"an independent online kurdish website

بەدوای دەرچوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی “برجام” (برنامە جامع اقدام مشترک) لە ٨ی مای ٢٠١٨ی زایینی دا،  گرژییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا پەرەیان سەند و پرسی هەڵایسانی شەڕ هاتەوە گۆڕێ.


ژمارەیەک کەسایەتی و لایەنی سیاسیی ئێرانی بە دژایەیتی لەگەڵ شەڕ هەڵوێستیان گرتووە.

لەو نێوەدا بەتایبەتی هەوڵ و چالاکیی ڕاسپێردراوەکانی کۆماری ئیسلامی کە بە نێوی لێکۆڵەر و شرۆفەکاری سیاسی و نووسەر و ڕووناکبیر و… لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات سرنجڕاکێشە کە  ڕۆژانە لە ڕاگەیەنەرەگشتییەکان دا بەشێوەی جۆراوجۆر دەردەکەون و خەڵک لە هاتنەئارای شەڕ و شێواوی و تەجزیەی ئێران دەترسێنن. وەک ئەوەی ئێستا خەڵکی ئێران لە تێریی و ئاسایش و ئەمنییەت دا بژی!

ئاشکرایە، هیچ مرۆڤێکی خاوەن عەقڵی سەلیم و هەستی مرۆڤایەتی لایەنگری لە شەڕ و کوشتنی ئینسان و کاولکردنی وڵات و ئاوارەبوونی خەڵکی بێدیفاع ناکات.

بەڵام ئایا ئەو لایەنانە بەگشتی دژی شەڕن یان تەنیا دژی شەڕێکن کە بەدژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەبچێ؟! ئایا دژی ئەو شەرانەش لێبڕاوانە هەڵوێست دەگرن کە کۆماری ئیسلامی ٤٠ ساڵە بە دژی خەڵکی ئێران بەڕێوەی دەبا؟

کۆماری ئیسلامی ٤٠ ساڵە شەڕێکی خوێناوی بەسەر خەڵکی کوردستان دا سەپاندووە کە دەیان هەزار قوربانی لێکەوتۆتەوە. لەو ماوەیەدا ڕێژیم لە هیچ جینایەتێک دژ بە کورد دەستی نەپاراستووە و کوشتن و ئیعدام و سەرکوت بووە بە کاری ڕۆژانەی حکوومەت لە کوردستان دا.

کۆماری ئیسلامی ٤٠ ساڵە ئازادیخوازانی وڵات سەرکوت و ئیعدام و بێسەرووشوێن دەکا و هەموو ماف و ئازادییەکی لە خەڵکی ئێران زەوت کردوە. ڕێژیم بێڕێزی و بێحورمەتی بە ژنانی ئێرانی نهادینە کردوە و چووکترین ماف و ئازادییان بۆ ناسەلمێنێ . بەردەوام بەشێوەی ڕێکخراو ئەوپەڕی بێڕێزی و سووکایەتی بە کەمایەتییە مەزهەبییەکان دەکرێ.

قەڵاچۆکردنی هەزاران بەندکراو لە ساڵی ١٣٦٧، کارەساتی “کهریزک”, تێرۆر و لەنێوبردنی سەدان ئازادیخواز لە نێوخۆ و دەرەوەی ولات و دەیان جینایەتی ترسناکی دیکە، بەشێکی دیکەن لە کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامی.

سیاسەت و کاروکردەوەکانی ڕێژیم لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بە ڕوونی دەیسەلمێنێ کە کۆماری ئیسلامی بۆخۆی شەڕە، هەڵایسێنەری شەڕە و لە شەڕ و ئاڵۆزی دا دەژی!

چل ساڵە، بێپسانەوە، لە ئێران دا شەڕی ڕێژیمی ئیدئولوژیک و داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئەبعادی خۆی دا بەدژی خەڵکی ئێران بەڕێوەدەچێ. ڕوون نیە کە خەڵکی ئێران لەوە خراپتر دەبێ لە کام شەڕ بترسێن؟!

لەوەش گەڕێین کە هەرکاتێک کۆماری ئیسلامی هەست بە مەترسی دەکا و خەڵکی وەزاڵەهاتوو بەدژی زوڵم و زۆری حکوومەتی ڕادەپەڕێ و داوای ڕووخانی ڕێژیم دەکا، دارودەستەی دیار و نادیاری حکوومەت خێرا وەخۆ دەکەن و بەنێوی نیگەرانی لە “تجزیە”ی ئێران، دەست دەکەن بە تۆمەتلێدان و تاوانبارکردنی نەتەوە بندەستەکان و پاساو و دەلیل داتاشین بۆ زەروورەتی مانەوەی ئیستبداد و دیکتاتوریی کۆماری ئیسلامی.

ئەزقەزا بەپێچەوانە، درێژەدان بە شەڕ دژی نەتەوە بندەستەکان و هەڵاواردن و بێبەشکردنیان لە سەرەتایی ترین ماف و ئازدییەکانیان، بۆتە گەورەترین کێشەی وڵات و بەجیددی یەکێتی خاکی ئێران دەخاتە مەترسییەوە!

پێشێلکردنی ماف و ئازادیی گەلانی ئێران، سەرکوت بەربڵاو، گەندەڵی هەوسارپچڕاو و پەرەسەندنی هەژاری و بێکاری و ئیعتیاد و دەیان کێشە و خەساری کۆمەلایەتی دیکە، بەرهەمی چل ساڵ دیکتاتوریی کۆماری ئیسلامین و ئەوە، کوێرەرێگایەک و ئەنگیزەیەکی بۆ خەڵکی ئێران نەهێشتۆتەوە کە تەنانەت بەرامبەر بە مەترسیی دەرەکیش، پشتیوانی لە ڕێژیم بکەن! بەپێچەوانە، ئاوات دەخوازن کە بە هەر شێوەیەک کۆماری ئیسلامی بڕووخێ بەڵکوو نەفەسێک بە ئازادی و ئاسوودەیی بکێشن.

هێندێک کەس و لایەن بەبیانووی دژایەتی لەگەڵ شەڕ، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ جۆرێک کەوتوونەتە دڵسۆزی بۆ  دیکتاتوری وەک ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئاڵووگۆڕێکی قووڵ و بنەڕەتیی لە سیاسەت و کردەوەکانی بەتایبەتی لە نێوخۆی ولات دا پێکهێنابێ، وازی لە سەرکوت و تێرور و لەنێوبردنی  ئازادیخوازان و جیابیران هێنابێ و سەرەتایی ترین ماف وئازادیی گەلانی ستەملێکراوی سەلماندبێ!

دیفاع لە مانەوەی ئەو ڕێژیمە بە بیانووی دژایەتی لەگەڵ شەڕ، دڵسۆزی بۆ خەڵک و “تمامیت ارضی” یان بەهۆی شکڵنەگرتنی بەدیل بۆ کۆماری ئیسلامی، جێگای باوەڕ نیە  و چاوبەستن و خەڵک بەفریوبردنە و تەنیا ژێستگرتنە بە دژایەتی لەگەڵ شەڕ.

باوەڕپێکراو نیە کە لەژێر نێوی دژایەتی لەگەڵ شەڕ، داکۆکی لە درێژدانی شەڕ و سەرکوت و ئیستبداد بکەی!

ئەوە بە هیچ جۆر نە بە مانای پاساوهێنانەوە و پشتیوانی لە شەڕە و نە بە مانای دیفاع لە ئەمریکایە. ئەمریکا بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، نە لەسەر پێشێلکردنی ماف و ئازادیی گەلانی ئێران و بۆ دابینکردنی دێموکراسی لە ئێران دا کەوتۆتە کێشە و ناکۆکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامییەوە. داوای ئەمریکا بە ئاشکرا “گۆڕانی ڕەفتاری” کۆماری ئیسلامییە بە قازانجی خۆی.

ئامانجی دونالد ترامپ سەرکۆماری ویلایەت یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە قسەکانی دا لە ڕۆژی ٦ی ژوئەنی ٢٠١٩ لە ژاپۆن، بەڕوونی دەردەکەوێ کە گوتی: “ئێران بەو ڕێبەرانی ئێستاشەوە دەتوانێ ببێت بە وڵاتێکی گەورە”! هەر ئەو سەرکۆمارەی ئەمریکا بەر لەوە، چەندین جاری گوتووە کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی تێروریست، دز و گەندەڵ، پێشێلکەری ماف و ئازادیی خەڵکی ئێران، جینایەتکار و گەورەترین پشتیوانی تێروریزمی نێونەتەوەیین!

ئێستا چۆنە ئەو ڕێبەرە تاوانبارانە ئەگەر بچنە ژێر باری ویست و داخوازەکانی ئەمریکاوە، لە شەوێکدا دەبن بە فریشتە و دۆست و هاوپەیمانی دونالد ترامپ؟!

وڵامی ئەو پرسیارەش کە ئێران چۆن بەو ڕێبەرانەوە کە بە قەولی ترامپ تێروریست، دز و گەندەڵ، پێشێلکەری ماف و ئازادیی خەڵکی ئێران، جینایەتکار و گەورەترین پشتیوانی تێروریزمی نێونەتەوەیین، دەتوانی ببێت بە وڵاتێکی گەورە، هەر دوناڵد ترامپ دەبێ بیداتەوە!

ئەساسەن دژایەتیکردن و دژایەتینەکردن لەگەڵ دیاردەی شەڕ لە باریی مێژووییەوە موتڵەق ناکرێتەوە و گرێدراوە بە ماهییەت و ئامانجی شەڕ: شەڕێک کە ماهییەتەن و لە ناوەرۆک دا داگیرکەرانە و بەمەبەستی چەوساندنەوە و سڕینەوەی ئاسەواری تایبەتمەندییەکانی نەتەوەیەک بەڕێوەدەچێ، جینایەت دژی مرۆڤایەتییە و جیاوازە لەگەڵ شەڕی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیەکی ژێرستەم کە بە دژی داگیرکەر و بەمەبەستی ڕزگاربوون لە چەوسانەوە و وەدیهێنانی ماف و ئازادی بەڕێوەدەچێ. ئەو شەڕە دەچێتە مەقوولەی خەبات و دیفاعی ڕەواوە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش جیاوازیی تەواو دادەنێ لە بەینی شەڕی ڕزگاریخواز و شەڕێک کە بەمەبەستی سەرکوت و چەوساندنەوە بەڕێوەدەچێ.

بە هیچ پێوەرێکی دێموکراتیک و مرۆڤانە شەڕ دژی ڕێژیمی ئادۆلف هیتلێر، دژی ڕێژیمی صدام حسین و دژی داعش یان خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد دژی زوڵم و زۆر و تێرور و سەرکوت و هەڵاواردنی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە شەڕی ناڕەوا دانانرێ.

هەروەها، دژایەتی لەگەڵ شەڕ و هەر دیاردەیەکی دزێوی دیکە، ئەوکاتە باوەڕی پێدەکرێ و بە جیددی دەگیرێ کە لەڕووی ئوسوووڵ و پڕینسیپ و بیروباوەڕەوە بێ نەک بژاردەیی (گزینەای  SELECTIVE) و  بە نییەت و ئەنگیزەی شاراوەی داکۆکی لە ئیستبداد و لایەنی شەڕخوازەوە، دەرببڕدرێ.

ئایا ئەو کەس و لایەنانەی ئێستا بە هۆکار و ئەنگیزەی جیاوازەوە، دەنگیان لەدژی شەڕ هەڵبڕیوە، ئامادەن شەڕ و جینایاتی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی بە دژی گەلی کورد کە تەنیا تاوانی کوردبوونە و داوای ماف و ئازادییی خۆی لە ئێران دا دەکا، مەحکووم بکەن و لێبڕاوانە لەدژی بوەستنەوە؟‌

بێدەنگی بەرامبەر بە کوشتنی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی بێدیفاع و پێشمەرگەی ئازادیخواز، هەڵاواردن و بێبەشکردنی منداڵی کورد لە خوێندن بە زمانی زگماکی وەک سەرەتایی ترین مافی مرۆڤ، ئیعدامی ڕێبەران و ئازادیخوازنی کورد، کوشتنی ڕۆژانەی کۆڵبەری بێ تاوان  و بێ دەرەتانی کورد، سەرکوتکردنی هەرچەشنە جمووجۆڵ و تێکۆشانێکی کولتووری لە کوردستان، تێرور، تەقاندنەوە و مووشەکبارانی بنکە و بارەگای حیزبە سیاسییەکان کە تەنیا بەشێکی بچووکن لە جینایەتی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و بە هیچ بیانوویەک پاساو ناکرێ.

بەو هیوایە کە چالاکانی دژ بە شەڕ، تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە کوردیش بە شەڕ دابنێن و مەحکووم بکەن و لەدژی هەڵوێست بگڕن، با ئێمەش دەنگمان بخەیەنە پاڵ دەنگی ئەوانەوە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی