"an independent online kurdish website

لە ژیانی پێشمەرگایەتی دا کە لە نێو خەڵکی خۆت دا دەگەڕای و سەرقاڵی تێکۆشانی بەردەوام بووی، زۆر ڕوداوی سەیر و قسەی خۆش وشتی لەو بابەتانە دەهاتنە پێش،


 ناکرێ هەموو بیرەوەریەکان هەر لە گێڕانەوەی شەڕەکاندا خۆلاسە بکرێتەوە ، بەڵکو لە ناوەخنی ئەو خەباتە سەختە دا جار و بار قسە و بە سەر هاتی خۆشیش دەهاتنە گۆڕێ ، بۆ ئەوەی ون نەبن گێڕانەوەیان خراپ نیە

—————————

لە مەزراکانی سۆڵە و ئیساقاوای بناری چلچەمە بەرە و لوتکەی شانشین سەردەکەوتین، دەبوو ئاخر نەفەر و لە دوای بەشی تەداروکاتەوە کەسێک بە بێسیمەوە هەبێ، هەر شتێک ڕویدابایە بە بێسیم پێشەوە ئاگادار بکاتەوە، لکێک پێشمەرگەی هێزی پێشەوا و بەرپرسانی ناوەندی ئاژوانیشمان لە گەڵ دابوون. هێستر و بار و تەداروکات لە دوای سەفی پێشمەرگەکانەوە بوون، پێشمەرگەکانی هێزی پێشەواش وڵاخێکیان پێ بوو، کاتێک حەرەکەتمان کرد،  چەند پێشمەرگەیەکی قۆشمە و جەفەنگبازیان لە گەڵ بوو، چووبوون شەڕواڵێکی دوو لنگە(گەرم کون) یان لە هەر دوو لاقی هێسترەکە هەڵکێشابوو، وڵاخی فەقیر نەیدەتوانی بە ئیشتیای خۆی لاق هەڵێنێتەوە و مە جبوور دەبوو بە ئەندازەی تەنگە بەری شەڕواڵەکە لاقی بجووڵێنێت.

لە پێشەوە هەر بێسیم یان بۆ ئەکردم کاکە زوو کە، دەنگیان دە با زوو بێنە سەرەوە . سەفی پێشمەرگەکان مەودای زۆری لە گەڵ تەداروکات پەیدا کردبوو یەک باریکە ڕێگە هەبوو، سەرە و ژووریەکی زۆر کووڕ بوو، ئەو هێسترە دولنگەیان لە پێ کردبوو خستبوویانە پێش بارەکانی دیکە و هەموو دەبوو بە هەوای ئەو بڕۆن، زوو زوو بێسیمان ئەکرد وەرن بەڕیوە بۆ نایەن، مەجبور وتم کاکە دوو لنگەیەکی تەنگیان لە قاچی هێسرەکە هەڵکێشاوە ، ناتوانێ بڕوا و وڵامیش نادەنەوە لە پای داناکەنن.

هەر چۆنێک بوو بە چەرمەسەریەکی زۆرەوە زیاتر لە سەعاتێک درەنگتر لە کاتی خۆمان و لە دوای هاوڕێکانمان گەیشتینە سەر شاخ، بڕێکیان سەر کۆنەی ئەو چەند پێشمەرگە کرد کە ئەو کارەیان کردبوو، بەڵام فایدەی نەبوو.

بۆ بەیانیەکەی یارمەتی مانگانەیان دابەش دەکرد بەر پرسی بەشی ماڵی چوو یارمەتی بداتە پێشمەرگەکان، ئەونەی نەبرد قرمە و قاڵ پەیدا بوو لە نێوان بەرپرسی ماڵی و پێشمەرگەکانی ئەو لکەی لە گەڵمان بوون، بەشی ماڵیەکە بە تووڕەییەوە گەڕایەوە لای بەرپرسەکەی، وتی کاکە توشی گێچەڵ بووم لە گەڵ ئەو لکە پێشمەرگە، بۆ ؟ ئەڵێن ئێمە هەقی ئەندامەتی نادەین بە حیزب، نابێ لێمان بگێڕنەوە، ئێمە لە مەئموریەت داین، گەر وابێ نامانەوێ، و نگابانیش نادەین، نازانم چیان لە گەڵ بکەم

بەرپرسەکەدای بە ڕانی خۆی دا و هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشاو وتی، ئاااای!

بریا هەر لە دوورەوە ناوم بژنەفتایەن و لە نزیکەوە نەم دیبایەن

—————————

لە ناوچەی تێکۆشانی خۆمان بووین(سەقز) دوو کەس لە هاوڕێیانی کادر(ع.ک ) و (مامۆستا . ز) چەند جارێک پێشنیاریان کرد، دوو نەفەری ڕێگەیان پێ بدرێ لە مەڵبەند و هێز جیا ببنەوە و بچن بۆ کاری تەشکیلاتی، جاری وابوو هەل و مەرج زۆر لە بار نەبوو، نە دەکرا هەمیشە تیم بەڕێ بکرێ، بەڵام ئیسراریان دەکرد و ئێمەش وتمان با بڕۆن کێشە نیە بە خۆشیەوە هەر دوکیان لە ژیاندا ماون.

دوو کەسی خۆیان ئامادە کرد و بەرەو ناوچە ی سەر شیو و خوڕخوڕە ڕۆشتن، ماویەکی زۆریان پێ نەچوو هاتنە سەر خەت، لێمان پرسین لە کوێن؟ چاوەڕوانیمان وا بوو لە قوڵایی و لە شوێنی دوور بن، دەرکەوت تەنیا یەک مەنزڵ دوورن و وتیان سبەی دێینەوە لاتان، بۆ سبەی لە دوورەوە دەرکەوتن، ڕاونیمان فاسیلەیان زۆرە پێکەوە، لە گەڵ کاک حەسەنی میری بەشی تەداروکاتی مەڵبەند دانیشتبوین، میری پرسی چۆنی بۆ دەچی؟ وادیارە زۆر ڕێک نین، وتم چووزانی؟ وتی بە خوا وای لێ حاڵیم، بەخێر هاتنمان کردنەوە و ئەو ڕۆژە شتێکی ئەو تۆمان لێ نەپرسین و کەوتینە سۆزی دەبوو ڕاپۆرتی کاری خۆیان بدەن و ئاگادارمان کەن چیان کردوە و دەنگ و باسی ئەو شوێنانەی گەڕاون چۆنە؟

چمەس کە لە ناوچە بوون لە موچە و مەزرای ئاواییەک دەمێننەوە (ع.ک) لە خاوەن مووچەکە خەبەری دەس دەکەوێ کە لە ئاوایی کرێکار و بەنای لێن خەریکی دروست کردنی مەدرەسەن، ئەو خەبەرە بە هاوڕێ کەی ناڵێ،  خاوەن مووچە ئێوارە دەڕواتەوە بۆ ئاوایی و ئەوانیش کە هەوا تاریک دادێ دەیانەوەێ بەدرەنگەوە بچنە گوند، لە بەر ئەوەی تەنیا دوو کەس بوون نەیان ویستوە بە ڕۆشنی هەموو کەس بیان بینێ و ڕادەیان بزانێ، بە دوربین دەڕوانن شوێنێک لە ئاوایی قەرەبالغ دیارە، (ع. ک) دەزانێ چ خەبەرەو وەستا وکرێکارەکانن، مەدرەسە دروست دەکەن، هیچ ناڵێ، (مامۆستا .ز) ئەڵێ باوەڕ ئەکەی پاسداری لێیە با نەچینە ئاوایی تووش دەبین، ئەویش ئەڵێ هیچ نیە، مەترسە خۆم لە پێشەوە ئەڕۆم خەمت نەبێ پاسداریشی لێ بێ دەریان ئەپەڕینم.

لە کاتی پێشکەش کردنی ڕاپۆرتی کارەکەیان (م، ز) ڕەخنەی لە(ع ،ک)گرت وتی سەرە ڕۆیە، سڵ لە هیچ ناکات، ئیحتیات نازانێ، کاتی چوونە ئاوایی سەرەڕۆیی کردوە، ع، ک، لێی هاتە جواب وتی، ترسەنۆکە، بە کەڵکی تیم و شتی وا نایە، بڕێکمان دامرکاندنەوە، ئەمجار باسی ئەندام گیری هاتە پێش و ( ع،ک) وتی هەموو ئەندام گیری هەر خۆم کردومە، چەندین کەسم سازمان داوە و ئەو هیچ کەسی پێ سازمان نەدراوە (م، ز) کەوتە دیفاع کردن لە خۆی و وتی، ڕاست ناکات، تەنیا یەک کەسی کردوە بە ئەندام، ئەویش شێتە،! وتمان چۆن شێتە؟ وتی، بەو ناو نیشانە ! دۆخینی پاتۆڵەکەی لە پشتەوە ئەبەستێ.

—————————

لە ڕێکەوتی ( 12,8,1369) پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندی حیزب بەڕێوەچوو، لەو کۆبونەوەدا، ڕاپۆرتی کارکردی تێکۆشانی ساڵ لە لایەن هەموو ئۆرگانەکانی حیزبیەوە بە هۆی بەرپرسەکانیانەوە پێشکەش بە پلۆنۆم دەکرا و هەڵسەنگاندن لە کۆی بوارەکاندا لە لە لایەن بەشدار بوانەوە دەکرا ، خاڵی ئەرێنی و نەرێنی هەر ئۆرگانێک دەخرایە ڕوو.

کاک مەحموودی دەشتی هێژا ئەو ساڵە بەر پرسی کۆمیتەی ڕەبەت بوو،  پێشمەرگەیەکیان کچێکی خۆش دەوێ و بۆی داوا دەکەن و قەرار دەدەن بیدەنێ، پێش ئەوەی ڕێوڕەسمی مارەبڕین و شتی لەو بابەتە بەڕێوە بچێ نزیکایەتی لە گەڵ یەکتر دەکەن، خەبەرەکە بڕێک گلەیی و گازندەی دروست کردبوو، دوای پێشکەش کردنی ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕەبەت لە لایەن کاک مەحموود دەشتی،کاک دوکتور سەعید لە کاک مەحموودی پرسی مەسەلەی ئەو پێشمەرگە چۆن بووە پێش بە جێهێنانی ڕەسم و ڕسوم چوەتە لای ئەو کچە؟ کاک مەحموود سەری هەڵبڕی و بە لە سەرە خۆیی هاتە جواب و وت: بنکەکانمان تۆپ بارانێکی قورسیان لە سەر بوو، هەموومان سەرمان قاڵ بوو، ژێر زەمینیەکمان هەبوو، ئەویش لەو فرسەتە کەڵکی وەرگرتبوو چوبونە ئەو ژێر زەمینە، کاری خۆی کردبوو،، هەموومان دەسمان کرد بە پێکەنین، وڵامەکەی جۆرێک بوو ئیتر پرسیاری دیکەی هەڵنەگرت.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی