۆرەوە فەعالیەت بکەین، پشتی جەبهەمان نامێنێ، دەبێتە هۆی تێک ڕووخانی ورەی پێشمەرگە، بڕیارمان دا خۆمان سووکبار کەین، بەڵام هیچ هەنگاوێکمان هەڵنەگرتوە، مەسەلەی ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەکان دەبێ حەل کەین، بۆ کاری تەشکیلاتی لە ئێستاوە کادر دیاری بکەین، ئیمکاناتیان بدەینێ لە ئەوەڵین فرسەت دا بیان نێرینەوە نێۆخۆ و بۆ بێسیم ئاموزش بدرێن، (بەهار) بۆ کاری نیزامی بە شێوەی هێز ناتوانین فەعالیەت بکەین ئەگەر لە بناری ئەو شاخە بین دەتوانین بە شێوەی قاچاخ بگەڕێنەوە، لە ٥ کەس زیاتر ناتوانین فەعالیەتی نیزامی بکەین بۆ ساڵێک خۆ ماتکردن باشە، تا ئێران نەهاروژێنین، فێر بوونی زمانی بێگانە باشە.

تەیموور مستەفایی

بڕیارەکان پێشتر درابوون، عەمەلی نەکراون ، ئێستە خەریکین وەردیان دەدەینەوە، ئێمە دەتوانین تیم بەجێ بێڵین، بەڵام نەمانکردوە، سوڵحی ئێران و عێراق شتێکی قەتعی نیە، عێراق لە حاڵی ڕوخاندایە، وەزعی خەلیج شتێکی تازەی بۆ گەلی کورد بە گشتی بە جێ هێناوە، ئەمریکا و ئینگلیس پێیان خۆشە شەڕەکە بکەن، چین مومتەنعە، شوڕەوی و فەڕانسە زۆر موخالف نین، بە بڕوای من شەڕەکە دەست پێدەکات، هەرج و مەرج پێش دێت، نیرۆکانی عێراق لە سنوور دەکشێنەوە، ئێمە دەبێ کەڵکی خۆمانی لێوەرگرین، خۆ مات کردن باشە، چ چەک بکرێن، چ لە شوێنێک دابنرێن، هەر ئاش بەتاڵە، هەوڵ بدەین شوێنێک بدۆزینەوە، بۆ ڕادیۆکەمان ئەگەر لە شوێنێک ئیمکانمان هەیە ، موبارەزەی چەکداری خۆمان بکەین، ئاموزش لە خوارێ و لە سەرێ لازمە.

غەفوور هەمزەیی

بە سەداقەتەوە کار بکەین، دەبێ لەم مەرحەلەش تێپەڕین، ڕاپۆرتەکە زیاتر لە سەر وەزعی خەلیج بوو، لە ڕابیتە بە ئێران کەمتر باس کرابوو، نیروی خەلیج دوور نیە لە ئیرانیش دا شتێک پێک بێنێ، عێراق بۆ حەملە بە کوەیت بەرنامە ریزی نەکردبوو، خۆ سووکبار کەین، ئیدامەی خەبات بدەین، لە کوردەکانی عێراق کۆمەک وەرگرین، چەندین خانوو لە شارەگەورەکانی ئێران بکڕین، ناردنەوەی هێندێک کادری وشیار و زیرەک بۆ نێو شارەکان، پەیدا کردنی شوێنی ڕادیۆ لای موسڵ، بە هێز کردنی دیپلۆماسی نێو نەتەوەیی.

شاهۆ حسەینی

لە ڕاپۆرتەکەدا دەبوا ئیشارە بە ئێرانیش کرابا، حیزب بکەینە دووبەش، کۆمیتەیەک لە ڕێبەرایەتی و کادر و پێشمەرگە ساز بکرێت، لە ئێستەوە کۆمیتەیەک بچێتە شوێنێکی وەک شیمال لە نزیک تورکیە، درێژەی موبارەزەی موسەلەحانە حەتمەن دەبێ هەبێ، تەقەی چەک دەبێ هەبێ، هەر لە دەور و بەری خۆمان دەتوانین چەک و تەقەمەنی بشارینەوە.

حەسەن شیوەسەڵی

ڕوخانی نەفەرێک وەک سەدام ٨٠ % ئیحتماڵی هەیە، بەڵام لە نێو چوونی حیزبێک وەک حیزبی بەعس موشکلە، تەجروبەی مێژوویی هەیە، چەند جار شکاوە و هەستاوەتەوە، پێش ئەوەی عێراق داوا بکات ئێمە داوا لە عێراق بکەین هێندێک بنەماڵەمان لە شوێنێک بۆ جێگیر بکات.

باباعەلی مێهرپەروەر

حیزبی ئێمە چەند بوحرانی بە هۆی وەحدەت و هەماهەنگی خۆی (ڕێبەرایەتی)نەجات داوە، دەبێ بایەخی زۆری پێ بدرێ، دەبێ وەحدەتی فکری و تەشکیلاتی خۆمان بپارێزین، موافقی قسەکانی کاک تەیمورم بە سەراحەت نەزەری خۆمان بێژین، بڕیارەکان پێکەوە بەڕێوە بەرین، یەکێک لە ئەساسی کارەکانمان خۆ سووکبار کردنە، دەبێ خۆمان تەتبیق بکەین، ئێمە دەبێ وەک تەقسیمی کار بە چ شێوەیەک هاوڕێیانمان قانع بکەین، هێندێک لە هاوڕێیان ئەنگیزەی مادییان هەیە، ئیمتیازی مادییان بدەینێ و بیاننێرینەوە، ڕێگای ئێمە ڕێگای زۆر لێکردن نیە ڕێگای ئیقناعە،حەرەکەتی نیزامی، چەند خاڵی لە نەزەراتی هاوڕێیان خوێندەوە، ئێستە گەورەترین ئازمایشها لە ڕێگەی حیزبی دیموکڕات دا، ئێستە ئەو کاتەیە کە بە عەمەل بڵێن ئاش بە تاڵ ناکەین. ئەگەر ساڵی داهاتوو فەعالیەتمان هەبێ ساڵانی داهاتووتر نەشمان بێت موشکلە نیە، مەبەستی من لە ساڵی داهاتوو لە شەڕی چەکداری هەدەفەکانی ئێمە وەک ئیمانی خەڵک زیاتر دەبێ، بە ڕادەی ١٥، تا ٢٥، کەس دەتوانین کاری نیزامی مەحدوود بکەین. تەرکیبی ئەو چەند کەسە دەبێ تەرکیبێک لە کادر و پێشمەرگەی بە ئەزموون بێت، کاری ئێمەش زیاتر حزووری ئێمە، زیاتر تەبلیغی بێت، لە ئێستەوە لە هەموو بارێکەوە خەریکی ئاموزش بین.

حەسەن شەرەفی

ڕاپۆرتی کاک سەعید تەئید دەکەم، بە وردی لە سەر مەسەلەی خەلیج قسەی کرد٣ تا ٥ مانگ دەکێشێ تا مەسەلەی خەلیج حەل دەبێ، ١٥٠ تا ٣٠٠ کەس لە هەر سێ ناوچە بنێرین بۆ تەبلیغ.

سەلام عەزیزی

من بە وەزعەکە خۆشبینم، لە سیاسەت دا ئینسان نابێ نا خۆش بین بێ و نە بەدبین، بەڵکو واقع بین بێ، ئاسۆ ڕوون دەبینم، عەواملی خاریجی لە سەر وەزعی کورد تەئسیریان هەیە، سوڵحی ئێران و عێراق، مەسەلەی خەلیج

چەکۆ ڕەحیمی

ڕاپۆرتەکەی کاک سەعید تەئید دەکەم، تەقسیمی کار بکەین، سێ ناوەندی گەورە پێک بێنین، لە نێو ئۆرگانەکانی سابیت دا پێشتر دەست پێ بکەین بە خۆ سووکبار کردن، تێعدادێک لە ڕێبەرایەتی بچنە کومیسیۆنی سیاسی نیزامی، تێعدادێک لە ئینتشارات و ڕادیۆ، بچنە ئورگانەکان بۆ کاتی پێویست، لە هەموو شوێنێک ببین.

دوکتور خەلیقی

ئەمریکا بە بێ چارەسەر کردنی کێشەی کورد ناکشێتەوە، چونکە ئەگەر کاری عێراق تەواو نەکات حیزبی جمهوری خوازی ئەمریکا شکست دەخوات و بۆش سقوت دەکات، ئێران و عێراق و تورکیە ئەگەر لە زۆر بارەوە کێشەیان هەبێ لە باری سەرکوت کردنی گەلی کورد هیچ کێشەیەکیان نیە. ئوپوزیسێۆنی واقعی ئێران ئەوەیە کە لە داخڵی ئێران دایە ئێمە دەبێ تێ بکۆشین دەست لە خەباتی چەکداری هەڵنەگرین، بەڵام دەبێ سەعی بکەین بە گوێرەی ئیمکان لە هەل و مەرجی تایبەت کەڵکی باشی لێوەرگرین، هێندێک زیندانیمان هەیە با تەکلیفیان ڕۆشن کەینەوە، کوردستان بکەینە سێ بەش، دەفتەری سیاسی تەقسیم بکرێت، جنووب، ناوەند، شیماڵ، بۆ داهاتوو بەرنامە هەبێ.

مستەفا مەولوودی

ئێمە وەکو سپەر لە گۆشەیەک دەمێنینەوە، بۆیە نیگەرانی ڕۆژە ڕەشەکە نیم، کە تەحویلمان بدەنەوە، ئاڵ و گۆڕێکی بنەڕەتی لە کۆی حیزب دا پێک بێنین، تەقسیمات بکەین، لە کۆنگرە دا دەبێ ئەو کارە بکەین، فیداکاری تا ئێستا کراوە، دەبێ ئیدامە کاری هەبێ و بووە بە سوننەت لە ڕیزی حیزب دا، کاری نیزامی لە داهاتوودا لە ڕێگەی مەرزەکانەوە دەکرێ، لە فەسڵی سەرمادا هیچ تیمێک ناتوانێ بمێنێتەوە، دەکرێ لە بەهار دا زوتر و لە پاییزدا درەنگتر بگەڕێنەوە، مەسەلەی ئیرتبات شتێکی گرنگە، ئاموزشی هەمەلایەنە پێویستە، بۆ ئەم شەرایتە قورسین، قورس بوون خەتای خۆمان نیە.

عەوڵا ئیبراهیمی

عێراق ئیمکانی مانۆڕ دانی نەماوە، چ بکشێتەوە لە کوەیت و چ نەگەڕێتەوە وازی لێ ناهێنن.

مستەفا هیجری

هێندێک لە هاوڕێیان پێشنیاری موشەخەسیان نەکرد، یەک مەسەلە بۆ ئێمە گرنگە ئەویش ئەوەیە! کە ئێران و عێراق سوڵحیان کرد چ حکومەتی عێراق بڕوخێ یا نەڕوخێ، مەسەلە ئەوەیە هەر دوو وڵات تاقەتی شەڕ کردنیان نەماوە، ڕادیۆمان نابێ، عێراق ڕێگەی هاتوچۆی پێشمەرگەی ئێمە نادات نە بڕۆنەوە نە بگەڕینەوە، وەزعی ڕژیم هەر چەند زۆر بە کوندی، بەڵام بەرەو باشتر بوون دەڕوات، نە وەزعی ڕژیم وایوو کە بڕوخێ، نە شەڕی ئێران و عێراق بە لایەک دا کەوت، ئێستا خەریکی سوڵحن، ئێستا دەبێ لە کەمینی فورسەتی موناسیب دابین، ئێمە دەبێ نیروەکانمان زەخیرە بکەین بۆ فرسەتی داهاتوو، فێر بوون و ئاموزش دەبێ ببێت، باسەواد کردن، فێری مودیریەت بوون، کاری ئێمەیە، ئاش بەتاڵ نیە، ئەگەر شەراتێکی ئیستسنایی هاتە پێش کەڵکی لێوەر دەگرین، دەبێ بزانین ئاموزش بۆ چیە؟ لە سەری ساخ بینەوە.

 

باسەکانی ئەم بەشە لێرەدا کۆتایی پێ دێنم دیارە زۆر بابەت و شتی دیکە هەن کە هەڵیان دەگرین بۆ کاتێکی گونجاوتر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی