"an independent online kurdish website

یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پاش شەهید کرانی سکرتێری گشتی حیزب دوکتور قاسملوو لە ڕێکەوتی (١١.٩،١٣٦٨)بە بەشداری تێکڕای ئەندامانی ڕێبەری بەسترا .


 تەوەرەکانی کاری ئەو کۆبونەوە بریتی بوون لە ، هەڵبژاردنی سکرتێری حیزب ، هەڵبژاردنی دەفتەری سیاسی، هەڵبژاردنی جێگری سکرتێر، هەروەها ، بەراوردی تێکۆشانی حیزب لە ساڵی ١٣٦٨، هەڵسەنگاندنی وەزعی خۆمان، تەقسیمی کاری تازە

لە دەسپێک بۆ هەڵبژاردنی سکرتێر، دوکتورشەرەفکەندی وتی ! کێ ئامادەیە بۆ سکرتێری حیزب خۆی کاندید بکات ؟ (بێ تەعاروف دەڵێم) ، دوبارەی کردەوە هەر کەس دەیهەوێ با خۆی کاندید کات ، کەس خۆی کاندید نەکرد ، جەوێکی ناخۆش و تەماوی و غەمناک بە سەر پلۆنۆمی بێ دوکتور قاسملوویی دا زاڵ بوو، دواتر وتی من (سەعید) ئامادەم، بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی ئەسڵی کۆمیتەی ناوەندی د.سادقی شەرەفکەندی بوو بە سکرتێری گشتی حیزبی دیموکڕات.

تەوەری دووهەم

هەڵبژاردنی ئەندامانی دەفتەری سیاسی بوو، لە کۆی ئەو کەسانەی بۆ دەفتەری سیاسی خۆیان کاندید کردبوو ئەنەفەرانە هەڵبژێردران – ژمارەی دەنگەکانم لایە بەڵام پێویست بە نوسین ناکات .

باباعەلی مێهر پەروەر

مستەفا هیجری

حەسەن شەرەفی

سەید سەلام عەزیزی

لە نێو ئەندامانی دەفتەری سیاسیش دا، کاک مستەفا هیجری وەک جێگری سکرتێر هەڵبژێردرا.

دواتر خەسار ناسی لە سەر شەهید بوونی د. قاسملوو، بوو بە باسێکی گەرمی پلینۆم، هەر کەسە و ڕاو بۆچوونی خۆی لە سەر وتووێژ لە گەڵ ڕژیم و لێکەوتەکانی بیرو ڕای خۆی دەربڕی کە بەشێکیان دەخەمە بەر دیدی خوێنەران.

مەلا ئەحمەد ڕەحیمی

کەمتەرخەمی کراوە لە لایەن هەیئەتی حیزبەوە، ئەوە خۆمانین دەبێ زیرەکی نیشان بدەین چۆن دەبێ سکرتێری حیزب لە گەڵ پاسدارێک دانیشێ بۆ موزاکرە؟ جێگای موزاکرە دەبوو لە لایەن حیزبەوە دیاری بکرایە ، لە سەر ماهیەتی کۆماری ئیسلامی نابێ تەوەهوممان هەبێ.

فەتاح عەبدولی

موشەخەس کردن و ڕوونکردنەوەی دەقیقی خەتی حیزب نیسبەت بە ڕژیم (تەوەهوم هەیە) ئایا ڕژیم دەتوانێ مافی ئێمە بدات؟ بە ئاڵ و گۆڕی مەوجوود لە جیهاندا بە هیچ شێوەیەک ناکرێ، ڕژیم لەم چەند ساڵە دا هەر چی کردوە هەر مانۆر بووە ، بۆ تەسبیتی خۆی بووە، ئیدئۆلۆژی ئیسلامی لە گەڵ دیموکڕاسی یەک ناگرێتەوە، لە داخڵی ڕژیم دا ئاڵ و گٶڕێک پێک نایە، بەرە بەرە وەختی پێکهێنانی ئاڵ و گۆڕی دیموکراتیک هاتووە، وەزعی مەوجوود لە جیهاندا ئەوەی پێک هێناوە کە سازمانە سیاسیەکان لە خەتی ئێمە نزیک ببنەوە، ناتوانین لە نەزەر سیاسیەوە بڵێین قەت نابێ موزاکرە بکەین بەڵام دەبێ تەوەهوم نەمێنێ بۆ ڕوخاندنی ئەو ڕژیمە، دەبێ بەرنامە ڕیزیمان هەبێ، تەرحی مەسەلەی ڕژیم بۆ وتووێژ تەنیا بۆ تیرۆری کاک دوکتور قاسملو بوو،  ئێمە نابێ بەشێوەی سڕی و مەخفی موزاکرە بکەین.

سەلام عەزیزی

هەر حکومەتێک لە سەر ئیدئۆلۆژی مەزهەبی دامەزرابێ ناتوانێ مافی گەلان بدات، لە گەڵ ئازادی فەرد و گەل دژایەتی هەیە، ئێمە دەبێ ساخ بینەوە و بزانین لە گەڵ ڕژیمێکی ئاوا دەبێ موزاکرە بکرێ؟ قوبوڵی ئەسڵی موزاکرە دەبێ پێی موعتەقید بین، بەڵام موزاکرە لە گەڵ ئەو ڕژیمە بە هیچ جۆر بە مانای گۆڕینی ماهیەتی ئەو ڕژیمە نیە، بەڵکوو شەرایەتی مەوجودە کە وایان لێدەکات کە هێند ێک ئیمتیاز بدات، چۆن لە گەڵ ئەفرادی ڕەدەی خوارێی ڕژیم دەبێ سکرتێر دابنیشێ؟ ئێمە حیزبێکی مۆدێرنین، دەبێ عورف و عادەتی پێشکەوتوانە لە نەزەر بگرین، وتووێژ بکەینە حەربەی تەبلیغاتی بە دژی ڕژیم کەڵکی لێوەرگرین، جێگا و زەمانی وتووێژ ، پاراستنی شوێنی وتووێژ دەبێ لە نەزەر بگیردرێ.

حەسەن شیوە سەڵی

باسی فیلمێکی پڕ تراژیدیا دەکەم کە لەو بوارەدا ڕووی داوە، لە چەندین شوێن بۆ لە داو خستنی د.قاسملوو لە کەمین دابوون … دەرسەدێک موتەهەمن ، ناڵێم تاوانبارن . بەڵام ڕەخنەیان لە سەرە کۆماری ئیسلامی ناوەندی تەسمیم گیری زۆرە، بۆیە ئەو ڕژیمە ئەوە نیە، لە گەڵ ڕژیم لە ڕێگەی موسالمەت ئامیز بە هیچ شێوەیەک ناتوانین پێک بێین، هەر کەسە ئیستراتیژی خۆی لە ڕووی ئیستراتیژی دوژمنیەوە دیاری ئەکا؟ تاکتیکی لە ڕووی تاکتیکی دوژمنیەوە؟ سەرەڕای شارەزایی زۆری دوکتور قاسملوو ، بەڵام هێندێک هەڵە هەبوو و نابێ فەرامۆش بکرێ (خود شیرینی بە ڕژیم)م.

عەوڵا شەریفی

لە شەڕی سێ مانگە تا ئێستا ئەوەندەی ئەو ڕژیمە داوای موزاکرەی کردوە، هەمووی بۆ فێڵ بووە، دەبێ لە داهاتوو دا زۆر وردتر بین، شەرتمان دیاری کردبوو بەڵام بە نهێنی موزاکرەمان کرد، نابێ مەسەلەی موزاکرە بە کوللی ڕەد بکەینەوە ، بەڵام وەک شتێکی نەزەری بمێنێتەوە، دوژمن عەمەلەن نیشانی داوە نایەوێ مەسەلەی کورد چارە سەر بکرێ لە سەتحی جیهانیدا.

چەکدارانە دژی ڕیژیم موبارزە بکەین لە بەرابەر مەسەلەی کورد دا کۆماری ئیسلامی یەک نەزەری هەیە ئەویش سەرکوتی جووڵانەوەیە.

ئیقباڵ سەفەری

ئێمە بۆ مەسەلەی موزاکرە پێش قەدەم بووین ، ساڵی ڕابردوو ئێمە زۆر خۆش بین بووین، هێندێک لە هاوڕێیان خۆیان بۆ دەوڵەت داری ئامادە کردبوو، بۆ ئێمە تەوەهوم ساز ببوو، لە سەر باڵەکانی نێوخۆی ڕژیم ڕاگەیەنە گشتیەکان بێ تەئسیر نەبوون.

دوکتور خەلیقی

کوردستانی عێراق وێران کراوە، ئێران پێ لە سەر پەیمانی ئەلجەزایر دادەگرێ، (ڕاگواستنی کوردەکان)، با زۆر بە هیوای هەوای دیموکڕاسی و ئاڵ و گۆڕی جیهانی نەبین، با ئەوەمان لە بەر چاو بێت ئەگەر هەلێ هەڵکەوت لە دەستی نەدەین، ئیحتماڵی ئەوەی ببینە قوربانی سوڵحی ئەو دوو دەوڵەتە زۆرە.

د. شەرەفکەندی

نەزەرەکان موتەزاد نەبوون، تەکمیل کونەندە بوون، شتی موتڵەق نیە، هەموو شتێک نسبیە، لە شەرایتی زەعف دا شتێکی عەجیب نیە، موزاکرە ڕەد ناکەینەوە، بەڵام نابێ بە مەعنای ئەوە بێ لە سەر هەموو شتێک بێ، ئێستە هیچ موزاکرەیەک بە کەڵک نایە، نایبینم، دەبێ موبارزەکەمان ئیدامە بدەین، ئەو کەسانەی هاتبوون بۆ موزاکرە مەحرەمی ڕازی ڕەفسنجانی بوون، ئەوانە بۆیە قسەیان لە گەڵ کرا، بۆ پێشەکی باسەکە بوو، دوایی هەیئەت دەهات.

تێکۆشانی کۆمیتە و مەڵبەند و هێزەکان لە ساڵی١٣٦٨

وەزعی خەڵکی کوردستان لەم ساڵ دا

ک.س.ن

پشتیوانی خەڵک زۆر باش بووە ، خەڵک سەرەخۆشیان لە بنەماڵەی کاک دوکتورقاسملوو و کاک عەوڵا کردوە لە ئێران، ڕژیم لە باری ئیدئۆلۆژی و دژی گەلی بوونەوە فەرقی نەکردوە، تەبلیغی کوردە پەنابەرەکانی عێراقی لە ئێران تەئسیری خراپی داناوە. تەنیا یەک کادر دوای شەهید بوونی دوکتور قسملوو چوەتەوە لای دوژمن، ئەرتەش تا دەستووریان نەدەنێ نایەنە شەڕی پێشمەرگە. سەربازە کوردەکان کاتی شەڕ لە گەڵ پێشمەرگە تەسلیم دەبن، سیاسەتی جاش سازی شکستی خواردوە، ژمارەیان کەم بوەتەوە، پاسداران وەک ساڵانی پێشوو فەعال نین، بەڵام ئێستە فەعال ترین هێزی دژی پێشمەرگەن، ڕادیۆ کوردستان نەخشی باشی هەبووە، ڕادیۆ دەبێ ئەو جەوە لە نێو خەڵک پێکهاتووە ڕابگرێ.

لە کاری تەشکیلاتی گیرو گرفتەکان دەگەڕێتەوە بۆ کەم ئەزموونی و کەمتەرخەمی، ڕایەڵەی سپای پاسداران لە زۆربەی گوندەکان بۆتە هۆی لەو دانی (لەداو خستن) تیمەکانی تەشکیلاتی، ئەمساڵ بیست(٢٠) کەس لە کادرەکانی تەشکیلاتی شەهید بوون، درەنگ گەڕانەوە بۆ ناوچە، هۆی دیکەی شکستی تیمەکان بووە، سەرەڕای ئەوانە ئەمساڵ چوارسەدو دە (٤١٠) شانە بازسازی کراوە ،چوارسەد و سی وحەوت (٤٣٧) شانەی نوێ پێکهاتووە.

کاری نیزامی و گیر و گرفتەکانی، درەنگ گەڕانەوە بۆ ناوچە، موافقەت نەکردنی دراوسێکان بۆ تێپەڕ بوون لە سنوور، چاوەڕوان مانەوە لە بەر چوونی سنوور لە شوێنی نزیک، ناردنی چەند تیمی جیاجیا بۆ ناوەوە، ساڵی داهاتوو دەبێ هێزەکان بە تێكڕا بگەڕێنەوە ناوچە.

دەسکەوتەکان، ئەمساڵ ساڵێکی پڕ دەسکەوت بووە، حەرەکەت بۆ نێوشار و ئازاد کردنی دیلەکان بەرچاو  بوون، سەرجەم ٤٣ پێشمەرگە شەهید بوون، ٣٢پێشمەرگە دانیشتوون، سێسەدو بیست (٣٢٠ )کەس بوونەتە پێشمەرگە، حەوت سەد وحەڤدە (٧١٧) کەس لە هێزی دوژمن کوژراون، دووسەد وشەست(٢٦٠) کەس بە دیل گیراون ٦٣ ماشێن تیک شکێندراوە ، سەرەڕای ئەوانە دوژمن بریندارێکی زۆری هەبووە.

داڵاهۆ ! وەزعی خەڵک لەو ناوچە باش نیە، لەوێ بێری عەشیرەتی زۆر بەهێزە، خەڵک کەمتر هاوکاری پێشمەرگە دەکەن، حیزب وەک پێویست لەو ناوچە نەناسراوە، کادر و پێشمەرگەمان لەو ناوچە کەمە، سەر کەوتنی سیاسی بە دەست نەهاتووە، پێک هێنانی مەڵبەند لەو ناوچە پێویستە، هەر چەند گیروگرفتی هەیە.

محەمەد شەهرەوان – تۆپچی

ڕاپۆرتی سیاسی نیزامی تەئید دەکەم ، شێوەکاری تیمی بە شوێن فەرق دەکات، مانەوەی تیمی تەشکیلاتی ئیمکاناتی پێویستە ، سمیناری تەشکیلاتی پێک بێت، کاری تەشکیلاتی ئەگەر بە قیمەتی ئەمساڵ جێبەجێ بکەین نابێ، شەهید بوونی (٢٠ ) کادر زەرەدی تێدا دەکەین، وەزعیەتی شومال تایبەتە بۆ مانەوەی تیم، تیمێکی کۆمەڵە لە ناوچەی بۆکان لە لایەن ڕژیمەوە شەهید و بەدیل گیراون، لە سەر شەهید بوونی تیمەکەی بۆکان پرسیار لە تۆپچی کرا؟ وترا دروست نیە پارەی بنەماڵەی شەهیدان بە تیمەکانی تەشکیلاتی دا ڕەوانە بکرێ .

سەید ڕەزا دروودگەر

یارمەتی بنەماڵەی شەهیدان نەدرێتە کادرەکانی تەشکیلاتی، ئەو کەسانەی ژن و منداڵیان هەیە دەبێ بڕیاری وەرنەگرتنیان لەغوو بکرێتەوە، چەند ……… کەوتنە کەمینەوە بەڵام فەرماندەرێکی ی،ن.ک ئەوانی ڕزگار کردوە.

لوقمان مێهفەر

ڕاپۆرتی ک.س.ن. تەئید دەکەم، سڕینەوەی تۆوی نائومێدی لە ناودڵی خەڵکی کوردستان ، هەماهەنگی هێزەکانی حیزبی باش بووە، کادرەکانی تەشکیلاتی پارەی شەهیدانیان پێدا نەنێردرێتەوە با بنەماڵەی شەهیدان خۆیان بێن وەری بگرن.

کەریم مەهدەوی – سەقزی

ناوچەی بانە و داڵاهۆ فەرقیان زۆرە، نابێ وەک یەک موقایسە بکرێن ، ناوچەی بانە لە کۆنەوە لە گەڵ حیزبن، وەزعیەتی ناوخۆیی ئێمە لە ناوچەی بانە ئەمساڵ تایبەتی بووە.

دوکتور شەرەفکەندی

بانە وەک داڵاهۆ نیە، بانە پێش مهابادیش سابیقەی فەعالیەتی سیاسی هەبووە، بانە زەعیف بووە بەرەو تەعتیل بوون دەچێ، دەلیلی هەیە، دەبێ بەحس بکرێ، ئیشکالەکانی جێبەجێ بکرێ، نەقشی کۆمیتەکان پاش شەهید بوونی کاک دوکتور قاسملو زۆر موهیم بووە، لەو ماوە دا لە ژێر فشاری رژیم دابووین، بەڵام زۆر چاک مقاومەت کرا، خەڵک چاویان لە پێشمەرگە بووە، پێشمەرگە ڕوحییەی بە خەڵک داوە، زۆر کەس بوونە پێشمەرگە، زۆر کەم کەس چۆتەوە لای دوژمن، ئیعتما د بە نەفس لە نێو خۆماندا بوو بە هۆی ورە بەرزی خەڵک، لەم ساڵ دا (٣٧٠) کەس هاتوونەتە ڕیزی حیزب ، بە تایبەت ئەوانەی نێو شار، دەبێ زۆر کار بکەین، ئەو پێشمەرگانەی ئێمە هەمانە زۆرە، لەم کاتەدا زۆر پێویستمان بە پێشمەرگە نیە، بەڵام پێویستمان بە کادر هەیە، ئێمە جێگای کادرەکانمان درەنگ بۆ پڕ دەبێتەوە، لە ناو شارەکاندا جەوانان هاتوونەتە دەرێ، تەربیەت بکرێن بۆ قەرەبوو کردنەوەی کەمبودی کادر، بۆ نێو شارەکان و فەعالیەتی زیاتر، ئەم چەند مانگە چەند سمینارێک پێک بێت لەو سمینارانەدا باس بکرێ پێشمەرگە زیاتر لە ناوخۆی وڵات بمێنێتەوە و لە سمینار باس بکرێ خائین وجاسوس دەبێ ئیعدام بکرێن، بەڵام لە کوشتنی بێ ڕەویە بەرگری بکرێ.

بنەماڵەی شەهیدان گەورەترین سەرمایەی حیزبن، هیچ حیزبێک نیە کە حیسابی ئەساسی لە سەر شەهیدان نەکات ، بڕیار بوو ژن و منداڵ کەم بکرێتەوە بە پێچەوانەوە عەمەل کرا، لە سمینار دا باس بکرێ، هەدەفی ئێمە لە کاری تەشکیلاتی چیە؟ تا ئیمکانی تەماس گرتن لە گەڵ ئەندام لە نێو خۆ هەیە وای لێ بکەین کە خۆی ببێتە کادروپێشمەرگە و کار بکات لە غیابی ئیمەدا، نەبێتە فەسڵی، دەکرێ بە تەبلیغ کارێک بکەین، شەرایت ئامادە بێت بۆ زیندوویی خەڵک، واتە (خەڵک ببێتە ئێمە) ( بل قوە هەبێ) ، ( نەک بل فعل) ، ئێمە دەمانەوێ تەشکیلات وا پێک بێنین کە خۆیان ڕژیم بە چۆک دا بێنن

درێژەی ئەم باسە لە بەشی دووهەم

تێبینی

سەرچاوەی ئەم باسانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نوسراوانەی لە کاتی کۆبونەوەکاندا نوسیومەتەوە پشت بە هیچ دیکومێنت و بابەتێکی دیکە نابەستێت.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی